Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست وەک هەنگاوێکی سەرەتایی پەسەند دەکات و داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات ڕەزامەندی لەسەر بدات

ئەنجومەنی وەزیران: پشتیوانی سەرژمێریی گشتین، بەڵام نابێت بۆ هیچ مەبەستێکی سیاسی بەکار بهێنرێت و نابێت ببێتە جێگرەوەی هیچ ڕێکارێکی دەستووری کە لە ماددەی 140 دا هاتووە.


ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئەیلوولی 2024، بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە ساڵیادی ڕیفراندۆم کرد، وەک پرۆسەیەکی دیموکراتییانە و بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان کرد.
سەرۆکوەزیران هەروەها بە بۆنەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دووپاتی کردەوە کە پێویستە لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان، بانگەشەیەکی ئارام و شارستانییانە و لەسەرخۆ بکرێت. سەرۆکوەزیران هیوای خواست کە ئەنجامی هەڵبژاردن لە خزمەتی دەسکەوت و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی زیاتری دیموکراسی بێت.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی (فەرمانبەرانی گرێبەست و دەرچووانی سێ یەکەمی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و ئەوانەی کە یاسای پلەبەندی خاوەن پیشەی تەندروستی و پزیشکی) دەیانگرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە هەریەک لە سیراج بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی گشتیی ڕاژە و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، وردەکاریی ئەو بڕگەیەیان بە زانیاری و ژمارەی پێویست و چوارچێوەی یاسایی و داراییی بابەتەکە خستەڕوو و ئاماژەیان دا بە ڕۆڵی بەرچاوی هێزی کاری فەرمانبەرانی گرێبەست لەناو دامودەزگەکانی حکومەتی هەرێم، کە خاوەنی ساڵانێکی زۆری خزمەتن و هەندێکیان بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنیشیان پێ دراوە، هەروەها ئاماژە بە ڕەواییی داوایان بۆ بەهەمیشەییبوون لەسەر میلاکی گشتی کرا، بە تایبەتی کە هەموویان تۆماری بایۆمەتریان بۆ ئەنجام دراوە و خاوەنی ژمارەی وەزیفیی خۆیانن و لیستی مووچە و تەرخانکراویی مانگانەیان لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە پەسەند کراوە.

سەبارەت بە بەشەکانی دیکەی وەک سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵای دانەمەزراو و ئەوانەی کە یاسای پلە بەندیی پزیشکی دەیانگرێتەوە، ئاماژە بەوە درا کە هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ، بە یاسای تایبەت بە خۆیان، دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ ڕەخساوە، کە پێویستە ئەوانەی هەرێمیش وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ، مامەڵە بکرێن و بەگوێرەی هەمان یاسا. بۆ ئەو مەبەستەش ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە کە پلەی وەزیفیی پێویست و تەرخانکراوی داراییان بۆ دابین بکات لە چوارچێوەی خشتەی میلاکاتی هەرێم بۆ ساڵی 2025، بە ڕەچاوکردنی بنەمای هێنانەدیی یەکسانی لە نێوان هەرێم و بەغدا، کە هەم دەستوور و هەم دادگای باڵای فیدڕاڵیش جەختی لێ کردۆتەوە، بە تایبەتیش لەم قۆناغە کە پەیوەندیی دارایی نێوان هەرێم و بەغدا چووەتە ئاستێکی بەرز، بە ئاراستەی یەکخستنی ڕێکارە داراییەکان و یەکخستنی شایستەی دارایی و مووچە و دەرفەتی دامەزراندن بۆ هەمووان لە سەرتاسەری عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بە شێوەیەکی مەبدەئی بابەتی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسەند کرد، بە هەمان ئەو مەرج و میکانیزم و ڕێکارانەی کە حکومەتی فیدڕاڵ لەمبارەیەوە پەیڕەویان دەکات و بەگوێرەی پێداویستی و تایبەتمەندیی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجومەنی گشتیی ڕاژەی هەرێمی کوردستان ڕاسپێردران کە ڕێکاریی پێویست بگرنەبەر بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی داراییی عێراقی فیدراڵ و لە چوارچێوەی هەمان تەرخانکراویی ئێستای مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست، کە لە لایەن وەزارەتی داراییی عێراق مانگانە خەرج دەکرێت.

سەبارەت بە سێ یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکانی دانەمەزراو و ئەوانەی کە یاسای پلەبەندیی پزیشکی دەیانگرێتەوە لە هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدڕاڵ پلەی وەزیفی و تەرخانکراویی داراییی پێویست دابین بکات، بە گوێرەی ئەو یاسایانەی کە هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵی پێ دامەزراون، بە هەمان میکانیزم و ڕێکار و مەرجە بەرکارەکان و بەگوێرەی پێداویستیی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم، ئەویش لە چوارچێوەی خشتەی میلاکاتی هەرێم بۆ ساڵی داراییی 2025، کە بە داخەوە لە دوای ساڵی 2013 ەوە هیچ پلەیەکی وەزیفیی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان دروست نەکراوە و ژمارەی میلاکی هەرێم بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجومەنی گشتیی ڕاژە لە هەرێم ڕاسپێردران کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ و ئەنجومەنی گشتیی ڕاژەی فیدڕاڵ، ڕێکاری پێویست بگرنەبەر.

لە بڕگەی دووەمدا دوا پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق خرایە ڕوو، کە بڕیارە لە 20ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت.
دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان و فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، تیشکیان خستە سەر دوایین ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی سەرژمێری و تێبینی و سەرنج و نیگەرانی و مەترسیی خۆیان لە بارەی شێواز و ئامانجی پرۆسەکە دەربڕی.

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، دووپاتی کردەوە کە دژی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی نین، بەڵام نابێت ئەم سەرژمێرییە بۆ هیچ مەبەستێکی سیاسی بەکار بهێنرێت و نابێت ببێتە جێگرەوەی هیچ ڕێکارێکی دەستووری کە لە ماددەی 140ی دەستووردا هاتووە. بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی پلاندانان و دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕاسپێردران کە تێبینی و سەرنج و نیگەرانی و پێشنیار و ڕاسپاردەکانی هەرێمی کوردستان بگەیەننە لایەنی پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ.