سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 20/9/2017 دیدارێكی فراوانی ڕۆژنامه‌وانی بۆ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕیكخرا كه ژماره‌یه‌ك له ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی هه‌رێمی كوردستان به‌شدارییان تێدا كرد و تیایدا چه‌ندین ته‌وه‌ری تایبه‌ت به ڕیفراندۆم و پرسه هه‌نووكه‌ییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه باس كران.
له سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا و له وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به به‌رهه‌ڵستیی ژماره‌یه‌ك له وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهان له‌سه‌ر پرسی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵوێستی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان له‌مباره‌یه‌وه، به‌ڕێزیان گوتی "ئێمه با له‌و پرسیاره‌وه ده‌ست پێبكه‌ین كه بۆچی بڕیاری ئه‌نجامدانی ئه‌و ڕیفراندۆمه درا؟ بڕیاری ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم و دیاریكردنی ڕۆژی ئه‌نجامدانی، بڕیارێكی تاكلایه‌نانه نییه، بڕیاری هه‌موو هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان بوو جگه له براده‌رانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كه به‌شداریی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یان نه‌كرد و هێزه‌كانی دیكه هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه بڕیاریان له‌سه‌ر ئه‌وه دا كه ڕیفراندۆم ئه‌نجام بدرێت. وه‌ك پره‌نسیپ ڕیفراندۆم مافی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كه كه ده‌یه‌وێت ڕیفراندۆم بكات بۆ دیاریكردنی خواستی خۆی سه‌باره‌ت به هه‌ر بابه‌تێك. گه‌ر وه‌ك نموونه‌یه‌ك بۆ ئێوه بیهێنمه‌وه، له وڵاتانی جیهان یان له وڵاتێكی وه‌ك سویسرا ڕیفراندۆم له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرا كه ئایا ئێستا ده‌كرێت شاخی بزنه‌كان ببڕن یان نه‌بڕن؟ ڕیفراندۆم له‌سه‌ر ئه‌و شتانه ده‌كرا. ڕیفراندۆم بۆ ده‌ربڕینی خواستی ئه‌و كۆمه‌ڵگه، یان ئه‌و خه‌ڵكه‌یه كه ده‌یه‌وێت به ئاره‌زووی خۆی ده‌نگ بدات و ڕاپرسی له‌سه‌ر دواڕۆژی خۆی بكات. ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ی له هه‌رێمی كوردستان بڕیاری ئه‌نجامدانی دراوه، له ئه‌نجامی بێهیوایی بووه له هه‌موو ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی پێشتر به هه‌رێمی كوردستان دراوه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و حكوومه‌تی عیراقه‌وه، به‌تایبه‌تی له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا. پرسیاره گرنگه‌كه ئه‌وه‌یه ئایا ئێمه بۆ گه‌یشتینه ئه‌وه‌ی بڕیاری ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم بده‌ین؟ دوازده ساڵ ئه‌وه‌ی پێمان كرا بۆ عیراق كردمان و ده‌ستوورمان نووسی و هه‌رچی له توانای سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستاندا بوو، به‌تایبه‌تی جه‌نابی سه‌رۆك تاڵه‌بانی و سه‌رۆك بارزانی هه‌موو شتێكیان بۆ عیراق كرد، به‌ڵام ئێستا گه‌یشتینه ئه‌وه پرسیارێك له‌خۆمان بكه‌ین كه بۆ ئێمه زۆر گرنگه، ئایا ئێمه له‌و عیراقه‌دا له كوێین؟ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ئه‌و بڕیاره درا كه ڕیفراندۆم ئه‌نجام بدرێت تاكو خه‌ڵكی جیهانیش خواست و بیروبۆچوونی خه‌ڵكی كوردستان به هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه وه‌ك كورد و مه‌سیحی، توركمان، عه‌ره‌ب و ئێزدی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بزانن و خواستی ئێمه تێبگه‌ن و ئاگاداری بن. ڕیفراندۆم بۆ ئێمه ئامرازێكه، ئامانج نییه، ئامانجی ئێمه زۆر ڕوونه كه سه‌ربه‌خۆییی كوردستانه، ڕیفراندۆم به ئامرازێك ده‌بینین تا بگه‌ین به‌و ئامانجه، هه‌روه‌ها مه‌به‌ستیشمان ئه‌وه نییه كه ئێمه ڕیفرندۆممان ئه‌نجام دا و ڕۆژی دواتر واته 26/9/2017 ده‌وڵه‌تی كوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نین، ئێمه ده‌مانه‌وێت له پرۆسه‌یه‌كی دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا و زۆر هێمنانه و له‌سه‌رخۆ بێ ئه‌وه‌ی هیچ كێشه‌یه‌ك دروست ببێت، ئه‌و پرسه له‌گه‌ڵ ئه‌وان تاوتوێ بكرێت. ئێستا كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و هه‌موو لایه‌ك له‌سه‌ر هێڵن، ئه‌گه‌ر ئه‌وان به هه‌موویانه‌وه به‌دیلێكی باشتر له ڕیفراندۆم به ئێمه بده‌ن، بێگومان سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان ئاماده‌یه لێكۆڵینه‌وه و دیراسه‌ی بكات و ئه‌و پرسه به جددی وه‌ربگرێت، ئه‌وه نییه كه ئێمه بڵێین به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ده‌بێت ڕیفراندۆم ئه‌نجام بده‌ین، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر به‌دیلێكی باشتر له ڕیفراندۆم هه‌یه، بێگومان سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان ئاماده‌یه به جددی وه‌ری بگرێت و قسه‌ی له‌سه‌ر بكات، ئه‌گه‌ر به ڕاستی گارانتییه‌ك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بگه‌ینه ئه‌و ئامانجانه‌ی كه هه‌مانه به‌تایبه‌تی له ڕێگه‌ی گفتوگۆ و دانوستانه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئه‌وه‌مان زۆر پێ باشتره له‌وه‌ی كه كێشه دروست ببێت".
سه‌باره‌ت به هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم و دوودڵیی خه‌ڵكی كوردستان و دڵنیایی و ئاماده‌كاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دڵنیاكرنه‌وه‌ی هاووڵاتیان له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه، به‌ڕێزیان گوتی "ڕاستییه‌ك هه‌یه، ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی ئێستا له هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم ده‌ستی پێكردووه، خۆی له خۆیدا ڕیفراندۆمه. گه‌ر سه‌یری ئه‌و جۆش و خرۆشه بكه‌ین كه له شاره‌كانی كوردستان له هه‌ڵمه‌تی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمدا ئه‌نجام ده‌درێت كه ئه‌مڕۆ سه‌رۆك بارزانی بۆ هه‌مان مه‌به‌ست له سلێمانی ده‌بێت، خودی ئه‌و كه‌رناڤاڵه‌ی ئێستا ده‌ستی پێكردووه ڕیفراندۆمێكه و ڕوونه كه گه‌لی كوردستانی چی ده‌وێت. ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه ئێمه گارانتییه‌كمان له‌سه‌ر بژێویی خه‌ڵك وه‌رگرتووه یان گارانتییه‌ك هه‌یه؟ ئه‌وا هیچ گارانتییه‌ك نییه. پێموایه پرسی ڕیفراندۆم به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن وڵاتانی ده‌وروبه‌ره‌وه، زۆر له قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره‌تر كراوه و تێنه‌گه‌یشتنێكی جددی هه‌یه له‌سه‌ر بابه‌تی ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان، هیوادارین به له‌یه‌كگه‌یشتن له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌ره‌وه و هه‌رێمی، بتوانین چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌م بابه‌ته بدۆزینه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌دیلانه‌ی به كوردستانی ده‌ده‌ن به‌دیلێك بێت كه سه‌ركردایه‌تیى سیاسیی بڕوای پێ هه‌بێت و هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان باوه‌ڕیان پێی هه‌بێت، ئێمه ئاماده‌ین چانسى دوایى بده‌ینه گفتوگۆ و دانوستان بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه چاره‌سه‌ر".
ده‌رباره‌ی به‌شداری پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان به‌تایبه‌تی كرستیانه‌كان له پرۆسه‌ی هه‌ڵمه‌تی ڕیفراندۆم و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م پێكهاته‌یه، به‌ڕێزیان گوتی "كاتێك باسی ڕیفراندۆم ده‌كه‌ین، مه‌به‌ست ئه‌وه نییه ڕیفراندۆمه‌كه ته‌نیا بۆ كورده، به‌ڵكو بۆ هه‌موو ئه‌و پێكهاتانه‌یه كه له كوردستان ده‌ژین كه ئێمه ته‌نیا به ناوی كه‌مه‌نه‌ته‌وه ناوی هیچ یه‌كێكیان ناهێنین چونكه ڕه‌گ و ڕیشه‌یه‌كی زۆر قووڵیان له‌م وڵاته‌دا هه‌یه، بێگومان پرسی ڕیفراندۆم و قۆناغی دواتر و ته‌نانه‌ت له دروستكردنی داهاتووی هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه یه‌كجار گرنگه مافی ئه‌و خه‌ڵكه‌یه كه له‌ناو هه‌رێمی كوردستاندا ده‌ژین و ئاماده‌ییی ئه‌وه‌شمان هه‌یه له ده‌ستووری داهاتووی كوردستاندا زه‌مانه‌تێكی ته‌واو به‌و پێكهاتانه بده‌ین كه له كوردستان ده‌ژین جا چ توركمان، مه‌سیحی و هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بێت و ئه‌و ئاماده‌ییه‌شمان زۆر جار باس كردووه و ڕامانگه‌یاندووه و مافی ئه‌و خه‌ڵكه له چوارچێوه‌ی ئه‌و وڵاته‌دا زامن ده‌كه‌ین".
به‌ڕێزیان له وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به مه‌ترسییه‌كانی هاووڵاتیانی ناوچه دابڕێنراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی كه‌ركووك دوای ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم تیایاندا، گوتی "بابه‌تی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، بابه‌تێكی سه‌ره‌كییه له‌م پرسه‌دا. گه‌ر سه‌یری ڕه‌وشی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بكه‌ین ده‌بینین گه‌ر هێزی پێشمه‌رگه نه‌بوایه، هیچ گارانتییه‌ك نه‌بوو كه ڕه‌وشی كه‌ركووكیش وه‌ك هی مووسڵی لێنه‌هاتبا، دوای هاتنی تیرۆرستانی داعش له ساڵی 2014 بۆ عیراق ئه‌وه‌ی كه‌ركووكی پاراست، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوون. پێویسته ئێمه وه‌ك كورد په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر باش و برایانه‌مان له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و پێكهاتانه هه‌بێت ئه‌وانه‌ی له كه‌ركووك ده‌ژین وه‌ك توركمان و عه‌ره‌ب و له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه ده‌بێت زۆر وریا بین و ده‌بێت زۆر به سه‌خاوه‌تمه‌ندانه‌ش له پرسی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و چۆنییه‌تیی كاركردن له كه‌ركووك و شوێنه‌كانی دیكه، به‌و بیروبۆچوونه له ئاینده‌دا هه‌ر ئه‌وه بكه‌ین. ئێمه نامانه‌وێت ئه‌و ناوچانه به زۆر بگه‌ڕێنینه‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ڕیفراندۆمی ئێمه‌ش بۆ دیاریكردنی سنوور نییه، به‌ڵكو بۆ ده‌ربڕینی خواستی خه‌ڵكه له‌سه‌ر پرسێك. كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و هه‌موو پێكهاته‌كانی كه‌ركووك ده‌توانن ده‌نگ بده‌ن و ده‌توانن به خواستی خۆشیان به‌ڵێ یان نه‌خێر هه‌ڵبژێرن. گه‌ر پرسیاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه ئێمه كه ده‌مانه‌وێت ڕیفراندۆم له‌م ناوچانه بكه‌ین مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه به‌زۆر سنوورێك دابنێین و فه‌رزی بكه‌ین له‌سه‌ر پێكهاته‌كانی كه له‌و ناوچانه ده‌ژین؟ به هیچ شێوه‌یه‌ك شتی وا نییه. له‌و ناوچانه كه‌ركووك وه‌ك نموونه، ته‌نیا كوردی تێدا نییه، عه‌ره‌ب و توركمان و پێكهاته‌كانی دیكه‌ش له‌وێ هه‌ن، كه‌واته ئه‌و ناوچانه به‌تایبه‌تی كه‌ركووك ده‌بێت ببێته شاری پێكه‌وه‌ژیانی هه‌موو ئه‌و پێكهاتانه كه تا ئێستا پێكه‌وه‌بوون و ده‌بێت له ئاینده‌شدا پێكه‌وه بن. زۆر ناخۆشه كه ئێمه بڵێین له‌وانه‌یه پێكهاته‌كانی دیكه ده‌نگ بۆ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان نه‌ده‌ن، ده‌بوایه ئێمه په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌وه‌نده به‌هێزمان له‌گه‌ڵ ئه‌و پێكهاتانه‌دا هه‌بوایه له كه‌ركووك و شوێنه‌كانی دیكه، به ئاره‌زووی خۆیان هه‌موولایه‌كیان بڕیاریان له‌سه‌ر ئه‌وه بدابا كه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بن، خۆ ئه‌وه‌ی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه‌ی پاراست پێشمه‌رگه و هێزی ئه‌منیی هه‌رێمی كوردستان بوو، پێویسته ئه‌و پرسیاره له خۆمان بكه‌ین بۆ ئێمه نه‌مانتوانی وه‌ك پێویست باوه‌ڕ بۆ ئه‌و پێكهاتانه دروست بكه‌ین كه له پرۆسه‌یه‌كی وه‌ها دا بێن ده‌نگ به‌وه بده‌ن كه ژیان و پاشه‌ڕۆژیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان باشتر ده‌بێت. من پێموایه ئێمه وه‌ك كورد ده‌بێت زۆر به جددی بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه و دابنیشین و لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ بكه‌ین و ڕیگه‌چاره‌یه‌كیش بۆ ئه‌و پرسه بدۆزینه‌وه. ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی گه‌ر ڕیفراندۆم كرا، بژێوی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه چۆن ده‌بێت؟ بێگومان ڕێگه‌چاره هه‌یه، به‌ڵام ئێمه نامانه‌وێت بگاته ئه‌و قۆناغه و ده‌مانه‌وێت ئه‌م پرۆسه‌یه به لێكگه‌یشتن و دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكرێت و له‌گه‌ڵ به‌غدا بتوانین ئاینده‌ی ئه‌و ناوچانه و سنووری هه‌رێمی كوردستان ده‌ستنیشان بكه‌ین".
ده‌رباره‌ی قۆناغی دوای ڕیفراندۆم و دیاریكردنی كاتێكی دیاریكراو بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ له‌گه‌ڵ به‌غدا و به‌هه‌ده‌رنه‌دانی كات وه‌ك له ماده‌ی 140دا به‌هه‌ده‌ر درا و به‌شداریی وڵاتانی زلهێز له‌و گفتوگۆ و دانوستانانه‌دا، به‌ڕێزیان گوتی "تاقه گارانتی ته‌نیا گه‌لی كوردستانه. گه‌ر سه‌یری ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه بكه‌ین كه تا ئێستا به‌ده‌ستمان هێناوه له‌و پرۆسه‌یه‌ی كه ڕامانگه‌یاندووه ڕیفراندۆم ئه‌نجام ده‌ده‌ین؟ كاتێك پرسی ڕیفراندۆممان هێنایه پێشه‌وه له مه‌ترسیی ئێمه‌یه بۆ ئاینده‌ی ئه‌م میلله‌ته، مه‌ترسییه‌كی جددیمان هه‌یه ئاخۆ ڕه‌وشی كوردستان چۆن ده‌بێت كه هه‌موو ڕۆژێك هه‌ڕه‌شه و هه‌ریه‌ك له خۆیه‌وه قسه‌یه‌ك ده‌كات، له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ حه‌شدی شه‌عبی هه‌موو ڕۆژ هه‌ڕه‌شه له هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، پێویسته ئه‌م وڵاتانه له قووڵاییى نیگه‌رانیی كورد و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی كوردستان بۆ ئاینده تێبگه‌ن، ئێمه سه‌رشێتانه نین له‌خۆمانه‌وه بڕیار بده‌ین ڕیفراندۆم ئه‌نجام بده‌ین، بێگومان ده‌ركردنی ئه‌و بڕیاره هۆكاری خۆی هه‌یه. ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه من باسی ده‌كه‌م به‌ده‌ستمان هێناون ئه‌وه‌یه كه ئێمه جارێكی دیكه پرسی كورد له عیراق و چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه‌مان خسته سه‌ر مێزی وڵاتانی زلهێز و وڵاتانی هه‌رێمی و به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی به جددی بیر له‌و بابه‌ته بكرێته‌وه. ئێمه نیازمان هه‌بوو ساڵی 2014 ڕیفراندۆم بكه‌ین، به‌ڵام له‌به‌ر هاتنی تیرۆرستانی داعش دوامانخست و ئه‌مه بڕیارێكی نوێ نییه و له ئه‌نجامی بێهیوابوونمان له به‌غدا و پێش ئه‌وه‌ی تیرۆرستانی داعش بێن، بڕیاری ڕیفراندۆممان دابوو، به‌ڵام كه داعش هات به پێویستمان زانی پرۆسه‌كه دوا بخرێت. ئێمه توانیمان له‌و پرۆسه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی خۆمان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان و حزبی سۆسیالیستى دیموكراتی كوردستان و حزبی شیووعی و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی توركمانی و كرستیان په‌رله‌مان كارا بكه‌ینه‌وه و پرسی كوردیمان وا لێ‌كرد كه جارێكی دیكه ڕه‌هه‌ندێكى نێوده‌وڵه‌تی وه‌ربگرێت و ئێستا هه‌موو ئه‌و وڵاتانه خه‌ریكن به جددی بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه چۆن ده‌توانن یارمه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بده‌ن له پرۆسه‌یه‌كی دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا. ئامانجی ئێمه ڕوونه و نامانه‌وێت به شه‌ڕ ئه‌و ئامانجه به‌ده‌ست بنهێنین و له به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی ئێمه‌شدا نییه، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت به دانوستان به ده‌ستی بهێنین و كه‌شوهه‌وایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌و پرسه ئاماده بكه‌ین و وڵاتانی جیهان هان بده‌ن بێن پشتیوانی له‌و پرۆسه‌یه بكه‌ن كه له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ستی پێده‌كه‌ین، بێگومان ئێمه هه‌ر دانوستانێك له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌نجامی بده‌ین، پێویسته سه‌قفێكی زه‌مه‌نی هه‌بێت و ده‌مانه‌وێت گارانتی هه‌بێت كه وڵاتانی زلهێزیش به‌شدار بن له‌و پرۆسه‌یه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیایی بده‌ین به خه‌ڵكی خۆمان و یارمه‌تیی ئێمه و به‌غدا بدات بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ین به ئه‌نجامێك له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته. ساڵی پار كه چووینه به‌غدا و دوای ئه‌وه‌ی كه جه‌نابی سه‌رۆكیش چووه به‌غدا، به ڕوونی پێمان گوتن ئه‌و مۆدێلانه‌ی تا ئێستا له عیراقدا كارمان پێكردووه، سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه. عیراق زۆر باسی ده‌ستوور ده‌كات، به‌ڵام ته‌نیا ئه‌و ماددانه جێبه‌جێ ده‌كات كه له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیدا بێت، زیاتر له په‌نجا مادده‌ی ده‌ستووری هه‌یه هه‌ر كاریان پێ ناكات، چونكه له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌واندا نییه جێبه‌جێیان بكه‌ن، به‌ڵام كه دێته سه‌ر باسی ئێمه، پێمان ده‌ڵێن ده‌ستوور وا ده‌ڵێت به بیرى خۆیان ئه‌م ده‌ستووره شتێكی زۆر پیرۆز و موقه‌ده‌سه. قسه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه دوای شه‌ڕی مووسڵ و ئه‌و ڕه‌وشه‌ی ئێستا دروست بووه، ده‌بێت گفتوگۆیه‌كی بنیاتنه‌رانه و ڕێك‌وپێك له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ست پێبكه‌ین له‌سه‌ر ئاینده. گه‌ر ئه‌وان ئه‌و ئاماده‌ییان هه‌بێت، بێگومان ئێمه‌ش ئاماده‌ین بكه‌وینه گفتوگۆ له‌گه‌ڵیان. ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و لایه‌نه‌كانی دیكه‌دا خه‌ریكی ئه‌وه‌ین گارانتیی ئه‌وه ده‌ده‌ن كه به‌شدار ده‌بن له‌و دانوستانه و به جددی دێنه سه‌ر هێڵ، چونكه به ڕاستی ئه‌مجاره‌یان جددیه‌تێكی زۆرتر له جاران هه‌یه و كورد مافى خۆیه‌تی بێمتمانه بێت، چونكه زۆری دیوه و ئه‌وه‌نده خه‌ڵك به‌ڵێنی پێداون كه واتان بۆ ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ جاره‌كانی دیكه و له‌هجه و ناوه‌ڕۆكی نامه‌كان و ئه‌و شتانه‌ی كه له ده‌ره‌وه بۆمان دێت زۆر جیاوازی له وانی پێشوو هه‌یه و ئاماده‌ن ته‌نیا ئه‌م شتانه واژۆ بكه‌ن. من ناتوانم بڵێم هه‌موو ئامانجه‌كانمان به‌ده‌ست ده‌هێنرێن، به‌ڵام ده‌توانین زۆر باش له ئامانجه‌كانمان بچینه پێشه‌وه. هه‌موو هیوایه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وه بوو كه كورد له پرۆسه‌ی ڕیفراندۆمدا یه‌كگرتوو نابێت، به‌ڵام ده‌بینین كورد له‌و پرۆسه‌یه‌دا یه‌كگرتووه و هه‌نگاوه‌كانی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و پرۆسه‌كه به شێوه‌یه‌كی گشتی گه‌ر به وردی سه‌یری بكه‌ین له‌و وێستگانه‌ی كه پێویسته ئه‌و هێزانه بڕیار بده‌ن، به سوپاسه‌وه بۆ هه‌موو هێزه‌كان هه‌ستیان به به‌رپرسیارێتیی مێژوویی و نه‌ته‌وه‌ییی خۆیان كردووه و له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی خۆیاندا بڕیاریان له‌سه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه داوه. گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌گه‌ر ئه‌وان یارمه‌تیمان بده‌ن و ئاماده بن و هاوكاریمان بكه‌ن، ئێمه له هه‌رێمی كوردستان پێشوازییان لێ ده‌كه‌ین. له‌وانه‌یه هێشتا زمانی ئه‌و نامانه‌ی كه دێت و ده‌ڕوا وا نه‌بێت كه سه‌د له سه‌د پێمان خۆش بێت، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ناتوانین به كه‌م سه‌یریان بكه‌ین و بڵێین هیچ نییه و به‌هایه‌كی نییه".
هه‌ر سه‌باره‌ت به دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی مێژووی غه‌دركردن له خه‌ڵكی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه و گارانتییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌ڕێزیان گوتی "واژۆكردنی ڕێككه‌وتنی یازده‌ی ئازار، یه‌كێك له گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وته‌كان بوو كه بۆ گه‌لی كوردستان به‌ده‌ست هێنرا، له ئه‌نجامی هه‌وڵ و تێكۆشان و خه‌باتی شۆڕشی ئه‌یلوول به ڕابه‌رایه‌تیی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، بۆ یه‌كه‌مجار توانیمان دیكۆمێنتێك له عیراق وه‌رگرین كه پێی بگوترێت ڕێككه‌وتننامه‌ی یازده‌ی ئازار. ئه‌و ڕێككه‌وتنه بنه‌مایه‌كی زۆر پته‌و بوو بۆ ئه‌و فیدرالیه‌ی كه له ساڵانی 2003 و 2004 به‌غدا دانی پێدانا، گه‌ر ئه‌وه‌ی پێشتر نه‌بوایه ئه‌وه‌ش نه‌ده‌كرا. !ئه‌و كاته‌ش ئێمه ڕازی نه‌بووین و كێشه دروست بوو و بڕیار وابوو له‌سه‌ر كه‌ركووك ڕیفراندۆم بكرێت، به‌ڵام ئه‌وان په‌شیمان بوونه‌وه له‌و به‌ڵێنه‌ی خۆیان، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا به‌غدا و وڵاتانی جیهان بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه ئارامی له‌و ناوچه‌یه هه‌بێت، یان ده‌یانه‌وێت هه‌میشه ئاڵۆزی و كێشه هه‌بێت؟!. ڕێككه‌وتن له یازده‌ی ئازار له نێوان شۆڕشی ئه‌یلوول به سه‌رۆكایه‌تیی مه‌لا مسته‌فای بارزانی و سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كورد ئیمزا كرا، ساڵی 1974 و 1975 عیراق ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ی پێشێل كرد و شه‌ڕی له‌گه‌ڵ شۆڕشی كورد كرد، به‌ڵام نه‌یتوانی كورد له‌ناو ببات و ناچار ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ شای ئێران كرد بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی بدات و كورد تووشی شكه‌ست ببێت و له ئه‌نجامیشدا نیوه‌ی شه‌تولعه‌ره‌بی دایه ئێران ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه بكرێت، ساڵی 1979 ده‌یویست شه‌تولعه‌ره‌ب وه‌رگرێته‌وه بۆ ئه‌مه شه‌ڕێكی هه‌شت ساڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران كرد و قه‌رزدار بوو و چووه كوێت و له ئه‌نجامدا ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌ی لێ دروست بوو. گه‌ر ڕۆژی یه‌كه‌م به ستراتیژی بیری له چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد بكردبایه‌وه، ئه‌وه‌ی تر هه‌موو نه‌ده‌بوو و هیچی به‌سه‌ر نه‌ده‌هات. هیوادارم ئه‌مه وانه‌یه‌ك بێت هه‌م بۆ ئێمه و هه‌م بۆ به‌غدا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش كه پرسی كورد له عیراقدا پرسێكی جددییه، به به‌ڵێنی بێ به‌نه‌ما و گوتنی وشه‌ی ئینشه‌ڵڵا و ماشه‌ڵا و ئێمه براین و موسڵمانین چاره‌سه‌ر ناكرێت، پێویستی