حکومەتی هەرێمی كوردستان
THU, 25 APR 2024 14:26 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هێرشه‌ تیرۆرستییه‌كانى بارسه‌لۆنا و ئەلکانار سه‌ركۆنه‌ ده‌كات

FRI, 18 AUG 2017 11:58 | KRG Cabinet

 

له‌ په‌یامێكدا حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هێرشه‌ تیرۆرستییه‌كانى دوێنێ ئێواره‌ و شه‌وى ڕابردوو له‌ بارسه‌لۆنا و شارۆچكه‌ى ئه‌لكانار له‌ هه‌رێمى كه‌ته‌لۆنیاى ئیسپانیا سه‌ركۆنه‌ ده‌كات و پشتیوانى و هاوخه‌مى له‌گه‌ڵ كه‌ته‌لۆنیا و ئیسپانیا ده‌رده‌بڕێت، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

به‌ توندى ئه‌و هێرشه‌ تیرۆرستیانه‌ سه‌ركۆنه‌ ده‌كه‌ین كه‌ دوێنێ ئێواره‌ و شه‌وى ڕابردوو له‌ بارسه‌لۆنا و شارۆچكه‌ى ئه‌لكانار له‌ كه‌ته‌لۆنیاى ئیسپانیا كرانه‌ خه‌ڵكى سڤیل و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ هاووڵاتیان و گه‌شتیارانى وڵاتان گیانیان له‌ ده‌ست دا و بریندار بوون.

ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ ئه‌زموونى تاڵمان له‌گه‌ڵ تیرۆردا هه‌یه،‌ باشتر له‌ ئێش و ئازارى ئه‌و هێرشانه‌ تێده‌گه‌ین و هاوسۆز و هاوخه‌م و پشتیوانى كه‌ته‌لۆنیا و ئیسپانیا به‌ گشتین و پرسه‌ سه‌ره‌خۆشیى خۆمان پێشكه‌ش به‌ كه‌سوكارى قوربانیان و گه‌ل و حكوومه‌تى كه‌ته‌لۆنیا و ئیسپانیا ده‌كه‌ین.

تا دێت له‌ ئه‌نجامى دووباره‌بوونه‌وه‌ى هێرشه‌ تیرۆرستییه‌كان و فراوانبوونى ڕووبه‌رى چالاكییه‌كانیان له‌ وڵاتانى جیهانن، ئه‌و ڕاستییه‌ خۆى دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ره‌ى دژه‌تیرۆرى جیهانى پێویستى به‌ ته‌كانێكى به‌هێزتر، كارى هاوبه‌ش، هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌كى فراوانترى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت ڕێگرى له‌و تاوانانه‌ بكرێت و ئه‌و بیره‌ تاریكه‌ى‌ تیرۆرستان ده‌یانه‌وێت بیسه‌پێنن، ته‌فروتووتا بكرێت.

هاوخه‌مى و پشتیوانیمان بۆ كه‌سوكارى قوربانیان و گه‌ل و حكوومه‌تى كه‌ته‌لۆنیا و ئیسپانیا دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌، هیوادارین ئه‌و تاوانه‌ ڕه‌شانه‌ له‌ هیچ شوێنێك دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌.

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان
18/8/2017



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان