دواى كۆبوونه‌وه‌ى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى و شاندى باڵاى یاوه‌رى له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا كه ئه‌مڕۆ شه‌ممه 2/12/2017 له كۆشكى ئه‌لیزێ له پاریس به‌ڕێوه چوو، به‌ڕێزان سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیى هاوبه‌شیان ئه‌نجام دا. سه‌ره‌تا له لێدوانێكدا سه‌رۆك ماكرۆن گوتى:
"سوپاسی به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وه‌زیرانى هەرێمی کورستان دەکەم بۆ سەردانەکەی ئەمڕۆیان. دەمەوێت دۆستایەتیی فەڕەنسا و پابەندبوونمان بە ڕێزگرتن لە مافی گەلی کورد نیشان بدەم لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵ، دیموکرات و یەکگرتوودا، کە ڕێز لە فرەڕەنگییەکەی ده‌گرێت، هەروەها دەمەوێت ئەوەیان پێبڵیم کە ئێمه چەند تێکۆشانی ئەوانمان لە دژی تیرۆر به‌رز ڕاگرتووه.
پێشمەرگە لەتەک هێزە فیدراڵییه‌کانی عێراقدا بەوپەڕی هۆشیاری و لێهاتووییەوە بۆ عێراق و هەموو جیهان شەڕی دژی داعشی کرد. ئەمڕۆش دیسان ڕێز لەو کارەی ئەوان دەگرین، لە هەمان کاتدا سوپاسیان دەکەین بۆ پێشوازیکردن لەو ژمارە زۆرەی ئەو ئاوارانەی لە دەستی دڕندایهتیى داعش ڕایانکردووە. ئێمه بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گفتوگۆمان لەبارەی قۆناخی دوای ڕیفراندۆمى 25ی ئەیلوولی ڕابردوو بوو، کە لە کوردستانی عێراق بەڕێوە چوو. وەک ئەوەی لە 5ی ئۆکتۆبەر بە بەڕێز حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراقم گوت، لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانییش جەختم لەسەری کردەوە، کەوا هەڵوێستی فەڕەنسا ئەوەیە مافە دەستوورییەکانی کورد بدرێت و لەو چوارچێوەیەدا حکوومەتێکی گشتگیر هەبێت.
فەڕەنسا جەخت لەسەر دوو شت دەکاتەوە: بوونی عێراقێکی بەهێز و یەکپارچەییی خاكی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە زۆر گرنگە. لە ڕوویه‌کی دیکەشه‌وه، ڕێزگرتنێکی تەواو هەبێت بۆ پرۆسەکە بەپێی دەستووری 2005ی عێراق و ڕێزگرتن لە فرەڕەنگی لە عێراق و ناوچه‌كه‌دا. ئەو ئاگربەستەی لە کۆتاییی مانگی ئۆکتۆبەر لە باکووری عێراق ڕاگەیه‌نرا، هەنگاوێکی ئەرێنی بوو، لەو چوارچێوەیەشدا دەبێت بەهێزتر بکرێت.
ڕێزگرتنەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تێڕوانینی دادگای فیدراڵی دەربارەی یەکپارچەییی وڵات لەو چوارچێوەیه‌دا جێگای دەستخۆشییە. ئەوانەش هۆكارن كه به‌ره‌و ئاراسته‌ی ڕاست ده‌ڕۆن. ئەمڕۆ فەڕەنسا وای دەبینێت کە دیالۆگێکی نیشتمانیی بنیاتنەر دەتوانرێت دەست پێبکرێت. پێویستە ئەو دیالۆگەش ئەو دوو ئامانجە دابین بکات کە باسم کردن.
پێویستە دیالۆگەکە لەسەر چوار خاڵی بنەڕەتی بنیات بنرێت لە چوارچێوەی ڕێزگرتنی تەواو لە دەستووری 2005:
یەکەم: پێویستە دان بە ڕەوایەتیی بوونی خاڵە سنوورییەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی فیدڕاڵ‌دا بنرێت.
دووەم: وەک ئەوەی بەڕێز عەبادی پابه‌ندیی خۆی ده‌ڕبڕی كاتێك ئۆکتۆبەر لە پاریس بوو، پێویستە هەنگاو بە هەنگاو تەواوی میلیشیاکان چەکیان لێ دابماڵرێت، بەتایبەت حەشدی شەعبی کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا دامەزراوە. واتە تەواوی میلیشیاکان لە عێراق دەبێت هەڵبوەشێنرێنەوە.
سێیەم: ئەوەیە هاوسەنگییەک لە بودجە و دابەشکردنێکی دادوەرانە بەپێی دەستوور هەبێت کە ڕێگای ژیان بە تەواوی هەرێمەکان بدات.
خاڵی کۆتایی ئەوەیە کە ماددە دەستوورییەکانی پەیوەندار بە ناوچە جێناکۆکەکانهوه جێبەجێ بکرێن، بەتایبەت ماددەی 140ی دەستوور.
لەو چوارچێوەیەدا، هیوادارم ئەو دیالۆگە نیشتمانییە بنیاتنەرە هەرچی زووە دەستی پێبکرێت و فەڕەنساش هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی عێراق یەکپارچە بێت و بە تەواوی دان بە کورد و مافەکانیاندا دەنێت لەو چوارچێوەیەدا.
تەحەدای پێش هەموومان ئەوەیە ڕێگە به عێراق و لە نێویشیدا به کوردستانی عێراق بدرێت ڕێگای ئارامی و ئاشتی بدۆزێتەوە، ئه‌وه‌ى تەواوی خەڵکی عێراق شایستهیهتى، كه نرخێكی به‌رزی دا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تۆتالیتاریزمی داعش. لەم چوارچێوەیەشدا یەکگرتووییی گه‌لی کورد شتێکی جەوهەرییە، بوونی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران قوباد تاڵەبانی ئەمڕۆ لەنێو شاندەکە لەگەڵ سەرۆک وه‌زیران، نیشانه‌ى ئه‌مه‌یه. بوونی كوردستان له ناو عێراقێكی یه‌كگرتوودا، كوردستانێكی به‌هێز ده‌بێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی.
ئه‌وه‌ی به‌لاى فهڕهنساوهگرنگه و منیش خوازیار بووم ئه‌وه بوو، له‌دوای سه‌ردانه‌كه‌ی به‌ڕێز عه‌بادی له ئۆكتۆبه‌ری ڕابردوو، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمی كوردستان و جێگری سه‌رۆك وه‌زیران له پاریس پێشوازییان لێ بكه‌ین.
فەڕەنسا هەموو هەوڵێک دەدات نەک تەنها بۆ دەستپێکردنی دیالۆگێکی نیشتمانی، بەڵکو هەوڵی سه‌ركه‌وتنیشی دەدات لە هه‌فته و مانگەکانی داهاتوودا بۆ به‌ده‌ستهێنانی یه‌كپارچه‌ییی عیراق و سه‌قامگیری له ناو عیراقدا.
ئینجا دواى ئه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى له لێدوانێكدا گوتى:
"ده‌مه‌وێ سه‌ره‌تا سوپاسی ئه‌و پێشوازییه‌ی به‌ڕێزیان بكه‌م كه ئه‌مڕۆ له كۆشكی ئه‌لیزێ له شاندی هه‌رێمی كوردستانی كرد. سوپاسی فه‌ڕه‌نسا ده‌كه‌ین بۆ هه‌موو ئه‌و هه‌ڵوێسته مێژووییانه‌ی به‌رامبه‌ر گه‌لی كوردستان و گه‌لی عێراق هه‌یبووه. سوپاسی فه‌ڕه‌نسا ده‌كه‌ین بۆ هه‌موو ئه‌و هاوكارییانه‌ی له شه‌ڕی دژی تیرۆرستانی داعشدا پێشكه‌ش به عێراق و هه‌رێمی كوردستانیان كرد. پابه‌ندیی جه‌نابی سه‌رۆك كه ئه‌مڕۆ له كۆشكی ئه‌لیزێ پێشوازی لێكردین، نیشانه‌ی ئه‌و دۆستایهتییهیانه بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و پێمانوایه فه‌ڕه‌نسا ده‌توانێت ڕۆڵێكی بنه‌ڕه‌تی ببینێت له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانمان له‌ناو عێراق و كێشه‌كانی ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا.
به سێ چوار خاڵ بیروبۆچوونی خۆمان به جه‌نابی سه‌رۆك گه‌یاند، یه‌كه‌میان پابه‌ندیی ئێمه‌یه به‌رامبه‌ر به عێراقێكی یه‌كگرتووی فیدراڵ كه ڕێز له ده‌ستوور و یاساكانی وڵات بگرێت و پێمان ڕاگه‌یاند هیچ كێشهیهكهمان نییه به‌پێی ده‌ستووری عێراق له بابه‌تی ده‌سته‌ڵاتی فیدراڵی له خاڵه سنوورییه‌كان و ئاماده‌ین بۆ گفتوگۆیه‌كی بنتیانهر بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌كان و ئارامی له ناوچه‌كه له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا. پێشتریش هه‌ڵوێستی خۆمان له‌سه‌ر بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی داوه و ڕامانگه‌یاندووه كه ڕێزی بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی عێراق ده‌گرین.
سوپاسی جه‌نابی سه‌رۆك ده‌كه‌ین بۆ پابه‌ندیی خۆیان به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عیراق. پێمانوایه ئه‌و ڕۆڵه زۆر گرنگه تا بتوانین له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه لێكگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش. جارێكی دیكه سوپاسی جه‌نابی سه‌رۆك ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و پێشوازییه و به‌ناوی گه‌ل و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سوپاسی هه‌موو ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی جه‌بانی سه‌رۆك و فه‌ڕه‌نسا و گه‌لی فه‌ڕه‌نسا ده‌كه‌ین".
پاشان له وه‌ڵامی پرسیارێكدا ده‌رباره‌ی هه‌وڵه‌كانی فه‌ڕه‌نسا و یه‌كێتیی ئه‌ورووپا بۆ لادانی ئه‌و گه‌مارۆیانه‌ی له‌لایه‌ن به‌غداوه له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی سهپینراون و ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ و دیالۆگ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌ڕێز سه‌رۆك ماكرۆن ڕایگه‌یاند:
"بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی، چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه، بۆیە پێموایە ئێستا ڕێگایەکی بنیادنه‌ر هەیە بۆ ئەوەی بگەنە ئەو چارەسەرە. ئەمە یەکێک بوو لە تەوەری گفتۆگۆی ئەمڕۆی نێوانمان هەروەک پێشتر پێتانم ڕاگەیاند.
چارەسەرکردنی کێشەکان بە ئاماده‌ییى لایەنەکان دەکرێت، هەروەها ئەم چارسەرەش پێویستی بە ئیرادەیه‌کی بەهێزی نێشتیمانی هەیە بۆ دەستپێکردنی دیاڵۆگێکی بەهێز و بنیاتنەر لە عێراق لەنێوان حکوومەتى عێراق کە لەلایەن سەرۆک وەزیران عەبادییهوه بەڕێوە دەبرێت، هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەژێر سایەی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ى عێراق. پێویستە ئەم دیالۆگە لەسەر بنەمای پابه‌ندبوونی هەردوو لایەنەکە بەڕێوە بچێت.
سوپاسی سەرۆکی حكومه‌ت و جێگرەی سه‌رۆكی حكومه‌ت دەکەم کە ئەمڕۆ ڕەزامەندیان نیشان دا بۆ میكانیزمێك به‌ره‌و ئه‌م ئاراسته‌یه و داننان به دەستەڵاتی فیدراڵی لە خاڵە سنوورییەکان. پێموایە لەسەر ئەم بنەمایە ده‌كرێت دیاڵۆگێکی بنیادنه‌ر به‌ڕێوه بچێت و وابكات هه‌موو ئابڵۆقه‌كان نەمێنێن و ئاڵوگۆڕی دادپه‌روه‌رانه‌ى دارایی لەنێوان هەرێمە جیاوازەکانی عێراقدا ده‌ستپێبكاته‌وه.
فەڕەنسا هیوای خواست کە له لایه‌ك شه‌رعیه‌ت بدات به سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی، هه‌روه‌ها هانى ئەم گفتوگۆیه بدات، بەتایبەتی دوای دیدارمان لەگەڵ سه‌رۆك وه‌زیران عەبادی نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر. پێموایە ئەم نەوە نوێیە یەکگرتوو و تەبایەی سەرکردەی کورد، بەرپرسیارێتیەکی مێژوویییان لەم چوارچێوەیەدا لەسەر شانە و من بڕوام پێیان هەیە. هەروەها بڕوام بە عەبادییش هەیە کە لە بەرژەوەندیی یەکگرتووییی عێراق به‌ره‌و هه‌مان ئاراسته بێت. لەسەر کۆبۆنەوەی ئەمڕۆش دەمەوێ قسە لەگەڵ عەبادی بکەم و فهڕەنسا ئامادەکاریی تەواو دەکات کە گفتۆگۆی نیشتیمانی لە عێراق سەرکەوێت.
ده‌رباره‌ی پرسی ڕیفراندۆم و لێكه‌وته‌كانی، هه‌وڵه‌كانی فه‌ڕه‌نسا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و لێكه‌وتانه و په‌یوه‌ندیكردن به عیراق له‌مباره‌یه‌وه، به‌ڕێز ماكرۆن ئاشكرای كرد:
"سەبارەت بە پرسیاری یەکەم، بێگومان ئەوە بۆ سەرۆک وەزیران بارزانی جێدەهێڵم تا بە وردەکاریی زیاترەوە وەڵامتان بداتەوە، بەڵام پێویستە پێتان بڵێم کە ڕێزگرتنى حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق ده‌رباره‌ی یه‌كگرتووییی وڵات، خۆی له خۆیدا وەڵامی پریاسیارهكه له خۆی هه‌ڵده‌گرێ و پێموایە ئەم نیازپاكییهى له‌دوای ڕیفراندۆمیش نیشان دراوە، لەگەڵ ئامانج و چاوەڕوانییەکانی سەرۆک وەزیران عەبادیشدا یەکدەگرنەوە.
کاتێک لەگەڵ سه‌رۆك وه‌زیران عەبادی قسە ده‌كه‌م، باسی ئەم دیدارەی بۆ دەکەم و باسی ئه‌و نه‌رمییه‌ى بۆ ده‌كه‌م كه سەرۆک وەزیران و جێگره‌كه‌ی ئاماده‌ن بینوێنن، بەتایبەت سه‌باره‌ت به پرسی خاڵە سنوورییەکان. هەروەها باسی ئەو کارانەی بۆ دەکەم کە لای ئێمە جێگای دڵەڕاوکێن، بەتایبەتی ئەوانەی کاریگەرییان لەسەر یه‌كپارچه‌ییی عێراق هەیە، هەروەها جێبەجێکردنی یەکسانی خاڵ و بەندەکانی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ و دەستپێکردنی دانوستان لە نزیکترین کاتدا، هەروەک ئۆکتۆبەری ڕابردوو کاتێک لە پاریس بوو پێم ڕاگەیاندبوو کە پێوستە دەست بەگفتۆگۆ بکەن. بە دڵنیاییەوە ئەمجارەش لەم چوارچێوەیەدا هەرچییەکی سەبارەت بە عێراق بۆ من گرنگە، پێیڕادەگەیهنم. بۆ من هەبوونی عێراقێکی بەهێز، ئاشته‌وا و فرەڕەنگ کە دان بە مافی هەموو پێكهاته‌كاندا دەنێت، مه‌رجه بۆ سه‌قامگیریی ئێستا و مه‌وداى مامناوه‌ند.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى گوتی:
"سه‌باره‌ت به ڕیفراندۆم ئێمه له قۆناغێكی نوێداین و ئه‌و بابه‌ته كۆتایی هاتووه، ئێمه وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆچوونی خۆمان ده‌ربڕیوه و ڕێزمان له بڕیاری دادگای فیدراڵی عیراق گرتووه و ئێستا پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كه ئایا ده‌مانه‌وێت ئارامی له عێراقدا هه‌بێت یان نا؟. ئێمه وه‌ك هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ین له چوارچێوه‌ی عێراقێكی یه‌كگرتوودا كێشه‌كانمان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین و ئه‌و پابهندییهشمان به جه‌نابی سه‌رۆك ڕاگه‌یاندووه كه ئاماده‌ین به‌پێی ده‌ستوور له بابه‌تی بوونی ئه‌وان له خاڵه سنوورییه‌كان هاوكاریی به‌غدا بكه‌ین".
له وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا ده‌رباره‌ى ئاماده‌نه‌بوونی به‌غدا بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و كاریگه‌ریی ئه‌و سه‌ردانه بۆ ده‌ستپێكردنی ئه‌و گفتوگۆیانه، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد: "هیوادارین كێشه‌كانمان له چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن. ئه‌وان ئاماده بن، ئێمه‌ش ئاماده‌ین بۆ ئه‌نجامدانی گفتوگۆ".