حکومەتی هەرێمی كوردستان
THU, 17 JAN 2019 21:55 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كۆبوونه‌وه‌

WED, 9 JAN 2019 20:02 | KRG Cabinet

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 9/1/2019 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و شاندێكی باڵای یاوه‌ری كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، به‌ڕێز پامپیۆ خۆشحاڵیی خۆی به‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی بۆ ناوچه‌كه‌ و هه‌رێمی كوردستان نیشان دا. دواتر باس له‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و پێشهاته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرا و مه‌ترسییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر و كاری هاوبه‌ش بۆ بنبڕكردنی گفتوگۆ كرا.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا به‌ڕێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گفتوگۆكانی هه‌ولێر ـ به‌غدا كه‌ به ‌هۆیه‌وه‌ به‌شێك له‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر كراون به‌رز نرخاند و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا وه‌ك هاوبه‌شی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌مێنێته‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكای بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا كرد و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌ و كاری هاوبه‌شی زۆری له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان ئه‌نجام داوه‌‌ و به‌رده‌وامیی كاری هاوبه‌شی بۆ ڕێگریكردن له‌ دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر به‌پێویست زانی به‌تایبه‌ت له‌وناوچانه‌ی كه‌ له‌ بواری ئاسایش و سه‌قامگیریدا هیچ هه‌نگاوێكی تیادا نه‌نراوه‌ و له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدای دووپات كرده‌وه‌.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان پاڵپشتی له‌ كابینه‌ی حكوومه‌تی به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كات و خۆیشی‌ تیادا به‌شداره‌ و هه‌وڵ بۆ سه‌رخستنی كاروباره‌كانی ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ گفتوگۆیه‌كی ئه‌رێنی له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه‌ و هه‌رچه‌نده‌ چاره‌سه‌ركردنی هه‌ندێك كێشه‌ پێویستی به‌ كاتی زیاتره‌، به‌ڵام زه‌مینه‌سازی بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆی جددی هه‌یه‌ و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ هاوكاریی وڵاتانی دۆست به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكای به‌ پێویست زانی.

به‌ڕێزیان پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی ئه‌و ڕیفۆرمانه‌ پێشكه‌ش كرد كه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت جێبه‌جێ ده‌كرێن و داوای كرد له‌ ڕووی شاره‌زایی و پسپۆڕییه‌وه‌ هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان بكرێت بۆ جێبه‌جێكردنی باشتری چاكسازییه‌كان و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی كاروباره‌كانی حكوومه‌ت.

تاوتوێكردنی دوا پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ و ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ست به‌ ناوچه‌كه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.
 



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان