حکومەتی هەرێمی كوردستان
WED, 22 NOV 2017 19:23 Erbil, GMT +3

پەرلەمانی کوردستان




پەرلەمانى کوردستان دامەزراوەیەکى تەشریعی هەرێمە کە دیموکراتیانە هەڵبژێردراوەو لە یەک ئەنجوومەن پێکدێت و سێ ئەرکى سەرەکى هەیە، کە بریتین لە:

  • لێکۆڵینەوە لە پڕۆژە یاساى نوێ
  • تێڕوانین و بەدواداچوون لە سیاسەت و بەڕێوەبردنى حکومەت
  • گفتوگۆکردن لەسەر کێشە و مەسەلە گرنگەکانى ڕۆژ

بنەما دامەزرێنەرەکانى پەرلەمان بریتین لە ئازادى، پێکەوەژیانى گشت نەتەوە و ئاینە جیاجیاکان، لێپرسینەوە، فرەیى، شەفافیەت و نوێنەرایەتى کردنى تەواوى پێکهاتەکانى خەڵکى کوردستان.



یاسا مێژووییەکانی کە لە لایەن پەرلەمانى کوردستانەوە دەرچوون

پەرلەمانى کوردستان کۆمەڵێک یاساى مێژوویى دەرهێناوە کە بریتین لە:

بۆ تەواوى یاساکانى تر و زانیارى زیاتر، تکایە سەردانى ماڵپەرى په‌رله‌مانی کوردستان بکە.

پێکهاتەى پەرلەمان: مسۆگەرکردنی نوێنەرایەتییەکی بەرفراوان

بەپێى بڕیارى یاساى ژمارە 1ى ساڵى 1992، پەرلەمانى کوردستان پێکدێت لە 111 کورسى، کە لە لایەن سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوەدەبردرێت و لەلایەن جێگرەکەیەوە لە کار و ئەرکەکانى هاریکارى دەکرێت.

لە شوباتى 2009 یاساى هەڵبژاردنى هەرێمى کوردستان هەموار کرایەوە بەمەبەستى زیاتر لە خۆگرتنى تەواوى پێکهاتەکان. کەمترین تەمەن بۆ خۆ کاندیدکردن بۆ پەرلەمان لە 30 ساڵیەوە بۆ 25 ساڵى کەمکرایەوە. کەمترین ڕێژەى یاسایى پەرلەمانتارانى ئافرەت لە 25 بۆ 30 لەسەد بەرزکرایەوە. لە کاتێکدا ژمارەى ئەو کورسیانەى لە هەڵبژاردنەکانى پێشووتر بۆ کەمە نەتەوایەتییەکان تەرخان کرابوو، زیادکرا بۆ پێنج کورسى بۆ هەر یەک لە کریستیانەکان وتورکمانەکان.

مێژووى پەرلەمانى کوردستان

پەرلەمانى کوردستان لە ساڵى 1992 لە دوای سازدانی یەکەم هەڵبژاردنى ئازاد و دادپەروەرانە لە مێژووى هەرێم و هەر بەشێکى ترى عیراقدا، دامەزرا.

بەمەبەستى پاراستنى هاوڵاتیانی کوردستان لە هێرشەکانى سوپاى عیراقى دوابەدواى جەنگى کەنداوى 1991، وڵاتانى ئەمریکا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا ناوچەى دژە فڕینیان لەسەرووى هێڵى پانى 36 دامەزراند کە بەسەر سنوورى کوردستان درێژ دەبێتەوە. لەسەر زەمینیشدا، ناوچەیەکى ئارام لە لایەن سوپاى سەربازى 11 وڵاتەوە دانرا. دیاریکردنى ئەم ناوچەى دژە فڕین و ئارامە هاندەر بوو بۆ گەڕانەوەى ئاوارەکان، بەوانەشەوە ئەوانەی کە لە حەفتاکانەوە کوردستانیان جێهێشتبوو.

دواتر لە ساڵى 1991، سەدام حسێن هێزەکان و دامودەزگا ئیداریەکانى لە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان کشاندەوە. سەرەڕاى ئەو ناخۆشى و ناڕەحەتیەى هەبوو بەهۆى ئابڵوقەى نێودەوڵەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر عیراق، سەدام حسێن ئابڵوقەیەکى ترى ناوخۆیى بەسەر هەرێمى کوردستان سەپاند ئەویش بە ڕاگرتنى ناردنى خۆراک ودەرمان و سووتەمەنى و بڕینى کارەبا و ڕێگرتن لە چوونى خەڵکى ئەو هەرێمە بۆ ناوچەکانى ترى عیراق.                                       

سەرەڕاى دروستبوونى ئەو بۆشاییە کارگێڕیە و ئەو دوو ئابڵوقە ئابووریە، بەرەی کوردستانی، کە هاوپەیمانیەتێکى فرەلایەنى هێزە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان بوو، بڕیاریدا هەڵبژاردنێکى گشتى ئەنجام بدات. ئامانجی سەرەکی لەمە دانانى ئیدارەیەک بوو بۆ دابینکردنى خزمەتگوزاری و پێویستیە سەرەکیەکانى هاوڵاتیان. دانیشتوانى هەرێمیش زۆر بە پەرۆش بوون بۆ هەڵبژاردنى نوێنەرەکانیان. هەڵبژاردنەکە، کە لە 19ی مایۆ/ئایاری 1992 بەڕێوەچوو، بە یەکەم هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئازاد و دادپەروەر دادەنرێت لە مێژووى عیراق. ڕێژەى حەفت لەسەدی دەنگەکان وەک کەمترین ڕێژە دانرا بۆ هەر حزبێک بۆئەوەى بتوانێت نوێنەرایەتى خەڵک بکات لە پەرلەمان. ڕێژەى دەنگدەر زۆر بوو، وە بە هەڵبژاردنێکى ئازاد و دادپەروەر و دیموکراتیانە لەلایەن چاودێرە بیانیەکانەوە هەژمارکرا. دواى دەیان ساڵ لە دیکتاتۆریەت، خەڵکى کوردستان توانیان بۆ یەکەمجار لە مێژووى خۆیان دەنگ بە نوێنەرانیان بدەن.

ئەم هەڵبژاردنە پێکهێنانى یەکەم ئەنجوومەنى نیشتیمانى کوردستان و دامەزراندنى حکومەتى هەرێمى کوردستانى بەدواى خۆیدا هێنا. سەرکردایەتى و خەڵکى هەرێمى کوردستان بڕیاریاندا تەواوى یاسا عیراقیەکان، جگە لەوانەی کە پێشێلى مافى مرۆڤ و نێودەوڵەتیەکان دەکات، پەیڕەوبکەن. لە 15ی یۆلیۆ/تەمووزى 1992، ئەنجوومەنى نیشتیمانى کوردستان یەکەم کۆبوویەوەی خۆی سازدا. یاساى ژمارە (1)، کە یەکەم یاسا بوو پەسەندکرا، ئەنجوومەنى وەک دەسەڵاتى یاسادانانى هەرێم دەستنیشانکرد.

تا ئەمڕۆ چوار هەڵبژاردنی پەرلەمانى هەرێم رێکخراون، ئەوانیش لە 1992، 2005، 2009 و 2013. لە ساڵى 2009 ناوى ئەنجوومەنى نیشتیمانى کوردستان کرا بە پەرلەمانى هەرێمى کوردستان.

هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان

هەڵبژاردنى پەرلەمان هەر چوار ساڵێک ساز دەدرێت، وەک لە ماددەى (8)ی یاساى هەڵبژاردنەکانى کوردستانەوە هاتووە. دوا هەڵبژاردنى پەرلەمانى لە 21ی سەپتەمبەر/ئەیلولی 2013 ئەنجامدرا. هەر کەسێک تەمەنى 18 ساڵ و سەرووتر بێت و هاوڵاتى هەرێمى کوردستان بێت و ناوى لە تۆمارى دەنگدان بێت دەتوانێت بەشێوازێکى ڕاستەوخۆ و جیهانیانە و بەشێوەیەکى نهێنى دەنگبدات.

