حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 16 APR 2024 08:57 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

پارێزگاری نوێی سلێمانی لە ئەنجومەنی وەزیران سوێندی یاسایی خوارد

TUE, 5 DEC 2017 16:48 | KRG Cabinet

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 5/12/2017، بە ئامادەبوونی بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و کەریم شەنگالی وەزیری ناوخۆ، لە ئەنجومەنی وەزیران، د. هەڤاڵ ئەبووبەکر وەک پارێزگاری نوێی سلێمانی، سوێندی یاسایی خوارد.

دوای سوێندخواردنەکە، بەڕێز سەرۆک وەزیران هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و پێی ڕاگەیاند حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگ و هاوکاریان دەبێت لەپێناو ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیانی پارێزگای سلێمانی، هەروەها گوتی "پێکەوە، ئێمە لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، ئێوەش لە دیوانی پارێزگای سلێمانی، وەک تیمێک دەتوانین ئەرکەکانمان بە باشترین شێوە جێبەجێ بکەین و خزمەتی باشتر بە هاووڵاتیان بکەین".

لای خۆشیەوە بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە پارێزگاری نوێی سلێمانی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.

بەڕێز پارێزگاری نوێی سلێمانیش سوپاسی ئەو متمانەیەی کرد کە پێی بەخشرا و جەختی کردەوە کە هەموو تواناکانی خۆی بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیانی پارێزگای سلێمانی دەخاتە گەڕ و لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە ئەرکەکانی ڕاپەڕێنێت.