Skip to the content

بەبۆنەى ڕۆژى ئاڵا، فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، مەراسیمێکى شایستەى ئەنجامدا

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، ڕایگەیاند: میللەتەکەمان لەپێناو ئاڵای پیرۆزى كوردستان، هەزاران شەهیدى لەمێژووى ڕزگارى خوازى گەلەکەمان بەخشیوە و، ڕۆڵەکانى بەردەوام گیانفیدا بوونە بۆ پاراستنى ئەم ئاڵایە.

ئەو ڕاگەیەندراوەى دابان شەدەلە جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە لە مەراسیمێکدا هات، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی كانونی یەكەم (دیسەمبەر)ی 2020 لە ڕۆژى ئاڵادا لە فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە بەڕێوەچوو.

لەو مەراسیمەدا، کە بەئامادەبونى ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى فەرمانگە و بەڕێوەبەران و فەرمانبەرانى فەرمانگە بەڕێوەچوو، مەراسیمەکە بەهەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەلایەن دابان شەدەڵە دەستى پێکرد.

لەمیانى مەڕاسیمەکە جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشکەشکرد و ڕایگەیاند: ئەمرۆ ڕۆژێکى پیرۆزە لە مێژوى گەلەکەمان، بۆیەکەم جار لە 17 ی كانونی یەكەم (دیسەمبەر)ی 1945 لەشارى مەهاباد ئاڵاى کوردستان هەڵکرا، ئاماژەی بەوەش كرد هەموومان بۆ بەرز ڕاگرتنى ئەم ئاڵایە وەستاوین، کە گەلەکەمان لەپێناو بەرز ڕاگرتنى هەزاران شەهید و ئەنفالى بەخشیوە، و کاری هەمووانە لەژێر پەرچەمى ئەم ئاڵایە خزمەتى زیاتر پێشکەش بکەین، چونکە کورد خاوەنى مێژوویەکى درەوشایە و هەمیشەش ڕۆڵەکانى لەپێناو خاک و ئاڵاکەى ئامادەى قوربانیدان بوونە.

پەڕلەمانى کوردستان لە 17ی كانونی یەكەم (دیسەمبەر)ی 2009 لەکۆبونەوەیەکیدا ئەم ڕۆژەى بە ڕۆژى ئاڵاى کوردستان دیاریکرد، لەو کاتەوە هەمو ساڵێک لە سەرجەم شارو شارۆچکەکان و دەزگا و دامەزراوە حکومییەکان، مەراسیم و چالاکى جۆراو جۆرى تایبەت، بۆ ئەم بۆنەیە ڕێک دەخرێت.