حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 19 APR 2024 21:37 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

حکومەتی هەرێم پڕۆژەی "خزمەت" جێبەجێ دەکات

THU, 12 APR 2018 15:13 | KRG Cabinet

 

لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم، جێگری سەرۆک وەزیران پرۆژەیەکی ستراتیجی بەناوی (خزمەت)، بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان، دەخاتە روو، جەختیش دەکاتەوە کە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە باشترین شێوە خزمەتی هاوڵاتیانی بکات.

ئەمڕۆ ١٢-٤-٢٠١٧، لەهەولێر، بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، بەمەبەستی خستنە ڕووی ناوەڕۆک و چۆنیەتی جێبەجێ کردنی پرۆژەیەکی ستراتیجی بەناوی (خزمەت)، لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم و وستافی پرۆژەی خزمەت، کۆبوویەوە.

جێگری سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی دەستپێکردنی پرۆژەی خزمەت و هۆکارەکان و گرنگی پەیڕەو کردنی ئەو پڕۆژەیەی خستەروو وەک بەشێک لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم، جەختیشی کردەوە کە مەبەست لە جێبەجێکردنی تەنها باشتر خزمەت کردنی هاوڵاتیانە. وتیشی " ئەرکی حکومەت بریتیە لە پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان و گەیاندنی خزمەتگوزاریە تایبەت و گشتیەکانە".

ئاماژەی بەوەشدا کە خزمەت هەموو ئەو کارانە دەگرێتەوە، تایبەت و گشتی، کە حکومەتی هەرێم پێشکەشی هاوڵاتیانی دەکات و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان هەیە.

قوباد تاڵەبانی وتیشی "ئامانجەکانی پڕۆژەی خزمەت بریتیە لە باشتر کردنی ئاستی خزمەت و کەمکردنەوەی ڕۆتینە لە داموودەزگاکانی حکومەتی هەرێم لەکاتی ئەنجامدانی مامەڵەی هاوڵاتیان".

هەروەها ئەوەشی وت کە " پێویستە حکومەتی هەرێم لە ڕووی قەبارەو و ژمارەی وەزارەتەوە بچوک بکرێتەوە و بەهەیکەلیەتێکی نوێ و گونجا کارەکانی خۆی بکات وخزمەت بکات".

دواتر داوای لە بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتەکان کرد، هاوکار بن لەگەڵ تیمەکانی پڕۆژەی خزمەت بۆ ئەوەی لە نزیکترین دەرفەتدا بتوانن ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بکەن لەهەموو داموودەزگاکانی حکومەت و ڕۆتین کەم بکرێتەوە وبە باشترین شێوە خزمەتەکان پێشکەش بکرێن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەش، بەڕێوبەری دیوانی وەزارەتەکان سەرنج و تێبینی و پرسیارەکانی خۆیان خستە ڕوو و لەلایەن بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران وەڵام درانەوە.

دواتر سەفین غەفور ڕاوێژکاری جێگری سەرۆک وەزیران لە لێدوانێکدا وتی " هەموو تیمەکان و پرۆگرامی پڕۆژەی خزمەت ئامادەیە بۆ جێبەجێ کردن و خزمەتکردنی هاوڵاتیان، هەموو تواناکانیشمان دەخینە گەڕ بۆ ئەوە بەزووترین کات لە سێکتەرە جیا جیاکان و دامودەزگاکانی حکومەت بەو سیستەمە نوێیە کار بکرێت".