حکومەتی هەرێمی كوردستان
SAT, 20 APR 2024 05:12 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

قوباد تاڵەبانی: بوژانەوەی ئابوری کوردستان بەبەھێزترکردنی کەرتی تایبەت دەکرێت

SAT, 29 SEP 2018 15:47 | KRG Cabinet

ئه‌مڕۆ شەممە ٢٩/٩/٢٠١٨ بەئامادەبوونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی گەورەترین پرۆژەی گەنجینەی بازرگانی ھاوچەرخ لەپارێزگای سلێمانی،  لەنزیک گوندی ژاڵەی سەروو لەعەربەت دانرا.

لەو مەراسیمەدا کەلەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانییەوە رێکخرابوو، بەڕێز قوباد تاڵەبانی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەیەکی ھێندە ستراتیژی لەم کاتەدا بەھەنگاوێکی دڵخۆشکەر زانی بەوپێیەی ئەوە بەدی دەھێنێت کەدەڵێین کوردستان بەرەو پێشەوە دەڕوات.

لەبارەی گرنگیی پرۆژەکەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و سلێمانی، بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران گوتی: جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە، ژێرخانێکی تۆکمە دادەمەزرێنێت بۆ کوردستان و سلێمانی، کە یارمەتیدەر دەبێ بۆ چەندین کەرتی جیاوازی وەک پیشەسازی، کشتوکاڵ، بازرگانی، ھاوردە و ھەناردەکردن، بەتایبەت بۆ شاری سلێمانی کە لە شوێنێکی ستراتیژیدایه‌ و دەتوانین ئێرە بکەینە ناوەندێکی بەھێز بۆ گەشەپێدانی ئابوری بۆ ھەموو کوردستان.

به‌ڕێز جێگری سەرۆک وەزیران جەختیشی لەوەکردەوە کە ئەو گەنجینانە پارێزگاری لەشتومەک و کاڵا دەکات و دەشتوانێ پارێزگاری لەبەرھەمی کشتوکاڵی بکات، تا بتوانین بەرووبومی کشتوکاڵی بۆ زیاتر لەوەرزێک ھەڵبگرین و لەئایندەدا پێداویستیی بازاڕی خۆمان و عێراقیش پڕ بکەینەوە.

به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی دووپاتیشیکردەوە کە ئەم پرۆژەیە پێویستییەکی تری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر دەکات ئەویش ڕەخساندنی ھەزاران ھەلی کارە بۆ گەنجان و بێکاران و بۆ ئەوانەش کە سوود لەو گەنجینانە دەبینن.

لەبارەی چۆنیەتیی برەودان بە کەرتی تایبەت و پلانی حکوومەت لەوبارەیەوە، به‌ڕێز جێگری سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند: باوەڕم بەبووژانەوەی ئابووریی کوردستانە لەڕێی بەھێزترکردنی کەرتی تایبەتەوە، حکوومەت دەبێ سیاسەتی ڕوونی ھەبێ و یارمەتیدەربێ و لەڕێی یاسا و ڕێنماییەکانییەوە کار بۆ وەبەرھێنەران و بەڵێندەران و بازرگانان ئاسان بکات تا بتوانن کاری خۆیان بکەن، ئابورییەکی بەھێز بە ئابورییەکی سەربەخۆ دەکرێت، بەجۆرێک کەرتی تایبەت دەبێ بەتایبەت بکرێت، ئێمەش لە حکوومەت بەفیعلی ھاوکاربین. وتیشی: لەو دۆخی دارایی و ئابورییەی چەند ساڵی رابردوودا، ئێوەی وەبەرھێنەران زیانێکی گەورەتان بەرکەوت، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە نیشانەی ئەوەیە کوردستانەکەمان بەرەو باشی دەبەین بەوەش ئابووریی کوردستان بەرەو باشتر دەڕوات، بازاڕ گەرمتر دەبێ، دۆخی دارایی حکوومەت بەرەو باشتر دەچێ و دەتوانێ خزمەتگوزارییەکی زۆر باشتر لەئێستا بگەیەنێت بەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
 



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان