حکومەتی هەرێمی كوردستان
THU, 25 APR 2024 01:14 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

وته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وه‌ڵامى عه‌بادى ده‌داته‌وه‌

WED, 3 JAN 2018 23:15 | KRG Cabinet

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكى نووسراودا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 3/1/2018 به‌ڕێز سه‌فین دزه‌یى وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وه‌ڵامى دوایین لێدوانه‌كانى به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقى فیدراڵى دایه‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

دوێنێ سێشەممە 2/1/2018 بەڕێز حەیدەر عەبادی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، چەند بابەتێكی دەربارەی ڕێژەی بەرهەمهێنان و فرۆشی نەوتی هەرێمی كوردستان و مووچە و چەند پرسێكی دیكەی لەسەر هەرێمی كوردستان ورووژاند.

لە كاتێكدا هەوڵێكی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ دەسپێكردنی دیالۆگ و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ هەیە، هەروەها دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو چەند ئاماژەیەكی ئەرێنیمان لە بەغداوە بینی و هەستمان بە كەشێكی ئەرێنی بۆ دەسپێكردنی دیالۆگ كرد و شاندێكی حكوومەتی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد، دیسان لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا بەڕێز سەرۆك وەزیران بە زمانێك كە خزمەتی ئەو كەش و ئاڕاستە ئەرێنییە ناكات قسەی كرد و كۆمەڵێك زانیاریی ناڕاستی دەربارەی چەند پرسێكی پەیوەندار بە هەرێمی كوردستانەوە خستە ڕوو.

پێمان وایە دانیشتن و گفتوگۆی جددی، ڕێگەی ڕاستی چارەسەركردنی كێشه‌كانە، نەك قسە و لێدوانی ڕۆژنامەوانی كەوا بۆ نزیكەی سێ مانگە بەردەوامە و بە كردەیی هیچی لێ بەرهەم نەهات. جاری دووەمە لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكانیدا بەڕێز عەبادی باس لە بەرهەمێهێنان و فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات و ژمارەی نادروست دەخاتە ڕوو، بۆیە لەمبارەیەوە ڕوونیدەكەینەوە كە:

1. دواى ئه‌وه‌ى سه‌ره‌تاى 2014 حكوومەتی عێراق بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە هەناردەكردنی نەوت كرد و لەوساوە تا ئێستا داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ پێدانی مووچە خەرج دەكرێت.

2. هەردوو ساڵی 2014 و 2015 لە هەرێمی كوردستان به‌ داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ مووچە بەبێ پاشەكەوت دراوە، ساڵانی 2016 و 2017ش دوای پەیڕەوكردنی ناچاریی سیستمی پاشەكەوت، بڕی (12) ترلیۆن و (77) ملیار و (764) ملیۆن دینار بۆ مووچە خەرج كراوە كە هه‌مووى له‌و داهاته‌ بووە.

3. بەڕێز عەبادی دەڵێت: مانگی (10)ی 2017 هەرێمی كوردستان ڕۆژانە (450) هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە. لای هەمووان ئاشكرایە، پاش ڕووداوەكانی 16/10/2017 هەردوو كێڵگەی ئاڤانا و بای حەسەن كە ڕۆژانە بە تێكڕای (250) هەزار بەرمیل نەوتی هەبووە، كەوتنە ژێر دەستی حكوومەتی عێراق و كۆمپانیای نەوتی باكوور و لەوساوە هەناردەكردن لەو دوو كێڵگەیە ڕاوەستاوە، لەو بەروارەشەوە ئیتر هەرێمی كوردستان داهاتەكەی بۆتە نیوە.

4. له‌ دواى 16/10/2017ـه‌وه‌ تا كۆتایى ساڵى 2017 تێكڕای هه‌نارده‌ى نەوت لە هەرێمی كوردستان بریتییە لە (265) هه‌زار و (970) بەرمیل نه‌وتى ڕۆژانه‌ كە بە نرخی برێنت نەفرۆشراوە و داهاته‌كه‌ى ناكاتە دوو تریلیۆن دینار وەك بەڕێز عەبادی ئیدیعای دەكات.

5. وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2014ـەوە تاكو كۆتاییی 2016 ڕاپۆرتی مانگانەی بەرهەمهێنان و فرۆش و داهاتی نەوتی خستۆتە ڕوو. لە سەرەتای ساڵی 2017یشەوە كۆمپانیای جیهانیی (دیلۆیت) وردبینیی ته‌واوى پرۆسه‌كه‌ ده‌كات كه‌ بەم زووانە ڕاپۆرتی شەش مانگی یەكەمی 2017 ده‌خاته‌ ڕوو. ئەو ژمارانەی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوی دەكاتەوە و بەڕێز سەرۆك وەزیران ئاماژەی پێدەدات، وردبینی نەكراون و جێگەی گومانن، چونكه‌ لە ساڵی 2016 بەدواوە ئەندامیەتیی عێراق لە دەستپێشخەریی شەفافیەتیی نێودەوڵەتی (EITI) بەهۆی جێبەجێنەكردنی پێوەرەكانی شەفافیەتی نەوتەوە هەڵپەسێردراوە.

6. مووچەی یەك مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (850) ملیار دینارە، له‌گه‌ڵ پاشەكەوتی ناچارییش ئینجا نزیكەی (600) ملیار دینارە بۆ هه‌ر مانگێك، كه‌چى بەڕێز عەبادی ده‌ڵێت تەنها (300) ملیار دینارە. هه‌روه‌ها داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێمی كوردستانى بۆ سێ مانگی كۆتاییی 2017ی بە (544) ملیار دیناری عێراقی دیاری كردووە كه‌ نرخی نه‌وتى برێنته‌، له‌ كاتێكددا نه‌ نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و نه‌ نه‌وتى عێراقیش به‌ نرخى برێنت نافرۆشرێن!‌. نازانین سەرچاوەی ئەم زانیارییە ناڕاستانەی بەڕێز عەبادی چییە و چۆن دەتوانێت پشتڕاستی بكاتەوە؟!

7. بەراوردكردن و هاوتاكردنی تێچووی نەوت لە هەرێم و عێراق نادروست و ناڕەوایە كە بەڕێز عەبادی بە (11) هەزار دیناری عێراقی داناوە. بەڕێز عەبادی خۆی باش ئەوە دەزانێت گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان گرێبەستی بەشداریكردنن لە بەرهەمهێنان، نەك گرێبەستی خزمەتگوزاری وەك ئەوانەی عێراق كە تەمەنی بلۆكەكانی دەیان ساڵه‌. جگه‌ له‌وه‌ى تەنها لە پڕۆژە ‌بودجەی ساڵی 2018ی عێراقدا بڕی (28) تریلیۆن و (770) ملیار دینار بۆ خەرجیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و كۆمپانیا نەوتییەكان له‌ عێراق تەرخان كراوە، كه‌چى هیچ بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان دابین نەكراوە، پابەندیش كراوە ڕۆژانه‌ (250) هەزار بەرمیل نەوت هه‌نارده‌ بكات!.

8. لە بودجەی 2018ى عێراقدا (334) ملیار دینار بۆ مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان دانراوه‌، كە بە پاشەكەوتیشه‌وه‌ ئینجا ده‌كاته‌ نیوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان. ئه‌م ڕێژه‌یه‌ لە بودجەی عێراقی فیدراڵی بۆ ساڵی 2017دا (497) ملیار دینار بوو، هۆكاری ئەم كەمكردنەوەیە دیار نییە، لە كاتێكدا ژمارەی فەرمانبەران هەمان ژمارەیە و هیچ گۆڕانكارییەك لە مووچە و دەرماڵەكانیاندا ڕووی نەداوە.

9. لەگەڵ بڕینی بودجەی هەرێم لە سەرەتای ساڵی 2014ـەوە، وەزارەتی نەوتی عێراقیش ناردنی بەرهەمی نەوتی بۆ هەرێمی كوردستان ڕاگرت كه‌ مافی دەستووریی خۆیەتی بەپێی ژمارەی دانیشتوان، لە پاڵاوتنی نەوت لە عێراق سوودمەند بێت و پێویستی بە (300) ملیۆن لیتر سووتەمەنی هەیە، كه‌چى حكوومه‌تى فیدراڵ تەنها بڕی (30) ملیۆن لیتری ناردووە، ئەمە وێڕای ئەوەی تا ئێستا جووتیارانی هەرێمی كوردستان شایستەی داراییی خۆیان لە ساڵی 2014 تا 2017 وەرنەگرتووە كە دەكاتە (733) ملیار دیناری عێراقی.

10. هەرچی پەیوەندیداریشە بە ناردنی دەرمانەوە، لە ساڵی 2015ـەوە تا ئێستایشی لەگەڵدا بێت، هیچ كاتێك هەرێمی كوردستان 100%ی پشكی خۆی وەرنەگرتووە و ئەوەی وەریگرتووە بە تێكڕایی لە 60% تێپەڕی نەكردووە.

11. سەبارەت بە خەرجكردنی مووچەی هەندێك بەڕێوەبەرایەتیی دیاریكراو، وەك بەنداوەكان، ڕەگەزنامە و ئیقامەیش‌، ئەوانە هەر خۆیان فەرمانگەی فیدراڵین لە هەرێمی كوردستان و بەپێی دەستوور مووچەیان لەسەر حكوومەتی عێراقە. ئەگەر بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوەكانیش بە نموونە وەربگرین، ژمارەی فەرمانبەرانیان ته‌نیا (429) فەرمانبەرە و مووچەی مانگانەیان (389) ملیۆن دینارە.

سەفین دزەیی
وتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان
3/1/2018

 



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان