دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەینی 8/3/2019ى ئەنجومەنی وەزیرانی هەریمی کوردستان، لە لێدوانێكى ڕۆژنامەوانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و ئەو بڕیارانەی کە دران.
دهقی لێدوانى بهڕێز نێچیرڤان بارزانی:
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بوو بە بابەتی پاشەکەوتی مووچە لە هەرێمی کوردستان. خۆشحاڵم بەوەی کە ڕابگەیەنم لەم مانگەوە بڕیاری پاشەکەوتی مووچە لە هەرێمی کوردستاندا هەڵدەگیرێت و مووچە وەکوو خۆی بە تەواوەتی دابەش دەکرێت لەم مانگەوە بە بێ پاشەکەوت.
ئەوەی ئاشکرایە لای هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بارودۆخێکی قورسی دەرەوەی ئیرادەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانهوه، سێ ساڵ لەمەوبەر ئێمە ناچار بووین ئەو بڕیارە بدەین و پاشەکەوتی مووچە دابنێین بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. بڕیارەکە ئاسان نەبوو و زۆر زۆر زەحمەت بوو، هەم بۆ کاک قوباد و هەم بۆ من وەکوو سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران، پێم وایه ناخۆشترین بڕیار و قورسترین بڕیار بوو لە ژیانی سیاسی کە لەم وڵاتە هەمانبووە.
ئەوەی كه توانی ئەو بڕیارەی ئێمە سەربخات و توانیمان ئەو بڕیارە جێبەجێ بکەین، تێگەیشتنی هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوو لە بارودۆخی ئەم هەرێمەمان، ئەگەر ئەو تێگەیشتنە نەبوایە، بە هیچ شێوەیەک نەماندەتوانی ئەمڕۆ دوای سێ ساڵ لەبەردەم هاووڵاتیانی خۆمان لە هەرێمی کوردستان بڵێین پاشەکەوتی مووچە هەڵگیرا. بەڵێنمان دابوو بە هاووڵاتیان لە کاتی خۆیدا گهر ههر كاتێك بتوانین و بگەینە ئەو بڕوایهى دۆخى داراییی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک بێت کە بتوانین پاشەکەوتەکە هەڵبگرین، پاشەکەوتەکە هەڵدەگیرێت، ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بڵێین ئێمە ئەو بەڵێنەی خۆمانمان جێبەجێ کرد و پێشیان بڵێین خۆڕاگریى ئەوان و تێگەیشتنی مووچەخۆران لە بارودۆخی داراییى حکوومەتی هەرێمی کوردستان قەت لەبیر ناکەین.
بە شێوەیەکی گشتی سوپاسی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەم، سوپاس بۆ ئەو مامۆستایانە کە سەرەڕای ئەو بارودۆخە ناخۆشە نەیانهێشت دەرگای قوتابخانەکان دابخرێت، سوپاس بۆ ئەو پزیشک و کارمەندانەی تەندروستی کە دەرگای نەخۆشخانەکانیان بە کراوەیی هێشتەوە، سوپاس بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانی ئێمه کە لەو کاتە سەختەدا سەنگەرەکانیان جێنەهێشت لەپێناو بەرگریکردن لە خاکی کوردستان و لەو پێناوەشدا ١٨٠٠ شەهید و نزیکەی ١٠ هەزار بریندارمان دا. هەر لەم بۆنەیەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی ئەو شەهیدانە دادەنەوێنین و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
سوپاس بۆ ئاسایش و پۆلیس و دهزگا ئهمنییهكان كه شهونخوونییان كرد و نەیانهێشت باری ئارامی و ئاسایشی ههرێمی كوردستان تێکبچێت. سوپاس بۆ كهسوكارى سهربهرزى شههیدان و ئهنفالكراوان، زیندانیانى سیاسى، خانهنشینان و سوودمهندانى تۆڕى كۆمهڵایهتى و فهرمانبهران بهگشتى و سوپاسى دڵسۆزى و خۆڕاگریش بۆ ههموو ئەوانەی كه پاڵپشتى بههێزى حكوومهتهكهیان بوون.
سوپاسى بهڵێندهران و وهبهرهێنهران و خاوهنپیشه و كاسبكارانی کوردستانیش دهكهم كه له دهرهنجامى قهیرانی دارایی کێشەی گەورەیان بۆ دروست بوو و ئەوانیش به خۆڕاگری ئەو بارە سەختەیان هەڵگرت و بهرگهیان گرت و تا ئێستاش لەگەڵ ئێمە مانەوە. خەڵکی کوردستان شایستەی خزمەتکردنی زۆر زۆرترە لەوەی کە تا ئێستا بووە.
ئەوەی خۆشتان دەزانن هۆکاری سەرەکیی پاشەکەوت پەیوەندی بە حکوومەتی هەرێمەوە نەبووە، لە ئەنجامی چەند شتێک دروست بووە. یەکەمیان، بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە. بڕینی بودجە کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لەسەر مەسەلەی پاشەکەوت. دووەم، شەڕی داعش. ١١٠٠ کیلۆمەتر سنووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی بووە لە جیهاندا. سێیەم، دابەزینی نرخی نەوت و هەروەها هاتنی نزیکەی یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار ئاوارە و پەنابەر بۆ هەریمی کوردستان، ئەمانە هەموویان ئەو هۆیانە بوون کە بوونە هۆکاری ئەوەی ئێمە ئەو بڕیارە قورس و ناخۆشە بدەین لە ژیانى خۆماندا.
هیوادارین لەگەڵ بەغدا بگەینە دەرەنجامێکی باش لە گفتوگۆکان و جارێکی دیکە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان باجی هیچ کێشەیەکی سیاسی لەگەڵ بەغدا نەدەن و بگەینە ئاستێک کە تەنانەت پەیوەندیی ئێمە چەندیش تێک بچێت کە هیوادارم بە هیچ شێوەیەک تێک ناچێت لەگەڵ بەغدا، وای لێ نەیەت وەکوو کارتێکی فشار لهسهر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بهكارى بهێنن و مووچەی مووچەخۆران ببڕن. ئێمە هیوادارین بگەینە ئەو ئاستە.
ههروهك خۆشتان دهزانن ئەوەی کە ئەمڕۆ لە بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان دێت، نزیکەی ٥٢٢ ملیار دینارە، ئەوە هەموو مووچە نییە و مووچەی هەرێمی کوردستان زیاترە لەوە و تەواوکەری ئەوە وەک بهڕێز وەزیری دارایی باسی کرد نزیکەی ٨٨١ ملیار دینارە کە تهواكهرهكهى خۆمان لە هەرێمی کوردستان دەیدەین.
ئێمە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا داكۆكیمان لەسەر ئەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان زۆر جددییە لەوەی کێشەکانی خۆی لە بواری دارایی، لە بواری نەوت لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا لەگەڵ بەغدا چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە.
دهمهوێ لێره سوپاسێكی تایبهت بنێرم بۆ پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق کە ئەوانیش لەم مەسەلەیەدا زۆر هەوڵیان دا و کۆششیان کرد بۆ ئهوهى پاشەکەوت هەڵبگیرێت. سوپاسی بهڕیز د. عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەم بۆ تێگەیشتنی بەڕێزیان لەم بابەتە و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆران وەکوو ههموو عێراق سەیری کرد و هەوڵی دا. هەروەها دەمەوێ سوپاسی تایبەتی وەزیری داراییی حکوومەتی فیدراڵ بەڕێز د. فوئاد حسێن بکەم کە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ تیمی ئێمە بهڕێزان د. ئامانج ڕهحیم، ڕێباز حهملان لە وەزارەتی دارایی لەسەر هێل بوون بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن، سوپاسی تایبەتی دەکەین هەر لێرەوە بە ناوی حکوومەت، بە ناوی کاک قوباد و بەندە کە بە ڕاستی زۆر زەحمەتیان کێشا.
ئهمه كۆبوونهوهی ئهمڕۆی ئێمه بوو و ئهو بڕیارانهشی كه دهرمانكردووه لهم كۆبوونهوه بهڕێز سكرێترى ئهنجومهنى وهزیران دهخوێنێتهوه و هیوادارم ئەمە ههواڵێكى خۆش بێت بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی و ئێمەش خۆشحاڵین.
هەر لەو کاتەدا کە بڕیارەکە قورس بوو، دەبێ ئەوەش بڵێم کە تێگەیشتنی ههموو هاووڵاتیان و مووچەخۆران لەم مەسەلەیە گرنگ بوو، بەڵام پاڵپشتیی جێگری بهڕێز سەرۆکی حکوومەت برای خۆشەویستم کاک قوباد تاڵهبانی لەو کاتەدا و هەموو کابینەی حکوومەت کە ئەو بڕیارە قورسە ئەمان خوێندیانەوە لەو کاتەدا. هیوادارین جارێکی دیکە هاووڵاتیان و مووچەخۆران تووشی کێشەیەکی دیکەی دارایی نەبن و کوردستان بەرەو خۆشی و ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی زیاتر بڕوات لە داهاتوودا.