Kurdistan Regional Government


 

نێچیرڤان بارزانی پێشوازى له‌ كونسولی ئیمارات كرد

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 28/10/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز ڕاشد ئه‌لمه‌نسووری، كونسولی گشتیی ئیماراتی عه‌ره‌بی كرد كه‌ به‌مه‌به‌ستی ماڵئاوایی و كۆتاییهاتنی كاره‌كه‌ی، سه‌ردانی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی كردبوو.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز ئه‌لمه‌نسووری سوپاسی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییان له سه‌رخستنی‌ كار و چالاكییه‌كانی كه‌ بوونه‌‌ هۆكاری پته‌وبوونی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئیمارات، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی گرنگییه‌كی زۆر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات و به‌رده‌وام ده‌بن.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كار و چالاكییه‌كانی به‌ڕێز ئه‌لمه‌نسووری له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی له‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و گه‌یاندنی كۆمه‌كی مرۆیی بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ ساڵانی سه‌ختى ڕابردوودا به‌رز نرخاند و هیوای سه‌ركه‌وتنی له‌ كاری نوێیدا بۆ خواست، هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ گرنگییه‌وه‌ سه‌یری په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیمارات ده‌كات و هاوكاری و ئاسانكاریی حكوومه‌تی هه‌رێمیشی بۆ كونسولی نوێی ئیمارات له‌ هه‌رێمی كوردستان، نیشان دا.

تاوتوێكردنی دۆخی ناوچه‌كه‌ و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ ڕه‌وشی سیاسیی عێراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.