Kurdistan Regional Government


 

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی به‌لجیكا له‌ عێراق و ئوردن ده‌كات

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 11/4/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز هندریك ڤان دی فیڵدی، باڵیۆزی به‌لجیكا له‌ عێراق و ئوردن و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا، سه‌ره‌تا به‌ڕێز باڵیۆزی به‌لجیكا به‌ناوی خۆی و حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی پێشكه‌ش به‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ كۆچی دواییی خوالێخۆشبوو دلۆڤان ئیدریس بارزانی ـی برایان، دواتر باس له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و گفتوگۆكانی هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و قۆناغی دوای داعش، كرا.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و پێشكه‌شكردنی سه‌ره‌خۆشی له‌ شاندی میوان كرد، پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق، قۆناغی دوای داعش، پرسی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ قۆناغی ئێستا پێشكه‌ش كرد. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كاندیدا هه‌وڵه‌ چاكسازییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ره‌وپێشچوونی دیالۆگی له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ شاندی میوان خسته‌ ڕوو.

تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ دۆخی ناوچه‌كه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.