حکومەتی هەرێمی كوردستان
MON, 18 DEC 2017 12:04 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانی: له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان كۆده‌بینه‌وه‌

TUE, 21 NOV 2017 18:21 | KRG Cabinet

 

دوای كۆتاییهاتنی سه‌ردانی شاندی بالای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ سلێمانی و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له حیزبه‌ سیاسییه‌كان، له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان باسی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ و دیداره‌كان و چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ست به‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ و دوا پێشهاته‌كان كرد.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی گوتی "ئه‌مڕۆ سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له‌ براده‌رانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبی سۆییالست دیموكراتی كوردستانمان كرد به‌مه‌به‌ستی باسكردنی ڕه‌وشی ئێستای كوردستان به‌گشتی تا بزانین هه‌نگاوی داهاتوومان چۆن ده‌بێت؟. له‌ سه‌ردانه‌كانماندا باسی بارودۆخه‌كه‌مان كردووه‌ و وه‌ره‌قه‌یه‌كمان له‌ براده‌رانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌رگرتووه‌ و به‌ڵێنی ئه‌وه‌مان پێداون كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین و دانیشتنه‌كانیشمان به‌رده‌وامییان ده‌بێت".

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا ده‌رباره‌ی شیرۆڤه‌كردنی وته‌یه‌كی به‌ڕێزیان له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی دوێنێ دوششهممه 20/11/2017 كه‌ گوتبووی "پێشمه‌رگه‌ به‌ ویستی خۆیان له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ كشاونه‌ته‌وه"‌، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئاشكرای كرد "كه ‌باسی ئه‌وه‌م كرد پێشمه‌رگه‌ كشاوه‌ته‌وه‌، باسی كه‌ركووكم نه‌كردووه‌ و حاڵه‌تی كه‌ركووك ڕوون بوو كه‌ چۆن كراوه‌ و به‌ چ شێوه‌یه‌ك بووه‌ و هه‌موولایه‌ك ئاگادارن و پێویست ناكات من جارێكی دیكه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ دووباره‌ بكه‌مه‌وه‌. با من بێمه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ دیاریكراوی باسی كوێم كردووه‌، هێزه‌كانی عیراق داوایان له‌ ئێمه‌ كرد له‌ ناوچه‌ی به‌نداوی مووسڵ بكشێینه‌وه‌ و ئێمه‌ پێمانگوتن باشه‌ كێشه‌یه‌ك نییه‌، له‌ ناوچه‌ی ڕه‌بیعه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ گوتمان كێشه‌ نییه‌، به‌ڵام ئێمه‌ دواتر تێگه‌یشتین كه‌ له‌ هه‌ر شوێنێك پا‌شه‌كشێ بكه‌ین ئه‌وان داوای زیاتر ده‌كه‌ن، بۆیه‌ بڕیاری ئه‌وه‌مان دا سنوورێك دابنێین بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ و نابێت له‌وه‌ زیاتر بێنه‌ پێشه‌وه‌، من مه‌به‌ستم ئه‌و شوێنانه‌ بووه‌".

سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند "تا ئێستا واده‌ی سه‌ردانی ئێمه‌ بۆ به‌غدا دیار نییه‌، ئێمه‌ هه‌ڵوێستی خۆمان باس كردووه‌ و پێویست ناكات دووباره‌ی بكه‌ینه‌وه.‌ وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌چینه‌ به‌غدا و هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی به‌شدارن له‌ حكوومه‌ت، بێگومان له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی به‌غداش به‌شدار ده‌بن".

سه‌باره‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیان له‌گه‌ل لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، به‌رێز سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا "كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ هه‌ڵسهنگاندنی بارودۆخی ئێستا بوو. دوو بۆچوون بۆ بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه،‌ یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ حكوومه‌تێكی كاتی دابمه‌زرێنین، بۆچوونی دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ ‌ ئێمه‌ هه‌وڵ بده‌ین به‌ زووترین كات هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بده‌ین. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان گفتوگۆ ده‌كه‌ین تا بزانین باشترین ڕێگه‌چاره‌ بۆ ئه‌م دۆخه‌ چییه‌ و دواتر وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیار ده‌ده‌ین به‌ چ شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ بكه‌ین، هه‌روه‌ها سه‌ردانی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ین و دواتر ئه‌نجامی سه‌ردانه‌كانمان بۆ خه‌ڵكی كوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نین".

ده‌رباره‌ی بیروبۆچوونی لایه‌نه‌كان له‌و دیدارانه‌دا، به‌ڕێزیان گوتی "لێكنزیكبوونه‌وه‌ هه‌یه‌ و هه‌ست ده‌كه‌ین ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ی كه‌ تا ئێستا سه‌ردانمان كردوون، وه‌ك ئێمه‌ بیرده‌كه‌نه‌وه. له‌ سه‌ر دوو سێ پره‌نسیپی گرنگ هه‌موومان وه‌ك یه‌ك بیرده‌كه‌ینه‌وه،‌ یه‌كه‌میان دژی دوو ئیداره‌یین، دووه‌میان ده‌بێت حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات، سێیه‌میان نابێت هیچ لایه‌نێك هه‌وڵ بدات سه‌ربه‌خۆ له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێك قسه‌ بكات. ئه‌مانه‌ هه‌مووی ئه‌و پره‌نسیپانه‌ن كه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگن و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ری‌ كۆكن".

سه‌باره‌ت به‌ توانای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دابینكردنی مووچه‌، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "تا ئه‌و كاته‌ی بتوانین، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان دابین ده‌كه‌ین، هه‌ر كاتێك نه‌مانتوانی خۆمان به‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌ڵێین كه‌ بارودۆخه‌كه‌ وایه‌ و زۆر به‌ ڕوونی قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین و گومانیش له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ خه‌ڵكی كوردستان ئاگادارن ئێمه‌ به‌ قۆناغێكی زۆر سه‌ختدا تێده‌په‌ڕین و ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ یه‌كگرتوویی و تێگه‌یشتنی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و هێزه‌ سیاسییه‌كان هه‌یه‌. بێگومان ئێمه‌ به‌ یه‌كگرتوویی ده‌توانین له‌م قۆناغه‌ ده‌ربچین".

له‌باره‌ی داوای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ بۆ دامه‌زراندنی حكوومه‌تی كاتی، به‌ڕێزیان گوتی "من دوێنێ باسی هه‌ڵوێستی خۆمان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ كرد و پێمانوایه‌ ئه‌م حكوومه‌ته‌ خۆی كاتییه‌. كۆمه‌ڵێك پرسیارمان له‌سه‌ر حكوومه‌تی كاتی هه‌یه،‌ ئایا‌ مه‌به‌ست لێی چییه‌ و ده‌یانه‌وێت چی بكه‌ن؟ ئه‌مانه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان باس ده‌كه‌ین و دواتر هه‌ڵوێستی خۆمان ده‌رده‌بڕین. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ڵوێستی خۆیان له‌سه‌ر حكوومه‌تی كاتی به‌ ئێمه‌ داوه‌ و ئێمه‌ش بڕیارمان داوه‌ دوای كۆبوونه‌وه‌ و دیدار له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوێستی خۆمان دیاری ده‌كه‌ین".