Skip to the content

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەرین کۆبووه‌وه‌

لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە 30ـی تەممووزی 2024، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی پارێزگه‌ی سلێمانی کرد، لەگەل د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و جێگری پارێزگه‌ی هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەرین و گەرمیان کۆبووەوە.

ئەم سەردانە دوای سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت بۆ سنووری پارێزگه‌ی سلێمانی و هەڵەبجە، ئامانج لە سەردانەکەش بۆ گفتوگۆکردن و بەدواداچوون بوو، سەبارەت بە داواکارییەکانی سنوورەکە، و جێبەجێکردنی بڕیارەکان و بەجێگەیاندنی داواکاریيەکانی هەردوو پارێزگه‌ و ئیدارە سەربەخۆکانی سنوورەکە.

لە کۆبوونەوەکەدا گیروگرفتە ئیدارییەکان لە سنوورەکە و چەندین بڕیاری گرنگ لە بەرژەوەندی سنوورەکە و هاووڵاتیيان بۆ یەکە ئیداریيەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی سنوورەکە بڕیاریان لێ درا، کەمکردنەوەی ڕۆتین و پێدانی دەسەڵاتی ئیداری بە یەکە ئیدارییەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، بەگوێرەی ڕێنماییەکان، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیيان و فەرمانبەرانی سنوورەکە، چوونە بواری جێبەجێکردنەوە، تاکوو دەستی خزمەتی زیاتر بگات بە سنوورەکە بەبێ جیاوازی لە تەواوی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان. بە خۆشحاڵییەوە لە نزیکەوە گوێ لە داواکاریيەکانی یەکە ئیداریيەکان گیرا و داواکاریيەکانیان جێبەجێ کران.

دوای کۆبوونەوەکەش سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و تیایدا باس لە داواکارییەکان و جێبەجێکردنیان و هاوکات پێدانی دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی و زیادکردنی سەرجەم پێشینەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەم سنوورانە باس کران، لەگەڵ چەندین تەوەر و پرسیاری دیکە کە لەلایەن ڕاگەیاندکارانەوە کران، تێێدا سەرۆکی دیوان وەڵامی پرسیاری تەواوی ڕاگەیاندنکارانی دایەوە.