سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 25/9/2017 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و خاتوو نه‌بیلا بارزانیی هاوسه‌ری له هه‌ولێر به‌شدارییان له پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان كرد.
دوای ئه‌وه له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به ڕیفراندۆم دوا. سه‌ره‌تا به‌ڕێزیان گوتی "ئه‌مڕۆ بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان ڕۆژێكی مێژووییه. په‌یامی ئێمه له‌م ڕۆژه‌دا ئه‌وه‌یه كه گه‌لی كوردستان ئه‌مڕۆ به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه ده‌یانه‌وێت به شێوه‌یه‌كی ئاشتی و دیموكراسی و هێمن بیروبۆچوونی خۆیان ده‌رببڕن كه داهاتووی خۆیان و ئه‌و وڵاته به چ شێوه‌یه‌ك بێت. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئێمه له كوردستان ده‌یبینین واته پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم، بۆ ئه‌وه نییه كه ڕۆژی دواتر سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ڕابگه‌یه‌نین، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ش نییه سنووری كوردستان به‌و ڕیفراندۆمه دیاری بكه‌ین، زۆر گرنگه هه‌موو وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و جیهان و به‌تایبه‌تی به‌غدا ئاگاداری ئه‌م دوو پرسه بن، ئێمه ته‌نیا ده‌مانه‌وێت خواستی گه‌لی خۆمان پیشانی جیهان بده‌ین كه ده‌مانه‌وێت له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسی و دانوستانێكی جددیدا له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی بڕۆین. زیاتر له بیست ساڵه ئێمه بۆ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و عیراق سه‌لماندوومانه فاكته‌ری سه‌قامگیری و ئارامین له ناوچه‌كه‌دا و هه‌رواش ده‌مێنینه‌وه".
له وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به قۆناغی دوای ڕیفراندۆم له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ڕێزیان گوتی "ئه‌گه‌ر پرۆسه‌كه ده‌نگی به‌ڵێی به‌ده‌ست هێنا كه هه‌ر وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، په‌یامی ئێمه بۆ به‌غدا ئه‌وه‌یه كه ده‌مانه‌وێت له پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسیدا و به شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه و دوور له توندوتیژی دانوستانیان له‌گه‌ڵ بكه‌ین و به ڕێگه‌ی گفتوگۆ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه هه‌یه باسی بكه‌ین".
سه‌باره‌ت به نیگه‌رانی و بڕیاره‌كانی توركیا له‌باره‌ی ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، به‌ڕێزیان گوتی "تا ئێستا بڕیاره‌كان به فه‌رمی ڕانه‌گه‌یه‌نراون، هه‌ر ئه‌وه‌یه كه كۆبوونه‌وه كراوه و كۆمه‌ڵێك بڕیار دراوه، په‌یامی ئێمه بۆ توركیا ئه‌وه‌یه كه ئێمه هه‌ر له ساڵانی نه‌وه‌د و یه‌كه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ توركیا ده‌ست پێكردووه و توركیا هه‌میشه یارمه‌تیی ئێمه‌ی داوه له ڕۆژه سه‌خته‌كاندا و بۆ ئه‌مه‌ش هه‌میشه سوپاسگوزاری توركیاین بۆ هه‌موو ئه‌و هاوكاری و یارمه‌تیانه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان كردوویه‌تی. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌ستمان پێ كردووه تایبه‌ته به چوارچێوه‌ی كوردستانی عێراق و به هیچ شێوه‌یه‌ك نامانه‌وێت وا بیر بكرێته‌وه كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ده‌بێت، ئه‌م پرۆسه‌یه له ئه‌نجامی بێهیواییی ئێمه له به‌غدا ئه‌نجام ده‌درێت، ماوه‌ی 13 ساڵ هه‌موو شتێكمان ئه‌نجام دا بۆ ئه‌وه‌ی له عیراقدا به مافه ده‌ستوورییه‌كانمان بگه‌ین، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه ئه‌و مافه ده‌ستووریانه ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر پێشێل ده‌كران".
هه‌روه‌ها هگوتى: "ئه‌وه‌ی ئێمه ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامی ده‌ده‌ین به هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ڕه‌شه نییه بۆ سه‌ر توركیا و له ڕابردووش‌دا سه‌لماندوومانه به هیچ شێوه‌یه‌ك فاكته‌رێك نه‌بووین بۆ هه‌ڕه‌شه یان ئاڵۆزكردنی ئاسایش و ئارامیی هیچ یه‌كێك له دراوسێكانمان، هه‌رێمی كوردستان ده‌خوازێت توركیا له‌و هۆكارانه تێبگات كه بوونه هۆی ئه‌وه‌ی ئێمه ڕیفراندۆم ئه‌نجام بده‌ین. ڕیفراندۆمی ئێمه به هیچ شێوه‌یه‌ك مانای ئه‌وه نییه ڕۆژی 26ی ئهیلوول ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، له‌م پرۆهسهیهدا گه‌لی ئێمه خواستی خۆی بۆ ئه‌و بابه‌ته ده‌ربڕێت".
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: "ئێمه ده‌مانه‌وێت به گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌م بابه‌تانه چاره‌سه‌ر بكرێت، په‌یوه‌ندیی ئێمه له‌گه‌ڵ جه‌نابی سهركۆمار و هه‌موو وڵاتی توركیا په‌یوه‌ندییه‌كی تۆكمه و دراوسێتییه و هیوادارین توركیا به شێوه‌یه‌كی هێمنانه هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته بكات و به هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایش و ئارامیی خۆی نه‌زانێت، چونكه به هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌به‌ستی ئێمه هه‌ڕه‌شه‌كردن نه له توركیا و نه له هیچ وڵاتێكی دراوسێ نییه، له‌جیاتی ئه‌مه من هیوادارم به جددی هه‌وڵ بده‌ن له كێشه و نه‌هامه‌تییه‌كانی ئێمه له عیراقدا تێبگه‌ن كه بۆته هۆكار ئێمه به‌ره‌و ڕیفراندۆم بڕۆین".
ده‌رباره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق به داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه داوای له وڵاتانی جیهان كرد مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان نه‌كه‌ن، هه‌روه‌ها بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی توركیا دژی ڕیفراندۆم و هه‌بوونی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره دوای ئه‌و بڕیارانه، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران گوتی: "زۆر به‌داخه‌وه بۆ قسه‌كانی دوێنێی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق د. حه‌یده‌ر عه‌بادی، هه‌ڕه‌شه‌كانی دوێنێی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق دژی هه‌رێمی كوردستان بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشی ڕژێمی به‌عسمان بیردێنێته‌وه، زۆر به‌داخه‌وه بۆ ئه‌و زمانه‌ی كه ئه‌و به‌كاری هێنا بۆ سزادانی هه‌موو گه‌لی كوردستان، ئه‌وه‌ی كه دوێنێ ئه‌و ڕایگه‌یاند به هیچ شێوه‌یه‌ك چاوه‌ڕوانكراو نه‌بوو، فڕۆكه‌خانه‌كان داده‌خات و ده‌یه‌وێت بزانێت فڕۆكه‌خانه‌كانمان چۆنن؟ ئێمه داوه‌تیان ده‌كه‌ین با بفه‌رموون بێن ببینن فڕۆكه‌خانه‌كانی ئێمه چۆنن و چ ده‌كه‌ین؟ ئێمه هیچ شتێكی شاراوه له‌و فڕۆكه‌خانانه ناكه‌ین، له‌و فڕۆكه‌خانانه پێشوازیمان له ئاواره و په‌نابه‌رانی ناوخۆی عیراق و سووریا كردووه كه ژماره‌یان ملیۆنێك و حه‌فسه‌د هه‌زار كه‌س بوون، چونكه ڕێگه‌یان پێنه‌درا بچنه به‌غدا، فڕۆكه‌خانه‌كانی ئێمه بۆ ئه‌وه به‌كارهاتووه و هیچ شتێكی دیكه‌ی تێدا نییه. ئه‌م بڕیاره سزادانی به‌كۆمه‌ڵى گه‌لی كوردستانه و به بڕوای من تا بڵێی ئه‌مه كارێكی نابه‌جێ و دروست نه‌بوو و ده‌بوایه عه‌بادی به شێوه‌یه‌كی دیكه مامه‌ڵه و ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته بكردبا.
هه‌روه‌ها گوتى: "ئه‌نجامدانی ئه‌م ڕیفراندۆمه بۆ ئه‌وه نییه ڕۆژی دواتر ده‌وڵه‌تی كوردی ڕابگه‌یه‌نین و سنووره‌كانی كوردستان به زۆر ده‌ستنیشان بكه‌ین، ئه‌م دوو خاڵه زۆر گرنگه، ئێمه ده‌مانه‌وێت بكه‌وینه پرۆسه‌یه‌كی دانوستان و گفتوگۆی جددی له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پرسانه یه‌كلا بكه‌ینه‌وه و هیوادارم به‌غدا بیر له‌وه نه‌كاته‌وه كه گه‌لی كوردستان سزا بدات، چونكه ئه‌وه‌ی كه سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ڕایگه‌یاند سزادانی گه‌لی كوردستانه زۆر به‌داخه‌وه.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: "له‌باره‌ی توركیاشه‌وه ڕاستییه‌ك هه‌یه، ماوه‌ی دوو مانگه هه‌وڵ ده‌ده‌م و داوام كردووه سه‌ردانی توركیا بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی بۆیان ڕوون بكه‌مه‌وه ئه‌م پرۆسه‌یه به هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ڕه‌شه نییه بۆ سه‌ر توركیا، به‌داخه‌وه ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان به ئێمه نه‌دا له نزیكه‌وه ئه‌و ڕوونكردنه‌وه‌یه بده‌ین، به‌ڵام په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنیمان به‌رده‌وامه و به‌ڕێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه و به‌رده‌وام به ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌وه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی توركیا سه‌باره‌ت به‌م بابه‌تانه قسه ده‌كه‌ین".
له درێژه‌ى لێدوانه‌كانیدا گوتى: "دیسان به ناوی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌ت و گه‌لی كوردستانه‌وه ده‌مه‌وێت دووپاتی بكه‌مه‌وه كه توركیا له ناوچه‌كه دۆستێكی باشتری له هه‌رێمی كوردستان نییه و هیوادارین هیچ هه‌نگاوێكی وا نه‌نرێ كه ببێته هۆكار ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی كه زۆر زه‌حمه‌تمان كێشاوه تا گه‌یاندومانه‌ته ئه‌مڕۆ، تێك بچێت. ئه‌مه‌ی كه ئێمه‌ش كردوومانه له ئه‌نجامی ئه‌و كێشانه‌وه بووه كه له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌مانبووه و نه ئه‌مڕۆ و له داهاتووشدا هه‌ڕه‌شه له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی توركیا ناكه‌ین و ده‌ستیش ناخه‌ینه كاروباری ناوخۆی توركیا و ده‌مانه‌وێت دراوسێیه‌كی باش بین و په‌یوه‌ندییه‌كانمان له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوورییه‌وه له‌گه‌ڵ توركیا ڕۆژ دوای ڕۆژ به‌ره‌و باشتر بڕوات".
ده‌رباره‌ی مامه‌ڵه‌كردن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌حه‌دیاته‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه و داخستنی سنوور له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی وڵاتانی جیهانیش، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی "تا ئێستا سنووره‌كان به‌تایبه‌تی ئیبراهیم خه‌لیل دانه‌خراوه و كراوه‌ن، گه‌لێك كه داوای مافی خۆی بكات چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ش ده‌كات كێشه‌ی بۆ دروست ببێت، ئێمه له‌وه تێده‌گه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێناگه‌ین ئه‌وه‌یه ئه‌و وڵاتانه چۆن ئه‌و مافه به خۆیان ده‌ده‌ن گه‌لی كوردستان له‌سه‌ر شتێك سزا بده‌ن كه به ڕاستی هه‌ڕه‌شه نییه بۆ هیچ لایه‌ك، نه بۆ ئێران و نه بۆ توركیا، ته‌نها بۆ ده‌ربڕینی ئه‌و خواسته‌یه كه ئێمه‌ی گه‌لی كوردستان ده‌مانه‌وێت له پرۆسه‌یه‌كی ئازاد و دیموكراسیدا خواستی خۆمان ده‌رببڕین، ئه‌مه بۆ هه‌ڕه‌شه‌یه؟ چ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌م وڵاتانه هه‌یه؟ ئێمه نامانه‌وێت ببینه هۆی هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاتانه".
هه‌روه‌ها گوتى: "بۆ وڵاتانی زلهێزیش وه‌كو ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێین، ماوه‌ی 12 ساڵه هه‌موو ده‌رفه‌تێكمان دایه به‌غدا تا عیراق به یه‌كگرتوویی بمێنێته‌وه، ئێمه ئه‌و لایه‌نه نین كه عیراقمان دابه‌ش كردبێت، به‌ڵكو سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی به‌غدا عیراقی به‌مڕۆ گه‌یاندووه، ئێمه ناتوانین ببینه به‌شێك له سیاسه‌تێكی سه‌رنه‌كه‌وتوو و به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامی به‌و سیاسه‌ته بدرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سزادان و داخستنی فڕۆكه‌خانه و سنووره‌كان كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ناكات، ته‌نها و ته‌نها دانیشتنێكی جددی له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌توانێت كۆتایی به‌م كێشانه بهێنێن. له شوێنه‌كانی دیكه‌ی جیهانیش كاتێك سزا له‌سه‌ر گه‌لان داده‌نراوه هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بووه، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌م سزادانه كه به حساب له‌لایه‌ن وڵاتانی دراوسێوه به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا ده‌سه‌پێنرێت كه تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێكیان نه‌ناوه چ له‌لایه‌ن توركیا یان ئێرانه‌وه، ئه‌م سزایانه ده‌بێته ئیراده‌یه‌كی زیاتر بۆ گه‌لی ئێمه و وا ده‌كات ئێمه زیاتر یه‌كگرتوو بین و بتوانین ڕووبه‌ڕووی ئه‌م كێشانه ببینه‌وه".
له وه‌ڵامی پرسیارێكدا كه تا ئێستا ئاڵای عیراق و كوردستان به ته‌نیش یه‌كه‌وه ماون و ڕۆژانی داهاتوو گۆڕانكاری به‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌دا دێت، به‌ڕێزیان گوتی "دانانی ئه‌و ئاڵایانه وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه و په‌یامی ئێمه ئه‌وه یه كه گفتوگۆ ده‌ست پێ بكه‌ین و نامانه‌وێت به توندوتیژی و شه‌ڕ ئه‌و ئاڵایه داگرین، ده‌بێت له پرۆسه‌یه‌كی ئاشتی و گفتوگۆدا له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه، هه‌رێمی كوردستان پرۆسه‌یه‌كی جددیی دانوستان و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌وێت و به‌یانیش ئێوه ئه‌و ئاڵایه لێره ده‌بینن و ناگۆڕدرێت و ده‌كه‌وینه پرۆسه‌یه‌كی دانوستان ئه‌گه‌ر به‌غدا ئاماده بێت".
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستى وڵاتانی جیهان له‌سه‌ر ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران گوتی "ئێمه سێ ساڵی زۆر سه‌ختمان به‌ڕێ كرد و له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی به‌رگری بووین دژی گه‌وره‌ترین گرووپی تیرۆرستیی جیهان كه داعشه، له‌م به‌رگرییه‌دا نزیكه‌ی هه‌زار و هه‌شتسه‌د شه‌هید و ده هه‌زار بریندارمان داوه، هه‌رێمی كوردستان په‌ناگایه‌ك بووه بۆ نزیكه‌ی ملیۆنێك و هه‌شتسه‌د هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌رانی ناوخۆ و سووریا. هه‌ڵوێستی وڵاتانی ده‌ره‌وه ئه‌و قسه‌یه‌ی زۆر جار كورد ده‌یگوت به‌بیر ده‌هێنێته‌وه كه ده‌ڵێت (جگه له چیاكان هیچ دۆستی ترمان نییه)، گه‌لی كورد زۆر نیگه‌رانه له‌م هه‌ڵوێستانه.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: "هیچمان نه‌كردووه و وه‌ك هه‌ر گه‌لێكی جیهان ویستومانه خواستی خۆمان بۆ ئاینده پیشان بده‌ین، تێناگه‌ین ئه‌م وڵاتانه بۆچى به‌م شێوه‌یه مامه‌ڵه ده‌كه‌ن؟ چونكه ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی ئێمه دیموكراسییه و شه‌ڕ و توندوتیژی تێدا نییه، پێكهاته‌كانی كوردستان ئه‌وانه‌ی كه كوردستانین و له‌م وڵاته پێكه‌وه ده‌ژین، پێكه‌وه ده‌یانه‌وێت له پرۆسه‌یه‌كی ئازاد‌دا ته‌نها خواستی خۆیان ده‌رببڕن. بۆچى ئێمه ئه‌و مافه‌مان نه‌بێت؟ به ڕاستی هه‌ڵوێستی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و وڵاتانی ڕۆژئاوا ئێمه‌ی زۆر بێ ئومێد كردووه".
سه‌باره‌ت به دۆخی هه‌رێمی كوردستان له قۆناغی دوای ڕیفراندم له هه‌موو بواره‌كاندا، به‌ڕێزیان گوتی "قۆناغی دوای ڕیفراندۆم، قۆناغی دانیشتن و دانوستانه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان، ئێمه ڕامانگه‌یاندووه كه هه‌رێمی كوردستان وڵاتێكی دیموكراتی فیدرالی ده‌بێت كه ده‌یه‌وێت مافه‌كانی مرۆڤ پێڕه‌و بكات و به ئاشتی له ناوخۆ و له‌گه‌ڵ دراوسێكانیدا بژیت، هه‌موو ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی كه له‌گه‌ڵ كۆمپانیا جیهانییه‌كان واژۆمان كردوون وه‌ك خۆیان ده‌مێننه‌وه و هیچ گۆڕانكارییه‌كیان به‌سه‌ردا نایه‌ت و به‌رده‌وامیش ده‌بین.
ده‌رباره‌ى ده‌نگدانى ڕێكخه‌ری گشتیی بزووته‌وه‌ی گۆڕانیش به‌ڕێز عومه‌ری سه‌ید عه‌لی به به‌ڵێ، گوتى: "بێگومان له تێكۆشه‌ر و خه‌باتكارێكی وه‌ك كاك عومه‌ری سه‌ید عه‌لی كه هه‌موو ژیانی له‌پێناو كورد و دۆزی كورد خه‌باتی كردووه و ماندوو بووه، هه‌ر ئه‌وه‌ی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت و چاوه‌ڕێی شتی دیكه‌ی لێ ناكرێت و ئه‌مه سورپرایس و شتێكی نامۆ نییه بۆ ئه‌و تێكۆشه‌ره كه ئه‌مڕۆ بێته سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان. ئه‌و پرۆسه‌ی ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت په‌یوه‌ندی به هیچ حزبێكه‌وه نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به هه‌موو ئه‌و پێكهاتانه‌وه هه‌یه كه له‌م وڵاته‌دا ده‌ژین به كورد و توركمان و كوردانی ئێزدی و كرستیانهكان و هه‌موو پێكهاته‌كانی دیكه‌وه. من شۆك نیم كه كاك عومه‌ر سه‌ید عه‌لی به به‌ڵی ده‌نگی دابێت، چونكه هه‌ر ئه‌وه له تێكۆشه‌رێكی وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت".
