Skip to the content
Menu

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆک و دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی دایەلۆگی رافیدەین دەکات

مەسرور بارزانی: پشتگیریی لە هیچ گۆڕانکاری و هەموارکردنێکی دەستوور ناکەین کە دەستکاریی دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠١٩/١١/٥ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی پێشوازی لە سەرۆک و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی دایەلۆگی رافیدەین کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکارییەکانی ئێستای عێراق کرا. جەخت لەوە کرایەوە کە هەبوونی پەیوەندییەکی باش لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی عێراقدایە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لەشاندەکە کرد وەک دەستەبژێری رووناکبیری عێراق رۆڵی کاریگەری خۆیان لە یەک نزیکردنەوەی لایەنەکانی عێراق و داکۆکیکردن لە مافە دەستووریی و رەواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بگێڕن.

دەربارەی داواکانی گۆڕین یان هەموارکردنی دەستووریش، سەرۆکی حکومەت روونیکردەوە کە کێشەکانی عێراق هۆکارەکەی ناوەڕۆکی دەستوور نییە بەڵکو جێبەجێ نەکردنی ماددەکانی دەستوورە. گوتیشی ئێمە پشتگیریی لە هیچ گۆڕانکاری و هەموارکردنێکی دەستوور ناکەین کە دەستکاریی دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکات و کەمیان بکاتەوە