Skip to the content

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا

• مەسرور بارزانی: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ باشترکردنی ژیانی مامۆستایان

• کاردەکەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و پەروەردە

• پێویستە شوێنی شیاو بۆ خوێندنی قوتابیان فەراهەم بکرێت

دهۆک، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بە چاودێری و ئامادەبوونی، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠١٩، لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری دهۆک زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠١٩ - ٢٠٢٠ لێدرا.

لە مەراسیمێکدا کە ئالان حەمە سەعیدی وەزیری پەروەردە ئامادەی بوو، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرنگی پەروەردە و فێرکردن دا و راشیگەیاند کە گرنگیدانی زیاتر بە پەروەردە و فێرکردن لە کارە هەرە لە پێشینەکانی حكوومەتە بۆ بیناکردنی کۆمەڵگایەکی وشیار و خوێندەوار. ھەروەھا گوتی "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن لە قوتابخانەکانمان بەتایبەت لە قوتابخانە حکوومییەکان، کە لەگەڵ پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆژییەکانی سەردەم بگونجێت".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند کە بۆ چارەسەری کێشەی دوو دەوامی، هەرێمی کوردستان پێویستی بە ٣٥٠٠٠ پۆلی خوێندن هەیە و داواشی لە سەرمایەدار و وەبەرهێنەران کردکە بە ئەرکی نیشتمانی خۆیان هەڵبستن و بەشداری لە هەڵمەتی نیشتمانی بکەن بۆ دابینکردنی شوێنی شایستە بۆ خوێندنی قوتابیان.

مەسرور بارزانی سوپاسی مامۆستا و فەرمانبەرانی بواری خوێندنی کرد، کە لەکاتە ناخۆش و سەختەکان خۆراگرانە بەردەوامیان بە پرۆسەی خوێندن دا بەتایبەت لە کاتی هێرشی داعش بۆسەر هەرێمی کوردستان و قەیرانی دارایی و گوتیشی "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ باشترکردنی ژیانی مامۆستایان".

دواتر سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چووە ناو پۆلەکانی خوێندنی قوتابخانەکە و گفتوگۆیەکی لەگەل قوتابیان کرد و رێنمایی کردن کە وڵاتیان زیاتر خۆشبوێت و رێز لە جیاوازییە نەتەوەیی و ئاینییەکان بگرن و بەرامبەرەکەیان قبوڵ بکەن و بەشداربن لە پاراستنی ژینگەی وڵات.