سه‌باره‌ت به پرسی قۆناغی داهاتووی ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه ڕیفراندۆمیان تێدا ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان گوتی "ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك پێشتریش گوتم هیوادارین به گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غد یه‌كلایی بكرێته‌وه، ئێمه ئیراده‌ی خۆمان له‌سه‌ر هیچ پێكهاته‌یه‌ك ناسه‌پێنین به عه‌ره‌ب و توركمان و پێكهاته‌كانی دیكه‌شه‌وه، كه‌ركووك وه‌ك شاری پێكه‌وه‌ژیان ده‌مێنێته‌وه و شارێكی كوردی و توركمانی و عه‌ره‌بییه و ئه‌و پێكهاتانه‌ی له‌و شاره‌دا ده‌ژین ئایندهی خۆیان ده‌سنیشان ده‌كه‌ن، ئه‌مه بۆچوونی ئێمه‌یه. پێشمه‌رگه ئه‌و شوێنانه‌ی له داعش پاراستووه و داگیری نه‌كردووه، ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌وڵ و هیممه‌ته‌ی پێشمه‌رگه نه‌بوایه دۆخی كه‌ركووك له هی مووسڵ خراپتر ده‌بوو. پێشمه‌رگه ته‌نیا كوردی له كه‌ركووك نه‌پاراستووه، به‌ڵكو توركمان و عه‌ره‌ب و هه‌موو ئه‌و پێكهاتانهیشى پاراستووه كه له‌و شوێنانه ده‌ژین، بێگومان پێشمه‌رگه له‌سه‌ر ئه‌م ڕۆڵه‌ی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ پاراستنی هه‌موو پێكهاته‌كان و هیوادارین له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌م سنوورانه یه‌كلا بكرێنه‌وه".
سەبارەت بە ڕەوشی ئابووریی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکان بۆ شەفافییەت لە کەرتی وزە، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی "ئێمە سێ ساڵە ڕەوشێکی خراپی ئابووریمان هەیە، ساڵی ٢٠١٤ عێراق بودجەی ئێمەی بڕی، تووشی شەڕی داعش بووین، نرخی نەوت دابەزی، ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار ئاوارەی ناوخۆ و سووریا هاتن بۆ هەرێمی کوردستان. ئەوەی کە دەبینین، ئەگەر هەندێ لەو بڕیارانە جێبەجێ بکرێت، وەزعی هەرێمی کوردستان باشتر نابێت لەوەی کە ئێستا هەیە، بەڵام هیوادارین بە هیچ شێوەیەک نەگاتە ئەو فشارە بهكۆمهڵهى کە لەسەر میللەتی ئێمە دایدەنێن، ئێمە هیچمان نەکردووە تا تووشی ئەو سزایانە ببینەوە، وەکوو هەر میللەتێکی دونیا ویستوومانە بە پرۆسەیەکی دیموکراتی خواستی خۆمان بڵێین.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: "لەوە تێدەگەین کە هەرێمی کوردستان پێویستی بە ڕیفۆرم هەیە، لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی دەستمان بە پرۆسەیەکی ڕیکوپێک کردووە لە پرسی ڕیفۆرم. لە مەسەلەی وردبینی لە نەوت و ئەوانەی تر ئێمە گرنگترین کۆمپانیاى جیهانیمان هێناوە کە وردبینی بکات لە مەسەلەی نەوت. ئەوەی کە سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی دەکات ئێمە ٩٠٠ هەزار بەرمیل ڕۆژانە نەوت هەناردە دەکەین، دوورە لە ڕاستی. من لێرەوە بە جەنابی سەرۆک وەزیران دەڵێم ئەگەر بە جددی دەیەوێت شەفافییەت ببینێت لەو پرۆسەیەدا، ئامادەین کۆمپانیای دیلۆیت و خۆشم شەخسی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکان سەردانی بەغدا بکەین و هەموو ئەو شتانەی بۆ ڕوون بکەینەوە، ئەوەی کە ئەو دەیەوێت بزانێت".
دەربارەی ئەگەری هەڕەشە لەسەر هەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی "هیچ به‌هانه‌یه‌ك بۆ ئەو هەڕەشانە نابینم، پێویست ناکات بەو زمانە قسە لەگەڵ یەکتر بکەین. بۆچى هه‌ڕه‌شه له یەکتری بکەین؟ لە جیاتی هه‌ڕه‌شه و قسە، فەرموون با دابنیشین، لە پرۆسەیەکی دانیشتن‌دا ئامادەین گفتوگۆ لەسەر هەموو ئەو شتانە بکەین. ئێمە دوژمنێکی هاوبەشمان هەیە، حەشدی شەعبی، سوپای عێراقی، پێشمەرگە، هەموو لایەکمان دوژمنێکی هاوبەشمان هەیە، ئەویش داعشە، پێکەوە شەڕی داعش بکەین باشترە لەوەی لەسەر پرسێک کە بۆ دەربڕینی خواستی میللەتێکە هەر هێزێک بیەوێت خۆی تووشی گرفت بکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئێمە ئەسڵەن ئەوە بە پێویست نازانین.
