سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 24-5-2017 به ئاماده‌بوونی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و به‌ڕێزان و وه‌زیر به‌رپرسانی حكوومه‌ت و كونسوڵ و نوێنه‌رانی وڵاتانی بیانی له هه‌رێمی كوردستان و ئه‌كادیمی و مامۆستایانی زانكۆ له ناوخۆ و ده‌ره‌وه، له شاری هه‌ولێر كۆنفرانسی زانستی زانكۆی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
له ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌دا دوای پێشكه‌ش كردنی چه‌ند په‌یڤێك له‌لایه‌ن ڕێكخه‌ران و ئاماده‌بووانی كۆنفرانسه‌كه‌وه، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له وته‌یه‌كدا سه‌ره‌تا هاوخه‌می و هاوسۆزیی خۆی بۆ كه‌سوكاری قوربانیانی كرده‌وه تیرۆریستییه‌كه‌ی شاری مانچسته‌ر له به‌ریتانیا و گه‌لی به‌ریتانیا به‌گشتی ده‌ربڕی، ئاماژه‌ی به‌وه دا كه گه‌لی كورد شانازی شانازی به‌وه ده‌كات له به‌ره‌ی یه‌كه‌می جه‌نگی دژی تیرۆر دان و له‌م پێناوه‌شدا نزیكه‌ی 1700 شه‌هید و 10000 بریندار دراوه. دووپاتیشی كرده‌وه كه پێویسته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌یه‌كه‌وه كار بۆ بنبڕكردنی تیرۆر به هه‌ردوو شێوه‌ی سه‌ربازی و هزری بكات كه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی فكری تیرۆر زۆر له تێكشكاندنی سه‌ربازیییان گرنگتره.
دواتر جیا له ده‌ربڕینی خۆشحاڵی به كردنه‌وه‌ی كۆنفرانس و به‌خێرهێنانی میوانان و ده‌ستخۆشیكردن له زانكۆی كوردستان – هه‌ولێر بۆ هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كانیان تا زانكۆكه‌یان ببێته دامه‌زراوه‌یه‌كی به‌رچاو، سوپاسی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانی كرد به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌پێناو كوردستاندا شه‌هید بوون و دڵنیایی دا كه ڕەنج و ماندووبوونی بەردەوامی ئه‌وان به‌فیڕۆ ناچێت و هێرشەکەی هه‌فته‌ى ڕابردووى داعشیشی بۆ سەر پێشمەرگە لە تووزخورماتوو، بیر گه‌لی كوردستانی هێنایه‌وه كه ناحەزانمان هەمیشە دەیانەوێت هه‌رێمی كوردستان تاقی بكه‌نه‌وه ئارامیی ئاسایش هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ قاره‌مانیه‌تیى پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كان و هاوكارانیان گه‌ڕانده‌وه.
دواتر باسی له‌و قۆناغانه‌ی مێژووی گه‌لی كورد و كوردستان كرد تا به‌مڕۆ گه‌یشتووه کە تیایدا چەندین جار خه‌ڵكى کوردستان چەوسێنراوەتەوە و خەباتی کردووە و تەنها لە ماوەی 15 ساڵی ڕابڕدوودا چه‌ندین قۆناغی جیای بینیوه وه‌ك ئه‌و ئازادی و سەربەخۆییەی كه ئازادکردنی عیراق لە ساڵی 2003 بەدوای خۆیدا هێنا و دواتر بووە هۆی هێنانەکایەی قۆناغێکی گەشەسەندنی خێرا و تیایدا دەرفەتی بەرەوپێشبردن و خستنەگەڕی تواناکان ڕەخسا و پاشان ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی ئابووری، ئه‌منى و مرۆیی بووه‌وه كه کەم وڵات هەیە بتوانێت بەسەریاندا زاڵ بێت، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی جددی لێ بکەوێتەوە، هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه كه ئەم خۆڕاگرییەی ئێستای گه‌لی كوردستان لە خەبات و تێكۆشانى ڕابردوو درێژەی کێشاوە و ئاماژەیەکیشە بۆ شوناس و بەهاکانی گەلی کوردستان.
به‌ڕێزیان باسی ئه‌و شته نه‌رێنیانه‌شی كرد كه به‌هۆی ئه‌و كاره‌ساتانه‌وه له هه‌رێمی كوردستان دروست نه‌بوون په‌نانه‌بردن بۆ توندڕەوی و بیرۆکەی توندڕەوی نەیتوانی لە کوردستان جێگه‌ى خۆى بكاته‌وه، به‌ردوامیی پاراستنی فرەئایینى و فره‌نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان، ڕێگری نه‌كردن له هاتنی ئاوارەکان سەرەڕای ئەو فشارە زۆره‌ى خرایه سەر ئابووریی هەرێمى كوردستان و کەرتی تەندروستی و په‌روه‌رده‌یى و كه‌رته‌كانى خزمه‌تگوزارى كه ئەم كه‌رتانه خۆیان لە دۆخێکی ناسکدا بوون، سەرەڕای بیروڕا سیاسییە جیاوازەکان و نیگەرانییەکان سەبارەت بە قەیرانی ئابووری، لایه‌نه‌كانی كوردستان دژی یه‌كتر نه‌وه‌ستان و هیچ ئینتمایەک بۆ توندوتیژی و ڕووبەڕووبوونەوەی یەکتر، وەک ئەوەی لە ڕابردوودا ڕوویدا، نەبوو.
