حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 16 APR 2024 16:15 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

ئەنجومەنی وەزیران لە دۆخی ئەمڕۆی كوردستان دەكۆڵێتەوە

THU, 29 SEP 2016 17:56 | KRG Cabinet

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29/9/2016 بە سەرۆكایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەست.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان تیشكی خستە سەر دوایین سەردانی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراقی فیدرال و بەرپرسانی دیكەی عیراق، لەمبارەیەوە بەڕێزیان گوتی "لەگەڵ حكوومەتی بەغدا لەسەر پێكهێنانی كۆمیتەیەكی سەربازیی هاوبەش لەنێوان هەرێم و بەغدادا بۆ گفتوگۆكردنی هەنگاوەكانی پڕۆسەی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ و دۆزینەوەی میكانزمێكی گونجاو بۆ ئەو پرسە، ڕێككەوتین".

سەبارەت بە كێشە هەڵپەسێرداوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەت دۆسیەی نەوت و بودجە و مووچە، بەڕێز سەرۆك وەزیران ئاشكرای كرد كە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر یەكلاكردنەوەی ئەم دۆسیانە و پەلەكردن لە چارەسەركردنیان، بۆ ئەو مەبەسەتەش هەدوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی كۆبوونەوەكان لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرێكی هاوبەش كە لە بەرژەوەندیی گەلانی عیراق و كوردستاندا بێت، كردەوە".

دواتر بەڕێز ڕابەر سدیق بریكاری وەزارەتی دارایی بەوەكالەت، ڕاپۆرتێكی لەبارەی پێدانی مووچەی مانگی تەممووزەوە و ئامادەكارەییەكان بۆ دەستپێكردنەوەی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئاب خستە ڕوو، لەمبارەیەشەوە ڕایگەیاند كە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لە هەوڵی ئەودان مووچەی مانگی ئاب ئامادە بكەن و دابەشی بكەن.

لەبارەی پڕۆسەی هەناردەكردنی نەوتیشەوە، بەڕێز ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی كەركووك لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان هەبووە لە شەش مانگی ڕابردوودا و هیوای خواست بتوانن بۆ لەمەودوا ئەو كورتهێنانە پڕ بكەنەوە بۆ ئەوەی مووچە لە كاتی دیاریكراودا دابەش بكرێت.

دواتر باسی لەو هەواڵانە كرد كە گوایە بەغدا داوای ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم دەكەن وەك مەرجێك بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و گوتی: "ئەوەی بەغدا دەیڵێت لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندا نییە، چونكە بەغدا موچەی ملێۆنێک و 400 هەزار مووچەخۆر دابین ناكات بۆ ئێمە، ئەوەی بەغدا دەیڵێت بەشی نیوەی مووچەكە ناكات تەنانەت بە سیستەمی پاشەكەوتیش، نەوەك تەواوی مووچە".

دواتر بەڕێز ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران به وه‌کاله‌ت ڕاپۆرتێكی دەربارەی پڕۆژەی وردبینیی سەربەخۆی بۆ داهات و خەرجیی سەرجەم پڕۆسەكانی فرۆشتنی نەوت و گاز لەلایەن كۆمپانیایەكی وردبینیی نیودەوڵەتییەوە، خستە ڕوو. لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە گرنگیی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆسەیە درا كە دەبێتە فاكتەرێكی دیكە بۆ زیاتر شەفافكردنی پڕۆسەی هەناردەكردن و داهاتی نەوت و لەلایەن هەردوو كۆمپانیای نێودەوڵەتی (Deloitte) و (E&Y)ەوە كە تایبەتن بەو بوارە و له کاتێکی نزیکدا گرێبەستی كار لەگەڵیان ئیمزا دەكرێت، بە ئەنجام دەگەیەنرێت. بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنی وەزیران بەگشتی ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێكردنی ئەو خاڵە دەربڕی و ستایشی تیمی كاری لەو پرۆسەیەدا كرد.

دواتر بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبارەی گرنگیی ئەم پڕۆسەیەوە قسەی كرد و پێشنیاری ئەنجامدانی دوو كۆبوونەوەی لەسەر ئەو بابەتە كرد، یەكێكیان لەگەڵ كونسڵخانەكانی وڵاتانی جیهان لە هەرێمی كوردستان و دووەمیشیان لەگەڵ میدیاكاران و كەناڵەكانی ڕاگەیاندندا بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بگەیەنرێتە هەموو لایەك و ئاگاداری ئامانجی پرۆسەكە بن.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ئەنجومەنی وەزیران پرسی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی خستە بەر باس و گفتوگۆ و ستایشی خەڵك و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی كرد كە خۆڕاگربوون لە ئاست قەیرانەكان. ئەوەش ئاشكرا كرا كە هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە چارەسەری كێشەی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران بەردەوام دەبن، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیار درا كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران بەردەوامیان هەبێت. لە كۆبوونەوەكەدا هەریەك لە وەزیرە بەڕێزەكانی لایەنە بەشدارەكانی حكوومەت، جەختیان لە پشتگیریی لایەنەكانیان بۆ هەوڵەكانی حكوومەت لەپێناو چارەسەركردن و تێپەڕاندنی قەیرانەكان كردەوە و ڕایانگەیاند كە بە هەموو شێوەیەك خۆیان و وەزارەتەكانیان پشتگیریی پلانەكانی حكوومەت بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان دەكەن، وەك ئەركێكیش هەموو هەوڵێكی خۆیان بۆ جێبەجێكردنیان دەخەنە گەڕ و لەمبارەیەوە چەندین سەرنج و تێبینیان خستە ڕوو.

لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزبایی دەستپێکرنەوەی ساڵی نوێ خوێندنی لە گشت مامۆستا و قوتابیانی هەرێمی كوردستان کرد وستایشی ڕۆڵی مامۆستایانیان کرد لە هەوڵ و خۆڕاگرییان و گرنگی دانیان بە پڕۆسەی خوێندن. هەروەها سوپاسی خۆپیشاندەرانیان كرد كە بە هێمنی و مەدەنیانە داواكارییەكانی خۆیان گەیاندە لایەنی پەیوەندیدار، هەروەك ستایشی لایەنە ئەمنیەكانیان كرد لە پاراستنی ئەمنییەتی خۆپیشاندانەكان.