Skip to the content

لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت، دابان شەدەڵە وەک جێگری بەرپرسی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە دەستبەکاربوو

ئەمڕۆ یەکشەممە ٩/٨/٢٠٢٠، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا کە لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو بەڕێز دابان شەدەڵە، نوێنەری پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا وەک جێگری بەرپرسی فەرمانگە دەستبەکاربوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، هەریەکە لە بەڕێزان قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتى ئەنجومەنی وەزیران، خالید شوانی، وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری ناوچە كوردستانییەكانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەران ئامادەبوون.

بەڕێز سەفین دزەیی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە بەڕێز دابان شەدەڵە کرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستە تازەکەی و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ دەربڕی، هاوکات هیوای خواست لەم ئەرک و بەرپرسیارێتیە تازەیەیدا سەرکەوتوو بێت و ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەر بگێڕێت بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ دنیای دەرەوە.

بەڕێزیان ستایشی بەڕێز دابان شەدەڵەی کرد کە لەماوەی پێشوو وەک نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا توانیویەتی پەیوەندییەکانی هەرێم پێش بخات لە ئاستە جیاجیاکان.

لە بەشێکی تریشدا بەڕێز سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەدا کە بەڕێزیان ئەزمونێکی باشی هەیە لە پرسی پەیوەندییەکان بۆیە گەشبینین پێکەوە بتوانین کارەکانی فەرمانگە بە باشی راپەڕێنین.

لەلایەن خۆیەوە، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بە ڕۆڵی گرینگی فەرمانگەی پەیوەندییەکان کرد و وەک یەکێک لە پایە گرینگەکانی حکومەتی وەسف کرد، ووتی "وەک سەرۆکایەتی حکومەت بە تەواوی پاڵپشتی هەنگاوەکانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەکەین بۆ پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێم لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان"

لە درێژەی ووتەکانیدا، بەڕێز جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران زیاتر ووتی گرینگدان بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ڕێکخستنەوە و فراوانکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێم لەگەڵ دنیای دەرەوە یەکێکە لە ئەولەویەتی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وێرای پیرۆزبایی لە دابان شەدەڵە، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و ستایشی کار و چالاکییەکانی پێشووی کرد کە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو لە وڵاتی ئیسپانیا.