پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 25/1/2018 له په‌راوێزى به‌شداریكردنى له كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان له داڤۆس، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ژۆن ئیڤ لۆدریان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ڕه‌نسا كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز لۆردیان خۆشحاڵیى خۆى به گفتوگۆ و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و پشتگیرى بۆ پرۆسه‌كه ده‌ربڕى و هیواى خواست تا گه‌یشتن به ئه‌نجامێكى باش و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، دیالۆگ به‌رده‌وام بێت. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه ئه‌وان له كۆنفرانسى كوێت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق به‌شدارى ده‌كه‌ن و نیازیان وایه به‌رله‌وه، یانیش دواى ئه‌وه سه‌ردانى به‌غدا و هه‌ولێر بكه‌ن.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵى به‌م دیداره، سوپاس و پێزانینى گه‌ل و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌ڕێز سه‌رۆك و حكوومه‌ت و گه‌لى فه‌ڕه‌نسا دووپات كرده‌وه كه هاوكار و پشتیوانى هه‌رێمى كوردستان بوون، به‌تایبه‌تیش هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆك ماكرۆن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا. هه‌روه‌ها پابه‌ندیى هه‌رێمى كوردستانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له ڕێگه‌ى دیالۆگ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق دووپات كرده‌وه.
به‌ڕێزیان پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى گفتوگۆ و كارى هاوبه‌شى لیژنه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ و دوایین سه‌ردانى خۆیان بۆ به‌غدا پێشكه‌ش كرد و ڕوونیكرده‌وه كه گرنگه ئه‌و پرۆسه‌یه‌ى له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا ده‌ستى پێكردووه، بگاته هه‌ندێك ئه‌نجامى كرده‌یى له به‌رژوه‌ندیى هه‌ردوولادا، هه‌روه‌ها تیشكى خسته سه‌ر پێشهاته سیاسییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن.
دۆخى ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمى كوردستان، به‌تایبه‌تیش كریستیان و ئێزدییه‌كان و هاوكاریكردنیان و قۆناغى دواى داعش و داهاتوو، لایه‌نێكى دیدكى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.