Skip to the content

سەرۆکی دەستە لەگەڵ یەکێتی وەبەرهێنەران کۆبووە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دوشەممە 2021/2/15 د.محەمەدشوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان لەسەرجەم پارێزگاکان کۆبوەوە.

لە کۆبونەوەکەدا سەرۆکی دەستە باسی لە پرۆسەی وەبەرهێنان و پلانی حکومەتی هەرێم و دەستەی وەبەرهێنان کرد لە ئاراستەکردنی وەبەرهێنان بۆ پرۆژەی ستراتیژی و گرنگ لە ئایندەدا.

د.محەمەدشوکری لە کۆبونەوەکەدا رایگەیاند: بۆ لەمەودوا کۆبونەوە و دیداری بەردەوامان دەبێت لەگەڵ یەکێتی وەبەرهێنەران، بەمەبەستی هەماهەنگی و چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی وەبەرهێنان، هاوكات بۆ ئاگاداربونی وەبەرهێنەران لە پلان و بەرنامەکانی دەستەی وەبەرهێنان بۆ ئاراستەکردنی پرۆسەی وەبەرهێنان بەرەو گرنگیدان بە پڕۆژە ستراتیژیەکان لە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتیاری و رێگاوبان و...، تاقۆناغی نوێی وەبەرهێنان قۆناغی بنیادنانی ژێرخانێکی بەهێزی فرەچەشنی ئابوری بێت.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە کۆبونەوەکەدا داوای لە وەبەرهێنەران کرد، کە رۆڵ و پەیوەندییەکانی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ هێنانی وەبەرهێنەری بیانی و دەستگیرۆكردن و ئاشناکردنیان بە رێکار و کارئاسانی و ئیمتیازاتەكانی حكومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنەران و پرۆسەی وەبەرهێنان.

هەر لە کۆبونەوەکەدا سەرۆکی دەستە گوێی بۆ پێشنیار و سەرنج و داواکانی وەبەرهێنەران گرت، باسی لە هەنگاوەكانی حکومەت کرد لە پرۆسەی چاکسازی و چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم وەبەرهێنان و کارئاسانی لە پرۆسەکەدا.