Skip to the content

جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، پێشوازى لە کونسوڵى گشتى کۆریا لەهەرێم کرد

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- لە دیدارێكی نێوان دابان شەدەڵە جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و چۆى کوانگ ژین کونسوڵى گشتى کۆریا لەهەرێمى کوردستان، هەماهەنگى کارکردنى هاوبەش و پێزانینى کارەکانى ڕابردوى نێوان هەرێمى کوردستان وکۆریای باشوور لە ڕابردو خرایە بەر باس و گفتوگۆوە، جەختیش لە کارى هاوبەشى نێوانیان هەردولا کرایەوە.

لە دیدارەکەدا جێگری بەرپرسی فەرمانگە جەختی لەوە كردەوە کۆریا پێگەیەکى تایبەتى هەیە لاى خەڵکى هەرێمی کوردستان و لەو 15 ساڵەى رابردودا دۆستە کۆریەکانمان هاوکارێکى زۆر گرنگ بوون بۆ بنیادنانەوەى هەرێمى کوردستان.

هیواشی خواست لەگەڵ هەبوونى پەیوەندییەکى قووڵى کولتوری نێوان هەردوولا، کارى زیاترى هاوبەش لەم ڕوەوە ئەنجام بدرێن، هاوکات هەبوونى پەیوەندیە پتەوە ئابووری و سیاسیەکانیشی بە هۆکارێکی گرنگ بۆ بەهێز بوونى زیاترى پەیوەندییەکان لەسەرجەم بوارەکان دا وەسف کرد.

جێگرى بەرپرسى فەرمانگە باسى لەدۆخى ئابورى عیراق کرد و هەوڵەکانى حکومەتى هەرێمى بۆ چارەسەر کردنى کێشەکان ڕوون کردەوە.

لەلایەن خۆشیەوە کونسوڵى گشتى کۆریای باشوور ، تیشکى خستەسەر چالاکیەکانى وڵاتەکەى لەهەرێمى کوردستان و ئاماژەی بەوە كرد لەڕوى تەندروستى و هاوکارى ئاوارەکان، وڵاتەکەی چەند کارێکى ئەنجام داوە وئەمساڵ کونسوڵگەرى کۆریا لەهەرێمى کوردستان، یادى 15 ساڵەى دامەزراندنى دەکاتەوە، بۆیە هیواى خواست لە ساڵى تازەى کارکردنیاندا خزمەتى زیاتر پێشکەش بکەن و، دواى نەمانى ڤایرۆسى کۆڕۆنا دەست بە چالاکییە هونەرى و کولتورییەکانیان لەهەرێمى کوردستان بکەنەوە.