حکومەتی هەرێمی كوردستان
SAT, 20 APR 2024 01:09 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

بۆردی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ئەنجومەنی وەزیران كۆبۆوە

MON, 17 OCT 2016 18:38 | KRG Cabinet

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 17/10/2016 بە سەرۆكایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی بەڕێزان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرانی پەروەردە، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری بەوەكالەت، كۆبوونەوەی بۆردی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ئەنجومەنی وەزیران سازكرا.

لە كۆبوونەوەكەدا باس لە كێشە و گرفتەكانی ساڵی نوێی خوێندنی (2016-2017) لە قوتابخانە و پەیمانگە و زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و دابینكردنی پێداویستییەكانی پڕۆسەی خوێندن وەك پەرتووك و تەواوكردنی پڕۆژە تەواونەكراوەكانی پەروەردە بە هەماهەنگیی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كرا كە سەرەڕای بارودۆخی ناهەمواری دارایی و سنوورداری سەرچاوەی داراییی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام توانراوە بودجەی پێویست بۆ بەچاپگەیاندنی پەرتووكی خوێندنی ئەمساڵ دابین بكرێت، ئەمە سەرەڕای نۆژەنكردنەوەی هەندێك لە قوتابخانە و پۆلەكانی خوێندن و كردنەوەی (40) باڵەخانەی نوێ بۆ قوتابخانە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا. سەرەڕای ئەوەش لەم مانگە بەدواوە ڕیزبەندی كاتی پێدانی مووچەی مامۆستایان لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە پێشخراوە.


لەسەر ئاستی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییش، باس لە پڕۆسەی زانكۆلاین كرا كە بەهۆی بایكۆتی مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە پڕۆسەكە وەك پێویست ئەنجام نادرێت. لەمبارەیەوە بۆردی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هیوای خواست مامۆستایان ڕێگە نەدەن سەنگەرەكانی خوێندن و پەروەردە چۆل بكرێن، چونكە ئامادەبوونیان گەورەترین خزمەتە بە پێشكەوتنی كوردستان و ئایندەی خوێندكارانی كورد، كە هەمووان دەزانن حكوومەتی هەرێم لە دۆخێكی سەختی داراییدایە و هەست بە ئێش و ئازارەكانی مامۆستایان دەكرێت، بۆیە هەر بەرەوپێشچوونێك لە داهاتی گشتی ببێت و بارودۆخی دارایی لەبار بێت، ئەوا چاوخشاندنەوەی پێویست بە ڕێژەكانی پاشەكەوتی مووچەدا دەكرێت.


بایكۆتی مامۆستایان لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەرین پرسێكی دیكەی كۆبوونەوە بوو و تیایدا باس لەوە كرا كە حكوومەتی هەرێم بە ڕێزەوە دەڕوانێتە داخوازییەكانی مامۆستایان و خۆپیشاندانی مەدەنییانە بۆ خستنەڕووی داوا ڕەواكانیان، بە مافێكی یاسایی و مەدەنیی مامۆستایان ئەژمار دەكات، جەخت لەسەر ئەوەش كرایەوە كە بەردەوامیی بایكۆت لە قوتابخانە و زانكۆكانی ئەم سنوورە دەبێتە مەترسی بۆ سەر پڕۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بۆ ساڵی خوێندنی (2016-2017) و لە دەرئەنجامدا قوتابیان زەرەرمەندترین لایەن دەبن، بۆیە كۆبوونەوە داوای لە یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان و مامۆستایان و لایەنە سیاسی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كرد هەوڵی جددی بدەن بۆ ئەوەی دەوام دەست پێ بكاتەوە و پڕۆسەی خوێندن نەوەستێت و خوێندكارانیش لە خوێندن بێبەش نەبن، لە بەرامبەریشدا حكوومەتی هەرێم پەیمان دەدات كە بە جددی بەردەوام بێت لە دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ كێشەكان و بەجێگەیاندنی داخوازییە ڕەوكانی مامۆستایان و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی كە ئێستا لەسەرووی ئەولەوییەتەكانی ئەجێندای كاری حكوومەتی هەرێمی كوردستانە.