Skip to the content

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی پێنجەمین ساڵەی کۆمەڵکوژی شنگال

ئەمڕۆ یادی کۆمەڵکوژییەکی گەورە دەکەینەوە، کاتێک پێنج ساڵ لەمەوبەر تیرۆریستانی داعش شاری شنگال و دەوروبەرییان داگیرکرد و لە ئەنجامدا خەڵکی دەڤەرەکە بەتایبەتی خوشک و برا ئێزدییەکانمان، دووچاری کوشتنی بە کۆمەڵ و جینۆسایدکردن بوونەوە و بە هەزارانیان رفێندران و بە هەزارانیش ئاوارە و دەربەدەر بوون.

ئێزدییەکان لە درێژایی مێژوودا رووبەڕووی دەیان فەرمانی قڕکردن بوونەتەوە کە هەموویان دەچنە خانەی جینۆسایدکردن، کە دواترینیان کۆمەڵکوژی شنگال بوو. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو کارەسات و قوربانیدانانەش. ئێزدییەکان هەمیشە بەرگرییان لە ناسنامەی ئایینی و نەتەوەیی خۆیان کردووە و وەک بەشێکی رەسەنی گەلی کورد ماونەتەوە.

پێویستە لێرەدا ئاماژەش بە رۆڵی مەیدانی و فەرماندەیی راستەوخۆی جەنابی سەرۆک بارزانی و قوربانیدانی ھێزی پێشمەرگە بکەین کە بەو پەڕی ئازایەتییەوە شنگال و ھەموو ئەو دەڤەرانەیان ئازاد کرد، کە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە داگیرکرابوون. هەروەها رۆڵی خەڵکی کوردستانیش لە هاوکاریکردن و بەهاناوەچوونی خوشک و برا ئێزدییەکانمان بەرز دەنرخێنین.

ئێمە لە کاتێکدا ئەم یادە خەمناکە دەکەینەوە، دەستخۆشی لە پەرلەمانی کوردستان دەکەین بۆ دیاریكردنی رۆژی 3ی ئاب، وه‌ك رۆژی جینۆساید و كۆمه‌ڵكوژیى ئێزدییه‌كان.

بەهاوکاری هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عیراقی فیدرالیش هەموو هەوڵێک دەخەینە گەڕ لە پێناو کەمکردنەوەی مەینەتییەکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی کۆمەڵکوژی شنگال. هەروەها کار دەکەین لە پێناوی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی شنگال و هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی حکومەتی فیدرال و بەپێی دەستوور.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ زانینی چارەنووسی هەموو ئەو خوشک و برا ئێزدیانەی لە لایەن تیرۆریستانەوە رفێنراون و تا ئێستا ئازاد نەکراون. بە هاوکاری دۆستەکانمان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش کار بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەو تاوانە گەورەیە لەئاستی جیھانی و دادگاییکردنی ئەنجامدەرانیان دەکەین.

سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کۆمەڵکوژی دەڤەری شنگال و هەموو شەهیدانی نیشتمان دادەنوێنین.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
3ی ئابی 2019