هه‌روه‌ها گوتى: "زۆر بەداخەوە بۆ ئەو قسانەی کە جەنابی سەرۆک وەزیران کردنی، هیوادارم هیچ یەک لەو ههڕهشانە نەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، چونکە لە زیان زیاتر بۆ هەموو لایەکمان، هیچی دیكه‌ى نییە. بابه‌تی ئیرادەی گەلی کورد شتێک نییە ئەمڕۆ باس كرابێت و نوێ بێت، چ ئەمڕۆ یان لە ئاییندەدا دەبێ بە جددی هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، ئیرادەی میللەتێک بە هەڕەشە چارەسەر ناکرێت، ئیرادەی میللەتێک بە دروستکردنی ئهمبارگۆ لەسەری ناشکێت، گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەش ئیرادەیان ناشکێت بەوەی کە فڕۆکەخانە دادەخرێت، یان سنوور دادەخرێت".
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: "لای من زۆر سەیرە سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای یارمەتی لە وڵاتانی دیکە بکات بۆ ئەوەى پاڵه‌په‌ستۆ لە میللەتی خۆی بکات، هەتا ئێستاش کورد لە ناو عێراقدا دەژی، ئەمەیان جێی پرسیارە. ئەمەیان عەجیبە و شتێکە لە عێراقی نوێ‌دا قەت چاوەڕوانمان نەدەکرد. ئەگەر برا عەرەبەکانمان پرسیارمان لێ بکەن، ئەو ڕیفراندۆمە بۆچی بوو؟ من پێیان دەڵێم له‌به‌ر ئه‌و عەقڵییەتە کردمان، چونکە ئێمە ڕێک لەو عەقڵییەتە دەترسێین. لەو عەقڵییەتە دەترسێین کە دەیەوێ بەو شێوەیە هەڵسوکەوت لەگەڵ کورد و پێکهاتەکانی کوردستاندا بکات. کورد مەترسی نییە بۆ سەر عێراق، ئەو عەقڵییەتە مەترسییە کە عێراق بەڕێوە دەبات".
بەڕیزیان لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی بەرێوەچوونی ڕیفراندۆم لە کەرکووک و کاردانەوەکانی حکوومەتی عێراق لە بەرامبەر ئەو شارە، گوتی "ئێمە هیوادارین نەگاتە ئەو قۆناغە، ئەگەر بگاتە ئەوە، ئێمە شتی دیکە هەیە کە بیکەین، بەڵام هیوادارین قەت نەگاتە ئەوەی بیر لەوە بکرێتەوە سزای کەرکووک یان شارەکانی دیکەی کوردستان بدرێت. ئەمڕۆ پرۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت، جەنابی سەرۆک بارزانی سبەی پەیامێک بڵاو دەکاتەوە و دیسان ویستی هەرێمی کوردستان بۆ دانیشتن و گفتوگۆی جددی لەگەڵ بەغدا دووپات ده‌كاته‌وه. هیوادارین بەغداش وه‌ڵامی بۆ پەیامی هەرێمی کوردستان هەبێت بۆ گفتوگۆیەکی جددی لەگەڵ لە بەغدا".
دەربارەی ئەوەی کە ئایا کاتێکی دیاریکراو هەیە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کورستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی "هەنگاوی یەکەممان نا، هەنگاوەکانی دیکە لە پرۆسەیەکی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەمانەوێت بگەینە ئه‌و ئامانجه".
لە وەڵامی پرسیارێکى دیكه‌دا دەربارەی هەڵوێستی تورکیا به‌رامبه‌ر ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی "ئێمە هیچ پەیوەندییەکی ڕاسته‌وخۆمان لەگەڵ شەخسی سەرۆک کۆمار نەبووە، ماوەی ٢ مانگە هەوڵ دەدەم بچم بۆ تورکیا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە بکەین، هەتا ئێستا دەرفەت نەبووە. بەڵام پەیامی ئێمە بۆ تورکیا ئەوەیە کە ئەم بابەتە بە هیچ شێوەیەک هەڕەشە نییە بۆ تورکیا، ئەم بابەتە پەیوەندییان بەو کێشانەوەیە هەیە کە ئێمە لە عێراقدا لەگەڵ بەغدا هەمانە. نە لە ڕابردوو، نە لە ئێستا و نە لە داهاتووشدا نابینە فاکتەرێکی هەڕەشە بۆ تورکیا و هەموو هەوڵێکیش دەدەین کە لەگەڵ تورکیا قسە بکەین بۆ ئەوەی بگەین بە لێكگه‌یشتنێكی هاوبەش و ئەوان بە ڕاستی تێبگەن لەوەی کە ئەم کارەی کردوومانە بۆ هه‌ڕه‌شه لە تورکیا نییە.
ڕوونیشى كره‌وه: "لە ئەنجامی ١٣ ساڵ بێهیوایی لەگەڵ بەغدا، گەیشتووینەتە ئەو بڕوایه و باشترە تورکیا و وڵاتانی دیکە پرسیار لە بەغدا بکەن بۆچى ئێوە واتان کرد کە کورد بگاتە ئەم بڕیارە؟ ئەوەیان باشترە لە هەڕەشە و داخستنی سنوور. خۆ کورد ئەوەی لە عێراقدا پێی کرا بۆ یەکێتیی عێراق کردی، چ جەنابی سەرۆک تاڵەبانی، چ جه‌نابی سەرۆک بارزانی، هەردووکیان ئەوەی پێیان کرا بۆ یەکێتیی عێراق کردیان. زۆر جار لە عێراق باسی دەستوور دەکرێت بەوەی کە گوایە دەستوور بەلایانەوە زۆر پیرۆزە، با من پێتان بڵێم چۆن دەکرێت، تەنیا ئەو بەشانەی دەستوور جێبەجێ بکرێت کە لە بەرژەوەندیی خۆیان بێت.
هه‌روه‌ها له‌مباره‌یه‌وه زیاتر گوتى: "٥٢ ماددەی دەستووری هەیە لە عێراق، هه‌ر باسی ناكه‌ن، چونکە لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە، بەڵام کە ئێمە قسەیەک دەکەین، دەڵێن دەستوور و دەستوور وا. پێشمەرگە بەشێک نییە لە دەستووری عێراق؟ بۆچى حەشدی شەعبی دەکەیت بە یاسا و هەموو یارمەتیشی دەدەی، به‌ڵام ئامادە نیت بۆ پێشمەرگە هیچ بکەیت؟! بۆچى کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، IMF، بانکی نێودەوڵەتی پارە دەدات بە عێراق، پشتگیریى بودجەی عێراق دەکات، بەڵام عێراق ئامادە نییە یەک دۆلاریش بە کوردستان بدات؟!، چۆن کۆمەڵگای نیودەوڵەتی مەرجی بۆ دانانێت کە بڵێت پارەت دەدەمێ، هەقە یارمەتیی هەرێمی کوردستان بدەی، چونکە ئێمەش کێشەمان هەیە.
هه‌روه‌ها گوتى: "جەنابی سەرۆک وەزیران دەڵێت ئێمە توانیمانە مووچە بدەین، هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە، ڕاست دەکات. ئەوان نزیکەی ٨٠ ملیار دۆلار پارەی یەدەگیان هەبوو و وردە ـ وردە لەو پارەیە خه‌رجیان کردووە هەتا توانیویانە مووچە بدەن و بانکی نێودەوڵەتی و IMFیش هاوکاریی بەغدایان کردووە هەتا توانیویانە مووچە بدەن. بانکی نێودەوڵەتی یان IMF چەند یارمەتیی هەرێمی کوردستانیان داوە؟ کەس یارمەتیی ئێمەی نەداوە لەو بابەتە، لەجیاتی ئەوەی هه‌ڕه‌شه‌مان لێ به‌كه‌ن و بڵێن دەتانبڕین و دەتانکوژین و سنوورتان لەسەر دادەخەین و فڕۆکە نایەت و بۆریتان قەپات دەکەین، زۆر باشترە پرسیار لە بەغدا بکەن ئاخۆ بۆچى ئەو پێکهاتانەی کوردستان گەیشتنە ئەم بڕوایه؟ ئەوە باشترە نەک هەڕەشەکردن".
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی له به‌رده‌وامیی قسه‌كانیدا گوتی "ئێمە وەک کورد کێشەمان لەگەڵ هیچ میللەتێکی جیهان و هیچ نەتەوەیەک و هیچ پێکهاتە و ئایینێک نییە. کوردستان تابلۆی پێکەوەژیانی هەموو ئایین و میللەتان و ئەو خەڵکە بووە کە لە کوردستان دەژین. قسەمان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە کە وەرن یارمەتیمان بدەن لەو پرۆسەیەی کە دەمانەوێت بە دانوستان لەگەڵ بەغدا دەستی پێبکەین. ئەوە باشترین یارمەتییە هەم بۆ بەغدا و هەم بۆ هەرێمی کوردستان. من جارێک په‌یوه‌ندیی ئێمە و بەغدام بە خاوەن خانوو و کرێچێ شوبهاند کە ئێمە وەکوو کرێچی واین، نە خاوەن خانوو ڕازییە و نە کرێچیش ڕازییە، هەردووکمان ڕازی نین و دەبێ چارەسەرێک بدۆزینەوە. پێموایە ئەوە باشترین تەفسیرە بۆ پەیوەندیی ئێمە و بەغدا".
