نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 4/10/2018 له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، باسی له پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان له هه‌رێمى كوردستان و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به دۆخی ئێستای به‌غدا و هه‌رێمی كوردستانه‌وه كرد.
سه‌ره‌تای كۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌كه، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له وته‌یه‌كدا گوتی "هه‌روه‌ك ئاگادارن ڕۆژی 30/9/2018 پرۆسه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووی هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه چوو، ئه‌م پرۆسه‌یه به شێوه‌یه‌كی هێمنانه و ڕێك‌وپێك له ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام درا كه جێی خۆشحاڵیی هه‌م گه‌لی كوردستان و هه‌م كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش بوو و له هه‌موو لایه‌كه‌وه پیرۆزبایی له سه‌ركه‌وتنی ئه‌و پرۆسه‌یه كرا. لێره‌وه سوپاسی هه‌موو گه‌لی كوردستان ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها سوپاسی لایه‌نه سیاسییه‌كانیش ده‌كه‌م كه هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵیان دا به شێوه‌یه‌كی هێمنانه و دیموكراسی و دوور له دروستكردنی هیچ كێشه‌یه‌ك ئه‌م پرۆسه‌یه به‌ڕێوه بچێت، هیوادارم كۆمسیۆن له نزیكترین كاتدا ئه‌نجامی به‌راییی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ڕابگه‌یه‌نێت".
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا به‌ڕێزیان گوتی "بێگومان سه‌ركه‌وتنی ئه‌م پرۆسه‌یه سه‌ركه‌وتنی گه‌لی كوردستانه، سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسییه كه گه‌لی ئێمه چه‌ندین ساڵه بڕیاری له‌سه‌ر داوه بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان و هیوادارین له داهاتووشدا هه‌میشه ئه‌م پرۆسه‌یه به شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه و دیموكراسیانه له وڵاتی ئێمه‌دا به‌ڕێوه بچێت. ئه‌وه‌ی یه‌كجار زۆر گرنگه ئه‌نجامه‌كان به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، پێویسته هه‌موو ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به‌تایبه‌تی هاووڵاتیانی خۆشه‌ویستی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رچاویان بێت، ئه‌وه‌یه كه باری سه‌قامگیری و تێكدانی ئاسایشی خه‌ڵك له‌به‌رچاو بگرن و كارێكی زۆر ناشرینه كه شتێكی وا ده‌كرێت به هه‌ر شێوه‌یه‌ك ده‌ست به ته‌قه‌كردن ده‌كه‌ن به حساب ته‌قه‌ی خۆشییه. ئه‌وه ته‌قه‌ی خۆشی نییه، به ڕاستی ئه‌وه دیاره‌ده‌یه‌كه تا بڵێی ناشرینه له وڵاتی ئێمه و هیوادارم و داوا ده‌كه‌م له ڕێگه‌ی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه‌وه ئارامی و سه‌قامگیری و ئاسایشی خه‌ڵك به هیچ شێوه‌یه‌ك له كاتی ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان جا به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، تێك نه‌ده‌ن. هه‌روه‌كو وتم سه‌ركه‌وتنی ئه‌م پرۆسه‌یه، سه‌ركه‌وتنی گه‌لی كوردستانه".
