Skip to the content

جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی لە بەرپرسی نوسینگەی کونسوڵگەری ژاپۆن لە هەولێر کرد.

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ 21 ی كانونی یەكەم (دیسەمبەر)ی 2020، دابان شەدەڵە ، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە، پێشوازی لە خاتوو ناگایاما یۆشیکۆ بەرپرسی نوسینگەی کونسوڵگەری ژاپۆن لە هەولێر کرد.

لەدیدارێکدا جێگری بەرپرسی فەرمانگە، بەبایەخەوە باسى لە پتەو کردنى پەیوەندییەکانى نێوان حکومەتى هەرێم و وڵاتى ژاپۆن کرد، بەتایبەت لەبارەى پەیوەندییە کلتورى و فەرهەنگییەکان، لەو چوارچێوەیەشدا ڕایگەیاند: لەهەرێمى کوردستان، ئاشناییەک هەیە بەکولتورى ژاپۆن ، بەتایبەت لەبوارى ئەنیمەیشن، بە پێویستى زانى لەم ڕوەوە هاوکارى و هەماهەنگى زیاتر لەنێوان هەردولادا بکرێت.

جێگری بەرپرسی فەرمانگە، ئەزمونى ژاپۆنى لەبارەى پێشکەش کردنى خزمەتگوزارى و پەرەپێدان بە توانا زانستییەکان بەبەرزى باس کرد، بۆ ئەوەش بەگرنگى دانا کە خوازیارانى درێژەدان بەخوێندنى باڵا لەهەرێمى کوردستان ڕو لە وڵاتى یابان بکەن.

لەلایەن خۆشیەوە بەرپرسی نوسینگەی کونسوڵگەری ژاپۆن لە هەولێر، هەماهەنگى هەردولای بەپێویست دانا، تیشکیشی خستەسەر بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆڕۆنا لەجیهان و، سەرهەڵدانى شەپۆلى سێیەم، بۆ ئەمەش هەنگاوەکانى وڵاتەکەى بۆ ڕوبەڕو بوونەوەى ئەو ڤایرۆسە خستەڕو.

هەر لە دیدارەکەدا خاتوو یۆشیکۆ، باسىى لە کار و پڕۆژەکانى ڕێکخراوى جایکاى ژاپۆنی لە عیراق کرد، بەتایبەت ئەو پڕۆژانەى لەبوارى ئاو و ئاوەڕۆ و وزە، لەتەواوى شارەکانى عیراق جێبەجێیان دەکات و، سەرنجى خۆشى لەبارەى گفتوگۆى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى عیراق ئاشکراکرد، بەتایبەت ڕێکەوتن لە بارەى بودجەى عیراق و موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، ئەم رێکەوتنەشى بەگرنگ وەسف کرد .

دووپاتیشی ژەسەر پێویستی بایەخدان بە کەرتى تەندروستى و پەروەردە، لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستان کردەوە.