Skip to the content

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران سەردانی زانکۆی سلێمانی كرد

ڕۆژی چوارشەممە 31ـی تەمموزی 2024، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی زانکۆی سلێمانی کرد، لەلایەن د. کۆسار محەمەد، سەرۆکی زانکۆ و ستافی ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی و مامۆستایانی زانکۆکە پێشوازی لێ کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم، عەتا محەمەد، بەرپرسی نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئامادەی بوون، بیروڕا لەبارەی ڕەوشی خوێندنی باڵا، لە سنووری پارێزگه‌ی سلێمانی و زانکۆکە و بەرەوپێشبردنی زانکۆ و ئەم کەرتە و هەنگاوی جددی و زانستی بۆ ڕەنگدانەوەی ئەم زانکۆیانە لە هەرێم و سوودبینین لە زانکۆکان، وەک سەرچاوەیەکی مرۆیی بۆ ئاییندەی هەرێم و بەرزبوونەوەی ئاستی توانای زانستيی زانکۆ و مامۆستایان و قوتابیيان و خوێندکاران و پێداویستییەکانی زانکۆکە ئاڵوگۆڕ کران.

هەر لە دیدارەکەدا پاڵپشتيی حکومەتی هەرێم بۆ کەرتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و زانکۆکان دووپات کرایەوە و ئامادەیی نیشان درا بۆ هەر پلان و بەرنامەیەک کە ببێتە هۆی پێشخستنی ئەم کەرتە و زانکۆکە.

هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشە و گرفتەکانی زانکۆ کرا و باس لە ڕێکارەکانی چارەسەریان کرا، هەروەها باس لە ڕۆلی زانکۆی سلێمانی کرا و تیشک خرایە سەر بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستيی زانکۆی سلێمانی و زانکۆکانی هەرێم لە بواری توێژینەوەی زانستی.