له په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی لاوانه‌وه، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی له لاوانی كوردستان و جیهان ده‌كات، ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
ئه‌مڕۆ 12ى ئاب له ڕۆژى جیهانیى لاوان‌دا به‌گه‌رمى سڵاو له لاوانى كوردستان ده‌كه‌ین، ڕۆڵیان له ئێستا و داهاتووى كوردستاندا به‌رز هه‌ڵده‌سه‌نگێنین. وه‌ك چۆن لاوانى دوێنێى كوردستان به خه‌بات و تێكۆشان و قوربانیدان، كوردستانیان له سته‌م و دكتاتۆرى ڕزگار كرد و ئه‌مڕۆش له پێگه‌كانى سه‌ركردایه‌تى و به‌ڕێوه‌بردنى وڵات‌دا خزمه‌ت ده‌كه‌ن و ڕۆڵ ده‌گێڕن، به هه‌مان شێوه هیوایه‌كى گه‌وره بۆ بنیاتنانى ئێستا و سه‌ركردایه‌تیكردن و به‌ڕێوه‌بردنى داهاتووى وڵات له‌سه‌ر لاوانى كوردستان بنیات ده‌نێین.
له كاتێكدا كوردستان به قۆناغێكى هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت و خه‌ریكه هه‌نگاوێكى مێژوویى بۆ دیاریكردنى چاره‌نووسى خۆى ده‌نێت، ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كى گه‌وره‌تر ده‌كه‌وێته سه‌ر شانى لاوانى كوردستان تا ڕۆڵى كاریگه‌رى خۆیان له دیاریكردنى چاره‌نووسى گه‌ل و وڵاته‌كه‌یان و به‌ده‌سهێنانى مافه ڕه‌واكانیاندا بگێڕن.
له‌م یاده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیرى له لاوان ده‌كات بۆ دابینكرنى هه‌موو مافه‌كانیان و ئه‌وه‌ى له توانایدا بێت كه‌مته‌رخه‌مى ناكات بۆ ڕه‌خساندنى ده‌رفه‌تى زیاترى كار و مسۆگه‌ركردنى ژینگه‌یه‌ك كه تیایدا لاوان بتوانن ژیانێكى باشتر دروست بكه‌ن، په‌ره به به‌هره و تواناكانیان بده‌ن و باشترین ڕۆڵ له بنیاتنان و پێشخستن و به‌ڕێوه‌بردنى وڵات‌دا بگێڕن.
دووباره ڕۆژى جیهانى لاوان له لاوانى كوردستان و جیهان پیرۆز بێت.
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
12/8/2017