حکومەتی هەرێمی كوردستان
SUN, 26 MAY 2019 14:47 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانى: زمان و کولتوور، گه‌لى كوردیان پاراستووه‌

MON, 22 APR 2019 13:53 | KRG Cabinet

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22/4/2019 به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێزان وه‌زیر و په‌رله‌مانتار و كه‌سایه‌تیی ئه‌كادیمی و نووسه‌ر و ڕۆشنبیرانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ره‌وه‌، ڕێوڕه‌سمی ڕێزلێنان له‌ مامۆستا كه‌لیموڵڵاى ته‌وه‌حودی به‌ڕێوه‌چوو كه‌ له‌لایه‌ن ئـەکادیمیای کوردییه‌وه‌ ڕێكخرا بوو.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و تیایدا جیا له‌ به‌خێرهێنانی میوانانی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ به‌تایبه‌تی مامۆستا كه‌لیموڵڵاى ته‌وه‌حودی و ده‌ستخۆشیكردن له‌ ئه‌كادیمیای كوردی بۆ ڕێكخستنی ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌، دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ شانازی بە خەباتی ڕۆشنبیری و ھونەریی مامۆستا (تەوەحودی)ییه‌وه‌ دەکەن لەپێناو داھاتوویەکی باشتر بۆ گەلی کوردستان كه‌ نموونەی ئـەو ڕۆشنبیرانەن مێژووی کوردستان بە شانازییەوە لاپەڕەی زێڕینیان بۆ دەکاتەوە و جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ ھەولێر و ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ھەرێم شانازی بە سەردانی مامۆستا (تەوەحودی)ییه‌وه‌ دەکات.

به‌ڕێزیان به‌ بۆنه‌ی ساڵوه‌گه‌ڕی ڕۆژنامه‌وانی كوردییه‌وه‌ سڵاوی بۆ یادی مامۆستایان میقداد مەدحەت بەدرخان، عەبدولڕەحمان بەدرخان کە لە ھەندەران و دەربەدەریدا گرینگترین لاپەڕەیان لە مێژووی زمان و ڕۆشنبیری و خەباتی سیاسیی کوردیدا تۆمار کرد و پیرۆزبایى له‌ سه‌ندیكاى ڕۆژنامـه‌نووسان و ڕۆژنامه‌وانانی كوردستان كرد، هه‌روه‌ها سڵاوی بۆ یادی پیرەمێرد، حوسێن حوزنی موکریانی، ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس و نووسەرانی کوردستان نارد کە ژمارەیەکیان لەم ڕێگایەدا شەھید بوون وەک دارا تۆفیق، ساڵح یووسفی، شاکر فەتاح و مووسا عەنتەر.

دواتر به‌رێزیان ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ گەلی کوردستان لەپێناو مانەوەی خۆی و پاراستنی وڵاتەکەی بە ھەموو شێوەیەک خەباتی كردووه‌ و خۆی بە دەستەوە نه‌داوه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بێت تا دنیای دوور و دەوروبەری نزیک، بوونی گه‌لی كورد دەسەلمێنێ و کوردستان دەچێتە ڕیزی گەلانی دیكه‌ لە ژیانێکی سەردەمییانەدا، هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌و هه‌موو خه‌باته‌ بۆته‌‌ مایەی سەرسامییەكی گەورە لە مێژوودا کە بۆچی تا ئـێستا به‌رهه‌می نه‌بووه‌ و گەلی کوردستان به‌ ڕۆژى خۆى نەگەیشتووە؟ له‌مباره‌یه‌وه‌ شیعرێكی مامۆستای گه‌وره‌ (ئه‌حمه‌دى خانی) بیرهێنایه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت:

ئـەز مامە د حیکمەتا خودێدا
کورمانج د دەولەتا دنێدا
ئـایا ب چ وەجھی مانە مەحرووم؟
بیلجوملە ژبۆ چ مانە مەحکووم؟

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هۆكاری مانه‌وه‌ی گه‌لی كوردی بۆ زمان گه‌ڕانده‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ هه‌موو گه‌لی كورد یه‌ك ئازار و ده‌ردیان هه‌یه‌ ئه‌ویش داهاتووی كوردستانه‌، هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ مێژوو زۆر له‌ گه‌لانی جیهانی له‌ناوبردووه‌ به‌ڵام گه‌لی كورد هه‌ر ماوه‌ و كه‌س ناتوانێت له‌ناوی به‌رێت و هۆكاره‌كه‌شی بۆ به‌زیندووهێشته‌وه‌ی زمانی کوردی، دابونەریتی کوردەواری، موزیک، ستران و گۆرانیی کوردی گه‌ڕانده‌وه‌ کە ھەستی یه‌كبوون و شانازییان لای تاکی كورد دروست کردووە.

به‌ڕێزیان به‌ پێویستی زانی ڕۆشنبیران و لاوانی ئـەمڕۆ جارێکی دیكه‌ ئـەو وانه‌یه‌ لە تاقیکردنەوەی مامۆستایانى به‌ڕێزى وه‌ك (تەوەحودی)یەوە فێر ببنەوە کە تەنیا ناسنامەی زمان و کولتوورە گه‌لی كوردی لە جیهاندا ڕاگرتووە و پاراستووە، چونكه‌ وه‌ك به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی پێدا زمانی کوردی زیاتر لە شاخەکان کوردی پاراستووە و گه‌لی كوردى له‌ خۆراسان و خەبات و ماندوبوونی مامۆستا (تەوەحودی)وه‌ك نموونه‌ بۆ ئه‌مه‌ هێنایه‌وه‌

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ لەم ساڵانەدا له‌باره‌ی زمانه‌وه‌ گلەیی زۆر ده‌كرێت و ئه‌مه‌شی به‌ به‌رپرسیاری هه‌موو تاكێكی كورد زانی، چونكه‌ جاران نە حکوومەت، نە دامودەزگای ڕۆشنبیری هه‌بوو، بەڵام بۆ ھەزاران ساڵ زمان ھەر دەما و گەشەی دەکرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ لەم سەردەمەدا دامودەزگای ڕۆشنبیری ڕۆڵیان لـە پـەرەسـەندنی زماندا زۆرە، بـەڵام مه‌رجی یه‌كه‌می بۆ ھـەستی بەرپرسیاری لای تاکی خوێندەوار گه‌ڕانده‌وه‌.

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێزیان نموونه‌ی ئه‌وه‌ی هێنایه‌وه‌ كه‌ لە شێوه‌زارى کرمانجیی ناوەڕاستدا چەندین شاعیر و نووسەری گه‌وره‌رى وەک: ھەژار، ھێمن، حەسەنی قزڵجی، شوکور مستەفا، مەسعوود محەمەد، عەلائـەدین سەجادی و شێخ محەمەدی خاڵ و لە شێوه‌زارى کرمانجیی سەرووشدا چەندین شاعیر و گه‌وره‌ نووسه‌رى وەک: ئـەمینێ عەڤدال، حەجی جندی، قەناتێ کوردۆ، جگەرخوین، عەرەبێ شەمۆ و محه‌مه‌د ئوزون و لە شێوه‌زارى ھەورامیشدا شاعیری گەورەی وەک مەولەوی و خانای قوبادی هه‌ن كه‌ به‌ سه‌تان په‌رتوكیان دوای خۆیان جێهێشتووه‌ و زمانیان پاراستووه‌ و به‌ پێویستی زانی لاوان بەردەوام ئـەو سەرچاوانە بکەن بە ڕێبەر و ڕێنوێنی خۆیان لە نووسینی زمانی کوردیدا و ستران و فۆلکلۆری کوردی لە ھەموو ناوچەکان ببن بە سەرچاوە بۆ زمانێکی خاوێن و ڕەسەن و پەتی.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ نابێ گوێبیستی ئه‌وه‌ بن زمانی کوردی لە مەترسیدایە، به‌ڵكه‌ دەبێ ڕۆژانە مژدەی ئه‌وه‌ بدرێت کەوا زمانی کوردی ھەر لە گەشەدایە و داوای كرد هه‌موو لایه‌ك ئاگاداری زمانی کوردی بن و بیپارێزن، چونكه‌ زمـان نیشتمانی دووەمه‌ و تەنانەت ئـەو کوردەی نیشتمانی یەکەمیش ون بکات، دەتوانێ بە ھۆی زمانی کوردییە كه‌ نیشتمانى دووه‌مه‌ وەک مرۆڤێکی ســەربەخۆ بەختەوەرانە بژی و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ نموونه‌ی به‌ کوردانی خۆراسان و مامۆستا (تەوەحودی) وه‌ك نوێنەری ناسنامەی کوردبوونی ئـەوان لە ڕێی زمان و کولتوورەوە، هێنایه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ڵێنی دا كه‌ هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانى مامۆستا ته‌وه‌حودی ئه‌وانه‌ی كه‌ چاپ نه‌كراون، چاپ بكرێن.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی له‌ باسی بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستاندا، ئاشكرای كرد هه‌رچه‌ند زیاتر له‌ شەش مانگ بەسەر ھەڵبژاردنی گشتیدا تێپه‌ڕیوه‌ و گلەیی زۆر لە پێکنه‌ھێنانی كابینه‌ى نوێى حکوومەت هه‌یه‌، به‌ڵام دڵنیایی دا كه‌ لایەنە سیاسییه‌كان دواجار ده‌گەنه‌ ڕێککەوتن و به ‌پێویستی زانی پشوودرێژی هه‌بێت و كاتی ته‌واو بده‌رێته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ چارەسەری کێشەکانیان، هه‌روه‌ها ئه‌م دواكه‌تنه‌ی به‌ شتێكی ئاسایی زانی چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌رێمى كوردستان وا ده‌خوازێ و ده‌یانه‌وێت سه‌قامگیریى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى، ته‌بایى و ئاشته‌وایى، بووژانه‌وه‌ى ئابوورى و خۆشگوزه‌رانى هه‌بێت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌تایبه‌تى لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كان به‌شدارى له‌ حكوومه‌تدا بكه‌ن و پێكه‌وه‌ كار بۆ كوردستانێكى به‌هێز و دواڕۆژێكى گه‌شتر بكه‌ن و دڵنیایی دا كه‌ ڕۆژانى خۆشتر چاوه‌ڕێى گەلی کوردستانن.

له‌ كۆتایی وته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كانی چه‌ند ساڵی ڕابردووی كرد كه‌ كاره‌ له‌پێشینه‌كان شه‌ڕی داعش و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی دیكه‌ بوون و وه‌ك پێویست گرنگیی به‌ ئه‌كادیمیای كوردی نه‌دراوه‌، بۆیه‌ به‌ڵێنی دا له‌مه‌ودوا گرنگییه‌كی جددی به‌ ئه‌كادیمیای كوردی بدرێت.

ده‌قی وتاری به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان:

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
به‌یانیتان باش،

سڵاوتان لێ بێ و بەخێرھاتنێکی گەرمی ھەموو لایەکتان دەکەم، بەتایبەتیش بەخێرھاتنێکی گەرمی مامۆستای بەڕێز و خۆشەویست کەلیموڵڵای تەوەحودی دەکەم، زۆر به‌خێر بێی. ھەولێر و ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ھەرێم شانازی بە سەردانی مامۆستا (تەوەحودی)ییه‌وه‌ دەکەن كه‌ ئه‌مڕۆ لێره‌ ته‌شریفی هێناوه‌ بۆ ماڵی خۆی، به‌خێر بێت.

ھەموومان شانازی بە خەباتی ڕۆشنبیری و ھونەریی مامۆستا (تەوەحودی)ییه‌وه‌ دەکەین لەپێناو داھاتوویەکی باشتر بۆ گەلی کوردستان. ئـەوان نموونەی ئـەو ڕۆشنبیرانەن کە مێژووی کوردستان بە شانازییەوە لاپەڕەی زێڕینیان بۆ دەکاتەوە.

دەستخۆشی و سوپاس و پێزانینم بۆ ئـەکادیمیای کوردی بۆ بانگهێشتكردنى مامۆستا (تەوەحودی) و سـازدانی ئـەم ڕێزلێنان و خەڵاتکردنە، کە ڕووداوێکە لە کاتی خۆی و لە شوێنی خۆیدایە، زۆر سوپاس.

ھەروەھا ئـەمڕۆ كه‌ ڕۆژى ڕۆژنامەوانیی كوردییه‌، لەم بۆنەیەدا سڵاو لە یادی مامۆستایان میقداد مەدحەت بەدرخان و عەبدولڕەحمان بەدرخان کە ئـەم دوو گه‌وره‌ ڕۆشنبیره‌ لە ھەندەران و دەربەدەریدا گرینگترین لاپەڕەیان لە مێژووی زمان و ڕۆشنبیری و خەباتی سیاسیی کوردیدا تۆمار کرد.

پـیـرۆزبـایـى لـه‌ سـه‌نـدیـكـاى ڕۆژنـامـه‌نووســان و تــه‌واوى ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان ده‌كه‌م.


ھەر لەم بۆنەیەدا سڵاو بۆ یادی پیرەمێردی نەمر و حوسێن حوزنی موکریانی دەنێرین کە دوو ئـەستێرەی گەشن لە مێژووی ڕۆژنامەوانیی کوردستاندا.


سڵاو لە یادی دەیان ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس و نووسەری کوردستان کە ھەموو ژیانی خۆیان بۆ پاراستنی ناسنامەی زمان و کولتووری کوردی تەرخان کرد، ژمارەیەکیشیان ھەر لەم ڕێگایەدا شەھید بوون وەک دارا تۆفیق، ساڵح یووسفی، شاکر فەتاح و مووسا عەنتەر.


بەڕێزان وەک دەبینن، ئـەگەر ئـێمە لە یادی ڕۆشنبیر و گەورە نووسه‌رانى مێژووی خۆماندا درێژە بە ناوھێنان بدەین، ماوەیەکی زۆری دەوێ و تەواویش نابین.


گەلی کوردستان لەپێناو مانەوەی خۆی و پاراستنی وڵاتەکەیدا، لەوەتەی ھەیە بە ھەموو شێوەیەک خەبات دەکات و خۆی بە دەستەوە نادات. ئـەم خەباتەش ھەر بەردەوام دەبێ تا ئـەو ڕۆژەی دنیای دوور و دەوروبەری نزیک، بوونی ئـێمە دەسەلمێنێ و کوردستان دەچێتە ڕیزی گەلانی دیكه‌ لە ژیانێکی سەردەمییانەدا.

وەک خۆتان دەزانن باوک و باپیرانی ئـێمە بۆ یەک ڕۆژیـش كه‌مته‌رخه‌مییان لە خەبات و پشوودرێژی و بەرخۆداندا نه‌كردووه‌، بەڵکو بەردەوام خاکی وڵاتیان بە خوێنی ڕۆڵه‌كانیان سوور کردووه‌، ئـەمەش بووه‌ مـایەی سەرسامییەکی گـەورە لە مێژوودا  کەوا بۆچی ئـەم خەبـاتە تاکو ئـێستا نەھاتـووەتە بەرھەم و گەلی کوردستان به‌ ڕۆژى خۆى نەگەیشتووە؟!

ھەروەکو مامۆستاى گەورەمان (ئه‌حمه‌دى خانی) سەری سوڕماوە و فه‌رموویه‌تى:

ئـەز مامە د حیکمەتا خودێدا
کورمانج د دەولەتا دنێدا
ئـایا ب چ وەجھی مانە مەحرووم؟
بیلجوملە ژبۆ چ مانە مەحکووم؟

بەڵام سەرەڕای ئـەو ڕابردووە تاڵه‌، ئـێمە گەورەترین شانازیمان لە مێژوودا ھـەیە، ئـەویـش ئـەوەیـە ھەر ماوین و لەناو نەچووین. شانازییەکی لەمەش گەورەترمان ھەیە ئه‌ویش ئـەوەیە كه‌ ئـێمە ھەر بە یەکگرتوویی ماینەوە. نە شێوەی ئـاخاوتن، نە ئـایین، نە مەزھەب و نە ئـاوارەیی دوور لە وڵات، نەیانتوانی ئـێمە لە یەکتر جیا بکەنەوە.

ئـەوانەی کە لەم ھەولێرە، یان لە ھەر شار و دێیەکی نیشتمانی گەورەی کوردستان دەژین، ھەروەھا ئـەوانەش کە لە گوند و بن ڕەشماڵەکانی خۆراساند ژیان بەسەر دەبەن، ھەموو ڕۆژ ھەمان ئازار و هه‌مان دەردیان ھەیە و ئــاخ بۆ داھاتووی کوردستان ھەڵدەکێشن. کورد لە ھەر کوێیەک بێت ھەر بۆ یەک ئـامانج و یەک داھاتوو، درێژە بە ژیانی خۆی دەدات.

مێژوو شاهێدە کەوا لە ڕابردوودا کەس نەیتوانیوه‌ ئـێمە لەناو ببات.  زۆر گەل و میللەتی گەورەتر ھەبوون مێژوو لەناوی بردن، بەڵام ئـێمە ھەر ماوین و تازەش بە کەس لەناو ناچین. بێگومان ئـەم مانەوەیەش بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ زمانی کوردی و دابونەریتی کوردەواری کە ناسنامەی ئـێمەن، ھەروەھا دەگەڕێتەوە بۆ مووزیک و ستران و گۆرانیی کوردی کە ھەستی یه‌كبوون و شانازییان لای تاکی ئـێمە دروست کردووە.

ڕۆشنبیران و لاوانی ئـەمڕۆ دەبێ جارێکی دیكه‌ ئـەو وانه‌یه‌ لە تاقیکردنەوەی مامۆستایانى به‌ڕێزى وه‌ك (تەوەحودی)یەوە فێر ببنەوە کە تەنیا ناسنامەی زمان و کولتوورە ئـێمەیان لە دنیادا ڕاگرتووە و پاراستووە. بۆیە دەبێ بەردەوام وریای ئـەم ناسنامەیە بین و دەوڵەمەندتری بکەین.

زۆر جار گوێمان لێ دەبێت ھەندێ کەس دەڵێن (شاخەکان تاکە دۆستی گەلی کوردن)، بەڵام من دەڵێم: (زمانی کوردی زیاتریش لە شاخەکان کوردی پاراستووە). گەلی کورد لە خۆراسان باشترین بەڵگەیە بۆ ڕاستیی ئـەم قسەیە، ھەروەھا خەبات و ماندوبوونی مامۆستا (تەوەحودی) باشترین بەڵگەیە کەوا تۆمارکردن و پاراستنی کولتوور و مووزیک، دەتوانن گەلێک و نەتەوەیەک بە زیندوویی بھێڵنەوە.

ئـەمڕۆ کە ئـێوەی به‌ڕێز لێرە دانیشتوون، ھەروەھا مامۆستاى ئازیزمان (کەلیموڵڵای تەوەحودی) لەگەڵماندایە، دەمەوێ جەختێکی زیاتر لە پیرۆزیی زمانی کوردی بکەمەوە، بەتایبەتیش کە ئـەمڕۆ ساڵوەگەڕی دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان)ە بەر لە (١٢١) ساڵ.
لەم ساڵانەدا، لەبارەی زمانی کوردییەوە بەردەوام گوێمان لە گلەیی دەبێت.  بێگومان ئـێمە ھەموومان قبووڵ دەکەین کە بەرپرسیار بین، بەڵام ھیچ شتێک ناگاتە ئـەوەی مرۆڤی کورد وەکو تاکێک خۆی بەرپرسیار بزانێت.  جاران نە حکوومەت ھەبوو، نە دامودەزگای ڕۆشنبیری، بەڵام بۆ ھەزاران ساڵ زمان ھەر دەما و ھەر گەشەی دەکرد. لەم سەردەمەدا بێگومان دامودەزگای ڕۆشنبیری ڕۆڵیـان لـە پـەرەسـەندنی زمـاندا یەکجـار زۆرە، بـەڵام ھـەسـتی بەرپرسیاری لای تاکی خوێندەوار مەرجی یەکەمە بۆ زمانی کوردی.

نموونەیەک دەھێنمەوە بۆ گه‌نجان و لاوانی خۆمان:
ئـێمەی کورد لە شێوه‌زارى کرمانجیی ناوەڕاستدا چەندین شاعیر و نووسەری گه‌وره‌رى وەک: ھەژار، ھێمن، حەسەنی قزڵجی، شوکور مستەفا، مەسعوود محەمەد، عەلائـەدین سەجادی و شێخ محەمەدی خاڵمان ھەیە کە سەتان کتێبیان بۆ ئـێمە بەجێ ھێشتووە.

ھەروەھا لە شێوه‌زارى کرمانجیی سەروودا چەندین شاعیر و گه‌وره‌ نووسه‌رى وەک: ئـەمینێ عەڤدال، حەجی جندی، قەناتێ کوردۆ، جگەرخوین، عەرەبێ شەمۆ و محه‌مه‌د ئوزونمان ھەیە، کە ئـەوانیش سەتان سەرچاوەیان بۆ ئـێمە جێھێشتووە.

بێگومان لە شێوه‌زارى ھەورامیشدا شاعیری گەورەی وەک مەولەوی و خانای قوبادیمان ھەیە بۆ پاراستنی زمانەکەمان.

دەبێ لاوانمان بەردەوام ئـەو سەرچاوانە بکەن بە ڕێبەر و ڕێنوێنی خۆیان لە نووسینی زمانی کوردیدا. ھەروەھا دەبێ ستران و فۆلکلۆری کوردی لە ھەموو ناوچەکان ببن بە سەرچاوە بۆ زمانێکی خاوێن و ڕەسەن و پەتی. لەمبارەیەوە مامۆستا (تەوەحودی) شاسوار و مامۆستایەکی گەوره‌یه‌ و خاوەن ئه‌زموونێكى ده‌وڵه‌مه‌نده‌.

نابێ ئـێمە ڕۆژانە گوێمان لەوە ببێتەوە کە زمانی کوردی لە مەترسیدایە، بە پێچەوانەوە دەبێ ڕۆژانە مژدەمان بدەنێ کەوا زمانی کوردی ھەر لە پەرەسەندن و گەشەدایە.

دووباره‌ داواتان لێدەکەم، تکاتان لێده‌كه‌م ئـاگاتان لە زمانی کوردی بێت و بیپارێزن. زمـان نیشتمانی دووەمی ئـێمەیە. تەنانەت ئـەو کوردەی کە نیشتمانی یەکەمیش ون بکات، دەتوانێ بە ھۆی نیشتمانی دووەمەوە کە زمانی کوردییە، ھەر وەک مرۆڤێکی ســەربەخۆ بەخـتەوەرانە بژی. نموونەش خوشک و برا ئـازیزەکانی کوردی خۆراسانن کە ئـەمڕۆ مامۆستا (تەوەحودی) نوێنەری ناسنامەی کوردبوونی ئـەوانە لە ڕێی زمان و کولتوورەوە.

جارێکی تریش سوپاس بۆ ھاتنی مامۆستا تەوەحودی و شاندی ھاوڕێیان، لە ڕێگەی ئـەوانەوە سڵاو دەنێرین بۆ کـوردی کرمانجی خۆراسان و هه‌ر كوردێك له‌ هه‌ر كوێیه‌كى دنیا بێت.

هه‌ر لێره‌وه‌ وێڕاى ده‌ستخۆشى بۆ مامۆستا ته‌وه‌حودى بۆ كار و به‌رهه‌مه‌ جوانه‌كانى، ڕایده‌گه‌یه‌نین: هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانى مامۆستا كه‌ چاپ نه‌كراون، هه‌موویان چاپ ده‌كه‌ین.

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
له‌ كۆتاییدا دەمەوێ لێره‌ قسەیەکی کورتیش لەسه‌ر بارودۆخی ئێستای كوردستان بكه‌م.

لەم ڕۆژانەدا کە نزیكه‌ی شەش مانگ زیاتر بەسەر ھەڵبژاردنی گشتی لە کوردستاندا تێدەپەڕێت، خۆتان دەزانن گلەیی زۆرە لەوەی کە پێکھێنانی كابینه‌ى نوێى حکوومەت دواکەوتووە.
هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ لایەنە سیاسییه‌كان دواجار ھەر دەبێ بگەنه‌ ڕێککەوتن. با ئـێمە وا تێنەگەین کە دیموکراسی ھیچ کێشەی نییە.  لە دیموکراسیدا ئـەوەی کەمی ھێناوە و ئـەوەی زۆریشی ھێناوە وەکو یەک مافیان ھەیە و قسە دەکەن. بۆیە ئـێمە دەبێ پشوومان درێژ بێ و لایەنەکان کاتی تەواویان هه‌بێ بۆ چارەسەری کێشەکانیان.

ئه‌م دواكه‌وتنه‌ ئاسایییه، به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌رێمى كوردستان وا ده‌خوازێ كه‌ كاتى ته‌واو بدرێته‌ پرۆسه‌ى گفتوگۆى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌ت‌، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت سه‌قامگیریى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى، ته‌بایى و ئاشته‌وایى، بووژانه‌وه‌ى ئابوورى و خۆشگوزه‌رانى بۆ وڵاته‌كه‌مان هه‌بێت. ده‌مانه‌وێت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان،  به‌تایبه‌تى لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كان به‌شدارى له‌ حكوومه‌تدا بكه‌ن و پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى كوردستانێكى به‌هێز و دواڕۆژێكى گه‌شتر بۆ وڵاته‌كه‌مان بنیات بنێین.

ئـەوەی بۆ ئـێمە گرنگە ئـەوەیە کە یەکڕیزی و تەباییی ناوخۆمان ھەبێ، هه‌روه‌ها پاراستنی تەبایی لەگەڵ دەوروبەردا. ئـێمە بە پشتیوانیی ئـێوە ھەوڵ دەدەین گرژی و ناتەبایی لە داھاتوودا ڕوونەدەن. دڵنیا بن ڕۆژانى خۆشتر چاوه‌ڕێى گەلی کوردستانن، ھەموومان بە گەشبینییەوە چاوەڕوانی داھاتوویه‌كی باشین و پێكه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێین بەرەو كوردستانێكی به‌هێز بۆ هه‌موولایه‌كمان.

ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌ قسه‌كانی مامۆستا نه‌جات بده‌م كه‌ له‌ سه‌ره‌تا باسی كرد، ده‌مه‌وێ دڵنیای بكه‌مه‌وه‌، بێگومان ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوو كه‌مته‌رخه‌می كراوه‌ له‌ گرنگیدان به‌ پرسی ئه‌كادیمیای كوردی و ئه‌و كارانه‌ی كه‌ جه‌نابیان باسی كرد، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ ئێمه‌ به‌ ڕۆژانی زۆر ناخۆش و سه‌ختدا تێپه‌ڕین، هه‌ندێك بابه‌ت هه‌بوون كه‌ له‌ كاره‌ له‌پێشینه‌كانی ئێمه‌ بوون وه‌ك شه‌ڕی داعش و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی دیكه‌، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌مه‌ودوا ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌بێته‌ بابه‌تێكی سه‌ره‌كی و گرنگییه‌كی جددیشی پێده‌ده‌ین، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام ده‌ده‌ین و ئه‌و كێشانه‌ی هه‌تانه‌ بۆتانی چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین، له‌وه‌ دڵنیا بن.


جارێكی دیكه‌ به‌خێرهاتنێكی گه‌رمی مامۆستا ته‌وه‌حودی ده‌كه‌م كه‌ له‌ خۆراسانه‌وه‌ ته‌شریفی هێناوه‌ و دوێنێش سه‌ردانی كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌فی كرد و دوعای بۆ ئێمه‌ش كردووه‌.
به‌خێربێی مامۆستا سه‌رچاوان
زۆر سوپاس



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان