Skip to the content

نوێترین زانیاری

 بۆ دەستکەوتنی نوێترین زانیاری دەربارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان، بەردەوام سەیری ئەم پێگەیە بکە. بۆ زانیاری دەربارەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و چۆنیەتی خۆپاراستن لێی، سەردانی پەڕەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا؛ بکە.

 

پوختەی بارودۆخەکە

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ (کۆڤید-١٩) بە شێوەیەکی خێرا لە گۆڕاندایە لە جیهاندا. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەردەوام نوێکارییەکان بەردەست دەخات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەردەوام چاودێری بارودۆخەکە دەکات و ئامادەکاری تەواویشی کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی حاڵەتەکە. لە حاڵەتی هەستکردن بە نیشانەکان لەخۆتدا یا لە هەر کەسێکی تردا تکایە پەیوەندی بەم هێڵە گەرمەوە بکە تەنها وەزارەتی تەندروستی و رێکخراوی تەندروستی جیهانی رێگەپێدراون بۆ پشتڕاستکردنەوەی تۆمارکردنی توشبوو بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان.

 

حاڵەتەکان لە هەرێمی کوردستان

وەزارەتی تەندروستی بە ووردی چاودێری بوونی حاڵەتی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەکات.

(نوێکراوەتەوە لە کاتژمێر ١٨:٣٠، ٢٠٢٠/٠٧/٠٢)

کۆڤید-١٩: پوختەیەک لەسەر هەرێمی کوردستان*

کۆی گشتی حاڵەتە پشتڕاستکراوەکان: ٦٦٥٧

ژمارەی چاکبووەکان: ٢١٦٤

ژمارەی مردووەکان: ٢٢٣

ژمارەی حاڵەتەکان لە ئێستادا: ٤٢٧٠

*ئەم داتایانە پێکهاتووە لە پوختەیەک لە ژمارەی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە تۆمارکراوە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لە رێکەوتی (٢٠٢٠/٠٣/٠١)ەوە.

*کۆڤید-١٩: ژمارەی پشکنینەکان لە هەرێمی کوردستان

 ژمارەی پشکنینی نموونەی وەرگیراو

١٣٨٨٣١

کۆی گشتی پشکنینی نموونەی وەرگیراو

ئەنجامی پشکنینەکان

٦٦٥٧

ژمارەی حاڵەتی ئەرێنی

١٣٢١٧٤

ژمارەی حاڵەتی نەرێنی

٠

ژمارەی نموونەی ژێر پشکنین

٦٦٥٧

کۆی گشتنی حاڵەتە پشتڕاستکراوەکان

*ئەم خشتەیە پێکهاتووە لە ژمارەی ئەو کەسانەی کە نموونەیان لێوەرگیراوە بۆ پشکنینی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەگەڵ ژمارەی حاڵەتە پشتڕاستکراوەکان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە.

 

حکومەتی هەرێم چی دەکات بۆ ئامادەکردن و پاراستنی کۆمەڵگا

بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئەم رێکارانە دەگرنە بەر:

راگرتنی هاتووچۆ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان
  • دەسەڵات دەدرێت بە پارێزگا و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان بە مەبەستی رێگەپێدان بە کردنەوەی ئەو شوێنە خزمەتگوزارییانەی کە پێویستن بۆ هاووڵاتیان و داخستنی ئەو شوێنانەی کە سەرپێچی دەکەن.

  • لە رابردوودا ماوەی راگرتنی هاتووچۆ لە ناو هەر دوو شاری هەولێر و سلێمانی سەرەتا بۆ ماوەی (٤٨) كاتژمێر راگەیاندرا کە لە كاتژمێر (١٢:٠٠)ی شەوی ٢٠٢٠/٠٣/١٣ تاکو کاتژمێر (١٢:٠٠)ی شەوی ٢٠٢٠/٠٣/١٥ هەروەها بۆ ماوەی (٧٢) کاتژمێر درێژکرایەوە. دواتر لە تەواوی پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی ڕاپەرین و گەرمیان و گشت یەكە كارگێرییەكانيان لە كاتژمێر (١٢:٠٠)ی شەوی ٢٠٢٠/٠٣/١٨ تا ٢٠٢٠/٠٥/١٠ و لە ٢٠٢٠/٠٦/٠١ کاتژمێر (٠٦:٠٠)ی ئێوارە تا ٢٠٢٠/٠٦/٠٣ کاتژمێر (٠٦:٠٠)ی ئێوارە راگەیاندرا لە بەچەند قۆناخێک.

