Kurdistan Regional Government


 

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ ئه‌میندارى گشتیى یه‌كێتیى زانكۆ عه‌ره‌بییه‌كان كرد

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 30/8/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز عه‌مرو عیزه‌ت سه‌لامه،‌ ئه‌میندارى گشتیى یه‌كێتیى زانكۆ عه‌ره‌بییه‌كان و وه‌زیرى پێشووى خوێندنى باڵا و توێژنه‌وه‌ى زانستى و ته‌كنۆلۆژیا له‌ میسر كرد كه‌ دواى ئه‌وه‌ى مانگى ڕابردوو له‌ پۆستى تازه‌یدا ده‌ستبه‌كار بووه‌، ئه‌م سه‌ردانه‌ى بۆ هه‌ولێر یه‌كه‌م سه‌ردانیه‌تى و دواتر سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانیان، ئاماده‌یى حكوومه‌ت و زانكۆكان و لایه‌نه‌ په‌یه‌وه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هه‌موو هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى زانكۆ عه‌ره‌بییه‌كان دووپات كرده‌وه‌ و بایه‌خ و گرنگیپێدانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان و پێشخستنى ئاستى خوێندنى باڵا و زانكۆكان له‌ هه‌رێمى كوردستان خسته‌ ڕوو كه‌ یه‌كێك له‌ كاره‌ له‌پێشینه‌كانى حكوومه‌ته‌.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز ئه‌میندارى گشتیى یه‌كێتیى زانكۆ عه‌ره‌بییه‌كان، تیشكى خسته‌ سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ى خۆى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى زانكۆكان و سه‌ردانى چه‌ند زانكۆیه‌كى هه‌رێمى كوردستان، سه‌رسامیى خۆیشى بۆ ئاستى خوێندنى باڵا و چه‌ند زانكۆیه‌ك له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربرى، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێتیى زانكۆ عه‌ره‌بییه‌كان له‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.

تاوتوێكردنى ئاست و به‌رنامه‌كانى خوێندنى باڵا له‌ زانكۆكانى وڵاتانى عه‌ره‌بى و چۆنیه‌تیى به‌ره‌وپێشبردنیان، له‌گه‌ڵ چه‌ند بابه‌تێكى دیكه‌ى په‌یوه‌ست به‌ پرسه‌كانى ڕۆژه‌وه‌، لایه‌نێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.