حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 19 APR 2024 17:37 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌ركۆنه‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عیراق ده‌كات

THU, 20 OCT 2016 22:25 | KRG Cabinet



ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌:

ئەمڕۆ پێنج شەممە لە پاریس بە سەرپەرشتتیى فەڕەنسا و عیراق کۆنفرانسى (ئامادەکارى بۆ ئایندەى سیاسیى مووسڵ) بە بەشداریى 20 وڵات بەڕێوە چوو. وەک حکوومەتى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە هەر هەوڵێکى نێودەوڵەتى دەکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆریستانى داعش و سەقامگیریى سیاسیى عیراق و ناوچەکە، بەڵام بە داخەوە ئەمجارەش لایەنى سەرەکیى هاوکێشە سیاسى و سەربازى و مرۆییەکانى ناوچەکە کە هەرێمى کوردستانه، بانگهێشتى کۆنفرانسەکە نەکرا و تەنها شاندى عیراق لەسەر ئاستى وەزیرى دەرەوە بەشدارى کرد.

حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە توندى سەرکۆنەى مامەڵەى نابەجێى وەزیرى دەرەوەى عیراق دەکات کە تاکلایەنە کار دەکات و گوێ بە قوربانیەکانى هەرێمى کوردستان نادات، کە لە ماوەى دوو ساڵى ڕابردوودا بووه‌تە گەورەترین ڕێگر لەبەردەم هەڵکشانى پانتاییى ترسناکترین گرووپى تیرۆریستى کە خەلافەتى بەناو ئیسلامى بوو، کاتێک كه‌ جه‌نابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و تەواوى هێزەکانى پێشمەرگە خەریکى شەڕى تیرۆریستانى داعشن و توانییانه‌ زەبرى کوشندەیان لێ بوەشێنن و ناوچەیەکى فراوانیان لێ پاک بکەنەوە، ئەوەیش لەپێناو پاراستنی خاك و كەرامەتی گەلەكەمان و پارێزگاریكردن لە بەها مرۆییەکان.

دواى سەردانەکەى جه‌نابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا؛ پەیوەندیى سیاسى و ئەمنیى نێوان هەولێر و بەغدا پێشکەوتنى باشى بەخۆیەوە بینى و ماوەى زیاتر لە دوو ساڵیشە هەرێمى کوردستان بۆتە پەناگەى زیاتر له‌ ملیۆنێك و هه‌شتسه‌د هه‌زار ئاوارە و پانەبەر کە بارێکى قورسیان خستووه‌ته‌ سەر حکوومەتى هەرێم، جێگەى سەرسوڕمانە لەم ئان و ساتەدا و بەرامبەر ئەو هەموو قوربانیەى کە هەرێمى کوردستان پێشکەشى کردووە، حکوومەتى فیدرال و وەزارەتى دەرەوە مکوڕن لەسەر ئەوەى کە نابێت شاندى هەرێمى کوردستان بەشدارى لە کۆنفرانس و کۆنگرە نێودەوڵەتییەکانى پەیوەست بە تیرۆریستانى داعش و ئاوارە و پەنابەران بکات.

بێگومان ئەمە یەکەمجار نییە ئەم جۆرە مامەڵەیە لە هەندێ لە بەرپرسانى عیراق دەبینین، بۆیە داواکارین هاوپەیمانان چیتر خەمسارد نەبن و ڕاستەوخۆ هەرێمى کوردستان کە لایەنى سەرەکیى هاوکێشەکانە، بانگهێشتى کۆنفرانسەکانى پەیوەست بە ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش و پرسى ئاوارە و و په‌نابه‌ران و نەخشەڕێگاى سیاسى  و ئایندەى مووسڵ بکەن، داواش له‌ حكوومه‌تى فیدرالى عیراق ده‌كه‌ین كارى جددى بكات بۆ ئه‌وه‌ى چیتر ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ كه‌ سوود به‌ هیچ لایه‌نێك ناگه‌یه‌نێت و ته‌نیا زیانى بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى عیراق هه‌یه‌.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
20/10/2016

 



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان