حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 19 APR 2024 03:45 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

نێچیرڤان بارزانی: یه‌كڕیزیی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌غدا به‌رز ده‌نرخێنین

TUE, 5 DEC 2017 18:33 | KRG Cabinet

دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 5/12/2017ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان باسی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ دوا پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌، عیراق، هه‌رێمی كوردستان و نێوده‌وڵه‌تی كرد.

سه‌ره‌تا به‌ڕێزیان باسی سه‌ردانی شاندی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ فه‌ڕه‌نسا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ به‌ڕیز ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا كرد و گوتی "له‌ كۆبوونه‌وه‌كانماندا له‌ فه‌ڕه‌نسا ئه‌و خاڵانه‌مان دووپات كردنه‌وه‌‌ كه‌ زۆر جار باسمان كردوون‌، یه‌كه‌میان پابه‌ندبوونی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌ یه‌كێتیی خاكی عێراقه‌وه‌، دووه‌میان چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراقدا، ده‌ستوورێك، ‌گه‌ر بمانه‌وێ ئارامی و ئاسایش و خۆشگوزه‌رانی بۆ هه‌موو خه‌ڵكی عیراق دابین بكرێت، یه‌كه‌م مه‌رج ئه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌م ده‌ستووره‌ كه‌ هه‌موو گه‌لی عیراق ده‌نگی بۆ داوه‌، وه‌كو یه‌ك جێبه‌جێ بكرێت".

هه‌روه‌ها گوتى: "ئه‌وه‌مان دووپات كرده‌وه‌ كه‌ ده‌مانه‌وێ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا چاره‌سه‌ر بكرێت و پابه‌ندیی خۆشمان به‌ دیالۆگێك كه‌ بتوانێت ئێمه‌ بگه‌یه‌نێته‌ چاره‌سه‌رێك له‌گه‌ڵ به‌غدا، دووپات‌ كرده‌وه‌ و ڕێزی خۆشمان بۆ بڕیاره‌كانی دادگای فیدرالی عیراق له‌وێ له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا باس كرد،‌ جیا له‌ باسكردنی كۆمه‌ڵێك بابه‌تی دیكه‌. به‌ سوپاسه‌وه‌ جه‌نابی گوێی لی گرتین و دووپاتی كرده‌وه‌ ئاماده‌یه‌ ئه‌وه‌ی له‌ توانایدا بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و یه‌كێتیی خاكی عیراقدا ئه‌نجامی بدات و دووباره‌ سوپاسی به‌ڕێزیان ده‌كه‌م".

هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆش ئاشكرای كرد "ئه‌مڕۆ پێشوازیمان له‌ پارێزگای نوێی سلێمانی كرد و له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سوێندی یاسایی خوارد. جارێكی دیكه‌ پشتگیریی خۆمان بۆ به‌ڕێزیان دووپات‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ و هیوادارین سه‌ركه‌وتوو بێت و بتوانێت خزمه‌تێكی باش به‌ پارێزگای سلێمانی و هاووڵاتیانی خۆمان له‌و پارێزگایه‌ بكات".

"بابه‌تێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه،‌ پێشتر وه‌زیری ناوخۆمان بۆ ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتێك له‌سه‌ر دۆخی ئاواره‌كانی كه‌ركووك و دووزخورماتوو ڕاسپاردبوو، ئه‌مڕۆ ڕاپۆرته‌كه‌ی پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كرد. لێره‌وه‌ جارێكی دیكه‌ داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نیوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین یارمه‌تیی ئاواره‌كان بدات و داوا له‌ هه‌موو ڕێكخراوه‌كانى‌ مرۆیی و مافی مرۆڤیش ده‌كه‌ین به‌په‌له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و پێشێلكارییه‌ یاساییانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌و ناوچانه‌ كراوه‌ به‌تایبه‌تی له‌ دووز. داوا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ین زیاتر بێته‌ سه‌ر هێل كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ وه‌ك پێویست نه‌هاتۆته‌ سه‌ر هێڵ و هه‌موو لایه‌كیان هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌و كاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ بچووك پیشان بده‌ن".

"ڕووی قسه‌م له‌ یۆنامی و ڕێكخراوه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤی وه‌ك ئه‌منستی ئینته‌رناشیوناله و داوایان لێده‌كه‌م به‌په‌له‌ دۆسیایه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و پێشێلكارییه‌ یاساییانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ دووزخورماتوو ئه‌نجام دراوه‌ و حكوومه‌تی عیراقیش له‌مباره‌یه‌وه‌ یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی ئه‌م تاوان و سه‌رپێچییه‌ یاساییانه‌یان ئه‌نجام داوه‌، بگه‌نه‌ سزای خۆیان. به‌هۆی ئه‌و كاره‌ساتانه‌وه‌ زیاتر له‌ سه‌د هه‌زار كه‌س ئاواره‌ بوون كه‌ پێویستییان به‌ یارمه‌تی هه‌یه‌، به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا وه‌ك پێویست له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ یارمه‌تی نه‌دراون".

هه‌روه‌ها گوتى: "سوپاسی فراكسیۆنه‌كانی كوردستان له‌ به‌غدا ده‌كه‌ین كه‌ له‌سه‌ر بابه‌تی بودجه‌ و ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی له‌ناو یاسای بودجه‌دا هه‌یه‌ و ده‌ستووری نین، هه‌موویان به‌ یه‌ك ده‌نگ به‌یاننامه‌یه‌كیان ده‌ركرد. ئه‌م یه‌كڕیزییه‌ جێی خۆشحاڵی و سوپاسه‌ و لێره‌وه‌ ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌م و هیوادارم بۆ به‌رگریكردن له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتری كار بكه‌ن و یه‌كگرتوو و یه‌كڕیز بن كه‌ به‌داخه‌وه‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عیراق زۆر پێشێلكاری تێدایه‌".

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا ده‌رباره‌ی ده‌ستپێشخه‌ری فه‌ڕه‌نسا بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و دیاریكردنی كاتێك بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكان، به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا: "به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ زۆر به‌ جددی ده‌ستپێشخه‌ریی فه‌ڕه‌نسامان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا وه‌رگرتووه‌ و هیوادارین هه‌موولایه‌ن ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ جددی وه‌رگرن، له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان و پارته‌ كوردستانییه‌كانیش قسه‌ ده‌كه‌ین تا له‌م بابه‌ته‌دا بگه‌ینه‌ كۆده‌نگییه‌ك. هیچ كاتێك بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكان دیاری نه‌كراوه،‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا گوتی من له‌گه‌ڵ به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بای سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق قسه‌ ده‌كه‌م بزانم هه‌نگاوه‌كانی دوای ئه‌وه‌ چ ده‌بێت، تا ئێستا ئێمه‌ له‌ هه‌نگاوه‌كان ئاگادار نه‌كراوینه‌ته‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌بوونی په‌یامێكی سیاسی له‌ چوونی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ فه‌ڕه‌نسا به‌ ڕێگه‌ی توركیاوه‌ و هۆكاری ئه‌نجامنه‌دانی سه‌ردانه‌كه‌ به‌ ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا و بوونی هیچ دیدارێكیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی توركیا، به‌رێز سه‌رۆك وه‌زیران ئاشكرای كرد "زۆر خۆشحاڵ ده‌بووین بمانتوانیبا له‌ به‌غداوه‌ سه‌ردانه‌كه‌مان ئه‌نجام بدابا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌كرا و به‌هۆی ئه‌و ئابڵوقه‌یه‌ی كه‌ حكوومه‌تی فیدراڵ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانی داناوه‌، نه‌مانتوانی".

زیاتیش گوتى: "به‌ سوپاسه‌وه‌ وڵاتی توركیا هه‌موو ئاسانكاریه‌كییان بۆ ئه‌م سه‌ردانه‌ی شاندی هه‌رێمی كوردستان‌ كرد، په‌یوه‌ندیی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ توركیا به‌رده‌وامه‌ و نه‌پچڕاوه‌، هه‌ر كاتێك پێویست به‌ قسه‌كردن و كۆبوونه‌وه‌ و دیدار هه‌بێت، ئه‌وان ئاماده ‌بوون، ئێمه‌ خۆشحاڵ ده‌بین ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ توركیا به‌رده‌وام بێت و هیوادارم په‌یوه‌ندییه‌كانیش له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئاسایی ببنه‌وه".

ده‌رباره‌ی بوونى هیچ گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند "تا ئێستا هیچ گفتوگۆیه‌كی ته‌كنیكی و سیاسی له‌نێوان ئێمه‌ و به‌غدادا نییه‌. چه‌ندین جار ئه‌وه‌مان دووباره‌ كردۆته‌وه‌ و خه‌ڵكیشمان بێزار كردووه‌ كه‌ ده‌ڵێین ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ گفتوگۆ، دووباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئاماده‌ین بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراقدا، به‌ڵام تا ئێستا هیچ گفتوگۆیه‌ك له‌نێوان ئێمه‌ و به‌غدادا نییه‌ و ئه‌وان ئاماده‌ نین، ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ ئاماده‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ نه‌كردنه‌وه‌ی دوو ده‌راوه‌زی سنووری له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ تاران، گوتى: "ئێران تا ئێستا دوو ده‌روازه‌ی نه‌كردۆته‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانیشمان له‌گه‌ڵ تاران به‌رده‌وامه‌ و قسه‌ و دیدارمان له‌گه‌ڵیان هه‌یه‌ و هیوادارین ئه‌م ده‌روازانه‌ش بكرێنه‌وه‌، چونكه‌ به‌ بۆچوونی ئێمه‌ هیچ به‌هانه‌یه‌ك بۆ به‌داخراوه‌یی مانه‌وه‌ی ده‌روازه‌كان نه‌ماوه‌ و كردنه‌وه‌یان له‌ به‌رژوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و ئێراندایه‌ و هیوادارین به‌ زووترین كات ئه‌م ده‌روازانه‌ بكرێنه‌وه‌ و خه‌ڵك بتوانێت وه‌ك جاران هه‌م كاری بازرگانی و هه‌م هاتووچۆ بكه‌ن. له‌مباره‌یه‌وه‌ قسه‌و دیدارمان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌یه‌".

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: سه‌رۆك ماكرۆن باسی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق قسه‌ ده‌كات، به‌ڵام تا ئێستا ئێمه‌ ئاگادار نه‌كراوینه‌ته‌وه‌ و بڕوام وایه‌ له‌م یه‌ك دوو ڕۆژه‌ له‌وه‌ ئاگادار ده‌كرێینه‌وه‌ كه‌ هه‌نگاوه‌كانی دوای ئه‌مه‌ چی ده‌بن. سه‌باره‌ت به‌ دیاریكردنی واده‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان، تا ئێستا دیداره‌كانمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ كۆتا نه‌هاتوون و له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكدا واده‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دیاری ده‌كه‌ین. بۆچوونی ئێمه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان دیاری بكه‌ین، چونكه‌ وه‌ك پێشتریش گوتوومه‌ خودی ئه‌م كابینه‌یه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم پابه‌نده‌ به‌ درێژكردنه‌وه‌ی دوو خولی ته‌شریعیی په‌رله‌مان. دوای كۆتاییهاتنی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دیاری ده‌كه‌ین".

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا ده‌رباره‌ی چوونی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی "كاتێك باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق سه‌ردانی كردین، باسی له‌ میكانزمێكی هاوبه‌ش كرد كه‌ ئێستا له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یانه‌، ئێمه‌ پێمان گوتن گه‌ر به‌ به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان نه‌بێت، بێگومان ئه‌و میكانزمه‌ كه‌موكورتی تێدا ده‌بێت. دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ جێبه‌جێكردنی هه‌ر میكانزمێك له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان به‌شێك بێت له‌ میكانزمه‌كه‌‌ و به‌پێی ده‌ستووریش ئه‌مه‌ ڕاستتره‌، ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ نێوان هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و به‌غدا هه‌یه‌ به‌ میكانزمێكی كه‌موكورتی ده‌زانین و پێمانوانییه‌ ئه‌مه‌ ڕاست بێت".

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ گوتى: "ڕێگه‌ی دروست ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت هێزه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش له‌گه‌ڵیان به‌شدار بن و پێشتریش ئه‌وه‌مان دووپات كردۆته‌وه. پێشوازی له‌ میكانزمێكی سێقۆڵیی نێوان هاوپه‌یمانان و هه‌رێمی كوردستان و عیراق ده‌كه‌ین له‌و سنوورانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ دروست نه‌بێت، چونكه‌ زۆر ڕوونه‌ ئه‌و شوێنانه‌ ناوچه‌ی ناكۆكن و گفتوگۆیان له‌سه‌ره‌ و مادده‌یه‌كی ده‌ستووریشمان هه‌یه‌ كه‌ نه‌خشه‌ڕێگای چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی دیاری كردووه‌ و هیوادارین به‌ هه‌موولایه‌ك بتوانین ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌ و ماده‌ ده‌ستوورییه‌ جێبه‌جێ بكه‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عیراقیش به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران گوتی: "ئه‌گه‌ر بودجه‌یه‌ك به‌م شێوه‌یه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ تێپه‌ڕێنرێت، نه‌بێت باشتره‌، چونكه‌ پڕۆژه‌یاسایه‌كی زۆر زۆر خراپه‌ و له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی نافه‌رمیی بیروبۆچوونه‌كانی خۆمان به‌ IMF ڕاگه‌یاندووه‌ و هه‌موو زانیارییه‌كانمان پێشكه‌ش كردوون. عیراق پیویستی به‌ یاسای بودجه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی هه‌موو عیراق بێت، نه‌ك ته‌نیا حزبێك یان به‌شێك له‌ عیراق، هیوادارین پێداچوونه‌وه‌ به‌وه‌دا بكرێته‌وه‌ و نه‌بوونی بودجه‌ش‌ به‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر هه‌موو عیراق ده‌زانین نه‌ك ته‌نیا بۆ لایه‌نیك".

ده‌رباره‌ی هۆكاری ده‌ستپێنه‌كردنی گفتوگۆی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ كاتێكدا هه‌ردوولا ده‌ڵێن ئاماده‌ن، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "پێویسته‌ ئه‌و پرسیاره‌ له‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بكه‌ن كه‌ بۆ ئاماده‌ نییه‌ گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ بكات؟. بۆ زانیاریتان تا ئێستا هیچ گفتوگۆیه‌ك له‌نێوان ئێمه‌ و به‌غدا نییه‌، ئه‌وان وای پیشان ده‌ده‌ن كه‌ گفتوگۆیه‌كی ته‌كنیكی هه‌یه‌، به‌ڵام ڕاست نییه‌ و هیچ گفتوگۆیه‌ك له‌سه‌ر هیچ ئاستێك نییه‌. هه‌ڵوێستی ئێمه‌ ڕوونه‌ و ده‌مانه‌وێت ئه‌م گفتوگۆیه‌ ده‌ستپێبكات، ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئاماده‌ن، ئێمه‌ش ئاماده‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ كردنه‌وه‌ی ڕێگه‌كانی مه‌خموور و كه‌ركووك و شوێنه‌كانی دیكه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی هاووڵاتیان بۆ شوێنه‌كانیان، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند "ئه‌مه‌یان بابه‌تێكی ئه‌منی بوو تا ئێستا، پێمانوایه‌ ئێستا ده‌توانین بیر له‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕێگایانه‌ بكه‌ینه‌وه‌ و بێگومان ده‌شكرێنه‌وه،‌ چ له‌گه‌ڵ مه‌خموور یان مووسڵ یان كه‌ركووك و شوێنه‌كانی دیكه‌، پێداچوونه‌وه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌ین".

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شكردنی سووته‌مه‌نی به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا، به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد: "ئه‌گه‌ر بمانتوانیبا بێگومان سووته‌مه‌نیمان به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌ش ده‌كرد، به‌ڵام پێشتر و له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی دیكه‌شدا گوتوومه‌ ئێمه‌ له‌ دۆخێكی یه‌كجار زۆر سه‌ختداین و ڕه‌وشه‌كه‌ ئاسان نییه‌ و زۆر زه‌حمه‌ته‌، به‌ڵام بێگومان ئه‌گه‌ر پێمان كرابا و بمانتوانیبا بیكه‌ین، ئه‌نجاممان ده‌دا".

ده‌رباره‌ی بوونی فشارێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ده‌ستپیكردنی گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی "ئه‌وه‌ی ئێستا به‌غدا له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌یكات، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ ڕیفراندۆمه‌وه‌ نییه‌ و هه‌مووشمان ئه‌مه‌ ده‌زانین. ئه‌وه‌ی پێویستبووه‌ گوتوومانه‌ و ئه‌وه‌ی ده‌بوایه‌ بیكه‌ین كردوومانه‌. ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئێستا له‌ به‌غدا په‌یڕه‌و ده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دان بۆ تێكدانی قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان، ده‌رفه‌تێكیان بۆ هاتۆته‌ پێش و له‌ شێوه‌ی داڕشتنی بودجه‌ی عیراقیشدا ئه‌م سیاسه‌ته‌ زۆر به‌ ڕوونی دیار كه‌وتووه‌".

هه‌روه‌ها گوتى: "كێشه‌ی ئێمه‌ ته‌نیا داخستنی فڕۆكه‌خانه‌ نییه،‌ له‌چاو ئه‌و هه‌موو كێشانه‌ی له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه‌، كێشه‌ی داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كان زۆر بچووكه‌، ئه‌وان داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كان و بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك فشار بۆ سه‌ر هاووڵاتیانی هه‌رێمی كورستان ده‌زانن. پێویسته‌ جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی خۆی بكات وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران. ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا ده‌یكات دژی به‌شێكی هاووڵاتیانی عیراقه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستانه‌ و چاوه‌رێی ئه‌وه‌ی لێناكه‌ی به‌م شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ بكات، پێمانوایه‌ ده‌بێت به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتیانیدا هه‌ست به‌و به‌رپرسیاره‌تییه‌‌ بكات".

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕوونى كرده‌وه‌: "فڕۆكه‌خانه‌كان داده‌خه‌ن كێشه‌ بۆ كێ دروست ده‌بێت؟ بۆ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ دروست ده‌بێت كه‌ سه‌ردانی وڵاتان ده‌كه‌ن و باری ته‌ندروستییان باش نییه‌ و پێویستییان به‌ چاره‌سه‌ره‌ له‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌مه‌ ڕاست نییه‌ كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بكات، به‌ڵام ئێستا ئه‌مه‌ى پێده‌كرێت و ده‌یكات. له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆك ماكرۆن باسی هه‌موو شته‌كانمان كردووه‌، باسی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستانمان كردووه‌، خودی بانگهێشتی جه‌نابی سه‌رۆك ماكرۆن بۆ سه‌ردانی شاندی هه‌رێمی كورستان، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت ڕۆڵێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا بگێڕێت".

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكى دیكه‌دا ده‌رباره‌ى دۆخى دووزخورماتوو، به‌رێز نێچیرڤان بارزانی گوتی "دووزخوورماتوو له‌ده‌ست ئێمه‌دا‌ نییه‌ تا بتوانین هیچی بۆ بكه‌ین. داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و جیهان ده‌كه‌ین، یارمه‌تیی خورماتوو بده‌ن. سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانی وڵاتانی دیكه‌ی هاوپه‌یمانیش، بێگومان گه‌ر داوه‌تمان بكه‌ن سه‌ردانی ئه‌و وڵاتانه‌ش ده‌كه‌ین".