ئەمە لێرەدا شایەنی باسکردنە، چونکە توانا شاراوەکانمان بۆ داهاتوو دەردەخات.
دەڵێن: باشترین تاقیکردنەوە بۆ دەرخستنی تایبەتمەندی و کەسایەتیى هه‌ر كه‌سێك، ئەو کاتەیە کە دەخرێتە ژێر فشاره‌وه. ئەمە بۆ کۆمەڵگاش ڕاستە.
باوەڕم وایە ئێمە لەم تاقیکردنەوەیە سەرکەوتوو بووین. ئێمە بە ئاگردا تێپەڕین و بەها ڕاستەقینەکانمان دەرکەوتن. ئەمە شتێکە بە ڕاستی پێویستە هەموومان شانازی پێوە بکەین.
كاتێك ئێمە لە گەشتەکەماندا هەنگاوی دواتر دەنێین، هیوادارم کەسایەتییە جیهانییە کاریگەرەکان دانی پێدا بنێن.
به گرنگیشی زانی بە درێژاییی کۆنفرانس، به‌یه‌كه‌وه له داهاتوو بڕوانن و هه‌موو به‌شداربوانی كۆفرانس بیر لەو هەنگاوە عەمەلیانە بکەنەوە کە پێویستە له‌مباره‌یه‌وه لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بگیرێنه به‌ر. جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه كه ڕووداوی مەزن و ئاراستەی جیهانی هەن له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندا نییه بیانگۆڕن وه‌ك نرخی نەوت، جەنگەکان، گۆڕانکاری لە هاوپەیمانیی جیهانیدا و به پێویستی زانی تیگه‌یشتن بۆ هۆكاره‌كانی هه‌بێت، بەڵام نابێت ئه‌وه‌نده پێیانه‌وه سەرقاڵ بن کە ئه‌وه بیربباته‌وه لە ڕاستیدا توانای چ گۆڕانكاریه‌ك و گۆڕینی چ شتێكیان هه‌یه.
له به‌رده‌وامیی وته‌كه‌یدا به پێویستی زانی دوای قۆناغه‌كانی ئازادی، گەشەسەندن و قەیرانه‌كان، سه‌رنجی زیاتر بخرێته سه‌ر بنیاتنانی نەتەوە به واتای بەردەوامی، یەکڕیزی، لە کۆتاییشدا بوون بە نەتەوەیەکی سەربەخۆ. دەربارەی بەردەوامبوون، ئاشكرای كرد كه گەشەسەندنی ئابووری بە هەمان ئەو خێراییەی کە داڕما، بەرز نابێتەوە و ئەمەش مانای ئەوەیە کە پێویستە بە وریاییەوە هەنگاوه‌كان به‌رده‌وام بناغه‌كان تۆكمه بن وڵات گەشە بکات و بەرەو پێشەوە بچێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سەربکەوێت.
به‌ڕێزیان دووپاتیشی كرده‌وه كه قەیران وادەکات بزانرێت گرنگترین شت چییە و دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە یەکێک بوو لەو پێشهاتانەی کاریگەریەکی زۆری دروست کرد و حكوومه‌ت بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و کاریگەر مامەڵەی لەگەڵ ئه‌م پرسه‌دا کرد، ئه‌ویش لە ڕێگەی سیستەمی بایۆمەترییه‌وه بۆ دابەشکردنی مووچە كه یەکێکە لەو چاکسازیانەی کە خۆی وه‌ك سه‌رۆكی وه‌زیران و به‌ڕێز جێگری سەرۆک وەزیران پابه‌ندن بە جێبەجێکردنی ئه‌و سیستمه و بنیاتنانی ژێرخانێکی ڕاست بۆ هه‌رێمی كوردستان. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه زۆربەی پڕۆژە گەورەکان بە شێوەیەکی کاتی وەستێنراون و سوپاسی ئه‌و وەبەرهێنەرە ناوخۆیی و بیانییانه‌شی كرد کە لەسەر بنەمای متمانەبوون بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باوەڕیان بە داهاتووی کوردستان، له‌م كاته سه‌خته‌كاندا كار و پڕۆژەکانیان نه‌وه‌ستاند و چاوپۆشی‌یان لە وەرگرتنی تەواوی پارەکەیان کرد.
