حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 26 APR 2024 00:47 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وه‌ڵامى ڕاگه‌یه‌نراوێكى حكومه‌تى عیراق ده‌داته‌وه‌

SUN, 15 OCT 2017 23:00 | KRG Cabinet

نووسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق، ڕاگه‌یه‌نراوێكى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 15/10/2017ى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراقى له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى وه‌زاریى ئاسایشى نیشتمانیى عیراقى بڵاو كردۆته‌وه، تیایدا هه‌رێمى كوردستان به كۆكردنه‌وه‌ى هێز و جێگیركردنى هێزه‌كانى په‌كه‌كه له ناوچه‌كانى كه‌ركووك و سه‌پاندنى دیفاكتۆ و ڕێگرتن له گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان تۆمه‌تبار ده‌كات، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمى هه‌رێمى كوردستان بۆ پاراستنى به‌رژوه‌ندیى لایه‌نێك له قه‌ڵه‌م داوه و دووباره هه‌ڕه‌شه له هه‌رێمى كوردستان ده‌كاته‌وه‌.

له‌مباره‌یه‌وه و له لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڕێز سه‌فین دزه‌یى وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌ت گوتى: ئه‌وه‌ى به ئاشكرایى هه‌ڕه‌شه‌ى به‌كارهێنانى هێز له دژى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و كات بۆ ده‌ر‌چوون و كشانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه ده‌كات كه پێشتر سوپاى عیراق به‌ده‌سته‌وه‌ى دابوون و پێشمه‌رگه به گیان و خوێن له ده‌ستى داعش ئازادى كردوون، حكوومه‌تى عیراق و حه‌شدى شه‌عبین، نه‌ك هه‌رێمى كوردستان.

هه‌روه‌ها گوتى: ڕیفراندۆمى هه‌رێمى كوردستان كه تیایدا 92%ى خه‌ڵكى كوردستان ده‌نگى به به‌ڵێ دا و كوردستانییان به هه‌موو پێكهاته و لایه‌ن و ئاراسته سیاسییه‌كانه‌وه‌، به‌شدارییان تێدا كرد، ئه‌و ڕاستییه به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ى ده‌رخست كه ئه‌و پرۆسه مه‌ده‌نى و دیموكراسییه‌، خواستى تێكڕاى گه‌لى كوردستانه‌، نه‌ك به ته‌نها لایه‌نێك وه‌ك حكوومه‌تى عیراق ئیدیعا ده‌كات.

ده‌رباره‌ى جێگیربوونى هێزه‌كانى په‌كه‌كه‌ش له چه‌ند ناوچه‌یه‌كى سه‌ر به كه‌ركووك وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕایگه‌یاند: ئه‌وه ڕوون و ئاشكرایه كه تۆمه‌تى جێگیربوونى هێزه‌كانى په‌كه‌كه، یان له‌ژێر هه‌ر ناوێكى دیكه‌دا بن كه زیاتر له دوو ساڵه له هه‌ندێ ناوچه‌ى سه‌ر به كه‌ركووك و شه‌نگال جێگیرن، هه‌ر وه‌ك كردنه‌وه‌ى نووسینگه‌كانى په‌كه‌كه له به‌غدا، به پشتگیرى و هاوكاریى ته‌واوى حكوومه‌تى عیراق بووه و به‌رده‌وام له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عیراقه‌وه هاوكارى كراون، ئه‌وه‌ش ئاشكرایه كه ورووژاندنى ئه‌م بابه‌ته له‌م كاته‌دا به ته‌واوى بابه‌تێكى سیاسییه و بۆ ورووژاندنى توركیایه كه بۆ ئه‌م بابه‌ته زۆر هه‌ستیاره‌.

سه‌باره‌ت به گوایه ڕێگریكردن له گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كانیش بۆ شوێنه‌كانى خۆیان، به‌ڕێز دزه‌یى گوتى: دیاره به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و حكوومه‌تى عیراقى له‌بیریان چۆته‌وه كه نزیكه‌ى ملیۆنێك و پێنجسه‌د هه‌زار ئاواره‌ى عیراقى كاتێك لێیان قه‌وما، نه‌یانویست بچنه ناوچه‌كانى دیكه‌ى عیراق و ژێر ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌تى عیراقى، به‌ڵكو ڕوویان له هه‌رێمى كوردستان كرد و هه‌موو هاوكارییه‌كى پێشكه‌ش كردن، ئێستاش كه به هه‌زارانیان نایانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه عیراق، ئه‌وه گوناهى هه‌رێمى كودستان نییه كه متمانه‌یان به حكوومه‌تى عیراق نه‌ماوه، ئه‌گینا حكوومه‌تى هه‌رێم هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌كات.

له كۆتاییدا به‌ڕێز دزه‌یى ده‌رباره‌ى ئه‌و شوێنانه‌ى مادده‌ى 140 كه پێشمه‌رگه‌ى تیادا جێگیر بووه‌، ڕوونى كرده‌وه‌: هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر داواى حكوومه‌تى ئه‌وساى عیراق و بۆ پاراستنى ئه‌و شوێنانه‌، پێشمه‌رگه‌ى له‌و ناوچانه جێگیر كرد و نه‌یهێشت به ده‌رده‌ى ناوچه‌كانى دیكه بچن، هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌شى ئازاد كرده‌وه كه پێشتر سوپاى عیراق به شه‌وێك به‌ده‌ستییه‌وه‌ى دابوون، بۆیه حكوومه‌تى عیراق بۆى نییه هه‌ڕه‌شه‌ى به‌كارهێنانى هێز بۆ كۆنترۆڵكردنى ئه‌و شوێنانه بكات، به‌ڵكو بۆ چاره‌سه‌ریى ته‌واوى كیشه‌كان ته‌نیا ڕێگه‌یه‌ك هه‌یه كه ئه‌ویش گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ لۆژیك و لێكگه‌یشتن و گفتوگۆیه‌، دووپاتیشى ده‌كه‌ینه‌وه كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌مه ئاماده‌یه‌.



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان