Skip to the content

بانکی نێودەولەتی پشتگیریی لە کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە  2019/8/29 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە  ساروج کۆمار جاه بەڕێوەبەری هەرێمی بانکی نێودەولەتی کرد .
بەرێوەبەری هەرێمی بانکی نێودەولەتی خۆشحاڵی خۆی بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە کارنامە و هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی حکومەتیان خویندووەتەوە و بە کارنامەیەکی نایابی دەزانن. بۆیە بانکی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە کارنامەکە دەکات و خۆشحاڵیشە بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی.
لەم رووەوە بەڕێوەبەری هەرێمی بانکی نێودەولەتی وێڕای ناساندنی نوێنەری بانکی نێودەولەتی لە عێراق رەمزی نیعمان ،  ئاماژەی بەوەکرد کە پسپۆڕانی بانکی نێودەولەتی ئامادەن بێن بۆ هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریکردنی حکومەت بە تایبەتی لە بواری چاکسازی داراییدا.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتگیریی بانکی نێودەولەتی کرد و گوتی خوشحاڵین بە پشتیوانیی دەزگایەکی گرنگی وەکو بانکی نێودەوڵەتی لە کارنامەی حکومەت کە ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە بە هەوڵ وتواناکانمان و پشتگیریی دۆستانمان گەشە بە ئابووری هەرێمی کوردستان بدەین و هەمەچەشنی بکەین بە جۆرێک کە تەنیا پشت بە سەرچاوەیەکی داهات نەبەستێت بەتایبەتی گرنگی زیاتر بە کەرتەکانی کشتوکاڵ وپیشەسازی و گەشتوگوزار بدرێت و زەمینەیەکی باشتریش بۆ وەبەرهێنانی بیانی و ناوخۆیی دروست ببێت تا حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت خزمەتی هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات بە بێ جیاوازی.