حکومەتی هەرێمی كوردستان
THU, 18 APR 2024 19:13 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

پەیامی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی مووسڵەوە

MON, 17 OCT 2016 14:26 | KRG Cabinet

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی مووسڵەوە لەلایەن پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایشی سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، پەیامێكی ئاراستەی گەلی كوردستان و عێراق و جیهان كرد، ئـەمە دەقەیەكەتی:

ئەمڕۆ هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش و هێزە ناوخۆییەكانی سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی شاری مووسڵیان دەستپێكرد. ئەمە ڕووداوێكی زۆر گرنگە بۆ هەموو جیهان، چونكە سەرەتای ڕزگاركردنی گرنگترین شوێنی بەردەستی هێزە تیرۆریستییەكانی داعشە كە ئەو شارەیان كردبووە بنكەی پلاندانانی هێرشكردنە سەر هەموو ناوچەكە و جیهان، هەروەها بوونی داعش لەو شارە گرنگەی عێراق و ناوچەكەدا، بووە مایەی ڕاكێشانی كەسانی توندڕەو بۆ ناو ڕیزەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش. بەپێی پلانێكی پێشوەختە لەگەڵ هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و لەگەڵ حكوومەتی عێراقیدا، ئەمڕۆ پێشمەرگە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی ئەو شارەی دەستپێكرد.

هێزی پێشمەرگە بە فەرماندەییی بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان، ئەفسانەی داعشی لە كۆبانێ و شنگال لەسەر زەوی تێكشكاند و دوای ئەوە تێكشكانی داعش لە هەموو شوێنێك دەستیپێكرد، ئەمڕۆش بە فەرماندەییی سەرۆك بارزانی و قارەمانیەتیی پێشمەرگە گەورەترین ئۆپەراسیۆن بۆ لەنێوبردنی داعش دەستیپێكرد.

پێشمەرگە لە دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا، بە ئازایەتیی خۆی و توانای زۆر كەمی سەربازییەوە، مەزنترین قارەمانیەتیی لە بەرامبەر گەورەترین و مەترسیدارترین ڕێكخراوی تیرۆریستیی جیهاندا نیشان دا و مرۆڤایەتی لە مەترسییەكی زۆر گەورە پاراست، لەبەرئەوەش پێویستە هەموو جیهان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ڕێز و بایەخپێدانی پێویستەوە لە ڕۆڵی پێشمەرگە بڕوانن.

پێشمەرگە و خێزان و كەسوكاری پێشمەرگەش بەبێ گوێدانە قەیران و خراپیی بارودۆخی دارایی، سەربڵندییەكی گەورەیان بۆ خۆیان و گەلی كوردستان تۆمار كردووە و شەڕی مووسڵیش دەبێتە لوتكەی ئەو شانازییەی پێشمەرگە كە ئەمڕۆ بوونەتە پارێزەری ئازادیی هەموو جیهان بەرامبەر هێزێكی دڕندە كە هەڕەشە لە هەموو ئازادییەكان و ئارامیی هەموو جیهان دەكات. شانازییە بۆ پێشمەرگە كە بووەتە پارێزەری هەموو پێكهاتەكانی ناوچەكە، هەروەها بووەتە جەنگاوەری پاراستنی ئازادیی هەموو جیهان.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئاسانكارییەكیان كرد بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی عێراق بۆ سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی مووسڵ، هەروەها هەرێمی كوردستان ئەركی تەواوی خۆی بەجێ هێناوە وەك بەشێك لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش. ئاسانكاریشی بۆ هەموو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و تیمە میدیاییەكانی ناوخۆ و جیهان كردووە بۆ ڕووماڵكردنی ئەو شەڕەی جیهان دژی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، وێڕای ئـەوەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە باردۆخێكی خراپدایە بەهۆی قەیرانی داراییەوە و بوونی زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەری سووریا و ئاوارەی ناوخۆیی عێراق كە ڕێژەی 32 لە سەدی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانیان زیاد كردووە، بەبێ ئەوەی هاوكاریی پێویست بدرێتە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی پێداویستی و خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەو پەنابەر و ئاوارانە.

ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنە گەورەكە دەستیپێكرد، بەڵام لە دروستبوون و هێرشەكانی داعشدا جارێكی دیكە دەركەوت كە ئاسایشی جیهان هەمووی پێكەوە پەیوەستە. دروستبوونی داعش لە عێراق و سووریادا بووە مایەی مەترسی بۆ سەر هەموو جیهان و چیتر مەترسیی ئەو ڕێكخراوانە تەنیا لە چوارچێوەی چەند وڵاتێكدا نییە، لەبەرئەوەش پێویستە دەوڵەتانی ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لەنێوبردنی یەكجارەكیی داعش و نەهێشتنی زەمینەی دروستبوونی ڕێكخراوی هاوشێوەی داعش، بیر لە چارەسەری بنەڕەتیی كێشەی ئەو ناوچانە بكەنەوە كە كێشەكانیان دەبنە زەمینە و بناغەی دروستبوونی ئەو ڕێكخراوانە، لەبەرئەوەش دەبێ بە شێوەیەكی وشیارانە بیر لە سیستەم و ئیدارەیەكی گونجاو و چارەسەری سیاسیانە بكرێتەوە لەو ناوچەیەدا بۆ قۆناغی دوای داعش. حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ ڕۆڵگێڕانێكی بەهێز لە دروستكردنی چارەسەرێكی ئاشتیانە لە ناوچەكەدا.

بەبۆنەی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی مووسڵەوە، سڵاو دەنێرین بۆ پێشمەرگە و هیوادارین خوای گەورە گیانی پێشمەرگە و هەموو هێزەكانی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بپارێزێت كە بەشداری لە قۆناغەكانی ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی شاری مووسڵ و دەوروبەریدا دەكەن. لە خوای گەورە دەخوازین هاووڵاتیانی سڤیل لە مووسڵ و دەوروبەری بپارێزێت و مووسڵ ببێتەوە بە شارە گەورە و گەشەسەندووەكەی ناوچەكە و دوور بێت لە وێرانبوون.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان
17/10/2016