Skip to the content

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی بابل سەردانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کرد.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/2/24 د.محمەدشوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە دیوانی دەستەی وەبەرهێنان، پێشوازی کرد لە محەمەد زەکام سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگای بابل و وەفدێکی یاوەری، لەو دیدارەدا باس لە سودبینین لە ئەزمونی هەرێم لە بواری وەبەرهێنان بۆ ناوچەکانی تر و دروستکردنی پەیوەندیی لەنێوان هەردولا کرا.

لای خۆیەوە محەمەد زەکام سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی بابل وێڕای سوپاسی خۆیان لەسەر پێشوازی و رێکخستنی ئەو دیدارە بۆ سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ ئێستا بارودۆخی ئەمنی و بوژانەوەی ئابوری لە بابل زۆر روو لەباشییە و پارێزگاکە پێویستی بە ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرهێنانە بۆ بنیادنان و ئاوەدانکردنەوە.

محەمەد زەکام ئەوەشی وت: ئێمە سەرسامین بەو هەنگاوانەی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی وەبەرهێناندا گرتویەتیەبەر لە ئاوەدانکردنەوەی هەرێمدا، داواکارین کە لەرێگەی ئێوەوە هانی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستانیش بدرێت تا بێنە بابل بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرهێنانی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان.

هەر لەو دیدارەدا د.محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، ئەم جۆرە سەردان و پەیوەندییانە زۆر پێویستن لە دروستکردنی ئەو پردی پەیوەندییەی کە پێویستە بۆ پەرەپێدان و هاندانی زیاتری وەبەرهێنان، ئێمە ئامادەی هەموو هەماهەنگی و هاوکاریەکین بۆ گشت ناوچەکانی تری عێراق بە هاوکاری لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی عێراق لە بەغداد، خۆشحاڵیشین بەوەی بارودۆخی بابل گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە لەهەموو رویەکەوە گونجاوبێت بۆ وەبەرهێنان.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئەوەشی وت: هەر شوێنێک لە عێراقدا ئارامی و سەقامگیری تێدا بێت کاریگەری لەسەر ئێمە و ناوچەکانی تریش هەیە، چونکە هەموومان یەک بازاڕی هاوبەشی ساغکردنەوەی کاڵاکانمان هەیە.