دەسەڵاتەکانى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان (1)

هەروەک لە دەستورى فیدڕاڵى عیراقدا هاتووە، پەرلەمان دەسەڵاتێکى زۆرى هەیە بۆ گقتوگۆکردن و یاسا دانان لەسەر سیاسەت لە زۆر بوارەوە، لەوانە: خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان، پەروەردە و ڕاهێنان، پۆلیس و ئەمن و ئاسایش، ژینگە، سامانە سروشتیەکان، کشتوکاڵ، نیشتەجێبوون، بازرگانى، پیشەسازى و وەبەرهێنان، خزمەتگوزاری و کاروبارە کۆمەڵایەتیەکان، گواستنەوە و ڕێگاوبان، کەلتور و گەشتیارى، وەرزش و چالاکیە تەرفیهیەکان هەروەها مۆنیومێنتە دێرینەکان و بینا مێژووییەکان.

پەرلەمانى کوردستان هەمان دەسەڵاتى یاسادانانى دەسەڵاتەکانى فیدڕاڵى بەشدەکات لەم بوارانەی خوارەوە، بەڵام پێشەنگ دەدرێت بە یاساکانى پەرلەمانى کوردستان: گومرگ، وزەى کارەبا و دابەشکردنى، پلاندانانى گشتى و سەرچاوە ئاویە ناوخۆییەکان.

لەگەڵ ئەمەشدا، بەپێى ماددەى 121 لە دەستوورى عیراقى فیدڕاڵى، پەرلەمانى کوردستان مافى هەموارکردنەوەى جێبەجێکردنى دەسەڵاتى یاسادانانى فراوانى عێراقى هەیە کە دەکەونە دەرەوەى ئەو دەسەڵاتانەی تایبەتن بە حکومەتى فیدڕاڵى.                              

ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان

هەر 111 ئەندام پەرلەمانى هەرێمى کوردستان نوێنەرایەتى ئەو لیست و حیزبە سیاسیانەى خوارەوە دەکەن:

  • پارتى دیموکراتى کوردستان: 38 کورسى
  • لیستى گۆڕان: 24 کورسى
  • یەکێتى نیشتیمانى کوردستان: 18 کورسى
  • یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان: 10 کورسى
  • کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان: 6 کورسى
  • بزووتنەوەى ئیسلامى: 1 کورسى
  • حزبى کۆمەنیست (لیستى ئازادى): 1 کورسى
  • حزبى شوعى کوردستان: 1 کورسى


ئەو کورسیە پەرلەمانیانەى تەرخانکراون بۆ کەمایەتیە نەتەوەییەکان:

  • لیستى گەشەپێدانى تورکمانى: 2 کورسى
  • لیستى هەولێرى تورکمانى: 1 کورسى
  • لیستى گۆڕان و چاکسازى تورکمانى: 1 کورسى
  • لیستى بزووتنەوەى تورکمانى: 1 کورسى
  • لیستى الرافدین: 2 کورسى
  • ئەنجوومەنى کلدان ئاشوور سریانى: 2 کورسى
  • لیستى ئیبن الرافدین: 1
  • کورسى بەروان احسان مەرگوز بەترۆس: 1 کورسى

لێژنەکانى پەرلەمانى کوردستان

پەرلەمانى کوردستان ژمارەیەک لە لێژنەى هەمیشەیى هەیە کە لەسەر ئەم بوارانەی خوارەوە کاردەکەن:

  • کاروبارى یاسایى
  • کاروبارى دارایى و ئابوورى
  • کاروبارى منداڵ و خێزان
  • کشتوکاڵ و ئاودێرى
  • پەروەردە و فێرکردنى باڵا و توێژینەوەى زانستى
  • کاروبارى تەندروستى و کۆمەڵایەتى
  • پەیوەندیەکان و رۆشنبیرى
  • لیژنەى ئاوقاف و کاروبارى ئاینى
  • خزمەتگوزاریەکانى شارەوانى و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار
  • پیشەسازى و وزە و سەرچاوە سروشتیەکان
  • کاروبارى پێشمەرگە
  • مافى مرۆڤ
  • کار و ئاوەدانکردنەوە
  • بەرگرى لە مافى ئافرەت
  • ماددەى 140 ى دەستوورى عیراقى

(1)  ئەم دەسەڵاتانە بەگوێرەی دەستوورى عیراقی فیدڕاڵ بەپێى ماددەکانى 114، 115، 117، 120، 121، 126 و 141 بە پەرلەمانی کوردستان بەخشراون.