دواتر له وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به ناكۆكییه‌كانی یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار و ورده‌كاریی ئه‌م پرسه، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ڕایگه‌یاند "ڕاستیی چوونی ئێمه بۆ به‌غدا بۆ شه‌ڕكردن و كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ نه‌بوو بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار، چوونی ئێمه بۆ به‌غدا بۆ ئه‌وه بوو كه هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ین یه‌كێتیی ڕیزه‌كانی كورد بپارێزین. جارێ با من له‌وه ده‌ستپێبكه‌م كه پۆستی سه‌رۆك كۆمار ئیستحقاقی گه‌لی كوردستانه و هی هیچ لایه‌نێك نییه، نه هی یه‌كێتییه، نه هی پارتییه. بۆچوونی ئێمه وه‌كو پارتی ئه‌وه بووه كه ئه‌و پرسه له‌ناو فراكسیۆنه كوردستانییه‌كانی ناو په‌رله‌مانی عێراق یه‌كلا بكرێته‌وه و پێمانخۆش بوو ئه‌و میكانزمه جێبه‌جێ بكرێت و هۆیه‌كه‌شی زۆر ساده‌یه، چونكه له خوله‌كانی دیكه‌ی دیاریكردنی سه‌رۆك كۆماری عێراقدا ئه‌و میكانزمه ئه‌نجام دراوه. له خولی پێشوو ته‌نیا له نێوان دوو كاندید كه له براده‌رانی یه‌كێتی بوون كێشه دروست بوو، به ده‌نگدان له‌ناو فراكسیۆنه كوردستانییه‌كاندا یه‌كلا كرایه‌وه، ئه‌وه‌ی كه زۆر جێگه‌ی نیگه‌رانییه بۆ ئێمه، ئه‌مه ده‌ستپێكردنێكی ترسناكه و مه‌ترسییه‌كه‌یشى له‌وه‌دایه كه له ده‌ره‌وه‌ی خواست و ئیراده‌ی كوردستان و هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان، خه‌ڵكی دیكه ده‌نگی بۆ داوه. ئه‌مه‌یه جێی نیگه‌رانیی ئێمه، ئه‌گه‌رنا پۆستی چی و حاڵی چی، له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ ئه‌و شوێنه، ئێمه كه‌ی گرنگی به‌و پۆسته ده‌ده‌ین. هه‌روه‌ك خۆت گوتت نوكته‌ی له‌سه‌ره، ئێمه میكانزمان داناوه بۆ ئه‌و كاره و داوامان كردووه ئه‌گه‌ر ئه‌مه كێشه‌یه له نێوان هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان، با فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان دابنیشن و یه‌كێك هه‌ڵبژێرن و ئه‌مه ڕێگه‌ی دروست بوو".
له به‌رده‌وامیی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئاشكرای كرد "بیننه به‌ر چاوی خۆتان چوار ساڵی دیكه، یان هه‌شت ساڵی دیكه كه‌سێكی دیكه‌ی كورد له ده‌ره‌وه‌ی وڵات خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری هه‌ڵده‌بژێرێت كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیشی به هه‌رێمی كوردستانه‌وه نییه. ئه‌مه‌ی كه براده‌رانی یه‌كێتی ئه‌نجامیان دا، بۆ ئاینده‌ی دۆخی كوردستان مه‌ترسیداره، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كه پارتی داوای پۆستی كردبێت. با من ڕوونتر قسه بكه‌م، ئه‌گه‌ر ئێمه داوای پۆستمان بكردبا هه‌رچی لایه‌نی سیاسی هه‌یه له عێراق به وڵاتانیشه‌وه داوایان ده‌كرد من خۆم هه‌ڵبژێرم و هیچ مونافه‌سه‌ش نه‌ده‌بوو و بێ كێشه ده‌رده‌چووم و هه‌مووشیان داوایان كردووه كه من خۆم بۆ ئه‌م پۆسته كاندید بكه‌م. نه‌مانكردووه چونكه بابه‌ته‌كه شه‌خسی نییه و مه‌سه‌له من نیم. ئێمه كرۆكى مه‌سه‌له‌كه‌مان پێ دروست نییه، شێوه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمارمان پێ هه‌ڵه‌یه، له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده و خواستی كوردی خه‌ڵكێك بێن و ده‌نگ به سه‌رۆك كۆمار بده‌ن. شیعه‌كان توانیان بۆخۆیان یه‌كلا بكه‌نه و كاندیدێكیان هه‌بوو، ئێمه‌ش پێمان ناشرین بوو به دوو كاندید هه‌ڵبژاردن بكرێت. له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئێمه له‌گه‌ڵ براده‌رانی یه‌كێتی به‌رده‌وام له قسه‌كردندا بووین بۆ ئه‌وه‌ی یه‌ك كاندید ده‌ستنیشان بكه‌ین، هه‌موو نه‌رمییه‌كمان بۆ براده‌رانی یه‌كێتی نیشان دا و هه‌رچی ویستیان گوتمان ئێمه ڕازین، ته‌نیا به مه‌رجێك به یه‌ك كاندیده‌وه بچینه ناو هۆڵی په‌رله‌مان. له كۆتاییدا خۆیان هاتنه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه داوایان له ئێمه كرد هه‌ندێك له پۆسته‌كانی هه‌رێمی كوردستانیشیان بده‌ینێ، له‌سه‌ر ئه‌ویش ڕازی بوون ته‌نیا له‌پێناو ئه‌وه‌ی یه‌كڕیزییه‌كه تێكنه‌چێت و نه‌چێته ناو ئه‌وه‌ی كه كێ ده‌نگی زۆرتره و كێ ده‌نگی كه‌متره، چونكه به بڕوای ئێمه ئه‌مه له قازانجی هه‌رێمی كوردستاندا نییه. جارێكی دیكه ده‌یڵێم كه نیگه‌رانیی ئێمه لێره‌وه ده‌ستپێده‌كات نه‌ك له‌وه‌ی كه‌سێك بۆته سه‌رۆك كۆمار. بابه‌ته‌كه ئه‌وه نییه پارتی له به‌رامبه‌ر یه‌كێتی شكستی هێناوه، به‌ڵكو هه‌موو گه‌لی كوردستان به‌و كاره‌ی كه تاكڕه‌وانه ئه‌نجام درا زیانی به‌ركه‌وت و زۆر به‌داخه‌وه من پێموایه ئه‌مه زۆر خراپ ده‌بێت و ده‌ستپێكردنێكی باشیش نابێت بۆ كوردستان".
