Skip to the content

لە پێناو پاراستنی ژینگە ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەردی ساڵنسەیان دەرهێنراوە تۆمار ناکرێن

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر پێشنیازی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە، بڕیارى تۆمارنەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەى دا کە بەردی ساڵنسەیان دەرهێنراوە.

دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە بۆ پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەى کاریگەریی دووکەڵ، بە نووسراوێک داوایان لە وەزارەتی ناوخۆ كردووە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەردی ساڵنسەیان دەرهێنراوە، لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆ تۆمار نەكرێن.

وەزارەتی ناوخۆ لەسەر پێشنیازی دەستەی ژینگە، لە ڕێگەى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆوە، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هاتووچۆی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی ئاگادار كردووەتەوە كار بە نووسراوە گشتێنراوەکە بكرێت و هیچ ئۆتۆمبێلێك ئەگەر بەردی ساڵنسەیان دەرهێنرابێت، تۆمار نەکرێت.

بەردی ساڵنسا (بەردی ژینگەدۆست) وەکوو فلتەرێک کار بۆ هەڵمژینی دووکەڵی ئۆتۆمبێل دەکات و ژینگە لە گەرمی و گازە ژەهراوییەکان دەپارێزێت، بەڵام بەشێک لە شۆفێران بە مەبەستی بەهێزکردنی هەڵمەتی ئۆتۆمبێلەکانیان و فرۆشتنەوەیان، ئەم بەردە لە سیستەمی دووکەڵوەدەرنانی ئۆتۆمبێلەکانیان دەردەهێنن.