حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 16 APR 2024 18:24 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

سریلانكا كونسوڵخانه‌ی فه‌خریی خۆی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه‌

WED, 29 NOV 2017 18:02 | KRG Cabinet

به‌ڕێز باڵیۆزی سریلانكا له‌ عیراق ئاماژه‌ی به‌وه كرد به‌ر له‌ ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك باڵیۆزی وڵاته‌كه‌ی له‌ عیراق، به‌ڕێز ڕانێل ویكرمیسینگه‌ ـ ی سه‌رۆك وه‌زیرانی سریلانكا زۆر به‌ڕێزه‌وه‌ باسی هه‌رێمی كوردستانی بۆ كردووه‌ و ڕایسپاردووه‌ له‌ ده‌رفه‌تێكدا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات و ڕێز و سڵاوی به‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بگه‌یه‌نێت.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 29/11/2017 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز میرانجا ئاسۆكا رانسینگ باڵیۆزی سریلانكا له‌ عیراق و به‌ڕێز ئه‌حمه‌د جه‌لاله‌ددین كونسوڵی فه‌خریی سریلانكا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ریان كرد.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز رانسینگ سوپاسی هاوكارییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد له‌ كردنه‌وه‌ی كونسڵخانه‌ی فه‌خریی وڵاته‌كه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستان و هیوای خواست له‌ داهاتوودا ببێته‌ كونسوڵخانه‌ی گشتی. ئاماده‌ییی خۆیشی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كان به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووریدا نیشان دا، چونكه‌ ئه‌وان ده‌خوازن په‌یوه‌ندییه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت و پێشكه‌وتنه‌ به‌رده‌وامه‌كانی  هه‌رێمی كوردستانیشی به‌رز نرخاند.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌ڕێز ڕانێل ویكرمیسینگه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی سریلانكا كرد بۆ هه‌رێمی كوردستان و پیرۆزبایی له‌ به‌ڕێز باڵیۆزی سریلانكا و كونسوڵی فه‌خریی سریلانكا كرد به‌ كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌ی فه‌خریی وڵاته‌كه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستان و پاڵپشتیی حكوومه‌تی هه‌رێمی بۆ كاره‌كانیان نیشان دا و هیوای خواست له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا كونسوڵی گشتیی وڵاته‌كه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ست به‌كار بێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ خه‌ڵك و حكوومه‌تی سریلانكا ده‌ربڕی و باسی له‌و نه‌هامه‌تیانه‌ كرد كه‌ له‌‌ ڕابردوودا ڕووبه‌ڕوویان بوونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها هیوای خواست په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووریدا له‌نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سریلانكادا هه‌بێت و ئاماده‌ییی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر ئاسانكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌مباره‌یه‌وه‌ نیشان دا.