حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 19 APR 2024 13:20 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

قوباد تاڵەبانی بەشداری سیمینارێکی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لە عێراق و کوردستان کرد

SAT, 24 FEB 2018 18:02 | KRG Cabinet

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ، 2018/2/24، بەڕێز قوباد تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەوەکالەت، لە سلێمانی، بەشداری لە سیمینارێکی فراوانی نوێنەرایەتیەکانی ئێران لە عێراق و کوردستان، کرد، بە ئامادە بوونی ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە عێراق و نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و کونسڵ و بەرپرسانی نوێنەرایەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق و کوردستان.

لە سیمینارەکە باس لە پەیوەندییە دووقۆڵیەکان کرا و جەخت لە پتەو کردنی زیاتریان کرایەوە، هەروەها ڕەوشی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە بە گشتی خرایە بەر باس، بەرژەوەندیە ئابووریەکانی هەردوولاش تەوەرێکی تری سیمینارەکە بوون.

مەسجدی ئامادەیی حکومەتی ئێرانی دەربری بۆ بەردەوام بوونی هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و زیاتر برەودانی ئەو هەماهەنگیە لەبوارە جیاجیاکاندا لە بەرژەوەندی گەلانی هەردوولا.

دواتر بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەوەکالەت سوپاسی کردن بۆ ئەو پێشوازیە گەرمە و باسی لە گرنگی ڕۆڵی ئێران کرد لە بنیاتنانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت و عێراق بە گشتی، هەروەها ئەماژەی بەوەدا کە ئێران هەمیشە ڕۆڵێکی میانرەوانەی لە دروستکردنی ئاشتەوایی وبەرقەرار بوونی ئاسایش لە ناوچەکە بە گشتی بینیوە وداوای لێکردن لەسەر هەمان شێوە کارکردن بەردەوام بن لە پێناو بەرژەوەندی گشتی گەلانی عێراق و کوردستان و ناوچەکە.

دووپاتیشی كردەوە حکومەت و گەلی ئێران لە ڕۆژە سەختەکاندا پشت و پەنای کورد بوون و دەرگایان واڵا بووە لە پێناو سوود گەیاندن بە گەلەکەمان و دەرباز بوونی لەو مەینەتیانەی کە تووشی بووە لە ڕابردوو و ئێستاش.

بەڕێز قوباد تاڵەبانی باسی لە چاکسازیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ڕۆژ  بە ڕۆژ زیاتر هەنگاوەکانی چاکسازی جێگیر دەبن و سەرباری ئەو قەیرانە داراییەی کە رووبەروومان بۆتەوە هێشتا هەنگاوەکانی بنیاتناوەی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی دەستێکی باڵایان هەبووە لەو بنیاتنانە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد حکومەتی هەرێم کار بۆ ئەوە دەکات کە سەرچاوی داهاتی دارایی فراوان بکات و تەنها پشت بە نەوت نەبەستێت، لەو ڕوەوە پێویستمان بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت بۆ برەودان بە پیشەسازی و کشتوکاڵی هەرێم کوردستان بە تایبەت ئێران ئەزمونێکی سەرکەوتووی هەیە لەو بوارانە و چەندین ساڵە جگە دابینکردنی پێداویستیەکانی هاوڵاتیانی خۆیان، قەبارەیەکی گەورەش لە کاڵاکانیان هەناردەی دەرەوە دەکەن وئابووریەکی بەهێزیان هەیە لە ئێستادا.

قوباد تاڵەبانی باسی لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و داوای لە  بەرپرسانی ئێران کرد کە وەک هەمیشە ڕۆڵێ خۆیان ببینن ئەوەشی خستەڕوو  هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و یەکگرتوو سودی زیاتر بۆ ئێران بەتایبەت وگەلانی ناوچەکە بەگشتی دەبێت، حكومەتی هەرێمیش هەموو کات دەرگای دانوستاندنی کراوە بووە و داوای چارەسەر کردنی کێشەکانی کردووە لەسەر بنەمای دەستوور.

دووپاتیشی كردەوە  پێویستە لە ئێستادا لایەنە کوردستانیەکان لە هەموو کات زیاتر یەکدەنگ بن و خۆیان ئامادە بکەن بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق لە پێناو چەسپاندن و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانمان کە لە دەستوری عێراق جێگیر کراون.

دواتر کونسڵ و نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق ستایشی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد کە هاوکار و هەماهەنگ بووە لەگەڵیان و چەند پرسیارێکیان ئاڕاستەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی کرد بە مەبەستی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییە ئابوورییەکان و بەڕێزیان وەڵامی دانەوە و ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێم ستایشی ڕۆڵی گرنگی کۆمپانیا ئێرانیەکان دەکات کە دەستێکی باڵایان هەبووە لە بوژاندنەوەی ئابوری کوردستان.