دەربارەی ئەوەی کە تا چەند ڕیفراندۆم ڕیسکی هەیە بۆ خەڵکی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی "بە دڵنییاییەوە ئەم کارەی کە دەستمان داوه‌تێ، بێ ڕیسک نییە. ئیرادەی میللەتی ئێمە وەک گەورەترین گارانتیی ئامادەیە بۆ ئەوە، بەڵام بۆچى بەو شێوەیە هەڵسوکەوت بکرێت؟، پێم وایە بارودۆخ گۆڕاوە، ساڵانی ٦٠ و ٧٠ نییە کەس ئاگای لە پرسی کورد نەبێت. دنیا گۆڕاوە و باوەڕ ناکەم بتوانن ئەو هەڵسوکەوتە بکەن ئەوەی کە پێشتر لەسەر مەسەلەی کورد دەیانکرد. ناشمانەوێت بگاتە ئەو قۆناغە، ئەوەی دەمانەوێت پرۆسەیەکی گفتوگۆ و دانوستاندنە. میللەتی ئێمە ئیرادەی خۆی نیشان دا بۆ ئەوه‌ى دەیەوێت، قۆناغی دووەمی ئێمە نە شەڕە، نە توندوتیژییە، نە دەمانەوێت کێشە بۆ هیچ وڵاتێک دروست بکەین، نە بۆ ڵاتانی دەوروبەر، نە بۆ بەغداش. فەرموون با دابنیشین، با گفتوگۆ بکەین، هەرکاتێک ئەوان ئامادە بوون، ئێمە دەچین لەسەر ئەو بنەمایە گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەین".
چارەنووسی ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان و جۆری پێدانی دڵنیایی بە وڵاتان کە کوردستان هەڕەشە نابێت بۆ سەریان، دوو پرسیار بوون ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کران، لەو بارەیەوە بەڕێزیان گوتی "ئاوارەکان وڵاتی خۆیانە، لەم سێ ساڵەدا ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار ئاوارە و په‌نابه‌رمان قبووڵ کردووە، پەیاممان بۆ میللەتی خۆمان ئەوەیە کە دەبێ هەڵسوکەتی باش لەگەڵ ئەمانە بکرێت، کوردستان بۆ ئه‌وان پەناگەیەک بووه کە هاتوون و لە ناچاری هاتوون، قسەم بۆ هەموو هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بەوپەڕی ڕێزەوە دەبێ لەگەڵ ئەو ئاوارانە هەڵسوکەوت بکرێت".
هه‌روه‌ها گوتى: "لیژنەیەکمان پێکهێناوە و لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی کوردستان، تورکمان، عەرەب، ئاسووری، سریان و برا ئێزدییەکانمان لەگەڵ ئەمان هەموویان دانیشتووین و داواکاریی ئەوانمان وەرگرتووە بە پەسەندکردنی لەو لیژنەیەی کە سەرپەرشتیی ڕیفراندۆم دەکات، بڕیاری کۆدەنگ دراوە کە دەدرێت بە پەرلەمانی کوردستان و هەموو داواکارییەکانیان لە دەستووری کوردستاندا بەدڵنیاییه‌وه جێگیر دەکرێن. پەیامی ئیمە ئەوەیە، لەم بابەتەدا باسی هەرێمی کوردستان دەکەین، به‌رپرسیارێتیی ئێمە هەرێمی کوردستانە، بە هیچ شێوەیەک له دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستانی عێراق باسی هیچ شتێکی دیکە ناکەین و دەمانەوێت بە گفتوگۆ ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین لەگەڵ بەغدا و بێگومان دەوڵەتێکی مەدەنی دەبێت و دەیەوێت بە ئاشتی لە ناوخۆ و لەگەڵ دراوسێکانیدا بژی".
له كۆتاییدا سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی هەرێمی کوردستان دوای ڕیفراندۆم، به‌ڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "دوای ڕیفراندۆم دەمانەوێت پرۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەست پێبکەین، هیوادارم ئامادە بێت، بەغدا قووڵاییى ستراتیژیی هەرێمی کوردستانە و بە قووڵاییى ستراتیژیش دەمێنێتەوە، بۆ هەر لایەک بڕۆین نامانەوێت لەگەڵ بەغدا هیچ كێشه‌یه‌كمان هەبێت، دەمانەوێ بە لێكگه‌یشتن لەگەڵ عێراق بگەینە چارەسەر و نامانەوێت پەیوەندیی نیوان کورد و عەرەب تێکبچێت و دەمانەوێ وەک خۆی بمێنێتەوە و کێشەش دروست نەبێت و بەغداش بیر لەوە بکاتەوە کە با گفتوگۆمان لەگەڵ بکات. ئێمە تەواو کەوتینە قۆناغێکی نوێ، هەڕەشە و قسە زۆر کرا، ئەمە تەواو، لە سبەینێوە دەکەوینە قۆناغێکی نوێ، ئەو قۆناغە نوێیە قۆناغی دانیشتن و دانوستاندنە لەسەر مێزی گفتوگۆ، هەڕەشەش پێویست ناکات".