حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 19 APR 2024 19:35 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ئیتالیا له‌ عیراق په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان به‌رز ده‌نرخێنن

WED, 13 DEC 2017 21:18 | KRG Cabinet

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13/12/2017 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز برۆنۆ ئه‌نتۆنیۆ باسكوینۆ باڵیۆزی نوێی ئیتالیا له‌ عیراق و خاتوو سیرینا مۆرۆنی، كونسوڵی گشتیی ئیتالیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.

له‌ دیدارێكدا وێڕاى نیشاندانى خۆشحاڵى به‌م سه‌ردانه‌، به‌ڕێز باسكوینۆ هیوای خواست په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمی كوردستان و ئیتالیا به‌رده‌وام بن و زیاتر بره‌ویان پێبدرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌موو ئاماده‌یى و هاوكارییه‌كى خۆى دووپات كرده‌وه‌. هه‌روه‌ها ڕێز و خۆشه‌ویستیی خۆی بۆ پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكی كوردستان ده‌ربڕی كه‌ وێڕاى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دۆخێكی سه‌خت، له‌ هه‌وڵى پێشكه‌وتنى به‌رده‌وامدایه‌.



لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك باڵیۆزی نوێى وڵاته‌كه‌ى له‌ عیراق لێكرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست، هه‌موو پشتگیرییه‌كیشى بۆ كار و چالاكییه‌كانی نیشان دا. هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشی له‌ كار و چالاكییه‌كانی به‌ڕێز باڵیۆزی پێشووی ئیتالیا له‌ عیراق و كونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.

به‌ڕێزیان په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئیتالیای به‌رز نرخاند و خواستى هه‌رێمی كوردستانی بۆ په‌ره‌پێدانی زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان به‌تایبه‌تی له‌ بواری بازرگانی و ئابووریدا ده‌ربڕی. هیوای خواست دۆخی ئه‌منیی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و به‌تایبه‌تی عیراق به‌ره‌و ئارامبوونه‌وه بڕوات به ‌شێوه‌یه‌ك سه‌رمایه‌دارانی ئیتالی بتوانن وه‌به‌رهێنان له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ ناوچه‌كه‌ و عیراق و هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.