Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەکردنەوەی پڕۆژە یاسای چاکسازی دەکات

• پێویستە پەلە بکرێت لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی و ناردنی بۆ پەرلەمان
• چاکسازی دەبێ دادپەروەریی تێدا بێت و نابێت هیچ کەسێکی شایستە مافی بفەوتێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠١٩/١١/٣ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی رەهەندە گشتییەکانی یاساکە و تایبەتمەندییە یاسایی و کارگێڕییەکەی کرا. جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە پەلە بکرێت لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی وەک یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەریمی کوردستان و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ پەسەند کردنی.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە کە چاکسازی پرۆسەیەکی زۆر گرنگە و پێویستە بە زووترین کات پڕۆژە یاساکە ئامادە بکرێت و ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. گوتیشی چاکسازی دەبێ دادپەروەریی تێدا بێت و نابێت هیچ کەسێکی شایستە مافی بفەوتێت بەڵام لە هەمانکاتدا رێگەش بە کاری نایاسایی و ناڕەوا نادرێت.

لیژنەی ئامادەکردنەوەی پڕۆژە یاسای چاکسازی وەک بە شێکی گرنگی هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و بە سەرۆکایەتی وەزیری داد پێکهێنراوە.