Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا دەکات

• ئەمەریکا ئامادەیە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات بە تایبەتی لە سیستەمی بانکیدا.
• مەسروربارزانی: گفتوگۆکانمان لە گەڵ بەغدا لەسەر چەند ئاستێک بەردەوامن و بە باشی بەڕێوەدەچن.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠١٩/٩/٢٥ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە مارشال بيلينگسلى ياريدەدەرى وەزيرى گەنجينەى ئەمەريكا تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی پارەدارکردنی تیرۆر.

لە دیدارێکدا کە ستیڤن ڤەیگن کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوو. یاریدەردەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکرد کە هەرێمی کوردستان لە گەشەکردنێکی بەردەوامدایە و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش ئامادەیە پشتگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات بەتایبەتیش لە بواری رێکخستنەوە و پەرەپێدانی سیستەمی بانکی. هەروەها جەختیشی لە گرنگی بەردەوامبوونی هاوکاریکردن و چاکسازیکردن لە هێزەکانی پێشمەرگەدا کرد.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری ئابووری کە ئامانجی ئەوەیە ئابووری هەرێمی کوردستان هەمەچەشن بکرێت و تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی داهات نەبەسترێت.

لە بارەی پرۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدرالیش روونیکردەوە کە گفتوکۆکان لە سەر چەند ئاستێک بەردەوامن و بە باشی بەڕێوەدەچن، بەو ئومێدەی بگەینە رێککەوتنێک کە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراوبن. دووپاتیشی کردەوە کە دەبێ وەک هەرێمێکی فیدراڵی دانپێدانراو لە دەستوور مامەڵە لەگەل هەرێمی کوردستان بکرێت.