باوه‌ڕی خۆیشی نیشان دا كه بەرەو کۆتاییی قەیرانەکان دەڕۆن و بۆ چوونە ناو قۆناغێکی نوێوە هەنگاو دەنێن کە قۆناغی گەشەسەندنى دوای جەنگه كه له‌وانه‌یه ئێستا لە سەرەتای ئەم قۆناغی گەشەسەندنەدا نەبن، بەڵام وا خەریکە هێما دڵخۆشکەرەکان دەبینرێن. جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه كه پێویستە هەموو تواناكان بۆ ئەوە بخرێنه گه‌ڕ نیشانی بدێت بە ئاراستەیەکی ڕاستدا دەڕۆن، هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه گەشەکردن، گەشەکردنی زیاتری لێ دەکەوێتەوە و هەر بزنسێکی نوێ یەکێکی تر بە دوای خۆیدا ده‌هێنێت بۆ ئەوەی پێشبڕکێی لەگەڵ بکات، یاخود تەواوی بکات و گەڕانەوەی هەر ئەندامێکی ڕەوەندی کوردستان له ده‌ره‌وه، هانی گەڕانەوەی یەکێکی تر دەدات.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران له به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا چاکسازییەکانی حکوومەت و گەشەسەندنی ئابووری بۆ بنیاتنانی وڵات به گرنگ زانی، بەڵام ئه‌مانه به‌س نین و بێ دیوارە بەهێزەکانی یەکڕیزیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ناتوانرێت سەقفی سەربەخۆیی دروست بکرێت، بۆیه ئاشكرایكرد كه پێکەوەبوون نیشانه‌ى بەها و بەهێزیی زیاترە و دەتوانرێت وڵات بە ڕێگەیەکی ڕاست بنیات بنرێت و شكست به ئەجێندای دەرەکی بهێنرێت، هه‌روه‌ها تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ناکۆکییە سیاسییەکان وه‌ك به‌شێك له پرۆسه‌ی دیموكراسی هەرگیز کۆتای‌یان نایەت و لە گه‌رمەی شەڕی داعشدا وەک پێویست ئەولەویەت بەم کێشانە نەدرا و ئەوەی لە هەموو شتێک گرنگترە ئەوەیە کار بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان بکرێت و لە ڕیگەی دیالۆگه‌وه چارەسەر بۆ سەرجەم کێشەکان بدۆزرێتەوە.
هه‌ر ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی به‌ڕێزیان خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕی كه یەکێک لە لایەنەکانی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی بۆ کوردستان ئەوەیە سەربەخۆیی هەمووان کۆدەکاتەوە تا پێكه‌وه بەرەو ئامانجە هاوبەشەکان هه‌نگاو بنێن و ئامانجی ڕیفراندۆمیشی به ده‌رخه‌ری ئه‌وه زانی کە سەربەخۆیی خۆی لە خۆیدا ئامانجی هاوبەشی هه‌موولایه‌كه و دواتر مەترسی و دەرفەتەکانیش ڕوونتر دەرده‌کەون، هه‌روه‌ها ئاشكرای كرد كه سەربەخۆیی چارەسەرێکی جادوویى نییه بۆ سەرجەم کێشەکان، بەڵام دەبێتە دەستپێکی گەشتێکی نوێ به‌ره‌و ئاراستەیەکی ڕاست.
سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غداش دووپاتی كرده‌وه كه دۆخی ئێستا لەگەڵ بەغدا لەسەر کاغەز مانای زیاترە وەک له‌سه‌ر ئه‌رزى واقیع و بنیاتنانی پەیوەندیەکی دراوسێیانەی باشیش لەگەڵ بەغدا زۆر باشتر زانی لە بەردەوامیدان بە پەیوەندییه‌ك كه له پەیوەندیی نێوان کرێچی و خاوه‌ن خانوو بچێت و هەردوولا پێیان خۆش نییە، چونكه کوردستانێکی بەهێز و یەکڕیز و سەربەخۆ، دەتوانێت ببێتە بەشێک لە چارەسەرکردنی هەندێ لە کێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکانیش وچەندین قسه‌كه‌رى دیكه‌ى بە تواناش هەن دەتوانن لێکۆڵینەوەی زیاتر و وردەکاریی زیاتر له‌سه‌ر ئەم بابەتە بدەن.
هیواشی خواست دیبه‌یته‌كانی له ماوه‌ی دوو ڕۆژی كۆنفرانسدا گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت، له ته‌نها له هۆڵه‌كان و زانكۆكاندا نه‌مێننه‌وه و ببێته به‌شێك له گفتوگۆی سیاسی و میدیای و ناو خه‌ڵك و ڕاگه‌یاندن له‌مباره‌یه‌وه ڕۆڵێکی بنیاتنەرانە لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە کێشە سیاسییەکان بگێڕێت و سه‌ركرده‌كانیش لە تێگەیاندنی خەڵک لەم بابەتانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە میدیا و لە سیاسەتیشدا باشتر بن. دووپاتیشی كرده‌وه كه ڕەخنەگرتن ئاسانترە لە بنیاتنان، چونكه بنیاتنان هه‌وڵ و كۆشش و به‌رپرسیاریه‌تى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانه، به‌ڵام ڕه‌خنه گرتن هیچ به‌رپرسیاریه‌تی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌كی تیا نییه و زۆر ئاسانه.
تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ش گه‌ر به‌راوردێك له نێوان سه‌ختییه‌كانی ئه‌م دواییه و هی نه‌وه‌ی پێشتر بكرێت، ده‌بینرێت ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی نەوەی ئێستا بوونەتەوە، له‌وانه‌ى پێشتر ئاسانترن و به پێویستی زانی بە بیرکردنەوە لە ئامانجە هاوبەشەکان، هەمووان ڕۆڵی خۆمان بگێرین لە بنیاتنانی نەتەوەکەمان، چونكه ئەو بارودۆخەی ئێستا بۆ کوردستان ڕەخساوە، بە درێژاییی مێژوو لەمە باشتری بۆ نەڕەخساوە بۆ ئەوەی مافی چارەی خۆی دیاری بکات و نەوەکانی داهاتووش به‌پێى چۆنیەتیی مامەڵەی ئێستا بۆ قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە، بڕیار لەسەر نه‌وه‌ی ئێستا دەدەن.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران وته‌كه‌ی به چه‌ند پرسیارێك به‌كۆتا هێنا و گوتی "ئایا وانەکانی ڕابڕدوومان بیرچووەوە و ڕووبەڕووی یەکتر دەبینەوە؟! ئایا وەبەرهێنانمان لە دامەزراوەکان و بواری پەروەردەدا کردووە بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو باشتر ئامادە بێت؟! بێگومان، ئەم زانکۆیە باشترین نموونەی ئەم پێشکەوتنەیە، بەڵام هێشتا پێویستە کاری زیاتر بکەین، بەتایبەتی لە بوارى پەروەردەکردنی توێژى گەنجدا). ئایا ئەو بڕیارانەی داومانن، لەپێناو بەرژەوەندیی کوردستان بوو، یاخود بەرژەوەندیی خۆمان؟ ئایا ئەوەندە متمانەمان بە خۆمان هەیە بتوانین هەنگاو بۆ پێشەوە بنێین، ئەم دەرفەتە زێڕینە بقۆزینەوە بۆ ئەوەی زیاتر کۆنترۆڵمان بەسەر وڵاتی خۆماندا هەبێت". به پێویستیشی زانی كه ئه‌وان وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بۆ کتێبەکانی مێژووی نه‌وه‌ی داهاتوو بده‌نه‌وه. دووپاتیشی كرده‌وه ئه‌گەر پێکەوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان کار بکرێت و سوود لە بیرۆکە و هەوڵەکانی کەسانی پسپۆڕ و ئه‌كادیمی وه‌ربگیرێت، دەتوانرێت شتێک دروست بکرێت شانازی پێوە بکرێت.
ده‌قی وته‌ی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران:
بەیانیتان باش.
هه‌موو لایه‌كتان به‌خێربێن..
به‌ر له‌وه‌ی وتاره‌كه‌م پێشكه‌ش بكه‌م، به‌ستنی ئه‌م كۆنفرانسه هاوكاته له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی كه له شاری مانچسته‌ری به‌ریتانیا ئه‌نجامدرا و 22 كوژرا و نزیكه‌ی 60 برینداری لێكه‌وته‌وه، ده‌مه‌وی لێره‌وه سه‌ره‌خۆشیی خۆمان ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ی قوربانیان بكه‌ین و هاوده‌ردی و هاوخه‌میی خۆمان بۆ گه‌لی به‌ریتانیا نیشان بده‌ین. ئه‌مه جارێكی دیكه سه‌لماندی كه پرسی تیرۆر ته‌نها په‌یوه‌ندی به یه‌ك شوێنه‌وه نییه، ئه‌مه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه و هه‌موومان ده‌گرێته‌وه. ئێمه وه‌كو كورد شانازی به‌وه ده‌كه‌ین كه له به‌ره‌ی یه‌كه‌می جه‌نگی دژی ئه‌م تیرۆرستانه‌ین و له‌مباریه‌وه خۆڕاگریی گه‌لی ئێمه‌ی جێگه‌ی شانازی بووه و له‌م پێناوه‌شدا نزیكه‌ی 1700 شه‌هید و نزیكه‌ی 10000 بریندارمان داوه. ئه‌مه دیسانه‌وه پیشانی ده‌دات كه پێویسته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌موو پێكه‌وه كار بكه‌ن بۆ بنبڕكردنی تیرۆر چ به شێوه‌ی سه‌ربازی یان فكری، كه من پێم وایه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی فكری زۆر گرنگتره له تێكشكاندنی سه‌ربازیی ئه‌م تیرۆرستانه. دیسانه‌وه به ناوی ئێوه‌ش سه‌ره‌خۆشی له شاری مانچسته‌ر و هه‌موو ئه‌و قوربانیانه ده‌كه‌ین.
خۆشحاڵم بە کردنەوەی ئەم کۆنفرانسە، سوپاسی میوانە بەڕێزەکان دەکەم ئه‌وانه‌ی كه له ده‌ره‌وه هاتوون ته‌شریفیان هێناوه، به‌خێربێن. سوپاس بۆ دکتۆر محمد موختار، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ، بۆ ئەو پێشەکییه و بۆ هەوڵ و کۆششی بەردەوامیان بۆ ئەوەی زانکۆی کوردستان ـ هەولێر ببێتە دامەزراوەیەکی بەرچاو.
سوپاسێكى بێپایان بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لەپێناو كوردستاندا شەهید بوون. دڵنیاین ڕەنج و ماندووبوونی بەردەوامی ئه‌وان به‌فیڕۆ ناچێت. هێرشەکەی هه‌فته‌ى ڕابردووى داعش بۆ سەر پێشمەرگە لە تووزخورماتوو، بیری هێناینەوە کە ناحەزانمان هەمیشە دەیانەوێت تاقیمان بکەنەوە. ئێمە لێرە لەم شوێنەدا، لەم شارەدا و له هه‌ر شوێنێكى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان هەست بە پارێزراویەکی تەواو دەکەین، ئەمەش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قاره‌مانیه‌تیى پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كان و هاوكارانیان ده‌گه‌ڕێته‌وه. سوپاس و ده‌ستخۆشییان لێ ده‌كه‌ین.
به‌ڕێزان..
بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کوردستان لە چوارڕیانێکدایە، سەرەتا پێویستە هەڵسەنگاندنێک بکەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن گەیشتینە ئەمڕۆ؟.
ئه‌گەر چاوێک بە مێژووی کوردستاندا بخشێنینەوە، مێژوویەک کە تیایدا چەندین جار خه‌ڵكى کوردستان چەوسێنراوەتەوە و خەباتی کردووە، جێگەی سەرنجە کە ئێمە تەنها لە ماوەی 15 ساڵی ڕابڕدوودا، چەندین قۆناغی جیامان بینیوە.
سەرەتا ئەو ئازادی و سەربەخۆییە بوو کە ئازادکردنی عیراق لە ساڵی 2003 بەدوای خۆیدا هێنای. ساڵەکانی دواتر ئەم ئازادییە بووە هۆی هێنانەکایەی قۆناغێکی گەشەسەندنی خێرا، کە تیایدا دەرفەتی بەرەوپێشبردن و خستنەگەڕی تواناکانمان بۆ ڕەخسا.
پاشان لەم دواییەدا، سەردەمی قەیرانەکان دەستی پێ‌کرد. ئەمە شتێکە هەریەک لە ئێوە بە تەواوی لێی ئاگادارە. ئێمە ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری، ئه‌منى و مرۆیی بووینەوە، کەم وڵات هەیە بتوانێت بەسەریاندا زاڵ بێت، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی جددی لێ بکەوێتەوە.
ئەم خۆڕاگرییەی ئێستا لە خەبات و تێكۆشانى ڕابردوومانەوە درێژەی کێشاوە، بەڵام باوەڕم وایە ئاماژەیەکیشە بۆ شوناس و بەهاکانی گەلی کوردستان. با بۆ ماوەی چەند خولەکێک باس لەو شتانە بکەین کە لە کوردستان ڕوویان نەدا.
ئێمە له هیچ دۆخێك‌دا پەنامان بۆ توندڕەوی نەبرد، بیرۆکەی توندڕەوی نەیتوانی لە کوردستان جێگه‌ى خۆى بكاته‌وه. ئێمە بەردەوام بووین لە پاراستنی فرەئایینى و فره‌نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان. ئێمە ڕێگریمان لە هاتنی ئاوارەکان نەکرد، سەرەڕای ئەو فشارە سه‌ختانه‌ی كه سەر ئابووریی هەرێمى كوردستان و کەرتی تەندروستی و په‌روه‌رده‌یى و كه‌رته‌كانى خزمه‌تگوزارى هه‌بوو، لە کاتێکدا ئەم كه‌رتانه خۆیان لە دۆخێکی ناسکدا بوون. سەرەڕای بیروڕا سیاسییە جیاوازەکان و نیگەرانییەکان سەبارەت بە قەیرانی دارایی و سیاسی، ئێمە دژی یەکتر نەوەستاین. هیچ ئینتمایەک بۆ توندوتیژی و ڕووبەڕووبوونەوەی یەکتر، وەک ئەوەی لە ڕابردوودا بینیمان، له كوردستان نەبوو.
ئەمە لێرەدا شایەنی باسکردنە، چونکە توانا شاراوەکانمان بۆ داهاتوو دەردەخات.
دەڵێن: باشترین تاقیکردنەوە بۆ دەرخستنی تایبەتمەندی و کەسایەتیى هه‌ر كه‌سێك، ئەو کاتەیە کە دەخرێتە ژێر فشاره‌وه. ئەمە بۆ کۆمەڵگاش ڕاستە.
باوەڕم وایە ئێمە لەم تاقیکردنەوەیە سەرکەوتوو بووین. ئێمە بە ئاگردا تێپەڕین و بەها ڕاستەقینەکانمان دەرکەوتن. ئەمە شتێکە بە ڕاستی پێویستە هەموومان پێكه‌وه له كوردستان شانازی پێوە بکەین.
كاتێك ئێمە لە گەشتەکەماندا هەنگاوی دواترمان به‌رده‌وام ده‌بین، هیوادارم کەسایەتییە جیهانییە کاریگەرەکان دان به‌و ڕاستییه‌دا بنێن.
به‌ڕێزان..
ئەمڕۆ بە درێژاییی ئەم کۆنفرانسە، زۆر گرنگە بڕوانینە داهاتوو. دەمەوێت هەموو ئامادەبووان لەم هۆڵەدا بیر لەو هەنگاوە عەمەلیانە بکەنەوە کە دەکرێت و پێویستە بیانگرینە بەر لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش. هەمیشە ڕووداوی مەزن و ئاراستەی جیهانی هەن کە ئێمە خۆمان ناتوانین بیانگۆڕین. نرخی نەوت، جەنگەکان، گۆڕانکاری لە هاوپەیمانیی جیهانی. پێویستە لەم هۆکارانە تێبگەین، بەڵام نابێت ئه‌وه‌نده پێیانه‌وه سەرقاڵ بین کە بیرمان بباتەوە ئاخۆ ئێمە لە ڕاستیدا دەتوانین چى بگۆڕین و دەمانەوێت چی بگۆڕین؟.
من ئەو سێ قۆناغەی مێژووی ئەم دواییەی کوردستانم باس کرد: ئازادی، گەشەسەندن و قەیرانه‌كان.
دوای ئه‌م قۆناغانه ئەوە چی دێت؟
باوەڕم وایە دەبێت سەرنجمان بخەینە سەر بنیاتنانی نەتەوە. بنیاتنانی نەتەوە، واتە بەردەوامی، یەکڕیزی، لە کۆتاییشدا بوون بە نەتەوەیەکی سەربەخۆ.
دەربارەی بەردەوامبوون، ئێمە دەزانین گەشەسەندنی ئابووری بە هەمان ئەو خێراییەی کە داڕما، بەرز نابێتەوە. ئەمەش مانای ئەوەیە کە پێویستە بە وریاییەوە هەنگاو بە هەنگاو به‌ره‌و پێشه‌وه بڕۆین. ئێمە دەزانین پێویستە وڵاتەکەمان بە بەردەوامی گەشە بکات و بەرەو پێشەوە بچێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سەربکەوێت.
هەروەک چۆن دروستکردنی ڕێگایەک پێویستی بە چینی دروست و گونجاو هەیە بۆ ئەوەی ڕێگاکە بە سافی بمێنێتەوە، یاخود باڵەخانەیەکی چەند نهۆمی پێویستی بە بناغەیەکی تۆکمە هەیە بۆ ئەوەی بە جێگیری بمێنێتەوە!.
تەنها شتێکی ئەرێنی دەربارەی قەیران ئەوەیە کە وات لێدەکات بزانیت گرنگترین شت چییە؟.
لە لایەنی حکوومەتەوە، دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە یەکێک بوو لەو پێشهاتانەی کاریگەریەکی زۆری دروست کرد. ئێمە ساڵی ڕابڕدوو بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و کاریگەر مامەڵەمان لەگەڵ ئه‌م پرسه‌دا کرد، ئه‌ویش لە ڕێگەی ده‌ستپێكردنی سیستەمی بایۆمەترییه‌وه بۆ دابەشکردنی مووچە. ئەم سیستەمە لە ناوخۆی کوردستان دروست کراوە. ئەمە یەکێکە لەو چاکسازیانەی کە من و به‌ڕێز جێگری سەرۆک وەزیران بە جێبەجێکردنی پاپەندین.
هه‌ردووكمان پابەندین بە بنیاتنانی ژێرخانێکی ڕاست. لە کاتێکدا زۆربەی پڕۆژە گەورەکانمان بە شێوەیەکی کاتی وەستێنراون، زۆر سوپاسی ئه‌و وەبەرهێنەرە ناوخۆیی و بیانییانه دەکەم کە له كاته سه‌خته‌كاندا جێبەجێکردنی كار و پڕۆژەکانیان نه‌وه‌ستاند. لەسەر بنەمای متمانە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باوەڕیان بە داهاتووی کوردستان، زۆربەیان لە کارەکانیان بەردەوام بوون و چاوپۆشی‌یان لە وەرگرتنی تەواوی پارەکەیان کرد.
باوەڕم وایە بەرەو کۆتاییی قەیرانەکان دەڕۆین و بۆ چوونە ناو قۆناغێکی نوێوە هەنگاو دەنێین کە قۆناغی گەشەسەندنى دوای جەنگه.
لەوانەیە ئێمە ئێستا بەتەواوی لە سەرەتای ئەم قۆناغی گەشەسەندنەدا نەبین، بەڵام وا خەریکە هێما دڵخۆشکەرەکان ده‌رده‌كه‌وێت.
به‌ڕێزان..
لە کاتێکدا ئێمە ناگەڕێینەوە ئەو کاتە ناخۆشانەی پێیاندا تێپەڕین، پێویستە هەموو توانای خۆمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی نیشانی بدەین ئێمە بە ئاراستەیەکی ڕاستدا دەڕۆین. گەشەکردن، گەشەکردنی زیاتری لێ دەکەوێتەوە. هەر بزنسێکی نوێ یەکێکی تر بە دوای خۆیدا ده‌هێنێت بۆ ئەوەی پێشبڕکێی لەگەڵ بکات، یاخود تەواوی بکات. گەڕانەوەی هەر ئەندامێکی ڕەوەندی کوردستان له ده‌ره‌وه، هانی گەڕانەوەی یەکێکی تر دەدات كه بگه‌ڕێته‌وه هه‌رێمی كوردستان و كار بكات.
چاکسازییەکانی حکوومەت و گەشەسەندنی ئابووری بۆ بنیاتنانی وڵات زۆر گرنگن، بەڵام ئەمانە به تەنها بەس نین!. ئێمە دەتوانین ئەم بناغه جێگیرانە بنیات بنێین، بەڵام بەبێ دیوارە بەهێزەکانی یەکڕیزیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ناتوانین سەقفی سەربەخۆیی دروست بکەین.
پێکەوەبوونمان نیشانه‌ى بەها و بەهێزیی زیاترە، تەنها لە ڕێگەی پێكه‌وه‌کارکردن دەتوانین وڵاتەکەمان بە ڕێگەیەکی ڕاست بنیات بنێین. تەنها لە ڕێگەی بوونی ئامانجی هاوبەشه‌وه دەتوانین بەرەنگاری ئەجێندای دەرەکی ببینەوە و بە یەکدەنگی، ڕوون و ئاشکرا بۆ جیهان بدوێین.
ناکۆکییە سیاسییەکان هەرگیز کۆتای‌یان نایەت. ئەمە بەشێکە لە پرۆسەی دیموکراسی، بەڵام لە گه‌رمەی شەڕی داعشدا، ئێمە وەک پێویست ئەولەویەتمان بەم کێشانە نەدا. ئێستا ئەوەی لە هەموو شتێک گرنگترە ئەوەیە ئێمە کار بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان بکەین و لە ڕیگەی دیالۆگه‌وه چارەسەر بۆ سەرجەم کێشەکان بدۆزینەوە.
یەکێک لە لایەنەکانی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی بۆ کوردستان کە زۆر دڵخۆشكه‌ره، ئەوەیە سەربەخۆیی هەموومان کۆدەکاتەوە تا پێكه‌وه بەرەو ئامانجە هاوبەشەکان هه‌نگاو بنێین. ئامانج لە ڕیفراندۆم ڕوونکردنەوەی ئەوەیە کە سەربەخۆیی خۆی لە خۆیدا ئامانجی هاوبەشی ئێمەیە. پاشان دوای ئەوەی ئامانجەکانمان پشتڕاست کرانەوە، مەترسی و دەرفەتەکانیش ڕوونتر دەرده‌کەون.
ئێمە ناڵێین سەربەخۆیی چارەسەرێکی جادوویى دەبێت بۆ سەرجەم کێشەکان، بەڵام دەبێتە دەستپێکی گەشتێکی نوێ به‌ره‌و ئاراستەیەکی ڕاست.
دۆخی ئێستامان لەگەڵ بەغدا لەسەر کاغەز مانای یه‌كجار زۆر زیاترە وەک له‌سه‌ر ئه‌رزى واقیع. بە دڵنیایەوە بنیاتنانی پەیوەندیەکی دراوسێیانەی باش لەگەڵ بەغدا زۆر باشترە لە بەردەوامیدان بە پەیوەندییه‌ك كه له پەیوەندیی نێوان کرێچی و خاوه‌ن خانوو ده‌چێت. په‌یوه‌ندییه‌ك كه هەردوولا پێیان خۆش نییە، نه ئێمه پێمان خۆشه و نه ئه‌وانیش پێیان خۆشه.
کوردستانێکی بەهێز و یەکڕیز و سەربەخۆ، دەتوانێت ببێتە بەشێک لە چارەسەرکردنی هەندێ لە کێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکانیش.
دەزانم لێرەدا چەندین قسه‌كه‌رى دیكه‌ى بە توانا‌مان هەیە و دەتوانن لێکۆڵینەوەی زیاتر و وردەکاریی زیاتر له‌سه‌ر ئەم بابەتە پێشكه‌ش بكه‌ن.
لە کۆتاییدا، هیوادارم ئەوەی دوو ڕۆژی داهاتوو لەم هۆڵه‌دا دیبه‌یت و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، هەر لەم هۆڵەدا نەمێنێتەوە. ئێمە پێویستە ئەم جۆرە دیبەیتانە کە فۆكه‌س لەسەر سیاسەت دەکەن، تەنها لە زانکۆکان نەهێڵینەوە، بەڵکو پێویستە ببێتە بەشێک لە گفتوگۆى سیاسیمان و میدیا و تەنانەت له كافێ و چایخانەکانیشمان.
باوەڕم وایە میدیای ناوخۆ بەتایبەتی، پێویستە ڕۆڵێکی بنیاتنەرانە بگێڕێت لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە کێشە سیاسییەکان. ئێمه‌ش وەک سەرکردە، پێویستە باشتر بین لە تێگەیاندنی خەڵک لەم بابەتانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە میدیا و لە سیاسەتیشدا.
به‌ڕێزان ..
هەمیشە ڕەخنەگرتن ئاسانترە لە بنیاتنان. بنیاتنان هه‌وڵ و كۆششه، به‌رپرسیاریه‌تى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانه. كه كار ده‌كه‌یت، بێگومان تووشى هه‌ڵه و كه‌موكوڕیش ده‌بیت. ئه‌وه زۆر ئاسانە هەر لە شوێنى خۆت دابنیشیت، هیچ نه‌كه‌یت و ته‌نیا ڕه‌خنه بگریت!. له‌وه ئاسانتر نییه ته‌نیا خه‌ریكى ڕه‌خنه بیت و ڕووبه‌ڕووى گرفت و مەترسییەکان نه‌بیته‌وه!.
ئه‌م ساڵانه‌ى دوایى ڕووبه‌ڕووى زۆر گرفت و سەختى بووینه‌وه، به‌ڵام ئه‌گەر بێت‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و سەختیانە به‌روردیان بكه‌ین كه نه‌وه‌ى پێش ئێمه تووشى بوون، ئاشکرایە ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی نەوەی ئێستا بوونەتەوە، له‌وانه‌ى پێشتر ئاسانترن. بۆیه ئێستا بە بیرکردنەوە لە ئامانجە هاوبەشەکانمان، هەموومان پێویستە ڕۆڵی خۆمان بگێرین لە بنیاتنانی نەتەوەکەمان.
ئەو بارودۆخەی ئێستا بۆ کوردستان ڕەخساوە، بە درێژاییی مێژوو لەم دەرفەتە باشتری بۆ نەڕەخساوە بۆ ئەوەی مافی چارەی خۆی دیاری بکات. هەر لەبەر ئەمە نەوەکانی داهاتوو به‌پێى چۆنیەتیی مامەڵەی ئێمە بۆ قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە، بڕیار لەسەر ئێمە دەدەن.
ئایا وانەکانی ڕابڕدوومان بیرچووەوە و ڕووبەڕووی یەکتر دەبینەوە؟!.
ئایا وەبەرهێنانمان لە دامەزراوەکان و بواری پەروەردەدا کردووە بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو باشتر ئامادە بێت؟!
(بێگومان، ئەم زانکۆیە باشترین نموونەی ئەم پێشکەوتنەیە، بەڵام هێشتا پێویستە کاری زیاتر بکەین، بەتایبەتی لە بوارى پەروەردەکردنی توێژى گەنجدا).
ئایا ئەو بڕیارانەی داومانن، لەپێناو بەرژەوەندیی کوردستان بوو، یاخود بەرژەوەندیی خۆمان؟
ئایا ئەوەندە متمانەمان بە خۆمان هەیە بتوانین هەنگاو بۆ پێشەوە بنێین، ئەم دەرفەتە زێڕینە بقۆزینەوە بۆ ئەوەی زیاتر کۆنترۆڵمان بەسەر وڵاتی خۆماندا هەبێت؟!.
ئەمانە هه‌موو ئەو پرسیارانەن کە پێویستە بۆ منداڵەکانمان و بۆ کتێبەکانی مێژوو وەڵامیان بدەینەوە. ئه‌گەر پێکەوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانمان کار بکەین و سوود لە بیرۆکە و هەوڵەکانی کەسانی وەک ئێوە وەربگرین، دڵنیام له‌وه‌ی كه دەتوانین شتێک دروست بکەین کە دواتر هه‌موومان پێكه‌وه شانازی پێوە بکەین.
سوپاستان ده‌كه‌م،
هیواى ڕۆژێكى خۆش و كۆنفرانسێكى سه‌ركه‌وتووتان بۆ ده‌خوازم.
هه‌موو لایه‌كتان به‌خێربێن..