Skip to the content

لە زانکۆی سۆران، سەنتەری توێژینەوەی ئابووری کرایەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەڕێوڕەسمەکدا دکتۆر محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان و هەر یەکە لە بەڕێزان پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران و ڕۆبێرت پاڵەدینۆ، کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر، ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ، بەرپرسانی حکومی و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەبوون.

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند ، بە کردنەوەی ناوەندی توێژینەوەی ئابووری لە زانکۆی سۆران خۆشحاڵن و ئامادەیی هەموو جۆرە هاوکارییەکی بۆ سەرخستنی کارەکانی سەنتەرەکە دەربڕی ، گوتیشی گرنگە ئەم جۆرە ناوەندانە لە زانکۆکانی کوردستان بکرێنەوە، بۆ ئەوەی هاوکار و هەماهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن.

سەنتەری توێژینەوەی ئابووریی زانکۆی سۆران تایبەتە بە کۆکردنەوە و شیکاری داتا و زانیارییەکانی پەیوەست بە ئابووریی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق و لە ڕێگەی ڕێکخراوی ئایرێکسەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت. سەنتەرەکە، یەکەیەکی تایبەتە بە توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی ئابووری لە کەرتە جیاوازەکانی ئابووریی هەرێمی کوردستان، بە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتەوە. ئامانج لە کردنەوەی سەنتەرەکە کۆکردنەوە و شیکردنەوەی داتا ئابوورییەکانە. لەم ڕێگەیەشەوە، لە بەردەستکردنی داتا و داڕشتنی پلان و ستراتیژی ئابووری، هاوکاری توێژەر، خاوەنکار و دامەزراوەکانی کەرتە گشتی و تایبەتەکان دەبێت. هەروەها، ڕێگا و شێوازی مامەڵەکردنی زانستییانە و درووست لەگەڵ پرس و قەیرانە هەنووکەییەکان پێشنیاز دەکات. سەنتەرەکە یەکێکە لە سەنتەرە زانستییەکانی سەر بە زانکۆی سۆران و دەبێتە ناوەندێکی متمانەپێکراوی بواری داتا ئابوورییەکان لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق. باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ڕێگەی ڕێکخراوی ئایرێکسەوە، پاڵپشتی دارایی سەنتەرەکە دەکات.