Kurdistan Regional Government


 

نێچیرڤان بارزانى سه‌ره‌خۆشى له‌ شا عه‌بدوڵڵا ده‌كات

به‌بۆنه‌ى ڕووداوى پێرێ پێنجشه‌ممه‌ى ناوچه‌ى ده‌ریاى مردووه‌وه‌ له‌ ئوردن كه‌ له‌ ئه‌نجامى لافاودا زیاتر له‌ بیست كه‌س گیانیان له‌ ده‌ست دا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، دوێنێ هه‌ینى نامه‌یه‌كى هاوخه‌مى ئاراسته‌ى جه‌نابى خاوه‌نشكۆ شا عه‌بدوڵڵاى كوڕى حسێن، شاى شانشینى ئوردنیى هاشمى كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

جه‌نابى خاوه‌نشكۆ شا عه‌بدوڵڵاى كوڕى حسێن
شاى شانشینى ئوردنیى هاشمى

سڵاوى خواتان لێ بێت،

به‌ داخ و په‌ژاره‌یه‌كى زۆره‌وه‌ هه‌واڵى ڕووداوى كاره‌ساتاوى و لافاوه‌كانى دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ى ناوچه‌ى ده‌ریاى مردووم بیست كه‌ تیایدا زیاتر له‌ بیست كه‌س كه‌ زۆربه‌یان قوتابى بوون، گیانیان له‌ ده‌ست دا. له‌ دڵه‌وه‌ هاوسۆز و هاوخه‌مى جه‌نابتان و گه‌ل و حكوومه‌تى ئوردن و كه‌سوكارى قوربانیانین و سه‌ره‌خۆشیتان لێده‌كه‌ین. خواى گه‌وره‌ قوربانیان به‌ به‌زه‌یى و به‌هه‌شتى خۆى شاد بكات و سه‌بووریى هه‌موو لایه‌ك بداته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ ڕێزماندا..

نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
26/10/2018