  • رێگە دەدرێت بە هاتووچۆكردنی ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەكان و تیمە تەندروستییەكان و ئۆتۆمبێلی ئەمبولانس ئەوانەی لە ئەركی فەرمیدان.
  • هاتووچۆكردنی ئاژانس و رێكخراوەكانی (UN)، هاوپەیمانان و هاتووچۆی بازرگانی لەنێوان پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان ریگە پێدراوە.

  • ئەو خێزانانەی كە لە ناو هەرێمی كوردستان بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆ لەیەك دابڕاون، لەكاتژمێر (١٢:٠٠)ى شەوی رۆژی ٢٠٢٠/٠٤/١٠ بۆ ماوەی (٢٤) كاتژمێر رێگایان پێ دەدرێت بگەرێنەوە ماڵەكانی خویان لە نێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، بە مەرجێك كارتی زانیاری ئەو پارێزگایەیان هەبێت كە بۆی دەچن و لە بازگەكان پێویستە پێیان بێت. ئەم پرۆسەیە بە هەماهەنگی لە نێوان ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و وەزارەتی ناوخۆ ئەنجام دەدرێت.

  • هاتووچۆی پیادە قەدەغەیە جگە لە حاڵەتی دابین كردنی پێداویستی ڕۆژانە و حاڵەتی نەخۆشی، و ئەوانەی سەرپێچی دەكەن رێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

  • لێژنەیەك بە سەرۆكایەتی قائیمقامی قەزاكان و ئەندامێتی نوێنەرانی پۆلیس و ئاسایش پێك دێت بۆ پێدانی رێگەپێدان لە حاڵەتی زۆر پێویست.

  • رێگەپێدانی كۆمپانیا نەوتییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەبێت، و كۆمپانیاى پەیوەندییەكان و رێگەپێدانە تایبەتەكان بە هەماهەنگی لەگەل لایەنە پەیوەندیدارەكان دەبێت، و ئەو رێگەپێدانانە تەنها لەلایەن (وەزارەتی ناوخۆ/ بەرێوەبەرایەتی گشتی دیوان) دەدرێت.

  • هاتووچۆ لە نێوان پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بە هەموو شێوەیەك ڕادەگیرێت، و لە حاڵەتی زۆر پێویست تەنها بە ڕەزامەندی ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دەبێت. هەر كەسێك سەر بە هێزە ئەمنییەكانی ڕاسپێردراو بە جێبەجێ كردنی رێكارەكانی ئاماژەپێکراو كەمتەرخەمی بنوێنێت لە جێبەجێ كردنی یان پێشێلی بكات، ئەگەر لە ئەركدا نەبێت بە (١٠) ڕۆژ زیندانی سزا دەدرێت بە پێی ماددەی (٤٧ و ٤٨) لە یاساى سزادانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٠٨.

  • هەر لێژنەیەك رێگەپێدانێك بدات بەبێ ئەوەی پێویست بێت، ئەگەر ئەندامەكەی لەسەر ڕاژەی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بێت بە هەمان بڕگەی سەرەوە سزا دەدرێت، و ئەگەر لەسەر ڕاژەی شارستانی بێت بە سزای سەرنج ڕاكێشان و دوورخستنەوە لە پۆستەكەی سزا دەدرێت.

  • هیچ فەرمانبەر، ئەفسەر، یان كارمەندێك كە لە پارێزگاكانی تری عێراق خزمەت دەكەن رێگایان پێ نادرێت بگەرێنەوە هەرێمی كوردستان تا ٢٠٢٠/٠٤/٠١، ئەگەر دانیشتووی هەرێمی كوردستانیش بن.

  • بەڕێوەبەرانی گشتی كارەبا لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دەبنە ئەندام لە ژووری ئۆپەراسیۆنەكان بەمەبەستی هەماهەنگی و رێكخستنی بابەتی هاتووچۆی تیمەكانی كارەبا و گەیاندنی سووتەمەنی بە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێم.

  • پێویستە هاووڵاتیان لە ماڵەكانی خۆیان بمێننەوە تا تیمە تەندروستییەكان بتوانن كاری خۆیان ئەنجام بدەن و بۆ هەر حاڵەتێكی گومانلێكراو پەیوەندی بە هێڵی گەرمی (١٢٢) بكرێت و پێویستە ئەو هاووڵاتیە لە جێگای خۆی بمێنێتەوە تا تیمە تەندروستییەكان بە هانایەوە دەچن.

راگرتنی هاتووچۆكردنی هاووڵاتیان لە نێوان پارێزگاكانی هەرێم
  • راگرتنی هاتووچۆكردنی هاووڵاتیان لە نێوان گشت پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهوك و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی ڕاپەرین و گەرمیان و گشت یەکە کارگێڕییەکان و شار و شارۆچکەکانیان لە ٢٠٢٠/٠٥/٣١ کاتژمێر (١٢:٠٠)ی شەو تا ٢٠٢٠/٠٧/٠١ کاتژمێر (١٢:٠٠)ی شەو. هەر کەسێک سەرپێچی بکات بە پێی رێنماییەکان سزا دەدرێت.

  • رێگەپێدان لە نێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بە پێی سیستەمی رێگەپێدانی ئەلیكترونی دەبێت و هاووڵاتی دەتوانێت لەسەر وێب سایتی وەزارەتی ناوخۆ بە ناو نیشانى (moi.gov.krd) لە حاڵەتی زۆر پێویست و مەبەستەكانی دەوام كردنی فەرمانبەران داوای رێگەپێدان بكەن بە پێی ئەو رێنماییانەی كە لەو سیستەمە دیاری كراوە، و پێویستە لەسەر پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان ئاسانكاری بكەن بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان لە بازگەكان.
  • راگرتنی سیستەمی رێگەپێدانی ئەلیكترونی لە ٢٠٢٠/٠٦/١٥ تا ٢٠٢٠/٠٧/٠١ کاتژمێر (١٢:٠٠)ی شەو.

  • هاتووچۆكردنی ئاژانس و رێكخراوەكانی (UN) و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و هاوپەیمانان و دیپلۆماتكاران رێگە پێدراوە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان و فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە رادەسپێردرێت بۆ ئاسانكاری و پێدانی رێگە پێدان بۆ هاتووچۆكردنی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان لە نێوان پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان لە وەزارەتی ناوخۆ JCC.
هاتووچۆکردن لە نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی تری عێراق
  • راگرتنی هاتووچۆ بەشێوەیەکی تەواو لە نێوان هەرێم و پارێزگاكانی عێراق تا ٢٠٢٠/٠٧/٠١.

  • ئەو هاووڵاتیانەی لە پارێزگاكاتی عێراق یان ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەگەرێنەوە، چ هاووڵاتی سیڤیل بن یان سەر بە هێزە ئەمنییەكان بن دەبێت لەسەر ئەركی خۆیان بۆ ماوەی (٤٨) كاتژمێر كەرەنتین بكرێن تا دەرچوونی دەرئەنجامی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە تێچووی پشكنینەكە لە ئەستۆی خۆیان دەبێت و دەبێت لە ماڵەوە خۆی كەرەنتین بكات، یان بڕوانامەی تووش نەبوونیان لەگەڵدا بێت كە پێش (٢٤) كاتژمێر لە هاتنیان بۆ هەرێمی كوردستان دەرچووبێت و دەبێت لە ماڵەوە خۆی كەرەنتین بكات.

  • راگرتنی هاتن و چوون لە نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی تری عێراق، جگە لە حاڵەتی زۆر پێویست كە ئەویش بە ڕەزامەندی ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا هەیە كە لە پارێزگاكان و یەكە سەربەخۆكان پێكهێنراوە بە سەرۆكایەتی پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان و ئەم ڕاگرتنە لە نێوان ٢٠٢٠/٠٣/١٤ تا ٢٠٢٠/٠٣/٢٨بەردەوام دەبێت.
ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان
  • حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوولاتیان دڵنیا دەکاتەوە لە وەرگرتنی دوایین زانیارییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام و رۆژانە لە رێگای دامودەزگای حکومی پەیوەندیدار و بە یارمەتی ڕاگەیاندنەکان.
  • هەر كەس و لایەنێك لە رێگای سوشیال میدیا و دەزگاكانی ڕاگەیاندن لێدوان دژی رێكارەكانی خۆپاراستن لە ڤایروسی كۆرۆنا بدات لە رێگای داواكاری گشتی رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

  • پرسەدانان تەنانەت ئەگەر لە ناو مالیشەوە بێت قەدەغەیە و هەر كەسێك سەرپێچی بكات بە بڕی (٢,٠٠٠,٠٠٠) دوو ملیون دینار سزا دەدرێت.

  • شوفێری ئۆتۆمبێلەكانی گواستنەوەی گشتی و تاكسی نابێت رێگا بدات بە سەرنشین بە بێ دەمامك لە ئۆتۆمبێلەكەى سوار بێت بە پێچەوانەوە بە بڕی (٥٠,٠٠٠) پەنجا هەزار دینار بۆ هەر حاڵەتێك شوفێر سزا دەدرێت.

رێکخستنی ئەو شوێنانەی بۆ خزمەتی هاووڵاتیان رێگەپێدراون
  • گشت ئەو شوێنانەی كە پێشتر بۆ خزمەتی هاوڵاتیان رێگەپێدراون دادەخرێن لە ٢٠٢٠/٠٦/٠١ کاتژمێر (٠٦:٠٠) ئێوارە تا ٢٠٢٠/٠٦/٠٦ کاتژمێر (١٢:٠٠)ی شەو جگە لە دەرمانخانەی ئیشكگر كراوە دەبێت و نانەواخانەكان تەنيا لە كاتژمێر (٠٦:٠٠)ی بەیانی تا (١٢:٠٠)ی نیوەڕو دەكرێنەوە و پێویستە نان بە دیلڤەری بگەیێنرێتەوە هاوڵاتیان و نابێت لەنانەواخانەكان نان بە هاوڵاتیان بفروشرێت و هەر نانەواخانەیەك سەرپێچی بكات لە رێگای ژووری ئۆپەراسیونەكان رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

  • عەلوەكان دەكرێنەوە بۆ ساخكردنەوەی بەروبومی كشتوكاڵی و رێگا دەدرێت بە فرۆشتنی سەوزە و میوە بە ئۆتۆمۆبێل لە ناو گەرەكان بە ڕەچاوكردنی رێنماییە تەندروستیەكان.

  • پێویستە هاووڵاتیان و خاوەن فروشگاكان و شوێنە خزمەت گوزارییەكان دەمامك بەكار بهێنن.

  • هەموو ئەو شوێنانەی کە ڕەزامەندی کارکردنییان پێدراوە و کراوە دەبن پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان جێ بەجێ بکەن لە بەستنی دەمامک و دەستکێش و دروست نەکردنی قەرەباڵغی، و پێویستە لە هەر شوێنێك مەودای نێوان دوو كەس لە (١.٥) مەتر كەمتر نەبێت.

  • لە رابردوودا گشت ماركێتەكان، نانەواخانەكان، و ئەو شوێنانەی بۆ خزمەتی هاوڵاتیان رێگەپێدراون لە نێوان (١١:٠٠)ی شەو تا (٠٦:٠٠)ی بەیانی دادەخرێن، جگە لە دەرمانخانەی ئیشكگر كراوە دەبێت، و پێویستە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان بابەتی رێگەپێدان بە كردنەوەی ماركێتەكان و نانەواخانەكان و ئەو شوێنانەی بۆ خزمەتی هاوڵاتیان پێویستن رێكبخەنەوە بە شێوەیەك كاریگەری نەبێت لەسەر بریاری ڕاگرتنی هاتووچۆ.
سنورداركردنی جموجوڵ و هاوردەكردنی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان
  • دەروازە سنورییەكانی (پەروێزخان، باشماخ، حاجی ئومەران، ابراهیم خلیل، سەرزێری، سەیران بەن، كێلێ ، تەوێلە، پشتە و شوشمێ) و هەر دوو فرۆكەخانەی نیودەولەتی (هەولێر و سلێمانی) بە ڕووی گەشتیاران دادەخرێت تا ٢٠٢٠/٠٦/٠٦ کاتژمێر (١٢:٠٠)ی شەو.
  • ئالۆگوركردنی بازرگانی لە دەروازە سنورییەكان و نیوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بەردەوام دەبێت بە پێی ئەو رێنماییانانەی كە پێشتر بڕیاری لەسەر دراوه، جگە لە (دەروازەی سنوری باشماخ) كە بۆ ماوەی (٧٢) كاتژمێر دادەخرێت بە مەبەستی رێكخستنەوەی رێكارەكانی خۆپاراستن لەو دەروازە سنورییە.

دەوامی دامودەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان
  • راگرتنی دەوامی فەرمی لە گشت فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ٢٠٢٠/٠٥/٣١ کاتژمێر (١٢:٠٠)ی شەو تا ٢٠٢٠/٠٦/٠٦ کاتژمێر (١٢:٠٠)ی شەو جگە لە وەزیرەكان و ستافی نوسینگەكانيان.

  • پێویستە لە فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەچاوی رێكارەكانی خۆپاراستن بكرێت و دەمامك بەكار بهێنرێت و هەر فەرمانبەرێك یان كارمەندێكی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ یان پێشمەرگە یان ئاسایش پابەند نەبێت بە پێی یاسا بەركارەكان سزا دەدرێت.

  • فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری لە ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی دەکات بەمەبەستی کارئاسانی لە جێبەجێکردن و راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان بە شێوەی ئەلیکترۆنی.

  • لە رابردوودا ماوەی راگرتنی دەوامی فەرمی لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان جگە لە ھێزەکانی پێشمەرگە، ئاسایش و ئاسایشی ناوخۆ و دامەزراوەکانی تەندروستی، لە رێکەوتی ٢٠٢٠/٠٣/١٢ تاوەکو رێکەوتی ٢٠٢٠/٠٥/١٠ راگەیەندرابوو.

  • كەمكردنەوەی دەوامی فەرمی لە فەرمانگەكانی حكومەت لە كاتژمێر ٨:٠٠ بەیانی تا ١:٠٠ پاش نیوەڕۆ لە رێکەوتی ٢٠٢٠/٠٣/١ تاکو ٢٠٢٠/٠٣/١٠.

  • سیستەمی پەنجەمۆر لە گشت فەرمانگەكان ڕادەوەستێت و هاتن و چوونی فەرمانبەران لە تۆمارێكی تایبەت تۆمار دەكرێت لە رێکەوتی ٢٠٢٠/٠٣/٠١ تاکو ٢٠٢٠/٠٣/١٠.

  • گشت وەزارەتەكان و فەرمانگەكانی نەبەستراو بە وەزارەت سەرپشك دەكرێن بە كەمكردنەوەی پابەندبوونی فەرمانبەران بە دەوامی فەرمی تەنیا بۆ ئەو ستافانەی كە پێویستە بۆ راپەراندنی كاروباری فەرمانگەكانیان.

  • داوا لە گشت هاوڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی كوردستان دەكەین سەردانی فەرمانگەكانی حكومەت نەكەن ئەگەر لە حاڵەت و كاری زۆر پێویست نەبێت (لە رێکەوتی٢٠٢٠/٠٣/٠١ تاکو ٢٠٢٠/٠٣/١٠).

  • ڕاگرتنی بەڕێوەبردنی مامەڵەی گشت هاووڵاتیان و بیانییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی گشتی (هاتووچۆ و ڕەگەزنامە) و بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ و پاسپۆرت و ڕەگەزنامە و نشینگە لە گشت پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان تا ٢٠٢٠/٠٣/١٤.

راگرتنی رێوڕەسمە ئاینییەکان
  • گشت شوێنە ئایينيەكان و پەرستگاكان دادەخرێن و لایەنی پەیوەندیدار بەرپرسیارە لە جێبەجێ كردنی ئەم بڕگەیە و هەر كەسێك سەرپێچی بكات رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگێریتەبەر.

گەڕانەوەی هاووڵاتیان بۆ هەرێمی کوردستان
  • هیچ كەسێك بە بێ ڕەزامەندی وەزیری ناوخۆ رێگەی پێ نادرێت بگەرێتەوە هەرێمی كوردستان ئەگەر لە دەرەوەی وڵات بێت، و لە كاتی گەڕانەوەيان لە سنوری ئیداری ئەو دەروازە سنوورییەی كە لێى دەگەرێنەوە كەرەنتین دەكرێن پاڵپشت بە رێنمایی وەزارەتی تەندروستی كە پێویستە گەڕاوەكان لەو شوێنە كەرەنتین بكرێن.
  • ئەو كەسە بیانیانەی كە وەك ماموستا لە قوتابخانە و پەیمانگا و زانكوكانی هەرێمی كوردستان كار دەكەن رێگایان پێ دەدرێت بگەرێنەوە هەرێمی كوردستان بە مەرجێك نشینگەی هەرێمی كوردستانیان هەبێت و وەزارەتی پەیوەندیدار پشتگیریان بكات.

  • وەبەرهێنەرانی بیانی و بازرگانان و فەرمانبەرانی بیانی بانكەكان رێگەیان پێ دەدرێت بگەرێنەوە هەرێمی كوردستان بە بە مەرجێك نشینگەی هەرێمی كوردستانیان هەبێت و وەزارەتی پەیوەندیدار پشتگیریان بكات.

  • ئەو هاووڵاتیانەی هەڵگری پاسپۆرتی عێراقین کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و بە هۆی ئەو گەشتانە دەگەڕێنەوە کە لە لایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە رێک دەخرێن لە هەر دوو فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی و ئەوانەی لە دەروازە سنورییەكانی )ابراهیم خلیل و حاجی ئومەران و باشماخ( دەگەرێنەوە بە پێی رێنماییەکان لە سەر ئەرکی خۆیان کەرەنتین دەکرێن جگە لە:
    • قوتابیان کە بۆ مەبەستی خوێندن لە دەرەوە بوون.
    • نەخۆشەکان کە پاڵپشتی نەخۆشخانەکانیان هەیە و بۆ مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری گەشتیان لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا کردبیت.
  • ئەو هاووڵاتیە بیانیانەی كە بە پێی رێنماییەکان دیاری كراوە لە رێگای فرۆكەخانەكانی هەرێم یان دەروازەى سنوری ابراهیم خلیل دەگەرێنەوە هەرێمی كوردستان لەسەر ئەركی خۆیان كەرەنتین دەكرێن.

  • ئەو عێراقی و بیانیانەی كە لەم وڵاتانەی خوارەوە دێنە هەرێمی كوردستان لە كاتی گەیشتنیان بۆ دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان ئەگەر (٣٠) رۆژ پێش گەشتنیان لەو وڵاتانە بووبن ئەوا دوای پشكنینی سەرەتایی، پێویستە ببرێن بۆ كەرەنتینەكان تا تێپەربوونی ئەو ماوەیەی كە وەزارەتی تەندروستی دەستنیشانى كردووە:

بەلجیكا

هنگاریا

كرواتیا

قبرص

دانیمارك

ئەستونیا

ئەلمانیا

فەرەنسا

یۆنان

ئەلبانیا

لیتوانیا

لۆكسەمبورگ

مالتا

هۆڵەندا

چیك

پۆلەندا

پۆرتوگال

رۆمانیا

سلۆڤاكیا

سلۆفینیا

فینلاند

سویسرا

ئیسپانیا

سوید

بۆسنیا و هەرزەگۆڤینا

بەریتانیا

ئێرلەندا

سكوتلندا

نەرویج

سربیا

مۆنتینیگرۆ

بولگاریا

نەمسا

 

  • ئەم بڕیارەی سەرەوە دیپلوماتكارەكان و شاندە فەرمییە بیانییەكان ناگرێتەوە و لە دەروازە سنورییەكان بە رێزەوە پێشوازیان لێ دەكرێت و پشكنینی سەرەتایيان بۆ دەكرێت بەلام پێویستە بڕوانامەی تەندروستی (Medical Clearance ) یان پێبێت كە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا نین.
  • داوا لە هاووڵاتیانی كوردستان دەكەین كە نیشتەجێ وڵاتانی ئەوروپان کە نەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ جەژنی نەورۆز، لە بەر ئەوەی هەموو جۆرە ئاهەنگ و گردبوونەوەیەک لە نەورۆز ڕاگیراوە.
کەرەنتینە کردنی بەرکەوتووی توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا
  • هەر كەسێك بەركەوتەی كەسێكی تووشبوی ڤایرۆسی كۆرۆنا بێت، دەبێت كەرەنتین بكرێت بۆ ئەو ماوەیەی كە وەزارەتی تەندروستی دەستنیشانی كردووە.
رێکخستنی کاروباری وەرزی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان
  • بەرێوەبەرانی گشتی كشتوكاڵ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دەبنە ئەندام لە ژووری ئۆپەراسیۆنەكان بە مەبەستی هەماهەنگی و رێكخستنی كاروباری وەرزی كشتوكاڵ لە هەرێم.
دیاری کردنی دوامۆڵەت بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان كە لە كۆماری ئیسلامی ئێرانن
  • دواوادە بۆ گەرانەوەی هاوڵاتیان بۆ هەرێمی كوردستان كاتژمێر (١٢:٠٠)ی شەوی ٢٠٢٠/٠٣/١٦ دەبێت و دوای ئەو بەروارە گشت دەروازە سنورییەكان بە ڕووی گەشتیاران دادەخرێن و تەنها بە ڕووی جمۆجوڵی بازرگانی كراوە دەبێت لە دەروازە سنورییەكانی (پەروێزخان ، حاجی ئومەران، ابراهیم خلیل و باشماخ) بەو مەرجانەی كە پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە.
خۆناساندنی ئەو هاووڵاتیانەی کە بەرێگەی نایاسایی گەڕاونەتەوە لە ئێران
  • پێویستە ئەو هاووڵاتیانەی كە بە رێگای نایاسایی لە ئێران گەڕاونەتەوە بە زووترین كات خۆیان بە تیمە تەندروستیەكان بناسێنن، بە پێچەوانەوە سەرەڕای ئەوەی كە دەبرێن بۆ كەرەنتین بە پێی یاسا رادەستی دادگا دەكرێن بە تۆمەتی بە ئەنقەست بڵاوكردنەوەی نەخۆشی و گەرانەوە بە رێگای نایاسایی.
کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ هەریەکە لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان، تیمە تەندروستییەکان، و هێزە ئەمنییەکان
  • پێویستە ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی هەر دوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی و تەواوی تیمە تەندروستییەكان و هێزە ئەمنیەكان بكەونە حاڵەتی ئامادەباشی بەمەبەستی جێبەجێ كردنی تەواوی رێنماییەکان.
راگرتنی هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی لە نێوان شارەکان
  • راگرتنی هاتووچۆی هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی (پاس ­– مینی پاس) لە نێوان شارەکان و ناوخۆی شارەکان لە رێکەوتی ٢٠٢٠/٠٣/١٣ تاوەکو ٢٠٢٠/٠٤/٠١.
هاتووچۆ لە نێوان قەزاكانی هەر دوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی
  • راگرتنی هاتووچۆ لە نێوان قەزاكانی هەر دوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی بۆ ماوەی (٧٢) كاتژمێر و لە کاتژمێر (١٢:٠٠)ی شەوی ٢٠٢٠/٠٣/١٦ دەست پێ دەكات.
داخستنی ئەو شوێنە گەشتیارییانەی کە دەبنە هۆی دروستکردنی گردبوونەوە
  • پێویستە دەستەی گەشت و گوزار ئەو شوێنە گەشتیارانە و هاوینە هەوارانە دابخات كە دەبنە هۆكارى گردبوونەوەی گەشتیاران و دروست بوونی جەنجاڵی.
راگرتنی گشت چالاكییە وەرزشییەكان
  • راگرتنی گشت چالاكییە وەرزشییەكان تا ٢٠٢٠/٠٤/٠١، جگە لە خولی نایابی عێراق كە هەندێك لە یارییەكانى لە هەرێم ئەنجام دەدرێت و پێویستە یارییەكان بە بێ هاندەر بەڕێوەبچێت.
رێكخستنەوەی بازاڕەكان
  • دەسەڵات دەدرێت بە پارێزگاكان بۆ رێكخستنەوەی بازاڕەكان بە تایبەتی بازاڕە ميللیەكان و رێگرتن لە دروست بوونی قەڵەبالغی.
راگرتنی گەشتی ئاسمانی
  • راگرتنی گەشتی ئاسمانی لە هەر دوو فرۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی لەگەل فڕۆكەخانەكانی بەغدا و بەسرا لە ٢٠٢٠/٠٣/١٤ تا ٢٠٢٠/٠٣/٢٨، جگە لە دیپلۆماتكاران، شاندە فەرمییەكان، گەشتەكانی رێكخراوی UN، و هاوپەیمانان.
  • ڕاگرتنی گەشتەكانی هێڵی ئاسمانی (اجنحة الشام) بۆ فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان و تەنها رێگا بە (٢) گەشت دەدرێت بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتیانی سوری بۆ سوریا.
پابەندبوونی هاووڵاتیانی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەرێنماییەکانی
  • داوا لە هاووڵاتیانی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەكەین كە پابەند بن بە هەموو رێنمایی و رێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
چاودێری پزیشکی لە هەموو خاڵەکانی هاتنە ناوەوەی هەرێم
  • هەموو گەشتیارێک کە دێتە هەرێمی کوردستان لە رێگای ئاسمانییەوە یاخود زەمینییەوە دەپشکنرێن لەلایەن تیمی پزیشکییەوە.
  • هەرکەسێک لە پشکنینەکان دەرنەچێت رێگای پینادرێت بێتە ناو هەرێمی کوردستان و دەخرێتە ژێر چاودێری تەندروستی بۆ پاراستنی گشتی.
  • قەدەغەكردنی هاتنە ژوورەوە لە رێگای دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو كەسە بیانیانەی كە لە رێكەوتی ٢٠٢٠/١٤/٠١ بە دواوە سەردانی وڵاتی چینیان كردوە.
  • قەدەغەكردنی هاتنە ژوورەوە لە رێگای دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوكەسە بیانیانەی كە لە رێكەوتی ٢٠٢٠/٠٢/٠٥ بە دواوە سەردانی وڵاتی ئێرانیان كردووە.
  • ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی كە لە وڵاتی ئێران دەگەرێنەوە لە رێگای دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان پێویستە لە خاڵە سنوورییەكان جیابكرێنەوە و پشكنینی ووردیان بۆ بكرێت لە لایەن تیمە پزیشكییەكانی وەزارەتی تەندروستی، بە مەبەستی دڵنیابوون لە تووش نەبوونیان بە ڤایروسی كورۆنا.
  • راگرتنی گەشتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و عێراق لە رێگای دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی ئێران تا كاتێكی دیاری نەكراو.
  • راگرتنی گەشتی ئاسمانی لە نیوان هەر دوو فرۆكەخانەی نیودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی و كۆماری ئیسلامی ئێران تا ماوەیەكی دیاری نەكراو.
  • بە مەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا بە پێنەدانی ڤیزا بە هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەو وڵاتانەی خوارەوە و قەدەغەکردنی گەشت کردنی هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی لە رێگای خاڵە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەو وڵاتانە:
    • چین
    • ئێران
    • ئیتاڵیا
    • ژاپۆن
    • کۆریای باشور
    • تایلەند
    • سەنگاپورە
    • کوەیت
    • بەحرەین

ئەو هاووڵاتیە عێراقییانەی کە لە دوای رێکەوتی (٢٠٢٠/٠١/٠١) سەردانی ئەو وڵاتانەی سەرەوەیان کردوە لە کاتی گەڕانەوەیان پشکنینی سەرەتاییان بۆ دەکرێت و دواتر رەوانەی کەرەنتین (حجر صحی) دەکرێن بۆ ئەو ماوەیەی کە لە لایەن وەزارەتی تەندروستی دەستنیشان کراوە، وە ئەو هاووڵاتییە بیانیانەی کە لە دوای رێکەوتی (٢٠٢٠/٠١/٠١) سەردانی ئەو وڵاتانەیان کردوە رێگایان پێ نادرێت بێنە هەرێمی کوردستان.

ئەو هاووڵاتیانەی کە لە پارێزگاکانی تری عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن پشکنینی تەندروستییان بۆ دەکرێت لە بازگەکاندا.

ئەو بیانییانەی كە نیشینگەیان هەیە لەهەرێم رێگایان پێ دەدرێت بێنە هەرێمی كوردستان بە مەرجێك لە دوای (٢٠٢٠/٠١/٠١) سەردانی ئەو وڵاتانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێکراوە نەكردبێت.

سەنتەری تەرخانکراو
  • چەند سەنتەرێکی تەندروستی تەرخانکراو ئامادەکراون لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی حاڵەتی توشبوو بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا و پێشکەشکردنی چاودێری پێویست.
داخستنی قوتابخانەو زانکۆکان
  • حکومەتی هەرێمی کوردستان پشووی رەسمی راگەیاند بۆ هەموو قوتابخانە و باخچەی ساوایانی حکومی و نا حکومی لە ٢٦ شوبات تاکو ١٠ مارس.
  • زانکۆ حکومی و ناحکومییەکان لە ٢٩ شوبات تاکو ١٠ مارس پشووی رەسمی دەبێت.
  • هەموو قوتابخانە و زانکۆکان بە داخراوی دەمێننەوە لە پشووی بەهارە کە بریتییە لە ١٠ تاکو ٢٣ مارس و لە ٢٤ مارس دەست بە دەوامکردن دەکرێتەوە.
  • هەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خشتەیەک ئامادە دەکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی خوێندنی فەوتاوی قوتابیان.
دابینکردنی بودجە بۆ پارێزگاکان
  • وەزارەتی دارایی و ئابوری بودجەیەکی تایبەتی تەرخانکردووە بۆ پارێزگاکان کە لە نزیکەوە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆ کاردەکەن.
بەردەستکردنی کەلوپەل و خۆراک
  • حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی بەردەستبوونی کەلوپەل و خۆراک دەدات لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.
  • حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگە دەگرێت لە گرانکردنی نرخی کاڵاکان و رێوشوێنی تایبەت دەگیرێتە بەر بەرامبەر ئەو کەسانەی سوودی نایاسایی لە دۆخەکە وەردەگرن.
راگرتنی رێوڕەسمە ئاینییەکان
  • لەپێناوی خۆپارێزیی، بڕیاردرا سەرجەم رێورەسمە ئاینییەکان لە (مزگەوت، كڵێسا، و پەرستگاکان) بە گوتاری هەینی مزگەوتەکانیشەوە، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەتا کاتێکی نادیار رابگیرێت.
چاودێری تەندروستی لە کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران
  • پێویستە لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو رێکارە تەندروستییەکان لە کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران بگرنەبەر. بۆ ئەم مەبەستەش هەماهەنگی لە گەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان بکرێت.
کەمکردنەوەی بارگرانی سەر شوێنەبازرگانییەکان
  • ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە راسپاردنی وەزیرە پەیوەندیدارەکان بە جێبەجێکردنی رێکاری یاسایی پێویست لە رێگەی چاوخشاندنەوە بە کرێ و باجی داهاتی ئەو شوێنە بازرگانییانەی کە بە هۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە فایرۆسی کۆرۆنا زیانیان بەرکەوتووە، و بە ئاراستەی کەمکردنەوەیان بە جۆرێک رەچاوی زیانە داراییەکانیان بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتە پەیوەندارەکان رێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەردەکەن.