Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران بارودۆخی عێراق و سوریا تاوتوێ دەکات و چەند بڕیارێکیش دەردەکات

• راپۆرتێکی بەرفراوان دەربارەی سەد رۆژی کارکردنی کابینەی نۆیەم بڵاودەکرێتەوە.
تا ئێستا زیاتر لە هەشت هەزار پەنابەر لە رۆژئاوای کوردستان روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
• داوادەکەین حکومەتی فیدراڵی وەڵامێکی ئەرێنی پێشنیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بداتەوە.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژی چوارشەممە ٢٠١٩/١٠/٢٣ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە لە رۆژانی داهاتوودا و لە دوای کۆتاییهاتنی سەد رۆژی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راپۆرتێکی بەرفراوان بڵاو دەکرێتەوە و تێیدا بە وردەکارییەوە ئاماژە بەو کار و پڕۆژانە دەکرێت کە ئەنجام دراون و ئەوانەی نەتوانراوە ئەنجام بدرێن لە گەڵ روونکردنەوەی هۆکارەکانی ئەنجام نەدانیان. لەمبارەیەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران گوتی حکومەت هی خەڵکە و دەبێ لە خزمەتی خەڵکدا بێت و هاووڵاتیان مافی خۆیانە بزانن حکومەت تا ئێستا چی کردووە.

دواتر سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی عێراق و ئاماژەی بەوەدا کە ئێمە لەگەڵ داوا رەوا و یاسایییەکانی خەڵکی خۆپێشاندەری عێراقین بەڵام بە هیچ شێوەیەک لە گەڵ تووندوتیژیدا نین ئینجا لە هەر لایەکەوە بێت. پشتگیریش لە هەنگاوە چاکسازییەکانی حکومەتی عێراق دەکەین بەڵام داواکارین هاووڵاتیان بە شێوازێکی ئاشتیانە داواکارییەکانیان بخەنەڕوو و دامودەزگاکانی حکومەتی عێراقیش بەرپرسیارانە وەڵامی داخوازی ئاشتیخوازانەی خۆپێشاندەران بدەنەوە.

گوتیشی سەقامگیربوونی بارودۆخی عێراق لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراقە بە هەرێمی کوردستانیشەوە. هەروەها هیوادارین کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی بە پێی دەستوور چارەسەربکرێن و بەغدا وەڵامێکی ئەرێنی پێشنیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بداتەوە.

لە بارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سوریاش ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران نیگەرانی خۆی لەگرژبوونی دۆخەکە نیشاندا و ئاماژەی بە لێکەوتە خراپەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد کە تا ئێستا زیاتر لە هەشت هەزار پەنابەر بە هۆی ئەم دۆخەوە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. روونیشیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی پێوست بێت بۆ هاوکاریکردنیان ئەنجامی دەدات بەڵام پێویستی بە هاوکاری حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە کە لەمبارەیەوە یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەن.

پاشان ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی پێداچوونەوە بە پێکهاتەی کارگێڕی و دارایی وەزارەت و دەستە و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کرد بە رەچاوکردنی دۆخی ئێستا. بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار درا هەر وەزارەتێک لە لای خۆیەوە بە وردیی پیداچوونەوە بە پێکهاتەی وەزارەت ودامەزراوەکانی بکات بە پێی پلان وخشتەیەکی زەمەنی دیاریکراو بە ئاراستەی زیاتر بە دامەزراوەییکردن و کەمکردنەوەی خەرجییەکان هەروەک لە هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا هاتووە.

بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە، خستنەڕووی رەشنووسی پڕۆژەی لکاندنی منداڵ بە خێزانی جێگرەوە بوو کە لەلایەن کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی خرایە روو. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا پڕۆژەکە بە شێوەیەکی مەبدەئی پەسەند بکات دوای ئەنجامدانی چەند گۆڕانکارییەک.

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی دەربارەی راپۆرتێکی فەرمـانگەی هەمـاهەنگی و بەدواداچوون کرد بـۆ ڕێكخسـتنەوە و كـۆکردنەوە و هەڵگرتنی ســــەرجەم ئەو دۆکیۆمێنت و ڕێككەوتننامە و یاداشتی لەیەکگەیشتنانەی کە لەکاتی سەردانی فەرمی شاندەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بــــۆ دەرەوەی وڵات ئەنجام دراون، ئەمەش لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە تێێدا هاتووە ئەنجامدانی ئیفاد و سەفەر و کۆنگرە و کۆنفرانس بە پێی پێویستی دەبێت.