به گفتوگۆیه‌كی جددی هه‌یه كه واقعیانه بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پرسه بگاته چاره‌سه‌رێك. له‌م بابه‌ته‌شدا ته‌نیا گارانتی، گه‌لی كوردستان و پێداگریی گه‌لی كوردستانه بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه كه ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی یان له داهاتوو یان له هه‌ر كاتێكی دیكه‌دا پێی ده‌گات و ئه‌مه‌ش ڕوونه. ئه‌گه‌ر به دیققه‌ت سه‌یری لێدوانه‌كانی حه‌یده‌ر عه‌بادی بكه‌ین، هه‌موومان ده‌زانین ئه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقه و ناتوانێت له‌و چوارچێوه‌یه ده‌ربچێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یری قسه‌كانی بكه‌ین وه‌ك خۆی كه كردوویه‌تی، وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق پێویسته ئه‌و قسانه بكات. ئه‌و له‌سه‌ر پرسی كۆنفیدرالی ده‌ڵێت ئه‌و مه‌سه‌له‌یه پێویستی به‌وه‌یه له په‌رله‌مانی عیراق به دوو له‌سه‌ر سێی ده‌نگه‌كان بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت و دواتر بخرێته ڕاپرسییه‌وه و ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، شه‌رعیه‌تی ڕیفراندۆم ته‌نیا له خه‌ڵكی كوردستان وه‌رده‌گیرێت و له هیچ لایه‌نێكی دیكه وه‌رناگیرێت، ئه‌و وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق پێویسته هه‌ندێك له‌و شتانه بڵێت چونكه خۆی پێویستی به‌وه هه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا عه‌بادی گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ئێمه سه‌باره‌ت به ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌ت نه‌كردۆته‌وه. گوتوومانه كه ئێمه داوا ده‌كه‌ین ئه‌جێندایه‌كی كراوه هه‌بێت نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌رجه‌كانی ئێمه و ئه‌وان، بێ مه‌رجی ئێمه و ئه‌وان ده‌چینه نێو گفتوگۆیه‌كی جددی له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ئه‌و ئامانجانه‌ی كه خۆمان ده‌مانه‌وێت".
ده‌رباره‌ی ئه‌و هێڵه سه‌ره‌كییانه‌ی كه له گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ئه‌نجام ده‌دریت بۆ گه‌یشتن به چارسه‌ر و ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌سه‌ر هێڵن بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و گفتوگۆیه، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران گوتی "ئەو وڵاتانە کە یارمەتیی ئێمە دەدەن بەتایبەتی ئەمه‌ریکایە، بەریتانیایە، فەرەنسایە، ئەمانە زۆر بە جددی بەتایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا لەسەر هێڵن لەگەڵ ئێمە و یووئێنیش ئاماده‌یه یارمەتیی ئێمە بدات بۆ ئەوەی ئەو گفتوگۆیە لەگەڵ بەغدا دەست پێبکەین. هێڵی سەرەکیی گفتوگۆی ئێمە ڕوونە، ئامانجى ئێمە سەربەخۆیییە و لە گفتوگۆ و قسەکانمان لەگەڵ بەغدا دەمانەوێ ئەو ئامانجه به‌ده‌ست بهێنرێت. ناشمانەوێت ئەو ئامانجه بە شەڕ به‌ده‌ست بهێنرێت، دەمانەوێ بە لێکگەیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت. ناشمانەوێت کێشە دروست ببێت، نە بۆ هەرێمی کوردستان و نە بۆ عیراق، ئەمە یەکەم ئەجێندای ئەو کۆبوونەوە و گفتوگۆیە دەبێت کە لەگەڵ عێراق دەستی پێدەکەین، ئەگەر بگەینە ڕێککەوتن".
سه‌باره‌ت به گه‌رمیی بانگه‌شه‌ی ڕیفراندۆم له شوێنێك و ساردی له شوێنێكی دیكه و ئاماده‌نه‌بوونی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران له‌و بانگه‌شانه‌دا و به‌شدارینه‌كردنی ڕاگه‌یاندنی هه‌ندێ كه‌ناڵی حزبی له‌و بانگه‌شه‌یه‌دا و گرێنتی ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی داهاتووی كوردستان زۆنه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌كان فراوانتر ناكات، به‌ڕێزیان گوتی "گومان لەوەدا نییە ئەگەر کورد بە تەواوەتی یەکدەست و هاوڕا بووایە، زۆر شت لە مێژووی کورد ڕووی نەدەدا، شتێک نییە کە ئێمە بتوانین ئینکاری بکەین. بەداخەوە تا ئێستا نەمانتوانیوە پێناسەیەکی هاوبەش بدۆزینەوە بۆ خۆمان لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەگەر سەیری مێژووی کوردیش بکەی، ئەوەی کە ئێستا ئێمە هەمانە و بەراوردێکی بکەین لەگەڵ پێشوو، ئێمە زۆر پێشکەوتووترین. جاران به‌رده‌وام ترسی ئەوە هەبوو کە وا كێشه‌یه‌ك دروست دەبێت کورد خۆیان شەڕی یەکتر دەکەن. ئێمە شەڕی یەکترمان نەکرد لەم پرۆسەیە و هیچ کێشەیەکیش دروست نەبوو، ئەگەر سەیری ئەو لایەنانە بکەین، ئەوانەی کە بڵێین کەمتر لێرە بانگەشەی ڕیفراندۆم دەکەن، بەڵام ئەگەر تۆ سەیری وێستگه‌ى بڕیاردانی ئەو لایەنانە بکەی، دەبینی کە ئەو لایەنانە لە وێستگه‌ى بڕیارداندان ئەگەر تەنانەت بە زەحمەتیش بێت، بەڵام دەبێ ڕەچاوی دۆخى ناوخۆی ئەو لایەنانەش بکرێت، دەبینین بۆ نموونه لە وێستگه‌ى بڕیارداندا لەگەڵ ئەم پرۆسەیە هاتوون. بەرەیەک دروست کرا بە ناوی (بەرەی نەخێر)، ئەندامانی ئەو حزبە ئەگەر یەکێک چووبێتە ناو ئه‌و به‌ره‌یه‌وه، بۆ نموونه یەکێتیی نیشتمانی، ئاماده بوون لە حزبی خۆیان سڕى بکەن، دەریبکەن، چونکە سیاسەتی ئەو حزبە ئەوەیە کە دەبێ ڕیفراندۆم سەرکەوێت، ئەگەر سەیری قسەکانی بەرپرسانی ئەو لایەنانە بکەی دەبینی کە هەموویان بە یەک دەنگ باسی ئەوە دەکەن کە پرۆسەکە دەبێ سەرکەوێت. ئەگەر باسی ئەوە دەکەیت کە لەناو کۆمیسیۆندا هەموو لایەنەکان، ئەوانەی کە بەتایبەتی باوەڕیان بەو ڕیفراندۆمە هەیە، هەموو ئەوانە پێکەوە کاریان کرد، ئەگەر یەکێک لەو لایەنانە کێشەی دروست بکردبا، کێشەیەکی گەورە دەبوو بۆ ئەو ڕیفراندۆمە. ئێستاش ئەوەی کە هەیە و دەیبینین، ڕاستە لە هەندێ شوێن گەرمگوڕی هەیە، بەڵام مەسەلەی پرسی ڕیفراندۆم هەموو لایەک لەسەری هاوڕان، بڕیاری یەکلا نەبووە، بڕیاری جەنابی سەرۆک بارزانی یان پارتی یان یەکگرتوو نەبووە، هەموو لایەنەکان قسەی خۆیان کردووە، هەموو لایەنەکانیش لەسەر ئەوە پێکهاتوون کە دەبێ لەم ڕۆژەدا ڕیفراندۆم بکرێت و بە بەرپرسیارێتی بە هەر شێوەیەک بێت، دەبێ ئەو لایەنانە تەحەمولی بکەن. دەوڵەتیش کە دروست دەبێت، زۆر جار باس لەوە دەکرێت کاتی نییە، ئەرێ کەی کاتیەتی؟ ڕیفراندۆم ئێستا کاتی نییە، زۆر باشە پێمان بڵێن کەی کاتییەتی؟!. لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە ئێستا خەریکین قسەیان لەگەڵ دەکەین، پێیان دەڵێین باشە وڵاتێک کە داوا دەکات ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا پێوەری بۆ دادەنێن، ئەوەندە پێوەرت هەیە، دوای ئەو پێوەرانە کە جێبەجێت کرد دەبیتە ئەندام، بەس بە ئێمە بڵێن ئەو پێوەرانە چییە، ئەگەر ئێستا كاتى نییە، بەس کەی كاتیه‌تى؟ وەڵامی ئەو پرسیارەمان بدەنەوە. مەسەلەی دەرکەوتن و دەرنەکەوتن، بە دڵنیاییەوە ئێمە هەموومان یەک بۆچوونمان هەیە، بەتایبەتی لە ناو حزبی ئێمە شتی وا نییە کە بڕیارێک دەدرێت، بڕیارێکە هەموو لایەکمان پابەندی ئەو بڕیارە دەبین و لەسەری دەچین و هەموومان پابەندی ئەو بڕیارەین کە دراوە. بەڵام دەبێ هەندێکیش دانوستان بکەن، هەندێ قسە بکەن، لەگەڵ ئەم لایەنانە دابنیشن، لەگەڵ ئەم وڵاتانە خەریکی دانوستاندن بن، مومکینە زیاتر مەسەلەکە ئەوە بێت، کە ئێمە سەرقاڵی ئەو دانوستانانەین لەگەڵ ئەو وڵاتانە، ئەگەرنا مەسەلەی بڕوابوون بەو پرسه، هەموومان بڕوامان پێیەتی و ئەوەی کە دەبینم لە لایەنەکانیش هەر بەو شێوەیە دەبێت. دەوڵەتیش لە ٢٦ی مانگ دروست نابێت، ئەگەر ڕیفراندۆمیش کرا، دوای ئەوە ئامانجی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بکەوێتە گفتوگۆ و دانوستانێکی جددی لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی لەو دانوستانە بگەین بەو ئامانجە".
ده‌رباره‌ی سیسته‌می نوێی مووچه‌ش كه باس و خواسێكی زۆری له‌سه‌ر ده‌كرێت به‌تایبه‌تی دابه‌شكردنی مووچه به‌پێی سیسته‌می بایۆمه‌تری، به‌ڕێزیان گوتی "با واقعییانە سەیری مووچە بکەین، ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ مووچە و مووچەخۆران، ئەوانەی کە پارەیەک لە حکومەتی هەرێم وەردەگرن و بە پێی نفووسی حکومەتی هەرێم حیسابی بۆ بکەی کە ئێمە لەسەدا ١٧ی عیراقین، بەڵام ئەو مووچەیەی کە لە کوردستان دەدرێت لەسەدا ٢٣ە، بەپێی ئەو میزانییەی کە لە بەغداوە بۆمان دەهات، نەک ئیلتیزاممان بە لەسەدا ١٧ نەکردووە، ئێمە لەسەدا ٢٣ بووین، کەواتە کێشەی مووچە هی ئەمڕۆ نییە. کێشەی مووچە هی ئەو کاتەشە کە تەنانەت میزانییەش لە بەغدا هاتووە. ڕاستییەک هەیە، ئێمە لەم مەسەلەیەدا نەک لەسەدا ١٧، بەڵکوو لەسەدا ٢٣ بووین. هۆکاریش زۆرە، هەڵەی خۆشمان هەبووە، ئەم ناكۆكییه‌ی کە لەناو کوردستان هەبووە، بەتایبەتی نێوان یەکێتی و پارتی و بە برادەرانی گۆڕانیش دەڵێم بە ئەسەری ڕەجعی بۆ ئێوەش حیسابە، بەڵام بۆ ئەو برادەرانە، یەکگرتوو و ئەوانە زۆر حیساب نییە، زۆرتر بۆ ئێمە حیسابە، ڕاستییه‌كه. لە کوردستان کە دووچاری ئەو کێشە گەورەیە بووینه‌وه لە ٢٠١٤ و بڕینی میزانییە و دوای ئەوە شەڕی داعش و هاتنی زیاتر له ملیۆنێك و پێنجسه‌د هه‌زار په‌نابه‌ر و ئاواره، ئەمانە هەمووی هۆکارن و لە خۆیەوە دروست نەبووە، ئێمە ناچار بووین، پێت وایه سەرۆکی حکوومەتێک، سەرۆک هەرێمێک، جێگری سەرۆکی حکوومەت، سەرکردەی سیاسی هەبێت لە جیهان پێێ خۆش بێت مووچەی خەڵک پاشەکەوت بکات؟! هیچ کەسێکی سیاسی لە دونیا شتی وا ناکات ئەگەر ناچار نەبێت و لە ناچاری ئەو بڕیارە دراوە. ئێستا لە هەرێمی کوردستان چۆنە؟ ئێستا ئەوەی کە مووچە وەک خۆی وەردەگرێت، نیوەی مووچەخۆران وەک خۆیان مووچە وەردەگرن و هیچ كێشه‌یه‌ك لە مووچەکانیان نییە، هێزەکانی ئەمنی، پێشمەرگە، دەزگاکانی ئاسایش ئەمانە وەک خۆی مووچە وەردەگرن. کەواتە باری قورس لەسەر نیوەی دیکەیە، ئەمەش ئەو کێشەیەیە کە هەمانە. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ئەم كێشه‌یه کە گەورەترین گرفتە بۆ هەرێمی کوردستان، چارەسەر بکات. ئێستا پەرلەمان کارا کراوەتەوە و ئەمڕۆ جێگری سەرۆکی حکوومەت کاک قوباد لەگەڵ پەرلەمان کۆبوونەوەی هەبوو لەسەر ئەم بابەتە، کۆبوونەوەی هەیە لەگەڵ لیژنەکانی پەرلەمان، لیژنەی دارایی و نەوت و گاز و لەگەڵ لیژنەکانی تریش و سەرۆک فراکسیۆنەکان. دەمانەوێت ڕوونی بكه‌ینه‌وه کە ئەو کێشەیە لە کوێیە، بە موزایەدە لەسەر یەکتر لە پەرلەمان و شوێنەکانی تر، ئه‌م كاره ناکرێت. یەکەم جار دەبێ ڕاستیی دۆخه‌كه بزانن، ئەوەی کە لە بەردەستمانە چەندە و ئێمە دەتوانین چی بکەین؟. بەڵام من دەمەوێ ئەوە بڵێم یەکەم ئەولەوییەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بتوانین ڕێگەچارەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەم بابەتە. بەڵێ بایۆمەتری دەستی پێکردووە، هەنگاوێکی هەتا بڵێی باشە بۆ مەسەلەی ڕیفۆرم لە هەرێمی کوردستان، بەڵام تا ئێستا تەواو نەبووە و به‌ش ناكات، ئێمە بەردەوام لەسەر ئەم پرسە ڕادەوەستین و دڵنیا بن ئەو کاتەی بتوانین ئەمانە چارەسەر بکەین، چارەسەرى دەکەین. بۆ نموونه ئێمە توانیمان لە کۆبوونەوەی پێشوو پرسی خانەنشینان چارەسەر بکەین و کردمان، ئەوە هەنگاوێک بوو تێگەیشتین کە دەتوانین بیکەین و دەستبەجێ جێبەجێمان کرد، هیوادارین لەمەودوا بكه‌وێته سه‌ر هێڵی خۆی بێ ئەوەی پاشەکەوت بکرێت. کەواتە دەبینین لە هەر شوێنێک داهاتی هەرێمی کوردستان بە هەر جۆرێك زیادی کرد، دەستبەجێ هەوڵ دەدەین و بە دڵنیاییشەوە ئەولەویەتمان ئەوەیە کە كێشه‌ی مووچە چارەسەر بکەین".