سه‌باره‌ت به كاریگه‌ریی پرسی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ری دروستبوونی دوو ئیداره‌یی، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئاشكرای كرد "كه‌س له هه‌رێمی كوردستان باسی دوو ئیداره‌یی ناكات، ئێمه قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووریمان هه‌یه كه پێی ده‌ڵێن هه‌رێمی كوردستان و له‌و قه‌واره ده‌ستوورییه‌ی كه ئێمه هه‌مانه به‌رده‌وام ده‌بین، له‌وانه‌یه شته‌كان وه‌ك پێشوو نه‌بن، ئه‌گه‌ر سه‌یری بكه‌ین هه‌موو ئه‌و قۆناغانه‌ی ئێمه وه‌كو پارتی ده‌بوایه بڕیاری تێدا بده‌ین، هه‌میشه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی به هاوبه‌شی بڕیارمان له‌سه‌ر شته‌كان داوه، په‌نجا به په‌نجا نه‌بووین، به‌ڵام قبووڵمان كردووه كه په‌نجا به په‌نجا بین و له هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌یه‌كه‌وه حكوومه‌تمان پێكهێناوه، له كاتێكدا كورسییه‌كانیان له پارتی كه‌متر بوو و هه‌میشه ئێمه وه‌ك یه‌ك سه‌یری پرسه‌كانمان كردووه. ئێستا وا پێده‌چێت براده‌رانى یه‌كێتى به‌ره‌و زۆرینه و كه‌مینه برۆن، بێگومان له‌مباره‌یه‌وه پارتیش پێداچوونه‌وه به حساباتی خۆیدا ده‌كات و له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی نوێ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا ده‌كات، به‌ڵام بابه‌تی دوو ئیداره‌یی نییه".
دواتر له وه‌ڵامی پرسیارێكدا ده‌رباره‌ی ناوه‌رۆك و مه‌رجه‌كانی پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار و داوای ئه‌مه‌ریكا بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و میكانزمی پێكهێنانی حكوومه‌ت، به‌ڕێزیان گوتی "ئه‌وله‌ویه‌تی كاری ئێمه ئه‌وه بوو كه به یه‌ك كاندیده‌وه بچینه ناو هۆڵی په‌رله‌مانی عێراق، نه‌ك له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانتاره‌كانی لایه‌نه‌كانی دیكه ئێمه ئه‌و شه‌ڕه بكه‌ین، ئه‌وه بۆچوونی ئێمه بوو وه‌ك پارتی، ئێمه پێمانگوتن كه ئێوه ده‌توانن جێگری سه‌رۆك وه‌زیران له به‌غدا و وه‌زاره‌تێكی سیادی و هه‌رچی ئه‌وانه‌ی كه ده‌تانه‌وێ هه‌ڵیگرن به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی كه دوازده ساڵه ئه‌م پۆسته له ده‌ست یه‌كێتییه، با ئه‌م چوار ساڵه له ده‌ست پارتی بێت، مه‌به‌ستی ئێمه‌ش به‌رگریكردن بووه له مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و بۆ پۆست نه‌بووه و بۆ ئه‌وه هه‌وڵمان داوه. ئه‌وان له ئه‌نجامدا پێشنیارێكیان خسه ڕوو و گوتیان ئه‌گه‌ر ئێوه قبووڵی بكه‌ن له هه‌رێمی كوردستاندا نه‌رمیی زیاتر بنوێنین له بابه‌تی پۆست‌دا، ئێمه پێمانگوتن كه ڕازین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش و پێشمان گوتن ئاماده‌ین ئیمزای بكه‌ین له هه‌رێمی كوردستان. ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تی و سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌تیش باسمان كرد و پێمانگوتن كه یه‌كڕیزیی گه‌لی كوردستان بۆ ئێمه له پۆست و پایه زۆر گرنگترن و یه‌كێتی هێزێكی سه‌ره‌كییه و ده‌مانه‌وێ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ین و نامانه‌وێ نێوانمان تێك بچێت".
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند "مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه نییه كه یه‌كێتی سه‌ركه‌وت و پارتی شكستی هێنا، به هیچ شێوه‌یه‌ك وا نییه. هێزی ئێمه له‌و ده‌نگانه‌وه‌یه ئه‌وانه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به پارتی دراوه. هێزی ئێمه ئه‌و پۆسته نییه كه هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نییه له به‌غدا و له‌وێ دانراوه. هێزی ئێمه لێره‌یه، سه‌نگی پارتیش هه‌ر لێره‌یه نه‌ك له‌وه‌ی ئاهه‌نگ بگێڕین كێ له‌وێ ده‌بێته سه‌رۆك كۆمار یان نا. بۆ ئێمه ئه‌و پۆسته هیچ به‌هایه‌كی نییه، ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگ بوو ئه‌وه‌یه ئه‌و یه‌كڕیزییه تێك نه‌چێت كه به‌داخه‌وه تێكیان دا. هه‌موو نه‌رمییه‌كمان بۆ نواندن و پێمان گوتن هه‌موو پۆست و پایه‌یه‌كی ئه‌وێ با بۆ ئێوه بێت و له كوردستانیش ئاماده‌ین هه‌رچی ده‌تانه‌وێ بتانده‌ینێ ته‌نیا یه‌كڕیزیی تێك نه‌ده‌ن، به‌ڵام هه‌ر تێكیان دا و هه‌ڵوێستی ئێمه‌ش له به‌یاننامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی‌دا هاتووه و ڕوونه كه چییه. سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنه‌كان كه چ لایه‌نێك به‌شداری ده‌كات، ئێمه جارێ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین ئه‌نجامی فه‌رمیی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه ڕابگه‌یه‌نرێت، دواتر ده‌كه‌وینه دانوستان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان و بێگومان ده‌مانه‌وێ به زووترین كات ئه‌و حكوومه‌ته پێكبهێنرێت".
سه‌باره‌ت به كاریگه‌ریی ڕیفراندۆم له‌سه‌ر هه‌ڵنه‌بژاردنی د. فوئاد حسێن له‌لایه‌ن لایه‌نه عه‌ره‌به‌كانه‌وه بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری و ئه‌گه‌ری پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌ێمی كوردستان له‌لایه‌ن پارتییه‌وه بێی به‌شداریی یه‌كێتی، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند "به‌غدا پایته‌ختی عێراقه و زۆر به جددی به‌شدارین و لایه‌نێكی سه‌ره‌كین له پرۆسه‌ی سیاسی له عێراقدا وه‌ك پارتی، ئه‌مه ڕوونه. ئێمه هه‌میشه به براده‌رانی یه‌كێتیمان گوتووه كه ئه‌وان هاوبه‌شی ئێمه‌ن له حكوومه‌تدا، ئێستا ئه‌وان خۆیان ڕێگه‌یه‌كی دیكه‌یان هه‌ڵبژاردووه و ئه‌م ڕێگه‌یه‌ش له‌سه‌ر ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن و زۆرینه و كه‌مینه و ده‌نگدان بووه و له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وافق نه‌بووه، بێگومان ده‌بێت ئه‌و مافه‌ش به هێزی یه‌كه‌می هه‌رێمی كوردستان بدرێت له پێكهێنانی حكوومه‌تدا و له‌وانه‌یه به‌و میكانزمه‌ی پێشتر حكوومه‌ت دروست ده‌كرا، ئێستا به میكانزمێكی دیكه حكوومه‌ت پێكبهێنرێت. هیچ كاتێك باوه‌ڕ ناكه‌م به‌غدا بیه‌وێت پارتی سزا بدات له‌سه‌ر پرسی ڕیفراندۆم و وه‌ك پارتی زۆر باجمان داوه له پرسی به‌رگریكردن له پرسی كورد و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌سه‌ر ئه‌و ڕێچكه‌یه‌ى خۆمان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كه به‌غدا لایه‌نێكی هه‌ڵبژاردووه؟ باوه‌ڕ ناكه‌م، چونكه به‌غدا زۆر باش ده‌زانێت بڕیاری سیاسی له هه‌رێمی كوردستان له كوێیه؟ به‌غدا زۆر ڕوون ئه‌وه تێده‌گات، دڵیان له‌گه‌ڵ هه‌رلایه‌ك بێت، مێشكیان له هه‌ولێره و له‌وه تێده‌گه‌ن و ده‌شزانن بڕیاری سیاسی له كوێیه؟ باوه‌ڕ ناكه‌م نه‌زانن".
بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا باسی لە میکانیزمی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەریمی کوردستان کرد و بەستییەوە بە ڕاگەیاندنی فەرمیی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و گوتی "دواتر لە چوارچێوەی یاسادا بەو شێوەیە کە لایه‌نى براوەی یەکەم ڕادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت، ئێمەش لە سەر ئەو پێشهاتانەی کە ئێستا هەیە، بڕیار دەدەین. ئەوەی کە ڕوویدا کاریگەری لەسەر هەرێم دەکات. وا نییە کە بڵێن بە کەیفی خۆمان لە بەغدا وا دەکەین و لە هەرێم وا دەکەین، بۆیە ئێمە پێداچوونەوەی بۆ دەکەین و ناكرێت ڕێک وا ڕەفتار بکەین وەک ئەوەی پێشتر کردوومانە. بۆیە بەڵنیاییه‌وه بە شێوەیەکی دیکە دەبێت. بەڵام چۆن دەبێت، ئه‌وه ده‌كه‌وێته دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن."
بەڕێزیان نیگەرانی لە تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی لە شاری کەرکوک ڕاگەیاند و لایەنی ئەنجامدەری ١٦ی ئۆکتۆبەری بە وەڵامدەری ئەو بارودۆخەی کەرکوک زانی. سەبارەت بە پڕۆژەی حکوومەتیش بۆ چاکسازیی ئیداری کە درایە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی "با پەرلەمانی نوێ دەست بە کارەکانی بکات و ئێمە پشتیوانی لە هەر پرۆسەیەکی چاکسازی دەکەین و دەمانەوێ ئەو پڕۆژەیە وەک هەموو پڕۆژەکانی دیکە لە چوارچێوەی چاکسازیدا بێت و بێگومان هەوڵی بۆ دەدەین."
هه‌ر دەربارەی پێکهاتەی کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێم و پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێم، بەڕێزیان باسی لەوە کرد کە "هێشتا ئەنجامەکان ڕانەگەیەندراوە، دواتر کەس تا ئێستا ڕانەسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بۆیە هێشتا کات ماوە."
لەسەر ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ڕەوانەکردنی بڕی ٣١٧ ملیار دینار بۆ هەرێم له به‌غداوه، بەڕێز سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند "تا ئێستا ئەو ڕێککەوتنە بەردەوامە و هیوادارین بەردەوام بێت".
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وەک جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەڵوێستی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق دووپات کردەوە و گوتی "لەگەڵ ئەو میکانیزمە نین کە بووە هۆکاری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، لەگەڵ ڕێزمان هەر کەسێک بێت. ئێمە پێمان وابوو بەو میکانیزمە نەدەبوایە دکتۆر بەرهەمیش قبووڵی بکات و بچێتە ناو ئەو کێبڕکێیە و بەو شێوەیە هەڵبژێردرێت. پێمان وابوو نە برادەرانی یەکێتی دەبوایە ئەوە بکەن و نە کاک بەرهەمیش دەبوایە ئەو میکانیزمە قبووڵ بکات، چونکە ئەو میکانیزمە لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵکی کوردستان بوو، بۆیە داكۆكیى ئێمە لەسەر ئەو پرسەیە، لەسەر ئەوە نییە کێ سەرۆک کۆمارە و کێ سەرۆک کۆمار نییە. هەموومان دەزانین کاک بەرهەم گەڕایەوە ناو یەکێتی بۆ ئەوەی کاندید بکرێت بۆ ئەو پۆستە و هەموو ئەوە دەزانن. کاتی خۆی لە ناو ئەو حزبە بوو، دوایی حزبێکی دیکەی دروست کرد. نه بۆ حزبی یەکەمی وەفاداری هه‌بوو، نە بۆ هاوپەیمانی هەیبوو، هیوادارین بۆ کوردستان هەیبێت".
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لەبارەی دانوستانەکانیان لە بەغدا لەگەڵ یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار باسی لەوە کرد کە "لەگەڵ یەکێتی لە دانوستان بووین و هەموو لایەکمان خۆشحاڵ بووین لەوەی کە گەیشتووینەتە ڕێککەوتن. پێشنیاری یەکێتی ئەوە بوو کە تەنیا ڕێگەی قبوڵکردنی ئێمە ئەوەیە کە لە کوردستان لەسەر پۆستەکانی حکوومەت نه‌رمى هەبێ و ئێمەش قبووڵمان کرد و گوتمان چیتان دەوێ ئامادەین. ڕازی بووین ته‌نیا بۆ ئەوەی یەکڕیزییەکە تێکنەچێت، زۆریش خۆشحاڵ بووین بە ڕێککەوتنەکە، بەڵام ئەوان بە شێوەیەکی دیكه کردیان. ئێمە لە شاشەی تەلەڤزیۆن بینیمان کە دەنگدان دەستی پێکردووە، چونکە ڕێککەوتنی ئێمە بە شێوەیەک بوو کە بە یەک کاندید بڕۆین بۆ ناو هەڵبژاردن و خەڵکی دیكه‌ش لە نێوانماندا هەبوون و خۆشحاڵ بووین لەوەی کە ئەو ڕێککەوتنەمان کردووە لەپێناو یەکڕیزیی کورد و هەمووشیان زۆر زۆر سوپاسی ئێمەیان کرد بۆ ئەو هەموو نەرمی نواندنەی پیشانمان دا بۆ ئەوەی ئەو یەکڕێزییە تێکنەچێت، هەم لە بەغدا و هەم لە هەرێمی کوردستانیش ڕه‌زامه‌ندیمان نیشان دابوو لەگەڵیان و ڕێککەوتبووین، بەڵام دوایی نازانم چۆن بە شێوەیەکی دیكه بردیان."
دەربارەی ئەگەری ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن هەندێ حزبی کوردستانەوە، بەڕێز سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند کە گوێیان لێ نەبووە لایەنەکانی دیکە ڕەتیانکردبێتەوە، چونکە ئەوە پرسێکە دەبێ کۆمسیۆن وەڵامدەر بێت. گوتی "ئەوەندەی ئاگادارم پڕۆسەکە بە باشی بەڕێوە چووە و کۆمسیۆن خەریکن لە ماوەیەکی نزیکدا هەندێ لە ئەنجامەکان ڕابگەیەنن".
سەبارەت بە هەڵوێستیان لەسەر کاندیدکردنی د. عادل عەبدولمەهدی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "هەم وەکوو پارتی و بە شێوەیەکی فەرمیش پیرۆزباییمان لە د. عادل عەبدولمەهدی کردووە، بێگومان د. عادل عەبدولمەهدی شایستەی ئەوەیە کە ئەو پۆستە وەربگرێت. لێرەوە پیرۆزبایی لە جەنابی دەکەین و خۆشحاڵین. دەیناسین و مێژوویەکی دوور و درێژمان پێکەوە هەیە و پێمان وایە بە هەموو پێوەرێک د. عادل عەبدولمەهدی شایستەی ئەوەیە کە هەموو لایەک لە عێراق نەک تەنیا کورد، هەموو لایەنە سیاسییەکان پشتگیری بکەن بۆ ئەوه‌ى لەو ئەرکەیدا سەرکەوتوو بێت و ئێمەش هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین و پێم گوتووە کە هەموو پشتیوانییەکی ئێمەی هەیە بۆ ئەو پرسە."
لەسەر چۆنیەتیی مامه‌ڵه‌ی پارتی لەگەڵ یەکێتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم. بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئەوە دووپات کردەوە کە "برادەرانی یەکێتی ئەم ڕێگەیەیان هەڵبژاردووە، ئێمە لە هەموو وێستگەکانی پێشتر یەکێتیمان وەکوو هاوبەشی خۆمان حیساب کردووە. ئێمە لە پەرلەمانى پێشوو ٣٨ کورسیمان هەبوو و یەکێتی چەند کورسییان هەبوو، کەچی ئێمە پێنج وەزارەتمان هەبوو، ئەوانیش پێنج وەزارەت. واتە هەمیشە مامه‌ڵه‌ى ئێمە لەگەڵ یەکێتی بەو شێوەیە نەبووە کە چەند کورسییان هەبووە، هەمیشە بەو شیوەیە بووە کە یەکێتی به‌لاى ئێمه‌وه هێزێکی سه‌ره‌كییه و هاوبەشی یەکترین و پێکەوە ئەم وڵاتەمان به‌ڕێوه بردووه تا ئێستا. بۆیە ئەمڕۆ یەکێتی ڕێگەی دیکەی هەڵبژارد و بەرەو سازان و ڕێککەوتن نەڕۆیشت، یەکێتی بەرەو ئەوە چوو کە من دەنگم هەیە و ئیرادەی خۆم فەرز دەکەم لەسەر ئەم دەنگانە، کەواتە ئەو دەرفەتەش دەبێ بە لایەنی دیكه‌یش بدرێت بڵێ منیش ئەوەندە کورسیی زیادەم هەیە لەسەر بنه‌ماى کورسییەکان مامه‌ڵه دەکەین و ئەوە بۆچوونیکە دەبێ ئەوانیش لە ئێمەی قبووڵ بکەن لە هەرێمی کوردستان. دوای ئەوەی ئەو هەموو نەرمی نواندنەش كە نیشانمان دا و ئەو هەموو سازشه‌مان بۆ کرد، سروشتییە کە ده‌بێت ئەو ڕێکارەش قبووڵ بکەن. پێم وایە بڕیاری خۆیان داوە کە پێیان سروشتییە و دەبێ قبووڵی بکەن."
دەربارەی مووچەش به‌ڕێزیان گوتی "ئێستا لە کوردستان چەندین مانگە مووچەکان لە کاتی خۆیدا دەدرێت، ئەو کاتانەی کە ئێمە کێشەی گەورەمان هەبوو، بە بەراورد لەگەڵ ئەم کاتە، ئێستا دۆخى کوردستان باشترە، بەو مانایەش نییە کە هیچ كێشه‌یه‌ك نەماوە، ئێمە هەمیشە بەراورد دەکەین دوای ئەو قەیرانە سەختانەی کە چه‌ند ساڵە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە. من ئەو دەستەواژەیە بەکار دێنم کە لە ناو تونێلیکی تاریک‌دا بووین و ئێستا ڕووناکیمان لێ دیارە." بۆیە بەڕێزیان هیوای خواست لە ماوەیەکی نزیکدا بتوانن بە تەواوی لەو تونێلە دەربچن و هەم مووچە و هەم ژیانی خەڵکیش بەرەو ئاسۆیەکی باشتر ببرێت.
سەبارەت بە چۆنیەتیی بەشداریی لایەنەکان لە پێکهێنانی حکوومەتی عێراق و گه‌ره‌نتى لەو بارەیەوە، بەڕێزیان ئەوە ڕایگەیاند "هیچ گه‌رەنتییەک نییە بۆ هیچ شتێک، چونکە ئەم وڵاتە وایە. دەبێ هەوڵی خۆت بدەی. پێم وایە لە ٢٠٠٣ه‌وه تا ئێستا ماوه‌یه‌كی زۆر باشە بۆ بەغدا و کوردستان پێداچوونەوە بە شتەکانی خۆیاندا بکەن. ئەمڕۆ دەرفەتێک بۆ بەغدا و هەرێمی کوردستان هاتووەتە پێش کە لەسەر بنەمایەکی نوێ و دوور لەوەی کێ بەهێزە و کێ لاوازە و کێ چی هەیە و کێ کێی لەگەڵە، لەسەر بنەمایەکی نوێ و دەستووری عێراق ئێمە ئەو دەرفەتەمان بۆ هاتووەتە پێش و ئەزموونیش وەربگرین لەو هەڵانەی کە پێشتر کراون و هەردوولامان بەرەو داهاتوویەکی گەشتر هەم بۆ عێراق هەنگاو بنێین و هەم بۆ هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی عێراقدا، کە من پێم وایە بۆ هەر شتێک هاوبەشی ستراتیژیی ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەغدایە و هیچ شتێک نەگۆڕاوە و پێش ڕیفراندۆمیش ئەو بۆچوونەمان هەبوو، ئێستاش ئەو ڕایه‌مان هەیە و لە داهاتووش ئەو بۆچوونەمان دەبێت. هیوادارم ئەو تێگه‌یشتنه‌ش لە بەغدا بکرێت و بگەین بە چارەسەرێکی گونجاو."