پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 11/9/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له شاندێكی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكی به سه‌رۆكایه‌تیی ژه‌نه‌راڵ پۆل فانك كرد كه به‌مه‌به‌ستی كۆتاییهاتنی كار و ئه‌ركه‌كانی و ناساندنی شوێنگره‌كه‌ی، سه‌ردانی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیان كردبوو.
له دیدارێكدا ژه‌نه‌راڵ فانك سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكه‌ش به حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و داموده‌زگاكانی كرد بۆ هاوكارییان له كار و ئه‌ركه‌كانی و پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی پاراستنی سه‌قامگیری و هاوكارییكردنی وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه له ڕاهێنانی پێشمه‌رگه و ڕێكخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌ت، پێشكه‌ش كرد. له هه‌مان كاتدا به‌ڕێزیان ژه‌نه‌راڵ پۆل جۆزێف لاكامێرای به به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ناساند كه له‌مه‌ودوا له شوێنی ئه‌و وه‌ك فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له عێراق و سووریا ده‌ست به‌كار ده‌بێت و هیوای خواست ئه‌و ئاسانكاری و هاوكارییه‌ی پێشكه‌ش به‌و كراوه، بۆ شوێنگرهكهشی به‌ردوام بێت.
لای خۆیه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ڕۆڵی ژه‌نه‌راڵ فانكی كرد له ڕابردوودا و دڵنیای كرده‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به‌رده‌وام ده‌بن له هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر له ناوچه‌كه‌دا بنه‌بڕ بكرێت، هه‌روه‌ها سوپاسی هه‌وڵه‌كانیانی كرد له بواری ڕێكخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ هه‌ردوو به‌ڕێزان ژه‌نه‌رال فانك، ژه‌نه‌راڵ لاكامێرای خواست له ئه‌ركی نوێیاندا و هه‌ر ئاسانكاری و هاوكارییه‌كی بۆ ئه‌رك و كاره‌كانی شوێنگره‌كه‌ی دووپات كرده‌وه.
تاوتوێكردنی بارودۆخی ناوچه‌كه به‌گشتی و پرۆسه‌ی سیاسی و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق و هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و دۆخی ئه‌منیی ناوچه‌كه، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.