سه‌باره‌ت به هه‌ڕه‌شه سه‌ربازییه‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران گوتی "من بە هیچ شێوەیەک هیچ هەڕەشەیەکی سەربازی لەسەر هەرێمی کوردستان نابینم. مومکین نییە و شتی وا ڕوونادات. هەڕەشەی سەربازی بۆچی؟ بۆ ڕیفراندۆم؟ قەت ئەوە نابینم کە ئەو هەڕەشە سەربازییە بکرێت. ڕێكاره‌كانی تریش بە حیسابی خۆیان ئەگەر بیکەن، بەڵام پرسی سەربازی ئەو بژاردەیە بە هیچ شێوەیەک مەترەح نییە. لەوە زیاتر ناکرێت ڕوونتری بکەمەوە، بەڵام ئەم وڵاتانەش حیسابی بەرژەوەندیی ستراتیژیی خۆیان لە ناوچەکە دەکەن، بە هیچ شێوەیەک مەعقوول نییە، تورکیا لە وڵاتی خۆی ئازادە هەرچی دەکات، ئێران ئازادە لە وڵاتی خۆی هەرچی دەکات، بەڵام بۆ ڕیفراندۆمێکی کوردستان تەسەور بکرێت ئەمانە دێن و هێزی سەربازی دژی ئێمە بەکار دێنن، شتی وا ناکەن، چونکە لە بەرژەوەندیی خۆیان نییە و بە دڵنیاییەوە نایکەن. ئەگەر تەنانەت باسی ڕێكاره‌كانی تریش بکەن. ڕاستە ئێمە هەرێمێکین، بەڵام ئەوەندەش دەستمان قەپات نییە و بڵێین هیچمان پێناکرێت ئەگەر ئەمانە هێزی سەربازی بەکار بێنن. به‌ڵام بە ڕاستی ئەو بژاردەیە مەترەح نییە و بە ڕاستی ئامانجی ئێمە ئەوە نییە کە بیگەیەنینە ئەو قۆناغە. ئێستاش دەڵێین لە کاتی ئێستادا ئەگەر بەدیلێکی بەهێز بۆ ئەو پرسە هەبێت، بەرەو بەدیلەکە دەچووین. بڕیاری ڕیفراندۆم بڕیارێکی شێتانە نییە لە خۆمانەوە بڕیارمان دابێت و نازانین چۆن دەبێت، بە تەئکید حیسابمان بۆی کردووە، ئەم پرسە پرسێکی گرنگە، بەڵام لە هه‌مان کاتیش‌دا ئەم دەرگایە بۆ پرسی گفتوگۆ، بۆ پیشکەشکردنی ئەڵته‌رناتیڤێکی بەهێز بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت بکەوێتە دانوستاندنێک، ئەوە لەسەر مێزە و کراوەیە و دەتوانین قسەی لەسەر بکەین. هەروەها ئەو قسانەی من لەسەر مووچە، وەکوو سەرۆک وەزیران ئه‌ركم ئەوەیە ڕاستییەکان بە خەڵک بڵێم، نامەوێ پێشبینییه‌كات بەرز بکەمەوە و دوایی نەتوانم هیچ بکەم، ڕاستییەک هەیە، ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەمانەوێ بە واقعی سەیری ئەم مەسەلەیە بکەین. قەت نامانەوێت نائومێدی دروست ببێت، بەڵام ئەولەویەتی ئێمە ئەوەیە کە بتوانین ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین. لەگەڵ پەرلەمان ئێستا خەریکین دادەنیشین، قسەی لەسەر دەکەین و پێکەوە هەوڵ دەدەین ڕێگەچارەیەک بدۆزینەوە".
له وه‌ڵامی پرسیارێكیشدا ده‌رباره‌ی بوونی بیرۆكه‌یه‌ك له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستانه‌وه بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم، به‌ڕێزیان گوتی "تا ئێستا بڕیاری ڕیفراندۆم لە جێی خۆیەتی و هەتا ئێستاش دانوستاندن و گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا و دەرەوەش بەردەوامە بۆ بەدیلێکی بەهێز بۆ ڕیفراندۆم، ئەگەر ئەو بەدیلە بەهێزە هەبێت، بە تەئکید ئەو دەرگایە داناخەین".
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ڕیفراندۆم له كه‌ركووك وه‌ك پێویست نین، به‌ڕێزیان گوتی "پێگەی کەرکووک لە مێژووی کورد و ئەو سازشەی کە کورد قەت ئاماده نەبووە لەسەر کەرکووک بکرێت، شتێک نییە شاراوە بێت بۆ هەموو لایەک، ئەگەر ئێستا ئێمە كرداره‌كی سەیری بکەین، سیاسییەکانی عێراق لە ٢٠١٢ و ٢٠١٣ بە ئێمەیان دەگوت ماددەی ١٤٠ تەواو و کەرکووک تەواو. دەشیانگوت مه‌حاڵه جارێکی دیكه کەرکووک بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان. کە باسی کەرکووک دەکەین، کەرکووک تایبەتمەندیی خۆی هەیە، تۆ نا‌توانیت ئەو مامه‌ڵه‌یه‌ى لەگەڵ سلێمانی و هەولێر دەیکەی بڵێی بەو مەفهومەش دێم مامه‌ڵه لەگەڵ کەرکووک دەکەم، پێویستە بە مۆدێلێکی تر مامه‌ڵه لەگەڵ کەرکووک بکەین، کەرکووک بابەتێکی هه‌ستیاره، لە کەرکووکدا تۆ کوردت هەیە، تورکمانت هەیە عەرەبیشت هەیە، بەڵێ خاکەکەی کوردستانییە و ناتوانین لەسەر خاکەکەی سازش بکەین، ئەو سازشەش قەت نەکراوە، نە لە شۆڕشەکانی تر کراوە و نە لەو دواییەش کراوە، دانوستانی 1974 ئەگەر لەسەر کەرکووک بوو، ٨٣یش هه‌مان ئەو بابەتە بوو کە یەکێتیی نیشتمانی لەگەڵیان هەیبوو، وەک یەک بوو، بەڵام لە ڕاستیدا پاراستنی ئەو شوێنانە کورد دەیکات، هێزی پێشمەرگەیە، باشترین شت ئەوەیە کورد هەوڵ بدات دڵنەوایی بداتە ئەو پێکهاتانەی کە لەناو ئەو سنوورانە دەژین، نەک ئەوانە تەسەور بکەن سبەی ئەگەر دەوڵەتێکی کوردی دروست بوو و ئەگەر تایبەتمەندیش درا بە کەرکووک، ئەوان مەترسییان هەبێت لە داهاتووی خۆیان. دەبێت ئەو دڵنیاییە بدەین بەو پێکهاتانە. زەحمەتیش نییە و دەتوانین ئەو کارە بکەین، ناشتوانین ئیرادەی خۆمان لەسەر پێکهاتەکانی تری کەرکووک فەرز بکەین. ئەنجومەنی پارێزگا بڕیاری داوە کە بەشدار دەبێت لەو ڕیفراندۆمە، ئەوان بڕیاری خۆیان داوە و ئێمە نەمانگوتووە دەبێ ئەو کارە بکەن، واتە بە زۆر بیکەن. ئەگەر ئەوان بڕیاریش بدەن کە نەخێر ناتوانن ببن بە بەشێک لەم پرۆسەیە، ئەوەش بە نیسبەت ئێمە تێگەیشتنە، واتە تێدەگەین لەو هەڵوێستەی ئەوان، کەرکووک ناسنامەکەی، ڕاستە خاکەکەی کوردستانە، بەڵام پێکهاتەکانی تری تێدایە و دەبێ ئەم پێکهاتانە پێکەوە هەموویان ڕازی بن و کەرکووکییەکان خۆیان دەبێ بڕیار لەسەر ئاییندەی خۆیان بدەن. هیچ لایەنێک ناتوانێت بڕیار لەسەر ئەوان بدات و خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان و ئایندەی خۆیان دەدەن".
سه‌باره‌ت به ڕێككه‌وتنی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیای ڕۆزنه‌فت بۆ ڕاكێشانی بۆرییه‌كی گازى سروشتیی كوردستان بۆ توركیا و كاریگه‌ریی ئه‌و ڕێككه‌وتنانه له‌سه‌ر ڕه‌وشی ئێستای كوردستان، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران گوتی "خۆی ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ ڕۆزنه‌فت كردوومانه، ڕێككه‌وتنێكی بازرگانییه، نامانه‌وێ بۆیه‌یه‌كی سیاسی له‌و بابه‌ته بده‌ین و پێویستیش نییه، كاتی خۆی كه من چوومه ڕووسیا له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ی كه له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆكی رووسیا هه‌مبوو دوای ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ وه‌زیری وزه و كۆمپانیای ڕۆزنه‌فت، ئه‌وه‌ی كه من هه‌ستم كرد ئه‌وه‌یه ڕووسه‌كان و كۆمپانیاكانی ڕووسیا به جددی ده‌یانه‌وێ له هه‌رێمی كوردستان كار بكه‌ن، بابه‌تی غاز گرنگترین بابه‌ته چ بۆ ئه‌ورووپا چ بۆ توركیاش، ئێمه له دانوستانێكی جددی بووین له‌گه‌ڵ كۆمپانیای ڕۆزنه‌فت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌مان هه‌ڵگرت و كێشه‌ی خۆمانمان له‌گه‌ڵ دانه‌غاز چاره‌سه‌ر كرد، ئه‌و كێشه‌ی كه كێشه‌یه‌كی گه‌وره و ئاڵۆز بوو، به هه‌رحاڵ له‌گه‌ڵ دانه‌غاز چاره‌سه‌ر بوو، چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه ڕێگه خۆش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كۆمپانیای تر بێن سه‌رمایه‌گوزاری بكه‌ن له‌بابه‌تی بۆریی غاز، چونكه ئه‌وه‌ی كه گرنگه ئه‌وه‌یه وڵاتانی ده‌ره‌وه هه‌موویان تێگه‌یشتن كه هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌یه ئه‌وانه‌ی كه له‌گه‌ڵی ده‌كرێت، هه‌رێمێكه ده‌توانیت باوه‌ڕی پێ بكه‌یت، هه‌رێمێكه هه‌ست به به‌رپرسیارێتیی خۆی ده‌كات له چوارچێوه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی له ڕووی بازرگانیه‌وه، ئه‌مه وای كرد كۆمپانیاكانی تریش هان بدرێن و ئه‌و كاره بكه‌ن. له چارسه‌ری كێشه‌ی دانه‌غازیشدا كۆمپانیای ڕۆزنه‌فت ڕۆڵێكی باشی هه‌بوو و یارمه‌تیده‌ر بوو، ئێستاش به خۆشحاڵیه‌وه كه ڕایانگه‌یاندووه به نزیكه‌ی یه‌ك ملیار دۆلار سه‌رمایه‌گوزاری ده‌كه‌ن له‌و بابه‌ته‌دا، ئه‌مه شتێكی زۆر گرنگه. بۆ هه‌رێمی كوردستان و توركیا و ئه‌ورووپا و هه‌موو لایه‌كمان گرنگه، ئه‌مه پرۆژه‌یه‌كه ده‌ست پێده‌كات و بابه‌ته‌كه‌ش ته‌واو بازرگانییه، له‌م چه‌ند ساڵانه‌دا په‌یوه‌ندیی ئێمه له‌گه‌ڵ توركیا له‌م ڕووه‌وه پێشكه‌وتنی زۆری به‌خۆیه‌وه بینیوه، نامانه‌وێ ئه‌و په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ توركیا تێك بچێت، چ له ڕووی سیاسیه‌وه یان بازرگانییه‌وه، سوپاسی توركیا ده‌كه‌ین، ئه‌م بۆرییه‌ی كه ئێستا له هه‌رێمی كوردستان نه‌وت ده‌بات، به ڕاستی زۆر باس له‌وه ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر باسی قازانجه‌كه‌ی بكه‌ین ئه‌وه‌ی به‌ر توركیا ده‌كه‌وێت، یه‌كجار زۆر كه‌مه، زیاتر یارمه‌تیی ئیمه ده‌دات له‌وه‌ی خۆی قازانج بكات له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا، ئه‌مه ڕاستییه‌كه، ده‌مانه‌وێت هه‌م له ڕووی ئابووری و هه‌م له ڕووی سیاسییه‌وه چ له‌گه‌ڵ توركیا و چ له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیانه‌ی كه به جددی ده‌یانه‌وێ له هه‌رێمی كوردستان كار بكه‌ن، په‌ره‌پێدان و پێشكه‌وتن هه‌بێت، په‌ره به هاوكارییه‌كانی خۆمان بده‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیانه و باوه‌ڕیشم وایه له ئایینده‌دا ئه‌و هاوكارییه زیاتریش ده‌بێت".
له وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌و دوو بڕیارانه‌ی به‌غدا بۆ لادانی پارێزگاری كه‌ركووك و په‌نابردن بۆ دادگای فیدرالی له دژی ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێزیان گوتی "بڕیاری یه‌كه‌م مه‌سه‌له‌ی پارێزگاری كه‌ركووك، ئه‌وه هه‌تا بڵێی بڕیارێكی نابه‌جێیه و دروست نه‌بوو، ئه‌گه‌ر به‌جددی بیریان بكردایه‌ته‌وه، نه‌ده‌بوو ئه‌و بڕیاره بده‌ن، ئه‌و بڕیاره بڕیارێك نه‌بوو یارمه‌تیده‌ر بێت، بڕیارێك بوو زیاتر دۆخه‌كه‌ی تێكدا له‌وه‌ی كه یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ چاره‌سه‌ر، ئێمه ڕامانگه‌یاندووه پابه‌ندی ئه‌و بڕیاره نابین. به‌غدا ده‌بوایه به جددی سوپاسی پارێزگاری كه‌ركووك و هێزی پیشمه‌رگه و لایه‌نه‌كان بكات له‌وه‌ی ساڵی 2014 كه داعش هات چۆن توانیان ئه‌و شاره بپارێزن، ده‌بوایه به ڕاستی داوه‌تی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سوپاسی بكه‌ن له په‌رله‌مانی عێراق بڵێن ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه ئاواره‌یه‌ت قبووڵ كرد، دۆخی ئه‌منیتان پاراست له‌وێ، ڕێزی بگرن و بڵێن تۆ جێی ڕێزی بۆ ئه‌و ئیشانه‌ی كه كردووته. نه‌ك بێن بڵێن پارێزگار لابده‌ن، پاشان چ نرخى هه‌یه بڕیاری ئه‌وان لایبده‌ن! چونكه ئیمه ده‌زانین ئه‌و بڕیارانه چۆن ده‌درێت، په‌رله‌مانی عیراق ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی عیراق نییه، په‌رله‌مانی پێكهاته‌یه‌كی سیاسییه له عیراق، ئیمه كه مه‌ترسیی خۆمان ڕاگه‌یاندووه، سه‌رۆك بارزانی چه‌ند جار ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر من دڵنیا بوومایه ئه‌م دۆخه ده‌مێنێته‌وه، باسی ڕیفراندۆمم نه‌ده‌كرد، ئه‌م مه‌ترسیانه له‌خۆیه‌وه نایه‌ت، جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی كێشه‌یه‌كی كه‌سى نییه بیه‌وێ چاره‌سه‌ری بكات و داپۆشینه‌كه ڕیفراندۆم بێ، شتی وا نییه. نیگه‌رانیی سه‌ركردایه‌تیی كورده، ده‌یه‌وێت پیشانی بدات وه‌ك به‌رپرسیاریه‌تییه‌ك كه چه‌ند نیگه‌رانه له‌م ڕێكارانه و له‌م عه‌قلیه‌ته بۆ داهاتوو. ئێوه بیرتان دێت كه مالكی سه‌رۆك وه‌زیران بوو یه‌كه‌م كه‌س كه باسی ئه‌وه‌ی كرد عیراق به‌ره‌و دكتاتۆریه‌ت ده‌ڕوات جه‌نابی سه‌رۆك بوو له‌م هه‌ولێره، یه‌كسه‌ر ده‌ستیان پێكرد ته‌نانه‌ت وڵاتانی ده‌ره‌وه و ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكا وتیان ئه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه وا ده‌ڵێت چونكه ده‌یه‌وێت له عێراق جیا ببێته‌وه!، نه‌خێر مه‌ترسیه‌كی ڕاسته‌قینه بوو، دوای ساڵی 2014 تێگه‌یشتن كه ئه‌وه مه‌ترسییه و قسه‌كه‌ی ڕاست بوو، عیراقی به‌ره‌و هه‌ڵدێرێك برد كه زه‌حمه‌ت بوو بگه‌ڕێته‌وه، په‌رله‌مانی عیراق په‌ر‌له‌مانێك نییه له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ هه‌موو ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، به‌ڵام به كه‌یفی خۆیان باسی شه‌فافیه‌ت و گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن، هه‌تا وه‌زیری دارایی كه كورد بوو لایاندا، ئیتر عیراق بوو به سویسرا له شه‌فافیه‌ت، ئیتر نه‌گه‌نده‌ڵی ما، نه هیچ شتێك، چونكه بۆ؟ پیلانێك هه‌بوو ده‌بوو ئه‌و وه‌زیره لابدرێت، یه‌ك فایلێكیان بۆ دروست كرد كه ئه‌مه گه‌نده‌ڵه و دوای ئه‌وه‌ی ئیشه‌كه‌یان كرد و له پۆستی خۆی لایاندا، دوای ئه‌وه عیراق بوو به ئه‌بو شه‌فافیه!. هه‌تا بڕیاره‌كه‌ی دادگاش یاسایی نییه، ئێمه ده‌توانین تانه‌ی لێ بده‌ینه‌وه، سه‌یری ده‌ستووری عیراق بكه له دیباجه‌ی ده‌ستوره‌كه‌دا به ڕوونی هاتووه. ئیمه نامه‌مان بۆ به‌غدا نووسیوه و هه‌موو ئه‌و مادانه‌مان بۆیان ڕێز كردووه كه به‌غدا پێشێلی ده‌ستووری كردووه، ئه‌مانه هه‌مووی ئه‌و هۆكارانه‌ن. به جددی ئه‌گه‌ر عیراق له‌م دوازده ساڵه بیویستایه زۆر به ئاسانی ده‌یتوانی قه‌ناعه‌ت به سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كورد بكات كه به‌رژه‌وه‌ندییان له چوارچێوه‌ی عیراقه و هیچ مه‌جبوور نین له عیراق جیا ببنه‌وه. فرسه‌تێكی دوازده ـ سیازده ساڵییان هه‌بوو هیچیان نه‌كرد، كێشه‌ی گه‌وره شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌یه، شێوه‌ی بیركردنه‌وه له عێراق هه‌تا ئێستا ئه‌وه‌یه كه ئێستا هێزم نییه قسه ناكه‌م، به‌ڵام سبه‌ینێ به‌هێز بووم دێم هه‌ق و حیسابت له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، ئه‌مه هه‌قیقه‌ته و ئه‌مه كێشه‌كه‌یه".
سه‌باره‌ت به ده‌نگۆی سستبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران گوتی "هه‌ڵوێستی توركیا ڕوونه، توركیا ڕایگه‌یاندووه وه‌ك وڵاتانی تر هه‌ریه‌ك به جۆرێك هه‌ندێك ده‌ڵێن دژین، هه‌ندێك ده‌ڵێن كاتى نییه، زۆرینه‌یان باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن ده‌ڵین كاتی نییه، ئێمه ده‌بوایه ئه‌م پرسه باس بكه‌ین، ده‌بوایه بچێته سه‌رمێزی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، به‌تایبه‌تی كه شه‌ڕی داعش به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت، به‌ڵام باوه‌ڕ ناكه‌م به ته‌واوی داعش له‌ناو بچێت، چونكه ئه‌و فكره‌یه ده‌مێنێته‌وه، ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه له سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كورد زۆر زۆر پێویست بوو. ئێمه سه‌یری په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆمان له‌گه‌ڵ توركیا بكه‌ین ده‌بینین جه‌نابی سه‌رۆك كۆمار ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ڕۆڵێكى سه‌ره‌كى هه‌بووه بۆ ئه‌م په‌یوه‌ندییه، 2007 توركیا به هه‌زاران سه‌ربازی هه‌بوو، هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌كرد، به‌ڵام له ئه‌نجامدا ئه‌گه‌ر به‌راوردی ساڵی 2007 بكه‌ین له‌گه‌ڵ ئێستا ده‌بینین پێشكه‌وتنێكی یه‌كجار زۆر له په‌یوه‌ندیی ئێمه و توركیا ڕووی داوه چ له ڕووی سیاسییه‌وه چ له‌ڕوی ئابوورییه‌وه. ئه‌مانه هه‌مووی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه‌ى كه ئه‌و كردوویه‌تی له‌و بابه‌ته‌دا ، پێموایه تێگه‌یشتن له پرسی ڕیفراندۆم كه ئێمه چی ده‌كه‌ین، وێنایه‌كی وا هه‌یه ئێمه به زۆر به‌تایبه‌تی كه‌ركووك و ئه‌و شوێنانه ده‌هێنینه‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، بیركردنه‌وه‌یه‌كی وا هه‌یه ڕۆژی 26 ی مانگ ڕاسته‌وخۆ ده‌وڵه‌تی كوردی ڕاده‌گه‌یه‌نین و شته‌كان تێك ده‌ده‌ین، ئه‌م بیروبۆچوونانه له‌وێ هه‌یه و میدیای توركیاش یارمه‌تیده‌ره بۆ زیاتر تێكدانی دۆخه‌كه نه‌ك هاوكار بێت، په‌یامی ئیمه بۆ توركیا ئه‌وه‌یه كه ده‌مانه‌وێت ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان ئێمه له‌گه‌ڵ توركیا تێكنه‌چێت، نامانه‌وێت به هیچ شێوه‌یه‌ك تێك بچێت، به پێچه‌وانه‌وه ده‌مانه‌وێت زیاتر په‌ره به‌م پیوه‌ندییه بده‌ین. ئه‌مڕۆش ئه‌وه‌ی كه من دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه هه‌موو شتێك ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه چاره‌یه‌ك بدۆزینه‌وه بۆ ئه‌م بابه‌ته، هه‌موو شتێك ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤێك بدۆزینه‌وه بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه و ئه‌گه‌ر گره‌نتیه‌كی به‌هێز هه‌بێت ئێمه ڕه‌تی ناكه‌ینه‌وه و دیراسه‌ی ده‌كه‌ین و به‌جددی وه‌ریده‌گرین. دوێنێ جه‌نابی سه‌رۆك گوتی ئێمه له‌به‌رده‌م دوو ئه‌گه‌رداین یان 25ی مانگ ڕیفراندۆمی خۆمان ده‌كه‌ین، یان 25ی مانگ ئاهه‌نگ ده‌گێڕین بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه له‌و پرۆسه‌یه‌دا و له‌و دوو حاڵه‌ته زیاتر نییه و به‌رده‌وامیش له‌سه‌ر هێڵین له‌گه‌ڵ توركیا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و تێگه‌یشتنه دروست ببێت له‌گه‌ڵیان و نامانه‌وێت تێك بچێت".
له وه‌ڵامی پرسیاری كۆتاییدا سه‌باره‌ت به نادادپه‌روه‌ری له پاشه‌كه‌وتی مووچه و دابه‌شكردنی زه‌وی نیشته‌جێبوون به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران گوتی"با من باسی ئەوەی یەکەم بکەم، بۆ، لەسەر چ بنه‌مایه‌ك ئەمە کراوە؟، بنه‌ماكه‌ى شەڕی داعش بووە. ئەو بنه‌مایه‌ى دانرا بۆ ئەوەی کە بکرێت، نەک ئەوەی کە پێویستمان پێیان هەبووە، هەموو کوردستان پێویستی بەمانە هەبووە. ئەمانە ئەو پێشمەرگانە بوون کە شەو و ڕۆژ لە بەرەکانی شەڕ بەرگرییان لە خاکی کوردستان کردووە لە دژی داعش. ئەو بڕیارەمان کە دا داعش ٣٠ کیلۆمەتر دوور بوو لە هەولێر، ٣٥ کیلۆمەتر زیاتر نەبوو. هێزەکانی ئەمنییه‌كان گەر ته‌نیا ڕۆژێک دابنیشن شەرحی بکەن شەو و ڕۆژ چی دەکەن بۆ ئەوەی ئەم ئەمنییەتە بپارێزرێت، ئێوە هەموو سه‌رتان سوڕ ده‌مێنێ!، هەڕەشە لەسەر ئێمە زۆر گەورەیە، ئەوەی کە دەبینن سوپاس بۆ خوا هەرێمی کوردستان پارێزراوە لە ڕووی ئەمنییەوە، ئەوە لە ئەنجامی کارکردنێکی شەو و ڕۆژی دەزگاکانی ئێمه‌یه بە پۆلیسەوە، بە ئاسایشەوە بە پاراستنەوە، بە زانیارییەوە، بە دژە تیرۆرەوە، شەو و ڕۆژ باوەڕتان هەبێ کار دەکەن. چونکە ئەوەندە قەلەقن کە دۆخی ئەمنی دەبێ بپارێزرێت. ئەو بڕیارە لەسەر ئەو بنه‌مایه دراوە کە دەبێ ئەمانە بەم شێوەیە بن. ئەگەر پرسیارەکەی تۆ ئەوەیە، بەڵێ نادادپه‌روه‌رییه‌ك هەیە لەم بابه‌ته‌دا، چونکە ئێمە دەبێ پێداچوونەوە بکەین و هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە چارەسەری بکەین. دیسانەوە بە سوپاسەوە کەس باوه‌ڕی نەدەکرد ئەوەندە بە به‌رپرسیارێتییه‌وه ڕەفتار بکرێت. جەنابت باسی مامۆستایانت کرد کە باشترین نموونەیە، مامۆستایان بە ڕاستی ئەوەی کردیان هیچ وشەیەک نییە بۆ ئەوەی بڵێم سوپاسیان دەکەم یان دەستخۆشییان لێ دەکەم، ئەمانە نەیانهێشت ئەم پرۆسەیە بە هەر شێوه‌یه‌ك بێت، ڕابوەستێت لە هەرێمی کوردستاندا، دیسانەوە جێی پێ‌زانین و جێی سوپاسە و ئێمە بە جددی پەرۆشین ئەم دۆخه چارەسەر بکەین. مەسەلەی زەوی بەو داتایە نەگەیشتووەتە بەردەستم لە ئەنجومەنی وەزیران تا ئیمزای بکەم، بەڵام ئەگەر بزانم پێوەرەکان چییە و بۆ کێیە و چۆنە و دادپه‌روه‌ری تێدایە، بە دڵنیاییه‌وه دەیکەین".